25/04/2024
DidiMn Logo
Top

سوزان سۆنتاگ: نووسين له ژيان و كاركردن پڕ پێچووپەناتره

لە لایەن دیدی من 6 ساڵ پێش ئێستا

سوزان سۆنتاگ

ديدى منئيبنا
لە فارسييەوه: سەليم جەمال

ئێميلى تێمپڵ، نووسەر و ڕەخنەگرى ئەدەبى لە ماڵپەڕى ليتهەب، لە وتارێكيدا بە شێوەيەكى فراوان باس له نوێترين كورته‌چيرۆكەكانى سوزان سۆنتاگ، ڕەخنەگر و ڕۆماننووسى ئەفسانەيى ئەمريكى دەكات، بە ناوى پرس و بەدواداگەڕان. ئەو وتارەكەى بەم شێوەيه دەست پێ دەكات؛ ”من هەردەم بۆ خوێندنەوەى بەرهەمەكانى سوزان سۆنتاگ بە پەلەم و دەورووژێم، چونكە هەميشه شتگەلێكى بۆ خوێندنەوه و فێربوون تێدايه.“

سوزان سۆنتاگ لە ساڵى 2004 كۆچى دوايى كرد. ئەگەر ئەو گۆڤارانەى سۆنتاگ بابەتەكانى خۆى بۆ ناردوون، بيانژمێرين، دەبينين بە شێوەيەكى بەرچاو سەرقاڵى كاركردن بووه. من بە بينينى نووسينەكانى ئەو دێمه بوون. زۆرينەى نووسەران پەسنى ئەو دەكەن. هۆكارى بەشێك لەو پێداهەڵدانانەش دەگەڕێتەوه بۆ بۆچوونه جياوازەكانى سوزان لەبارەى نووسين، هەروەها ئەوەى نووسينى بەپێز دەبێت چ تايبەتمەندييەكى هەبێت؟ لەگەڵ هەبوونى هەندێك پارادۆكس (ناسازگارى)، بەڵام ڕامانەكانى ئەو دروستن و هەندێكيانم كۆ كردوونەتەوه:

نووسەر پێويسته خاوەنى چ كەسايەتييەك بێت؟

پێويسته نووسەر خاوەنى ئەم چوار كەسايەتييه بێت:

  1. شێت.
  2. نەفام و نەزان.
  3. خاوەن ستايلى تايبەت بە خۆى.
  4. ڕەخنەگر.

خاڵى يەكەم ئەو شتانەى كە پێويستن بۆ نووسين فەراهەمى دەكات، دووەم بوارى پەلكێشبوون بە نووسەر دەدات، سێيەم بەتام و چێژبەخشه و چوارەميان پێدانى هۆشيارييه. نووسەرێكى كارامه خاوەنى هەر چوار تايبەتمەندييەكەيە، بەڵام لەگەڵ ئەزموونكردنى دوو خاڵى يەكەميش، دەشێت ببێت بە نوووسەرێكى باش، چونكە ئەو دوو خاڵه لە سەرووى ئەوانى ديكەيە (له لەدايكبوونەوەى دووبارەدا: نووسراوى ڕۆژانه و يادگارييەكان 1947- 1963).

يان بە شێوەيەكى سادەتر، زيرەكيى بۆ نووسەرێك:

هەموو شتێك بزانن لەبارەى خەسڵەتەكان و هێما دانانى ڕيتم و وەزن، هۆشێكى ئەخلاقيانەتان هەبێت. ئەمه باڵادەستییەكى ڕاستەقينه لە نێو خودى نووسەر جێگير دەكات (لەو كاتەى ئاگايى لە لەشدا كۆنتڕۆل دەكرێت، نووسراوى ڕۆژانه و يادگاریيەكان 1964 – 1980).

 

لەبارەى دۆزينەوەى ئيلهام له ژيانى ڕۆژانەدا:

كارەكان بە ئەنجام بگەيەنن، ورەتان بەرز و بڕواتان بە خۆ هەبێت، پەيجور و گوماناوى بن، چاوەڕوانى ئەوە نەبن كە ئيلهام بە نائاگايانه بەرەو ڕووتان پەلكێش بێت، يان كۆمەڵگه يارمەتيدەرتانە (له وتارى جەژنى دەستپێكى زانينگەى واسێر- 2003).

 

لەبارەى بنچينەى ئەخلاقى نووسەر:

ڕوون و ئاشكرايه، من نووسەرانى ڕۆمان و چيرۆك و شانۆنامەكان بە ڕێنوێنكارى ئەخلاق دەزانم. بەم مانايه نييه هەستپێكردنێكى ڕاستەوخۆ يان سادە، ئەخلاقى بێت، ئەو نووسەرانەى كە بەگشتى چيرۆكى جدى دەنووسن، بير له بابەتى ئەخلاقى دەكەنەوه. ئەوان خەسڵەتى مرۆڤبوونى هاوبەشيمان له چيرۆكەكانياندا وێنا دەكەن. هەرچەنده ئەو جۆره ژيانه لەوانەيه لە خودى ئێمه بە دوور بێت، بەڵام دەتوانين دركى پێ بكەين. ئەوان زەين و خەياڵمان دنه دەدەن. ئەو چيرۆكانەى كه دەيانگێڕنەوه پڕ پێچوپەنا و ڕاڤەن، له ئەنجامدا ئازارى هاوبەشمان ساڕێژ و فێرى هەڵسەنگاندنى ئەخلاقيمان دەكەن. (لە كتێبى لە هەمان كاتدا: ڕۆماننووس و بەڵگەخوازى ئەخلاقى)

 

ناوداربوون لە چوارچێوەى چيرۆكى هاوچەرخدا:

خۆشحاڵم ڕزگارم بووه لەو خەمۆكييەى لە نێو چيرۆكى هاوچەرخدايه. من نامەوێت نامۆييبوون شرۆڤه بكەم. ئەمە شتێك نييه هەستى پێ بكەم. تامەزرۆى هەموو بەشداريكرندێكى پڕخرۆشم بە هەموو جۆرەكانيەوه. لە گشت بەرهەمەكانمدا پێم دەڵێن: مكوڕ به، هەستت ناسك بێت و دڵخۆش به (لە چاوپێكەوتنێكيدا لەگەڵ لێسڵى گريس- 1992).

 

لەبارەى خود (ئيگۆ):

خودى خود، بێهێز، هۆشيار و زۆر پەسند و ژيره. نووسەران چاك خۆويستین، بگره بە شێوەيەكى نەفامانه. خودى ژير، ڕەخنەگران ڕەخنەيان ئاڕاسته دەكەن، بەڵام عەقڵييەتى ئەوان بە داهێنان و ئاستبەرزى هزريان گرێدراوه. (له لەدايكبوونەوەى دووبارەدا: نووسراوى ڕۆژانه و يادگارييەكان 1947- 1963)

 

لەبارەى دوو جۆر لە نووسەران:

هەندێك لە نووسەران كەسانى جڤاكين، وەكو هۆمێر و تۆڵستۆى، يان ناخگەران وەكو فرانز كافكا. هەوڵ بدەن جيهانێكى پايەبەرز له خێرخوازى و چاكەكارى بخوڵقێنن كە جێگەى هەڵسەنگاندن نەبێت؛ يان شێتايەتى نيشان بدەن. يەكەميان زۆر باشترە، بەڵام من لە نووسەرانى جۆرى دووەمم. (له لەدايكبوونەوەى دووبارەدا: نووسراوى ڕۆژانه و يادگارييەكان 1947- 1963)

 

لەبارەى سەرنجەوه:

سەرنج بدەن. هەموو شتێك پەيوەسته بە سەرنجدان. هەميشه سەرنجدانێكى زياد لە ئەندازه بۆ ئەو شتانەيه كە لە دەرەوە بوونيان هەيه. ئەو كەمە بەڵێنانەى لە ژياندا بۆى سەرقاڵيت، ڕێگە مەدە بۆت ببن بە بيانوو. سەرنج باسێكى هەستيارە. ئێوە بە ئەوانى ديكەوە گرێ دەدات و تامەزرۆتان دەكات. بە تاسە بن (له وتارى جەژنى دەستپێكى زانينگەى واسێر- 2003).

 

سوزان سۆنتاگ

 

لەبارەى ئەوەى چ شتێك ئەوى بۆ نووسين هان دا؟

خوێندنەوەى كتێب، بەڵام بە دەگمەن لەگەڵ ئەو شتانەى دەياننووسم لە پەيوەنديدايه. من دەربارەى مێژووى هونەر، مێژووى تەلارسازى، موزيكناسى، كتێبى زانكۆكان لە ژانرى جياواز و شيعر، زۆر دەخوێنمەوه. دەستپێكردن تا ڕادەيەك ئەستەمە. لە ڕێگەى خوێندنەوە و گوێگرتن لە موزيك كە وزەم پێ دەدات، لە هەمان كاتيشدا نيگەران و بێئۆقرەم دەكات، لە نووسين باز دەدەم؛ هەروەها من لەبارەى نەنووسينيش هەست بە تاوانبارى دەكەم. (لە چاوپێكەوتنيدا لەگەڵ پاريس ڕڤيوو)

 

لەبارەى ئەوەى خوێنەرى چ ژانرێك بووه لە كتێبەكان؟

پێويسته ئاگەدارى ئەو كتێبانە بم كە دەيانخوێنمەوه. ناتوانم سەرنج بخەمە سەر ئەو كتێبانەى كە هچ شتێكيان بۆ ڕێنوێنی و فێربوون تێدا نييه. من ئاشقى پەخشانى خەياڵئامێزم. بۆ ئەوەى كەمتر سەرتان بئێشێنم، پێويسته بڵێم زۆرينەى ئەو نووسەرانەى من خۆشم دەوێن، لە سەردەمى لاوێتى شاعير بوون، يان لە ئێستادا شاعيرن. لەڕاستيدا ستايل و ژانرى من جێگەى پەسەندى گشتى نابێت. ئەو كتێبانەى كه جێى سەرنجمن لەمانه پێك هاتوون؛ جانى گێرهارت لە نووسينى درايزێر. ديموكراسى له نووسينى ديدين. هەڵۆى كۆچەر لە نووسينى گلێن وەى. باوكى مردوو لە نووسينى دۆناڵد بارتێڵمى. (لە چاوپێكەوتنيدا لەگەڵ پاريس ڕڤيوو)

 

بيروبڕوا و تايبەتمەندیی كەسى خۆتمان پێ بڵێ لەبارەى نووسين:

نووسين، كار و ڕازێكى ئاڵوودەيە. مەرجه نڤيسكار لە ئاستێكى جياوازدا بێت لە دركپێكردن و نواندن، هەروەها پێويسته لە دۆخى هۆشيارى، ئاگاييەكى كامڵ و سادەيیدا بێت. هەرچەنده ئەم پرسانه لە هەر هونەرێكى ديكه له ئەولەويەتدان، بەڵام لە نووسيندا زياتر خۆيان دەسەپێنن و ڕاسترن، چونكە نووسەر بە پێچەوانەى نيگاركێش يان موزيسيان، لە ميديۆمێكدا سەرقاڵى كاركردنە كە تەواوى كاتەكانى خۆى لەپێناويدا تەرخان دەكات. كافكا گوتوويەتى: ”گفتوگۆكردن دەربارەى شتێك كە من بيرى لێ بكەمەوه، وەك: شتێكى بەبايەخ، مكوڕبوون و هەقيقەت، يان هەر شتێكى ديكە كە خۆى به هزرمەوە بلكێنێت، ڕاستەوخۆ بنبڕى دەكات.“ پێم وا بێت زۆرينەى نووسەران سەبارەت بە گفتوگۆ و هەرچيیەك كە له سوودە باوەكانى زمانى بۆ ئاشكرا دەبێت، لێى بەگومانن، بەڵام من پێم وايه نووسين بەم جۆره مۆدێله، بۆ بەيانكردنى بيروڕاى كەسى نادروسته. كەچى تەنها كارێك كە من له ساتى نووسينى بيروڕا و تايبەتمەندیی كەسى خۆم ئەنجامى دەدەم، دركاندنى هەموو پەيڤەكان و تێكشكاندنى ئامێرى پيتچنينمه. نووسين لە ژيان و كاركردن پڕ پێچـووپەناتره. (لە چاوپێكەتنيدا لەگەڵ جێفرى مۆيز)

 

لەبارەى ئەوەى نووسەرانى باش چ ئەركێكيان لە سەرشانه و پێويسته چى ئەنجام بدەن؟

زۆرێك لێم دەپرسن ئايا ئەركێك بوونى هەيه كە نووسەران پێي هەڵبسن. هەروەها من لە چاوپێكەوتنى ئەم دواييەمدا  ڕامگەياند: ”شتگەلێك هەن. هۆگربوون بە پەيڤەكان، سەرنجى زۆر بۆ گوتە و گوتراوەكان و سەرنج خستنەسەر جيهان.“ پێويستى بە گوتن نييه، من بەر لەوەى سوود لەم دەستەواژه گرنگانه وەربگرم، بيرم لە ڕێساگەلێك دەكردەوه بۆ كەرامەتى نووسەران. بۆ نموونه كاتێك دەڵێم مكوڕ و جدى بن، مەبەستم ئەمەيه كه هەرگيز نيگەران نەبن، هەروەها ئەمەش نابێته لەمپەڕ لە بەردەم تەنز و گاڵتەكردن. لە كۆتاييدا دەمەوێت كۆمێنتێك بخەمه سەر ئەم باسەم: “لە كاتێكدا كارى خۆتان دەست پێ بكەن كە بە شێوەيەكى تەواو كەوتبنه ژێر كاريگەریی؛ دۆستۆيڤسكى، تۆڵستۆى، تۆرگنيف و چيخۆف“. (لە كتێبى لە هەمان كاتدا: ڕۆماننووس و بەڵگەخوازى ئەخلاقى)

 

هونەر وەك بوونێكى فريادڕەسو ڕزگاركەر:

ئەدەبيات بۆ من وەكو يارمەتيدەرێك وايه كە خۆى بانگهێشتت دەكات، هەروەها جۆرێكە له ئازادى و ڕزگارى. من بەو هاوبەشبوونەوەيه دەلكێنێت كە زياتر لە 2000 ساڵ مێژينەى هەيه. ئێمه چيمان لە ڕابردوو هەيه؟ هونەر و ئەندێشه. ئەمانه پرسێكن كە هەر دەمێننەوه و هزرى خەڵك پێى تێر دەكرێت، هەروەها بيرۆكەى باشتريان پێشكەش دەكات. هەستى باش يان بيرۆكەى بێدەنگيى بوار بە تاك دەدات كە زياتر بير بكاتەوە و هەست بە شتەكان بكات. (لە چاوپێكەوتنێكيدا لەگەڵ لێسڵى گريس- 1992)

 

چۆن ببيت بە نووسەرێك:

ئەمه شێتایەتييه. پێويسته قەلەق بيت… هەردەم پرسيارم لێ دەكەن: ”بۆ ئەوەى ببم به نووسەر پێويسته چى بكەم؟“ منيش دەڵێم باشە، ئايا لەڕاستيدا تۆ دەتەوێت ببيت بە نووسەر؟ نووسەربوون لە شێوەى شتێك نييه پێشووتر ويستت بێت ببيت بە نووسەر. تۆ تا ڕادەيەك ناتوانيت يارمەتيدەر بيت جگە لەوەى كە بنووسیت و نووسەر بيت، بەڵام پێويسته ڕاڕاييت هەبێت. لە هەمان كاتدا نووسين بوارێكى زۆر باشە، بە هەمان شێوەى نيگاركێشان يان ژەنينى ئامێرێكى موزيكی. بۆچى خەڵكى نابێت بنووسن؟ من بەتەواوى دژى ئەم بۆچوونەم كه تەنيا نووسەران بۆيان هەيه بنووسن. بۆچى خەڵك ناتوانن ئەم بوارە وەكو چالاكييەكى هونەرى لەبەرچاو بگرن؟ بەڵام لەڕاستيدا ئەگەر دەتانەوێت ژيانى خۆتان بە شێوەيەك بخەمڵێنن كه ببن بە نووسەرێك، ئەمە كۆيلايەتيیەكى خۆويستانەيه. هەروەها ئەمەش ئاساييه كە  ئێوه هاوكات كۆيلە و دەسەڵاتدارى خۆتانن. (لە گفتوگۆيەكدا له سەنتەرى فەرهەنگى)

هاوبەشی بکە

Interview, Susan Sontag,