25/05/2019
DidiMn Logo
Top

خوێنەر و کتێب: مەشقى ڕۆحیى بزربوویەک

لە لایەن دیدی من 1 ساڵ پێش ئێستا

دیدی منخوێنەر و کتێب

 

کتێب: شەقامی دوکانە تاریکەکان
نووسەر: پاتریک مۆدیانۆ
خوێنەر: بەڵێن عوسمان

 

”تۆ ڕاست بوویت، کە پێت دەگوتم لە ژیاندا ئەوەى گرنگە، داهاتوو نییە، بەڵکو ڕابردووە.“

 

یادەوەرى، تەلیسمە سەیرەکەى پەیوەستیى مرۆڤ بە ژیانەوە، خودان ڕەهەندگەلى ناکۆتایە کە مانا دەبەخشێت بە بوون و بەردەوامى. لەوانەیە خەون و خەیاڵ گەورەترین پشکیان هەبێت لە دروستکردنى ئەوەى هێشتا نەهاتووە، بەڵام بەبێ یادەوەرییەکى بێخەوش ئەم هێز و هاندەرە ئیفلیجە. مرۆڤ بێ یادەوەرى هەبوویەکى بزربووە و هەر ناڕوونییەک لە یادەوەرییشدا دواجار دەبێتە گرێیەکى ئاڵۆز لە کۆى پڕۆسەى ژیانکردندا. بەو فاکتانەش یادەوەرى و ژیان بوونەتە دوالیزمى گوزەرانکردنى مرۆڤ.

ئەدەبیات زیاتر لە هەر کایەیەکى دى توانیوییەتى ڕۆڵى هەبێت لە باسکردن لەمەڕ یادەوەرى و هەوڵدان بۆ گێڕانەوەى، بە تایبەتى کە گێڕانەوە مەودایەکى بەرفراوانى هەیە لە ژانرێکى گرنگى وەک ڕۆماندا و بەم هۆیە بە باشى ئەو ئەرکەى گرتووەتە ئەستۆى.

ڕۆمانى شەقامى دوکانە تاریکەکانى پاتریک مۆدیانۆ لە ڕێگەى گێڕانەوەى زنجیرەڕووداوێکەوە، بە چڕى لە بابەت یادەوەرى و ڕەهەندەکانى دەدوێت و بە وردى دەچێتە شیکاریى هەوڵە بێوچانەکانى مرۆڤ بۆ دۆزینەوەى ناسنامەى بە هۆى گەڕانەوە بۆ یادەوەرییەکانى.

گى ڕۆلاند، کارمەندى لێکۆڵەرەوى پۆلیسى تایبەتى، یادەوەریى خۆیى لە دەست داوە 10 ساڵ پێش چیرۆکى ڕۆمانەکە، کە لە ساڵى 1965ەوە لە فەڕەنسا دەست پێ دەکات. وا دەردەکەوێت گى ڕۆلاند لە ماوەى جەنگى جیهانیى دووەمدا بە هۆکارێکى نادیار و لە ڕووداوێکى پەنهاندا تووشى ئەمنیژا – نەخۆشیى لەبیرچوونەوە – بووبێت؛ لەو سەردەمەدا کە پاریس لە لایەن ئەڵمانییەکانەوە داگیر کرا و هاووڵاتییە فەڕەنسى، ئینگلیزى و جوولەکەکانیان ڕاو نا. ئەو بە بەهانەى ئەوەى کە لە ئاژانسێکى کۆکردنەوەى زانیارى لەسەر دانیشتووانى پاریس کار دەکات، ئاسانتر سەرەداوە سەرەتاییەکانى چنگ دەکەوێت و دەست دەکات بە هەوڵدانێکى بێوچان بۆ دۆزینەوەى ناسنامەى خۆى، ئەوەش بە هۆى چەند وێنەیەکى کۆن و گەڕانەوە بۆ چەند شوێنێک کە لەوانەیە لێى ژیابێت. گى وردە وودە پارچە پەرتەوازەکانى ژیانى پێشووى لە زارى کەسانێک کە هێشتا لە ژیاندا ماون، کۆ دەکاتەوە و پێکیانەوە دەلکێنێت بەو مەبەستەى پارچەیەکى ڕوونى ژیانى بدۆزێتەوە، کە نازانێت ئەو ژیانە چۆن لێى دابڕاوە و بە تەواوى لێى ون بووە.

گەڕانى کەسایەتییەکە بە شوێن ناسنامەى پێشوویدا دەبێتە کارى ڕۆژانەى؛ لاى کەسێکەوە بۆ کەسێکى دى دەچێت، لە وێنەى ناڕوونەوە و بۆ یادداشت و نامەى کۆن، لەم شەقامەوە بۆ ئەو شەقام دەگەڕێت، تەنانەت دەڕواتە شار و وڵاتانى تر و دوورگە دوورەکانیش. چەندان جار لەو هەوڵە زۆرانە بۆ ئاشکراکردنى ڕاستیى ژیانى، سەرەداوەکان پێکەوە گرێ دەدات و دیسان لێى دەپچڕێتەوە. لەو دۆخە دەروونییە تووشهاتووەیدا، گى دەڵێت: ”هەستێکم لە لا پەیدا بوو، لەوانەى دواى خەونێکى پارچە پارچەى هەڵهاتوو دەچوو کە پاش بەخەبەربوونەوە هەوڵ دەدەیت پارچەکانى لە یەک بدەیت بۆ ئەوەى تەواوى خەونەکە دروست بکەیتەوە.“ ئەو بەردەوام دەبێت تا لە کۆتا سەرەداوى بەدەستهاتوویدا ناونیشانێکى دەست دەکەوێت: ناونیشانێکە لە ڕۆما، ئیتاڵیا، کە کاتى خۆى لەوێ نیشتەجێ بووە، بە ناوى شەقامى دوکانە تاریکەکان.

یەکەمین پرسیار کە لە دەمى خوێندنەوەى ڕۆمانەکەدا دێتە ڕێمان، ئەوەیە کە چى هانى گى دەدات لە ژیانى کەسێکى نەناسراو بکۆڵێتەوە کە وا دەزانێت ئەوە خۆیەتى؟ هەروەها ئایا ئەو بەبێ دەستخستنەوەى یادەوەرییەکانى نەیدەتوانى ژیانێکى ئاسایى و لە فۆڕمێکى ڕێکدا بژی؟ بێ دوودڵى یەکەم ڕستەى ناو ڕۆمانەکە وەڵامى ئەم پرسیارانەیە، کە گى دەڵێت: ”من هیچ نەبووم.“ لێرەدا پاتریک مۆدیانۆ یادەوەرى و ڕابردوو دەکات بە یەکێک لە کۆڵەکەکانى ژێر میچى بوون؛ بوونى مرۆڤ، ژیان و مردنیشى بەبێ یادەوەرى دەبێتە بۆشاییەک لە ناو بۆشاییە گەورەترەکانى سروشتدا. مرۆڤى بێیادەوەرى ئەگەر هەست بە کەموکوڕییش نەکات، دواجار نەستى لە خودنائاگاییدا قڵپ دەبێتەوە؛ هەر لەبەر ئەمەشە گى دەگەڕێت، دەگەڕێت و دەگەڕێت هەتا ئەو بوونە بدۆزێتەوە کە ئەم خاوەنە ڕاستەقینەکەیەتى. خودبوون لە پێش هەر تامەزرۆییەکى ترەوە، بەر لە هەر پێویستییەکى دى، ڕێگاکە پیشانى گى دەدات.

یەکێک لە دیارترین کۆنسێپتەکانى مۆدیانۆ لەم ڕۆمانەیدا، جەختکردنەوەیەتى لەوەى هەمیشە مرۆڤ دەتوانێت دەست بکات بە ژیانێکى نوێ، بەڵام ژیانى نوێ بەبێ گرێدانى ڕابردوو بە ئێستاوە بەدى نایەت. ئەم گرنگیدانە بە زەمەن، تایبەتتر بە زەمەنى تێپەڕیو، وەک خستنەسەرى ڕەژوو بۆ سەر ئاگر وایە؛ دەبێتە تینێکى پتر، گەرمییەکى زیاتر تا باشتر مانایەک بۆ بوونمان بدۆزینەوە. ”لە ژیاندا ئەوەى گرنگە، داهاتوو نییە، بەڵکو ڕابردووە.“ هەڵبەت بێ ئەوەى ببێتە پارادۆکس، مادیانۆ لەسەر حیسابى تۆخکردنەوەى پەیوەندیى زەمەن و یادەوەرى، لە گرنگیى ڕەهەندە جمکەکەى ترى یادەوەرى، کە شوێنە، کەم دەکاتەوە، وەختێک دەڵێت: ”لە هەر شوێنێک بین، هەر دەمرین.“

کارەکتەرەکە، گى، وێڕاى ئەوەى خۆى خۆى ناناسێتەوە، خەڵکیش نایناسنەوە و نازانن کێ بووە: ”نەخێر نەیناسیمەوە. کەسیش نامناسێتەوە.“ لەمەوە جگە لە دۆزینەوەى ناسنامە، سەلماندنى ناسنەمەکەى بۆ دەرەوەى خۆیشى دەبێتە سەربارى ئامانجەکانى ئەو. گى هەر جارێک دەبێت بە کەسایەتییەک لە ڕابردوودا و بەو جۆرەش خۆى لەگەڵ بارودۆخەکەى هەنووکەدا دەگونجێنێت، بەڵام لە کۆتایى هەر بارێکدا خۆى لێ ون دەبێتەوە. ئەو دەڵێت: ”تۆبڵێى ئەمە ژیانى من بێت؟ یان ژیانى کەسێکى تر بێت کە من خۆم چوومەتە پێستى ئەو؟“ تەنانەت چارەنووسى بەند دەبێت بە ئامڕازى ماتریاڵییەوە: وێنە، نامە و یادگارى. ئەم ئامڕازانە لە ناواخنى ڕۆمانەکەدا لە حاڵەتێکى ئیستاتیکادا جێیان کراوەتەوە؛ کاتێک گى لە قوتوویەکدا کۆمەڵێک وێنەى کۆن وەردەگرێت، بیر لەوە دەکاتەوە: ”دواجار هەموو شتێک لە ناو قوتوویەکى کۆنى چکلێت یان پسکیت و یاخود سیگار کۆتایى دێت.“ مرۆڤ هەمیشە بە هەڵگرتنى ئەو ئامڕازانە دڵخۆش دەبێت، چونکە وەک جۆرێک لە یادەوەری بەرجەستە وایە و کەى بتەوێت دەتوانیت لەمسیان بکەیت، بەڵام شتەکە بۆ گى جیاوازە. بۆ مرۆڤێک کە یادەوەریى لە دەست داوە، ئەو ئامڕازانە دەبنە ئەڵتەرناتیڤى یادەوەرییەکان. لاى وى وەکو گەنجینەیەک وایە: ”نازانم بۆچى بیرۆکەیەک بە سەرمدا هات، هەر کە توانیم هەموو ئەم گەنجینەیە لە ناو بەرى چاکەتەکەمدا بشارمەوە.“

گەڕانى گى بۆ ناسینى خۆى دەبێتە مەشقێک بۆ بەبیرداهاتنەوەى ڕووداوەکانى ڕابردوو، هەر ئەوەش دەیگەیەنێت بە ئامانجەکەیى و کەم کەم شتەکانى بیر دەکەوێتەوە. لەمەوە مۆدیانۆ ناڕاستەوخۆ ئەوەمان بۆ دەردەخات کە هەروەک چۆن بیرکەوتنەوە پێویستی بە مەشقە، ئاواش لەبیرکردن کردەیەکە لە ڕێگاى مەشقەوە دەتوانرێت پڕاکتیک بکرێت؛ بە بارێکى تریشدا لەوانەیە هەموومان ڕۆژانە خۆمان لە بیر بکەین، بۆیە پێویستمان بە گەشتێکى ڕۆژانەیە: گەشتى دۆزینەوەى خۆمان.

ئەوەى مایەى سەرنجە، مۆدیانۆ لە پەراوێزى ئەم پرسە گرنگانەدا دەمانباتە ناو پاریسى ئەو سەردەمەوە. شوێن لەم ڕۆمانەدا بە ڕادەیەک باس کراوە، کە نەخشەیەکى پەنهانى پاریسمان دێتە بەرچاو و لەگەڵ کەسایەتییەکاندا دەچینە ناو شەقام، باڵەخانە، گۆڕەپان و ترافیکەکان، باڕ، ڕێستۆرانت و سەر ڕووبار و پردەکان.

پاتریک مۆدیانۆ، ڕۆماننووسی فەڕەنسى، لە ساڵى 1945دا لە دەوروبەرى پاریس لە فەڕەنسا لە دایک بووە. لە ساڵى 1968دا یەکەم ڕۆمانى نووسیوە بە ناوى گۆڕەپانى ئیتوال. زیاتر لە 30 دانە ڕۆمانى نووسیون، هێشتا لە ژیاندایە و بەردەوامە لە نووسین. لە ساڵى 1978دا ڕۆمانى شەقامى دوکانە تاریکەکانى نووسى، کە شەشەم ڕۆمانیەتى. لە هەمان ساڵدا خەڵاتى گۆنکوورى فەڕەنسیى پێ بەخشرا بۆ ئەم ڕۆمانەى. مۆدیانۆ لە ساڵى 2014دا بووە براوەى خەڵاتى نۆبڵ لە ئەدەبیاتدا.

ڕۆمانى شەقامى دوکانە تاریکەکان، لە ساڵى 2016دا لە لایەن بەیان سەلمانەوە لە زمانى یەکەمیەوە کراوە بە کوردى و ناوەندى ئەندێشە چاپ و بڵاوى کردووەتە.

Patrick Modiano, Xwenar u Kteb,