24/04/2024
DidiMn Logo
Top

تەلارسازیی یۆنانی و ئۆردەرەکان

لە لایەن دیدی من 4 ساڵ پێش ئێستا

دیدی من – کتێبی ”٥٠ بیرۆکەی ئەندازیاری کە پێویستە بیزانیت” (50 Architecture ideas you really need to know)

فیلیپ ویلکینسۆن
لە ئینگلیزییەوە: سەرهەند خالید

لە نێو تەلارسازیی یۆنانیدا، دەوروبەری سەدەی شەشی پێش زاین، تەلارسازەکان و بەردتاشەکان شێوازێکی نوێی بیناکارییان پەرە پێ دا و چەند ڕێسایەکیان دانا کە بتوانن بە کاری بهێنن لە هەر بینایەکدا کە لەسەر پایە ڕاگیر بووبێت. ئەم ڕێسایانە دواتر بە ئۆردەرەکان ناسران و کاریگەرییەکی گەورەیان هەبوو، نەک تەنها لە خاکی یۆنان و ڕۆمدا، بەڵکو لە هەموو شێوازە تەلارسازییەکانی دواتری ئەورووپا، ئەمەریکا و بگرە جێی تریشدا.

ئەم ئۆردەرانە زۆر بە ئاسانی بە بینینی پایەکان دەناسرێنەوە، بە تایبەتی بە سەرکۆڵەکەکانیان ئەو تایبەتمەندییانەی تاجی هەر پایەیەکن. سێ ئۆردەرە یۆنانییەکە بریتین لە دۆریک، بە سەرکۆڵەکە سادەکەیەوە، ئایۆنیک کە سەرکۆڵەکەی پێک هاتووە لە شێوەیەکی لوولپێچی یاخود نەخشەیەکی لوولدراو، لەگەڵ کۆرێنسیەن کە سەرکۆڵەکەی بە نەخشەی گەڵای ئەکانسەس (خێزانێکی ڕووەکە) ڕازێنراوەتەوە. لە سەرەتا دۆریکی سادەیان داهێنا و هەندێک لە توێژەرەوان پێیان وایە کە دیزاینی دۆریک، بەهرەی بەردتاشەکانی یۆنان بووە، کە لە نێو بینا دارەڕاکاندا بە کاریان هێناوە. نموونەی پەرستگەکان کە دۆریکیان تێدا بە کار هاتووە، وەک پەرستگەی هیرایۆن لە ئۆڵۆمپیا، گەڕانەوە بۆ ٥٩٠ پ. ز.

سێ ئۆردەرە یۆنانییەکە: دۆریک، ئایۆنیک و کۆرێنثیەن

ڕۆمانییەکان دوو ئۆردەری دیکەیان زیاد کردووەتە سەر ئەم سێ ئۆردەرە، ئەوانیش توسکانی سادە و کۆمپۆسایتی بەرزی ڕازێنراوە، کە پێکهێنراوە لە نەخشەی لوولدراوی ئایۆنیک و نەخشەی گەڵای ئەکانسەسی کۆرێنسیەنن.

سەپایە و هاوڕێژەیی ئۆردەرەکان زیاترن لە پایە و سەرکۆڵکەکان، چونکە ئەوەی پایەکان ڕاگیری دەکەن، بەشێکە لە ئۆردەرەکان. لە سەروو پایەکاندا سەرپایەیەک هەیە کە لە سێ توێژی ئاسۆیی پێک هاتووە. لە یەکەمیاندا ئارکیترەیڤە، بە گشتی سادە و تەختە؛ دواتر فریزە، کە لەوەیە بە پەیکەر بڕازێنرێتەوە و لە ترۆپکەکەیشدا کۆرنیس هەیە، بەشێکی لە قاڵ بدراوە کە جووڵەیەک بۆ بینەر دەخاتە ڕوو، لە نێوان بەشە ئەستوونەکەی سەرپایەکەی ئۆردەرەکە و ساپیتەکە یاخود ڕووکارە سێگۆشەییەکەدا. ئەم سێ توێژە ئاسۆییە پێکەوە دەبنە ئینتابلیچەر.

ئارکیترەیڤە، فریز، کۆرنیس

ڤیتروڤیوس و ئۆردەرەکان

نووسەری ڕۆمانی، ڤیتروڤیوس، دەستنووسێکی بە ناوی ”دەربارەی تەلارسازی” (De architectura ) هەیە. کتێبێکە بۆ تەلارسازان گەلێک پراکتیکییە، لەم کتێبەدا دەستوپەنجە نەرم دەکات لەگەڵ بینادا لە چەندین ڕووەوە، لە مەواد و بیناکارییەوە بۆ جۆریەتییە تایبەتەکانیان. ڤیتروڤیوس زۆر لەسەر ئۆردەرەکان و مامەڵەکردن لەگەڵ بنچینەکانیان، هاوڕێژەیی، جێبەجێکارییەکانی بیناکان دەڕوات، وەک پەرستگەکان. لە بڕگەیەکیدا کە لە بیر ناچێتەوە، ئەوە ڕوون دەکاتەوە کە چۆن  ئۆردەرە یۆنانییەکان، دۆریک، ئایۆنیک، لەگەڵ کۆرێنسیەن یەک لە دوای یەک جوانیی پیاو، خانم و کیژ دەخەنە ڕوو. کتێبەکەی ڤیتروڤیوس، لە سەردەمی ڕێنیسانسدا بە زۆری چاپ کرایەوە و وەرگێڕدرا، کاریگەرییەکی گەورەی هەبوو لەسەر تەلارسازانی سەدەکانی دواتر کە ستایلی کلاسیکیان پەرە پێ دایەوە.

هاوڕێژەیی لایەنێکی گرنگی ئۆردەرەکان بوو، بەرزیی پایەکە بۆ نموونە، بە ڕێژەیەک گونجاو بوو لەگەڵ تیرەکەیدا، بۆیە نە درێژ و باریک بوو، هەروەها نە زۆر کورت و گرگن بوو. بۆیە بەرزیی دۆریکی یۆنانی کلاسیکی بە گشتی لە نێوان چوار بۆ شەش هێندەی تیرەکەی بوو لە بنەکەیدا (پایەکان تا بەرەوە سەر بڕۆن باریکتر دەبنەوە). هەروەها چێوەی قووڵی ئینتابلیچەرەکە پەیوەندییەکی هاوڕێژەیی هەیە لەگەڵ تیرەی پایەکە.

”کەواتە لە داهێنانی دوو پایەی جیاوازدا، چەندین جوانییان هێنایە گۆڕ، ڕووتی و سادەیی بۆ یەکێکیان (دۆریک) و ئەوەی دیکەیەن (ئایۆنیک)، نیانی و ڕازێنراوەیی و ڕەوشتە جیاکەرەوەکانی خانمان… سێیەم ئۆردەر پێی دەوترێت کۆرێنسیەن، کە لاسایی بەژنی ڕێکی کیژێکە.”

ڤیتروڤیوس، لە کتێبی ”دەربارەی تەلارسازی”
کۆمەڵێک یاسای بنەڕەتیی ئۆردەرەکان

کۆمەڵێک یاسای بنەڕەتییان دایە تەلارسازەکان سەبارەت بەو بینایانەی کە بە پایەکان  بونیاد نراون. بۆ یۆنانییەکان ئەو بینایانە بریتی بوون لە پەرستگەکان، مۆنومێنتەکان، هەروەها بینا گشتییە گرنگەکان. ڕۆمانەکان مەودای بەکارهێنانی ئۆردەرەکانیان فروانتر کرد، بە چەندین شێوە لە هەمەجۆرییەکی زیاتری بیناکاندا، لە دادگاکانەوە بۆ گەرماوە گشتییەکان، بە بەکار‌هێنانی هەمان ڕێسا بنەماییەکان.

هەرچەندە ئۆردەرەکان تاکە ڕێسا بوون، بیناکار و تەلارسازە جیاوازەکان بە چەندین شێوە بە کاریان دەهێنان، بۆیە نەخشە لوولدارەکان لەو پەرستگەیانەی کە بە کۆرێنسیەن دروست کراون، جیاوازن لە پەرستگەیەک بۆ دانەیەکی دیکە، هەروەها جیاوازی هەیە لە بەکارهێنانی نەخشەی گەڵای ئەکانسەسیان لەسەر کۆڵەکەکانی کۆرێنسیەن لە وەستایەک بۆ یەکێکی دیکە. تەنانەت دۆریکی سادەیش لە هەندێک شوێندا بە جیاوازیی ڕێژەکانی تێبینی دەکرێت.

بۆیە تەلارسازەکانی یۆنانی کۆن و ڕۆم شێوازێکی نوێی دیزاین و هاوڕێژەبوونی تەلارسازییان پەرە پێ دا کە دەکرا بەهرەمەندانە بە جیاوازی جێبەجێ کرابان لە مەودای بینا گشتییەکاندا، سیستەمێک بوو کە بە باشی خزمەتی هەموانی دەکرد و وای کرد بیناکانی ئەم شێوازە دەستبەجێ بناسرێنەوە، تەنانەت تا ئەمڕۆیش.

بنچینەی ئۆردەرەکان

ئۆردەرەکان لەوەیە لە شێوازەکانی بیناکاری دارتاشیدا پەرەیان سەندبێت، هەروەها شیاوە کە بڵێین بەردتاشە یۆنانییەکان لەژێر کایگەریی تەلارسازی میسڕیدا بوون، هەندێک لە پایەکان لە پەرستگەی میسڕییەکاندا، بۆ نموونە لە مەزارگەی ئانوپیسدا لە کڵێسەی هاپشاپست کە دەکەوێتە دەرولبەحری، لە زۆر ڕووەوە نزیکە لە پایەکانی دۆریک .

کلیلە جیاکەرەوە سەرەکییەکانی تەلارسازی

لە درێژەی ئێشەکانیدا سەبارەت بە ئۆردەرەکان، ڤیترویڤیوس بە هەمان شێوە بەناوبانگ بوو بۆ پێناسەکردنی تایبەتمەندییە سەرەکییەکان کە هەر تەلارسازێک پێویستە ئامانجی بێت لە دیزانینکردنی بینادا. لە لای ڤیتروڤیوس هەموو بیناکان، پێویستە تایبەتمەندی فیرمیتەس (هێز و خۆڕاگری)، ویتیلیتەس (سوودبەخشی)، لەگەڵ ڤێنوستاسیان (جوانی) هەبێت. لەو کاتەیشەوە، تەلارسازەکان ئەم تایبەتمەندێتییانەیان لە مێشکیاندا هێشتووەتەوە کاتێک نەخشەسازیی بونیادەکەیان دەکەن.

کاریگەرییەکی بەردەوام هەر چۆنێک دەستی پێ کردبێت، شێوازی بیناکاری بە بەکارهێنانی ئۆردەرەکان کاریگەری دانەرێکی گەورە بوو. تەلارسازەکانی ڕێنیسانس لە ئیتاڵیا، پاڵادیانناسەکان لە سەدەی حەڤدە لە بەڕیتانیا، لەگەڵ تەلارسازانی نیۆکلاسیک لە سەدەی هەژدە و نۆزدەدا، لە هەموو جیهاندا ئۆردەرە یۆنانییەکانیان دەکێشا. ئۆردەرەکان دەرخەری یەکێک لە خۆڕاگرترین ئادیاکانە لە مێژووی تەلارسازیدا و تا ئێستایش تەلارسازانی نیۆکلاسیک لە دیزانەکانیان بە کاریان دەهێنن .

کتێبخانەی نەتەوەیی یۆنان بە ستایلی نیۆکلاسیک
هاوبەشی بکە

Art and Design,