24/04/2024
DidiMn Logo
Top

سێر ئالفرێد هیچکۆک

لە لایەن دیدی من 4 ساڵ پێش ئێستا

دیدی من
نووسین و ئامادەکردنی: داریان جەمال

ئالفرێد جۆزێف هیچکۆک یاخود ئالفرێد هیچکۆک، یەکێکە لە هەرە گەورەترین دەرهێنەر و ئایکۆنەکانی سینەمای کلاسیک بەگشتی و سینەمای ترسناک بەتایبەتی. ئەو کاری دەرهێنانی بۆ زیاتر لە ٧٠ فیلم کردووە. هیچکۆکی بچووک لە بەڕیتانیا لە ساڵی ١٨٩٩دا دێتە دونیاوە و لە تافی منداڵیدا منداڵێکی جیاواز و بزێو دەبێت، هەر لەبەر ئەمەش باوکی بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە بە نامەیەکی دەستنووسەوە دەینێرێتە لای بنکەیەکی پۆلیس. ئەفسەری بنکەکە لە دوای خوێندنەوەی نامەکەی دەستی جۆزێف، هیچکۆکی بچووک بۆ ماوەی دە خولەک بەند دەکات و دواتر پێی دەڵێت: ئەمە چارەنووسی هەر کەسێکە کە کاری خراپ بکات. ئەم ڕووداوەی سەرەتای ژیانی هیچکۆک بەس دەبێت بۆ ئەوەی کە هیچکۆکی بچووک فۆبیای لە بەرامبەر پۆلیس بۆ دروست ببێت، هەتا وای لێ دێت کە هەرگیز فێری شۆفێریی نەبێت و لەگەڵ ئەوەشدا لە هێلکەش بترسێت! ئەم ڕووداوەی سەرەوە دەبێتە گرێ لە ژیانی هیچکۆکدا و دواتر ئەم ترس و گرێیە لەگەڵ هیچکۆکی بچووک گەورە دەبێت و کاریگەری لەسەر فیلمەکانی و تەواوی ژیانی دادەنێت تا وای لێ دێت کە زۆرینەی فیلمەکانی کارتێکراو بن بە فۆبیا. هیچکۆک لەسەر ئەمە دەڵێت: تاکە ڕێگە بۆ ئەوەی لە ترسەکانم هەڵبێم، ئەوەیە کە فیلمیان لەسەر دروست بکەم.

هیچکۆک لەگەڵ ئەوەی کە بە یەکێک لە کاریگەرترین فیلمسازەکانی مێژووی سینەما هەژمار دەکرێت و نازناوی مامۆستای ترس و گومانی پێ دراوە، بەڵام ئەو سەرەتا بە کاری بازرگانیی دەستی کردووە بە ژیانی پیشەیی خۆی و دواتر حەزی بۆ سینەما لەم کاتانەدا سەر هەڵدەدات، ئەو زوو زوو دەچێتە سینەما و ژۆرناڵەکان ئەخوێنێتەوە. دواتریش بە کاری دیزاینەری کارتی فیلمە بێدەنگەکان دێتە ناو سینەماوە، ئەو زۆر دەستڕەنگین و لێهاتوو بووە لە کێشانی وێنە. چیرۆکی بوون بە دەرهێنەری ئالفرێد هیچکۆک چیرۆکێکی تا ڕادەیەک درێژە بەڵام چیرۆکەکە بەوە دەست پێ دەکات کە ئەو، ئالما ڕێڤلیی دەرهێنەر لەسەر سێت و لە شوێنی کارکردن دەبینێت، بەڵام ئەوان پێکەوە قسە ناکەن تاوەکو لە ساڵی ١٩٢٣دا ئاڵما لە کاتی دەرهێنانی فیلمێکدا نەخۆش دەکەوێت و دواتر هیچکۆک وەکو دەرهێنەر لە جێگای دەستنیشان دەکرێت تاوەکو فیلمەکە تەواو بکات. ئیتر لەو کاتەوە هەم تێکەڵ بە سینەما دەبێت و هەمیش بە ئاڵما ڕێڤلی بە مەبەستی هاوکاریکردنی هیچکۆک وەکو یەکەم ئەزموونی، تا دواتر یەکەم فیلمی لە ساڵی ١٩٢٥دا دەردەهێنێت. دوو ساڵ دواتر هیچکۆک هاوسەرگیری لەگەڵ ئاڵمادا دەکات و دەبنە خاوەنی منداڵێک. لە دوای ئەوانەش لە ساڵی ١٩٣٥دا فیلمی The 39 Steps و لە ساڵی ١٩٣٨دا فیلمی Lady Vanishes بە دوای یەکدا دەردەهێنێت و دەچنە ڕیزی ١٠٠ مەزنترین فیلمە بەڕیتانییەکانی سەدەی بیستەم!

دواتر ژیانی هیچکۆک بەرەو نشێو و هەورازە سەختەکان دەڕوات، بە هیوای ئەوەی کە بەسەریاندا زاڵ ببێت و سەرکەوتنی زیاتر بچنێتەوە، بەڵام چیرۆک و ڕێگەی سەرکەوتنی هیچکۆک وەکو هەر چیرۆک و ڕێگەیەکی تر بە گوڵ نەڕازێندراوەتەوە بەڵکو چەندین سەختی بوونیان هەبووە تا هیچکۆک بکەنە ئەو هیچکۆکەی کە ئێستا دەیناسین. لە کۆتایی پەنجاکان و هەر لە سەرەتای دروستکردنی فیلمی سایکۆوە، چیرۆکەکە بەوە دەست پێ دەکات کە ستۆدیۆکانی پاراماونت پیکچەرز دەکەونە دژایەتیکردنی فیلمی سایکۆی هیچکۆک، بودجەیەکی زۆر کەمی بۆ تەرخان دەکەن لەبەر ئەوەی فیلمەکە بە ڕای ئەوان ماتریاڵی قێزەونی تێدایە، [لە نووسینێکی تردا باسی ئەوەیان دەکەین کە بۆچی ئەوان پێیان وا بوو کە فیلمەکە نەک هەر سەرکەوتوو نابێت بەڵکو فیلمەکە بە تەواوی شکست دەهێنێت] بەڵام بە پێچەوانەوە هیچکۆک زۆر پێداگر بوو لەوەی کە فیلمەکەی سەرەڕای هەموو ئاستەنگەکان، هەر دەبێت بەرهەم بهێنرێت هەر بۆ ئەم مەبەستەش ئۆفەرێک دەخاتە بەردەم ستۆدیۆکە کە ٢٥٠ هەزار دۆلاری مووچەکەی خۆی لە جێگای شەست لە سەدی مافی خاوەندارێتی فیلمەکە دادەنێت، لە هەردوو حاڵەتی شکست و سەرکەوتندا، زۆرینەی شکست و سەرکەوتنەکەی بۆ هیچکۆک خۆی دەبێت.

ستۆدیۆکانی پاراماونت لە دوای پێگەیشتنی ئەم ئۆفەرە، ڕازی دەبن و پێشنیارەکە قبووڵ دەکەن چونکە پێیان وایە کە لە ڕووی کۆکردنەوەی داهات لە بۆکسئۆفیس فیلمەکە لاواز و خراپ دەبێت. ئەم کێشەیە کاریگەری زۆری دەبێت لەسەر ئەو پارەیەی بەردەستی هیچکۆک کە پێیەتی بۆ دروستکردنی فیلمەکە، هەر بۆیە دەبوو لە کاتی دروستکردنی فیلمەکەی، ڕەچاوی ئەوە بکات کە تەنها ٨٠٠ هەزار دۆلاری پێیە. بەم هۆیەوە هیچکۆک بڕیار دەدات کە فیلمەکە بە ڕەشوسپی دروست بکات بۆ ئەوەی پارەکە کورتهێنانێکی وای نەبێت. بەڵام لە بەدبەختی هیچکۆک ڕێک لە دوای چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە دیسان هیچکۆک تووشی کێشەیەکی تر دەبێت، سەرەڕای وەرگرتنی پەیمان لە تەواوی ستافەکە کە بە وشەیەکیش نابێت باسی ستۆری و پلۆتی فیلمەکە بکەن و چەند کامپەینێکیشی کرد بۆ ئەوەی خەڵک هۆشیار بکاتەوە و دژی سپۆیڵکردن بووەستێتەوە. بەڵام ئەوەی کە هیچکۆک لێی دەترسا ڕووی دا، چیرۆکی فیلمەکە پێش سێ مانگ لە نمایشکردن ئاشکرا بوو کە سۆفت سپۆتە! [لێرەدا باسی سۆفت سپۆت ناکەین کە چییە تا نەبێتە سپۆیڵەر] هیچکۆک لەگەڵ هەموو ئەمانە ژەهر و تاڵاوی مەرگ دەخواتەوە و بە ئیرادە پۆڵاینەکەی خۆی بڕیار دەدات کە سەرەڕای هەموو شتێک فیلمەکە لە هۆڵەکانی سینەما نمایش بکرێت! دوای هەموو ئەمانە بەرهەمی ئیرادەی بەهێزی هیچکۆک خەرمانێکی بە بەرەکەت بوو کە هیچکۆکی کردە ملیۆنەر، ١٥ ملیۆن دۆلار داهاتی هیچکۆک بوو، بە هۆی ئەوەی فیلمەکە نزیکەی ٤٠ ملیۆن دۆلاری پەیدا کرد و بووە فیلمێک کە چەندەها نەوەی دواتر توێژینەوەی سینەمایی لەسەر بکات، چونکە فیلمەکە هەموو ئەو پێشداوەریانەی کە هەیبوو پووچەڵی کردەوە و بوو بە شاکارێکی سەرسوڕهێنەر کە تا ئەمڕۆش ئەوەی لەو فیلمەدایە شتێکی سەرسوڕهێنەرە.

Director Sir Alfred Hitchcock on the set of "Psycho" (1959 ...

ناوبانگی پیشەیی ئالفرێد هیچکۆک وای لێ هاتبوو کە ئیتر کۆمپانیاکان فیلمەکانی هیچکۆکیان بە ناوی خۆیەوە بانگ دەکرد، دەیانگوت سایکۆی هیچکۆک، ڕیبیکای هیچکۆک. هۆکاری ئەمەش ئەوە بوو کە ئەو ئیتر بووبووە سەردار و مامۆستای سینەمای پوخت، کە بە نزیکەیی هیچ کات شکستی نەهێناوە لە پێشکەشکردنی فیلمێکی باش بۆ بۆکسئۆفیس. لە ڕووی تێگەشتنی باوەوە زیاتر ئەمە بۆ لایەنی داهاتی فیلمەکانی دەگەڕێتەوە، بەڵام فیلمەکانی هەمیشە زیادەیان پێ بووە بۆ سەر لایەنی هونەریی و سینەمایی. زۆرێک دەڵێن کە لەمەدا هاوسەرەکەی یارمەتیدەری هیچکۆک بووە، بە جۆرێک هیچکۆک هەر دەقێک یان سیناریۆیەکی بھاتایەتە بەردەست، یەکەم کەس نیشانی ئاڵمای دەدا گەر ئەو پێی وا نەبووایە فیلمێکی باش دروست دەکات هیچکۆک یەکسەر وازی لێ دەهێنا! هیچکۆک خۆی لەسەر ئەمە لە کاتی وەرگرتنی خەڵاتی AFI دەڵێت: داوای ڕوخسەت ئەکەم بۆ ناوهێنانی ئەو چوار کەسەی کە زۆرترین پێزانین، هاوسۆزی، یارمەتیدان و پاڵپشتیکردنیان بۆم هەبووە، یەکەمیان ئیدیتەری فیلمەکانم، دووەمیان نووسەری دەقەکانم، سێیەمیان دایکی کچەکەم پات، چوارەمیان ئەو شێفە نایابەی مەتبەخەکەم کە لە مەتبەخەکەیدا موعجیزەی دەخوڵقاند، ئەو ناوی ئاڵما ڕێڤلییە.

ئەو سەرەڕای پێنج نۆمینەیشنی بۆ وەرگرتنی خەڵاتی ئۆسکار، بەڵام تەنها جارێکیش نەبووەتە خاوەنی! کە ئەمە بۆ فانەکانی و خەڵکی بەگشتی مایەی شۆکە. شتێک کە ئالفرێدی پێ جیا دەکرێتەوە، فیلمە پڕ ترسەکانییەتی کە بە باوکی فیلم و سینەمای ترسناک دەناسێنرێت. بۆ یەکەمین جار بە دروستکردنی فیلمی سایکۆ، توانی ژانرای سینەمای ترسناک بە پێوەر و سیفەتەکانی خۆی دایبڕێژێتەوە و تازەی بکاتەوە. لەگەڵ ئەوەشدا هیچکۆکی مەزن بە کامیۆکانی بەناوبانگە، کە بۆ ماوەیەکی زۆر کەم و بە ڕۆڵێکی زۆر لاوەکی یان کۆمبارس لە فیلمەکانی خۆی دەردەکەوێت و ئەمە ئەوەندەی تر هیچکۆکی بەناوبانگتر کردبوو.

هەریەکە لە (مارتن سکۆرسزی، برایان دی پاڵما، کوێنتین تارانتینۆ، ستیڤن سپیڵبێرگ) و زۆرێک لە دەرهێنەرانی تر پێیان وا بووە کە هیچکۆک زۆر کەسێکی کاریگەر و مەزنە. ترێندمارکەکانی هیچکۆک کە کەم تا زۆر بۆ سینەمای دوای خۆی جێ هێشتووە بریتییە لە (چیرۆکی مەرگئامێز و پڕ لە تاوان، قوربانیی قژزەرد، کارەکتەری هەڵهاتوو و بە هەڵە تۆمەتبارکراو شانبەشانی کەسایەتیی شەڕەنگێزی خاوەن کارەکتەر و هێز، ئەمانە تێکەڵکێش بە ترس و شەمەندۆفێر و شۆتی فۆکەسی قووڵ و پڕ لە شادۆ.)

هیچکۆک لە دوای خۆی کۆمەڵێک فیلمی باش لە وێنەی: (Vertigo – North By Northwest – Rope – The Birds – Rear Window – Psycho – Notorious – Spellbound) و زۆر فیلمی نایابی تریشی بەجێ هێشت، ئەو لە ساڵی ١٩٨٠ بە هۆی نەخۆشی گورچیلەوە گیان لەدەست دەدات، فیلم و دیدگا و تێزە سینەماییەکانی بۆ بینەر بەجێ دەهێڵێت و بۆ هەمیشە چاوەکانی لێک دەنێت و ماڵئاوایی لە ژیان دەکات.

هاوبەشی بکە

Biography, Cinema, Hitchcock,