18/07/2018
DidiMn Logo
Top

چاوپێکەوتنی سۆزان سۆنتاگ و خورخێ لویس بۆرخیس

لە لایەن دیدی من 3 مانگ پێش ئێستا

سونتاگ و بۆرخیس

دیدی منڕۆژنامه‌ی سه‌وره‌
لە عەرەبییەوە: ئەکبەر حەسەن

سۆنتاگ: دەمەوێت شتێکت بۆ بگێڕمەوە، ماوەی ھەفتەیەک لە بۆینس ئایرس بووم، بێگومان زۆر خۆشحاڵ بووم بە بانگھێشتکردنم بە مەبەستی بەشداریکردن لە پێشانگەیەکی کتێبدا، بەم شێوەیە ئاشنای ئەرجەنتین دەبووم.

چەند ڕۆژێک پێش ئەوەی سەفەرەکەم بکەم بۆ ئەرجەنتین، تەلەفۆنێکم بۆھات، ڕۆژنامەنووسێکی ئەمریکی بوو، داوای ئەوەی لێ کردم چاوپێکەوتنێکم لەگەڵدا بکات. پرسیاری کرد چ ھەستێکت ھەیە کاتێک سەفەر دەکەیت بۆ ئەرجەنتین؟ پێم گوت زۆر بەختەوەرم، ھەمیشە بێسەبرانە چاوەڕێی ئەوە بووم سەفەر بۆ ئەرجەنتین بکەم، لێم دەپرسی بۆچی بە دیاریکراوی ئەرجەنتین؟ لەبەر ئەوەی ھەمیشە ویستوومە بڕۆم بۆ وڵاتەکەی بۆرخیس، ڕۆژنامەنووسەکە پێکەنینێکی ھیسترییانەی کرد، پاشان گوتی: ”بێگومان بۆرخیس نووسەرێکی گەورەیە، بەڵام پێم وایە ئەم سەفەرەی تۆ ھۆکاریکی تری ھەیە“. بەم پرسیارە ھەستم بە کەمێک بێزاری کرد، پاشان دانم بە خۆمدا گرت و ئەوەشم بۆ زیاد کرد بێگومان دەمەوێت بڕۆم بۆ ئەرجەنتین، بۆ ئەوەی بڕی سەرسامبوونی خۆم دەرببڕم سەبارەت بە گەڕانەوەی ئەم وڵاتە بۆ دیموکراسیەت. لەڕاستیدا ھۆکاری یەکەم پاڵنەری سەرەکیم بوو بۆ سەفەر بەرەو ئەرجەنتین، چونکە بۆرخیس تەنیا نووسەرێکی ناسراو نییە، بەڵکو ژمارەیەکی زۆری نووسەرانیش پێی سەرسامن. زۆر شتی فێر کردین، بەو یارییانەی کە فێری کردین، سوودی زۆری پێ گەیاندین. بۆرخیس بە ئاسانی نەگەیشتووەتە ئەم پێگە بەرزە. یەکێک لە گوتەکانی باس دەکەم، ئەوە دەچەسپێنێت کە دەمەوێت بیڵێم: ”کوێرەڕێگەکان، پڵنگەکان و ئاوێنە، کە خەڵک لێی دەڕوانن، ماندوویان کردم“. ئەم گوتەیە زۆر سەرنجی ڕاکێشام، چونکە بۆرخیس دەزانێت شتێکی بێسوود بگۆڕێت بۆ شتێکی بەسوود. ھەروەھا دەڵێت: ”یەکێک لە باشییەکان ئەوەیە کەسانێک ھەبێت لاساییت بکەنەوە، ھەندێک کەس ئەو شتانە دەکەن، کە من دەیانکەم. لەبەر ئەوەش بینیم پێویست ناکات من ئەو شتانە بکەم، کە خەڵکی تر دەیانکەن“. بۆیە ئەمەم باس کرد ھەتا ڕادەی کاریگەریی بۆرخیس لەسەر خۆم پیشان بدەم. لە ھەندێک لە کتێبەکانیدا، ھەرچەندە نازانم ئەوەی گوتوویەتی تەنیا خەیاڵێکە، بەڵام دەڵێم ھەمیشە خاکی بووە بەراورد بە زۆربەی کارەکانی.

* نا، خاکی نیم، ھەموو مەسەلەکە ئەوەیە بڕوام بە خۆم ھەیە، نە زیاد و نە کەم. سەرسام دەبم کاتێک دەزانم من کەسێکی ناسراوم. ھەرگیز بیرم لەمە نەکرووەتەوە. پاش پەنجا ساڵ چیتر نەناسراو نیم. ئێستا ڕاھاتووم بە ناوبانگ، ئەگەرچی ئەمە وام لێ دەکات ھەوڵی زیاتر بدەم. من ھەمیشە بە ڕێز و حورمەتی ئەوانی تر سەرسام دەبم، بە ڕادەیەک کە پێم وا دەبێت کەسێکی غەیبیم، بەڵام دەشڵێم ھەندێک کەس دەتوانن ئەوە کەشف بکەن کە من گەورەترین درۆزنم. لەڕاستیدا بمەوێت یان نا، من درۆزنم. باشە، با بڕوا بەو خەیاڵە بھێنین کە من بە نووسەرێکی باش دەزانن، لەبەر ئەوەی ئەم ڕایە تەنها یارییەکە، کەواتە با ھەموان ئەو یارییە بکەن، چونکە ئێمە ئەم یارییەمان بە جدی وەرنەگرتووە.

– یەکێک لەو شتانەی کە لە تۆدا بە لامەوە گرنگە، کەسێتییە ئەدەبییەکەتە.
* بە داخەوە کە کەسێتییەکی ئەدەبیم ھەیە.

– دەمەوێت بڵێم بە ھۆی ئەوەی کەسانی تر گرنگیت پێ دەدەن، تۆ قەلەق بوویت.
* گرنگی بە سەرسامبوون نادەم، بەڵام ھاوڕێیەتی و لێبوردەبوون لەگەڵ ئەوانی تردام خۆش دەوێت.

– تۆ ھەمیشە بە سەرسامییەکی زۆرەوە باسی نووسینی ڕابردووت دەکرد.
* ھەمیشە بە شێوەیەکی تایبەت سەرسام بووم بە نووسەرە ئەمریکییەکان، من قەرزارباریانم. کاتێک بیر لە ئینگلتەرای نوێ (ئەمریکا) دەکەمەوە، ژمارەیەکی زۆر لەو کەسێتییە مەزنانەی کە ڕۆڵەی ئەم ئینگلتەرا نوێیەن، لە یادەوەریمدا کەڵەکە دەبن (ڕەنگە گەردوونناسەکان ھۆکاری ئەمە بزانن)، بۆ نموونە ئیمرسن، مالڤێل، ھێنری جەیمس، سۆرۆ، ئیمیلی و ئەوانی تر. ئەگەر ئەوان نەبوونایە، ئێمە دەرنەدەکەوتین. ئێمە ھیچ نین جگە لە پڕۆژەیەک کە بەرھەمی ئینگلتەرای نوێین.

– پێم وا بێت لە سەرەتادا گرنگیت بە ئەدەبی ئینگلیزی دەدا.
* ڕاستە، بەڵام یەکەمین ڕۆمان کە خوێندمەوە، ڕۆمانێکی مارک توین بوو، پاشان غەزووی مەسکیک و ئەلبیرۆی بریسکۆتم خوێندەوە. زۆر ھەوڵ دەدەم بۆ ئەوەی بەرانبەر مامۆستاکەم بێوەفا نەبم. پێم وایە ڕابردوو بەگشتی کاریگەریی لەسەر نووسەر دروست دەکات، نەک تەنیا وڵات و زمان. زمان، ھەروەک کورس دەڵێت، دراوێکی ئیستاتیکییە، زمان بەرھەمی کاری ھەزاران مرۆڤە. ساڵی 1955 بیناییم لە دەست دا، لەبەر ئەوەش خۆم تەرخان کرد بۆ دووبارە خوێندنەوەی ئەو نووسینانەی کە پێشتر خوێندبوومنەوە لە پێش خوێندنەوەی نووسینە نوێیەکان. دووبارە خوێندنەوە چالاکییەکی زۆر گرنگە، لە پاش دووبارە خوێندنەوە داڕشتنی دەقەکە نوێ دەکەینەوە، کاتێک دووبارە دەقێک دەخوێنینەوە، ھەست دەکەین جیاوازین لە جاری پێشوو کە دەقەکەمان خوێندووەتەوە، ھەروەک ھیراکلیتۆسیش دەڵێت: ”ناتوانیت دوو جار لە ئاوێکدا مەلە بکەیت، ئاوەکە ھەڵدەقوڵێت، ھیراکلیتۆسیش ھەڵدەقوڵێت. ھەست دەکەم من ئەو ھیراکلیتۆسە پیرەم، کە لە ھەمان ئاودا مەلە ناکات، بەڵکو لە ئاوێکی نوێدا مەلە دەکەم بۆ ئەوەی بە ھۆی ساردیی ئاوەکەوە ھەست بە ژیانەوە بکەم.

– ھیچ کەس دوو جار کتێبێک ناخوێنێتەوە.
* ڕاستە.

– ئەو بیرۆکەیەی کە ھاوبەشیی تۆی پێ دەکەم، زۆر باو نییە، چونکە خەڵک بە زۆری لە ڕەسەنایەتی بێزار دەبن.
* پێم وایە ڕەسەنایەتی شتێکە، دەستەبەرکردنی مەحاڵە، ھەر یەک لە ئێمە دەتوانێت گۆڕانێکی زۆر کەم لە مێژوودا دروست بکات، ھەر نووسەرێک تۆنی تایبەتیی خۆی و قاڵبی تایبەتیی خۆی ھەیە، نە زۆر و نە کەم. دەبینین ھەر نەوەیەک ھەمان شیعر دەنووسێت، ھەمان چیرۆک دەنووسێت بە جیاوازییەکی کەم لە تۆن و دەنگدا، ئەمە و ھیچی تر.

– جگە لە ئەدەبی ئینگلیزی و ئەمریکی، بە ھیچ ئەدەبێکی تر کاریگەر بوویت؟
* بێگومان، بەتایبەتی ئەدەبی ئەسکەندەناڤی. ئەدەبی پڕچێژ و کورتەچیرۆکەکانی ئەسکەندەرییە. ھەر ئەدەبێک بەھای خۆی ھەیە. وێنای جیھانێک بکە بەبێ فیرلان، بەبێ ھۆگۆ، بێگومان دەبینیت جیھانێکی ناخۆش دەبێت، بۆچی ئینتیمام بۆ ئەم کەسانە ھەیە؟ بۆچی کتێبخانەکانمان پڕ دەکەین؟ چونکە بەختەوەرییەکی وەسفنەکراومان پێ دەبەخشن، ئەگەر من رۆبنسن کرۆزۆ بوومایە لەو دوورگەیەدا، ئەوا مێژووی فەلسەفەی خۆرئاوای برتراند ڕەسڵم لەگەڵ خۆم دەبرد، چونکە لەوانەیە تەنیا ئەم کتێبەم بەس بێت، بەڵام ئەگەر ڕێگەم بدەن ئینسایکلۆپێدیایەکم پێ بێت، بێگومان باشتر دەبێت. بۆ کەسێکی فزووڵی کە ھیچ ئیشێکی نەبێت، وەک من، خوێندنەوەی ئینسایکلۆپێدیا باشترین خوێندنەوە دەبێت، ئینجا ئیتر ئەگەر ئینسایکلۆپێدیای کۆن بێت وەک ئینسایکلۆپێدیای بلینۆ، یان نوێ بێت وەک ئینسایکلۆپێدیای بریتانیکا یان ئەوروپا. ھەموویان ئینسایکلۆپێدیای بەنرخن.

– بەڵام ئەگەر من بڕۆم بۆ دوورگەیەکی دوورەدەست، مێژووی فەلسەفەی خۆرئاوا لەگەڵ خۆم نابەم، چونکە پێم وایە کتێبێکی ڕووکەشە.
* بێگومان، من لەگەڵ خۆم دەیبەم، چونکە خوێنەرێکی ڕووکەشم.

– پێم وایە تۆ وەک کتێبێکی خەیاڵی سەیری ئەو کتێبە دەکەیت.
* فەلسەفە بریتییە لە خەیاڵ، بێگومان ھەموو جیھان شێوەیەکە لە شێوەکانی خەیاڵ.

– پێت وایە من دەمەوێت ئەمە بڵێم؟
* بێگومان، من بەمە سەرسام نابم. بەڵام پێم بڵێ، چ کتێبێک لەگەڵ خۆت دەبەیت بۆ ئەو دوورگەیە؟

– لەوانەیە کتێبی rogers treasures لەگەڵ خۆم ببەم.
* بێگومان ھەڵبژاردنێکی جوانە.

– ئێستادا دەتەوێت لە چ ژانرێکی ئەدەبیدا بنووسیت؟
* ئێستا شیعر و کورتەچیرۆک دەنووسم، بەڵام حەزم لێیان نییە؛ تەنها ھەست دەکەم پێویستە بیاننووسم، کاتێک لە نووسینیان تەواو دەبم، دەگوێزمەوە بۆ شتێکی دیکە. کتێبێکم بە ناوی پیلانگێڕەکان بڵاو کردەوە، 30 بۆ 40 کورتەچیرۆکی تێدایە، نازانم باشن یان خراپن.

– تۆ ھەمیشە لەسەر حیسابی کارە درێژەکان حەزت لە کاری کورت بووە.
ئێدگار ئالان پۆ دەڵێت: شیعری درێژ ئەو شتەیە کە دەبێت ببێت.

– بەڵام شتیکی دیکەی درێژ ھەیە، مەبەستم ڕۆمانە.
* جگە لە دۆن کیخۆتە و کۆنراد و دیکینز، حەزم لەم جۆرەیان نییە، بڕوام بە ڕۆمانە جوانەکانی تکاری و فلۆبێر نییە، بە داخەوە بۆ ئەم قسەیەم.

Interview, Jorge Luis Borges, Susan Sontag,