26/04/2024
DidiMn Logo
Top

هونەر و سایکۆلۆژیا

لە لایەن دیدی من 3 ساڵ پێش ئێستا

دیدی من – ئاماده‌كردن و وه‌رگێڕانی: ڕۆزیتا ڕێبوار

بەکارهێنانی هونەری وێنەکێشان وەک سەرچاوەیەک بۆ تێگەیشتن لە ئەزموونە دەروونیەکان

پێشەکی

   مرۆڤی ژیر، نزیکەی ٧٠،٠٠٠ ساڵ پێش ئێستا سەرەتاییترین وێنەکانی خۆی لەسەر دیواری ئەشکەوتەکان کێشا، هەر لەوێوە درکی بە شێوازێکی دەربڕینی جیاواز کرد کە دەکرا ڕوونبێت و ئاسان بێت بۆ تێگەیشتن هەروەها توانای ئەوەی هەبێت بمێنێتەوە. بەشێوەیەکی گشتی وێنە کێشراوەکانی مرۆڤەکان پێکهاتبوون لە نێچیر و سەرچاوەی خواردنەکانیان، ئەو گیاندارانەی بەلایانەوە سەیر بوو وەک کوندەپەپوو، لەگەڵ ئەوانەی سەخت بوون بۆ ڕاوکردن وەک تاکشاخەکان. لەڕوویەکی دیکەشەوە وێنەکێشان بەکارهێنراوە بۆ کەمکردنەوەی ترس و بێزاری و غەمگینی. لە زۆر باریشدا وێنەکێشان وەک میدیەمێک بەکارهێنراوە بۆ دروستکردنی پەیوەندی بانسروشتی و بانگکردنی ڕۆحەکان. لێرەوە دەتوانین ببینین کە هەر لە سەرەتاوە شێوازی بیرکردنەوە و بەها و هەستەکانی وێنەکێش بەشێوەیەکی ئاشکرا لە کارەکانیدا ڕەنگی داوەتەوە. لە زۆرباردا هونەر دەرخەری باری دەروونی هونەرمەندە و دەکرێت وەک شێوازێکی چارەسەر بەکاربێت و ئاڵۆزی دەروونی کەمبکاتەوە. کاری سایکۆلۆژیای هونەریش ئەمەیە، لێکۆڵینەوەیە لە بینین، وەرگرتن، خەسڵەتەکانی هونەر و بەرهەمهێنانی. 

   بابەتە هونەریەکان هەمیشە بایەخێکی زۆریان هەبووە بەتایبەت لەلایەن کەسە ئەکادیمیەکان و فەیلەسوفەکانی وەک ئەرستۆ. پەیوەندی نێوان کارە هونەرییەکان و سایکۆلۆژیا دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی کاتارسیس کە دەکاتە هەزاران ساڵ پێش ئێستا، بەڵام  کارپێکردن بە سایکۆلۆژیای هونەر، لە فرۆیدەوە سەری هەڵداوە. هونەر و دەروونشیکاریی سوودبەخش بوون بەهۆی هەبوونی جۆرێک لە کاریگەری لەسەر یەکدی. فرۆید لە بەشێک لە نووسین و وتارەکانیدا، سەرنج دەخاتە سەر سایکۆلۆژیای هونەر و کاریگەریە دەروونییەکانی شاکارە هونەرییەکان لەسەر بینەرەکانی. ئەو چالاکییە هونەرییەکانی، وەک چەکێکی بەهێز دەبینی بۆ شیکاری دەروونیی کەسێتی. 

سایکۆلۆژیا – هونەر

   سایکۆلۆژیا بریتییە لە هەوڵی تێگەیشتن لە ڕۆح یاخود هزر، لەبەر ئەوەی دەشێت هیچ کامیان بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ کاریان لەسەر نەکرێت، ڕەفتار و کردەوەکان بە ئوبێکتیڤی وەردەگیرێن و کاریان لەسەر دەکرێت. گەر بەشێوەیەکی گشتی بدوێین، دەتوانین بڵێین سایکۆلۆژیا لێکۆڵینەوەیە لە کردەوەی ئوبێکتیڤی زیندەوەران و بەهەند وەرگرتنی ئەو ژینگەیەی تێیدان، لەگەڵ هەڵسەنگاندی هۆ و کوالێتی ئەو کردەوانە. ئەوەی وایکردووە سایکۆلۆژیا بابەتێکی بەبایەخ بێت، وەڵام و لێکدانەوەکانێتی بۆ هۆی پشت کردەوەکانی وەک؛ لێخۆشبوون، بەپەرۆشبوون، دڵخۆشی و غەمگینی… هتد. کردەوەش تەواوی ئەو چالاکییانە  لەخۆدەگرێت کە مرۆڤ دەتوانێت بیانبینێت.

   لە لایەکی دیکەوە، هونەر بریتیە لە دەربڕینی مانا و بەها و پرەنسیپەکان بە بەکارهێنانی چەند میتۆدێکی تایبەت لەلایەن هونەرمەندانەوە، بەشێوەیەک کە کاری بەرهەمهاتوو لەڕووی سۆزداریەوە کاریگەریەک دروست دەکات. سایکۆلۆژیای هونەر، باس لە توانای وەرگرتنی هزری و تێگەیشتن و تایبەتمەندیەکانی هونەر و بەرهەمەکانی دەکات.  لێرەوە جیاکاری بۆ سایکۆلۆژیای هونەر دەکرێت و دەبێتە سایکۆلۆژیای سترەکتور کە بایەخ بە تایبەتمەندیەکانی هزر دەدات لەساتی بەرهەمهێنانی کارێکی هونەری، لەگەڵ سایکۆلۆژیای ژینگەیی کە بایەخ بە ئەو بارە ژینگەییە دەدات کە هونەرمەندی تێدایە، یاخود تێدا بووە، لەگەڵ ئەو کاریگەرییە هاوبەشەی لەسەر یەکدی هەیانە. خاڵی هاوشێوەی نێوان ئەم دوو زانستە گرنگە ژیانی مرۆڤە لە بینایی و ڕای مرۆ لەسەر جیهانی چواردەوری. ئەو کەسانەی بایەخ بە میوزیک، ئەندازیاری،  شێوەکاری و پەیکەرسازی و جۆرەکانی دی هونەر دەدەن، کە کۆنسێپتی وەرگرتنی دەروونی تەواو گرنگە بۆیان. ئەمەش بەهۆی ئەوەوەیە، کە هونەر پەیوەندی بە وەرگرتنی هزریەوە هەیە و لە بەخشینی هەستێکی مانادار بۆ ڕووداو و فینۆمینەکان؛ هەر بۆیە کۆنسێپتی هونەر و سایکۆلۆژیا دەشێت پەیوەندیدار بن.

   ئایا ئەو کەسانەی هونەرمەندن، ئەگەری هەبوون یاخود تووشبوونیان بە ناڕێکی دەروونی زیاترە؟ هەرچەندە مەرج نییە هونەرمەند لەڕووی دەروونیەوە ناساغ بێت؛ وەلێ زۆرێک لە وێنەکێشە ناسراوەکان، پەشێوی دەروونیان هەبووە و شێوازی بیرکردنەوە و هەستەکانیان لە کارە هونەرییەکانیاندا ڕەنگی داوەتەوە. مارک ڕۆتکۆ و ئێدڤارد میونخ و بێرنارد بوفێت، ئاماژەیان بەوە داوە کە کارە هونەریەکانیان ڕەنگدانەوەی خەمۆکیان بووە. هەروەها مێژووناس و نووسەرەکان تابلۆکانی چەند وێنەکێشێکیان لێکداوەتەوە، لەنێوانیاندا (پۆڵ سیزان، ڤینسنت ڤان کوخ، جاکسۆن پۆلۆک) و تابلۆکانیان بەڵگەی هەبوونی ناڕێکیان دەرخستووە.  

   وێنەکێشەکان و دەروونناسان و کۆمەڵناسان، بۆ ماوەی ٢٠٠ ساڵە باس لە ئەم بابەتە دەکەن، بێ ئەوەی بتوانن بگەنە ئەنجام. بێنژامین ڕەش (١٧٤٥-١٨١٣) پێی وابووە کە ئەگەری ئەوە زۆرە پەیوەندیەک هەبێت لەنێوان نەخۆشی دەروونی و بەهرەداریی هونەرییەوە. تاوانناس و پزیشکی دەروونی  ئیتاڵی سیزار لۆمبرۆسۆ (١٨٣٦-١٩٠٩)، تیۆری ئەوەی دانا کە بلیمەتیی هونەری جۆرێکی نەخۆشی دەروونییە. هەروەها ئارنۆلد لودویگ ئاماژەی بەوە داوە، ئەو تاکانەی ئاستی بەهرەدارییان بەرزە، ئەگەری ئەوەی هەیە هەمان سایکۆپاسۆلۆژی کەسێکی بێبەهرەیان هەبێت. لودویگ ئەوەشی خستەڕوو کە هەبوونی نەخۆشی دەروونی، کاریگەری لەسەر بەهرەداری هونەرمەند هەیە.  جەیمسۆن بە تایبەت ئەوەی نووسیوە کە توخمە سەرەکیەکانی بەهرەداریی سروشتی هەمان، توخمە سەرەکیەکانی ناڕێکی  سەرجەمسەرن. 

     لەکاتێکدا ژمارەیەک لە کەسە هونەرمەندەکان، کردەی خۆکوژیان ئەنجام داوە،  پرسی ئەوەی ئایا ڕێژەی خۆکوژی لە ئەواندا هەر هێندەی تاکەکانی دی کۆمەڵ بەرزە یاخود نا، تا ئێستا پرسێکی بێ وەڵامە.  پرێتی و میۆتۆ، توانیویانە بگەنە ئەو دەرئەنجامەی کە ئەو کەسانەی وێنەکێشن بەبەراورد لەگەڵ نووسەرە بەهرەمەندەکان، ڕێژەی خۆکوشتن تیایاندا کەمترە. هەروەها بۆیان دەرکەوتووە ئەو کەسانەی خۆکوژی ئەنجام دەدەن، بەشێکیان تووشی خەمۆکی بوون لەبەر ڕەتکردنەوەی کارەکانیان، نەک لەبەر ئەوەی لە ناخەوە پەشێویەکی دەروونیان هەبووبێت. بۆرخ ئێت ئال لە لێکۆڵینەوەیەکیدا ئەوەی ڕاگەیاندووە کە تیایدا ئەو کەسانەی وێنەکێشن، ئاستێکی شیزۆتایپی بەرزیان هەیە بەڵام  پەشێوی دەروونی جددیان نییە.  بەپێی ئەو ژمارە زۆرەی خەڵکی بێت کە فڵچە بە کانڤاسێکدا دەهێنن، وەک خوێندکار؛ وەک حەز و خولیا؛ وەک پیشە؛ ڕێگایەک نییە  بەهۆیەوە بێچەندوچونی دڵنیایی پلەی پێکەوەبەستن و پەیوەندی هونەرمەندی  و نەخۆشی دەروونی بزانین.

   بایۆگرافی بەشێک لە ئەو وێنەکێشانەی ناڕێکیی دەروونیان هەبووە، یاخود باری دەروونیان لە تابلۆکانیاندا ڕەنگی داوەتەوە:

 ساڵی ١٧٩٢، فرانسیسکۆ گۆیا (١٧٤٦-١٨٢٨)، توشی تایەکی بەرز بوو و لەگەڵیدا وڕێنەی دەکرد، دەشێت لەو کاتەدا گۆیا توشی هەوکردنی مێشک بووبێت. لەڕووی جەستەییەوە، گۆیا خەریک بوو چاک دەبۆوە، بەڵام هەر خەمۆکی و هەڵچوونی سۆزداری هەبوو و لەگەڵیدا هەلوەسەی دەکرد. پاش ئەوە، گۆیا دەستی کرد بە هەڵکۆڵینی زنجیرەیەک لە تابلۆ بۆ نیشاندانی نەخۆشیە دەروونیەکان و ئەو کەسانەی بەدەستیەوە دەیانناڵاند، بەناوی (Los disparates یاخود Los proverbois) ساڵی ١٨١٥ بۆ ١٨٢٤. هیچ کام لە ئەم کارانەی لە پێشانگادا نیشان نەدا و ٤٠ ساڵ پاش مردنیشی ئەوجا بڵاوکرانەوە.  

چەند نموونەیەک لە کارەکانی زنجیرەکە: 

“تاکە شتێک کە گۆڕیبێتم جێگەکەم بووە؛ خەمۆکی هات و شوێنم کەوت.”

– سیزان پاش ئەوەی چووە پاریس 

پۆڵ سیزان (١٨٣٩-١٩٠٦)، دوور لە کۆمەڵگە دەژیا و شەپۆلی خەمۆکی بۆ دەهات و لە چەند تابلۆیەکیدا ئەو بارەی نیشانداوە کە تیایدا بووە. 

نمونەیەک لە ئەو کارانەی رەنگدانەوەی باری دەروونی ئەون:

  • Pyramid of skulls – هەڕەمێک لە کەلەسەر
  • The murder- بکوژ
  • Self portrait, depressed and brooding – پۆرترێتێکی کەسی، کە تیایدا خەمۆکانە دەڕوانێت.

ڤینسنت ڤان کوخ (١٨٥٣-١٨٩٠)، چەند جار ڕووبەڕووی شەپۆلی خەمۆکی و دۆخی خۆبەزلزانی و شێتگیری و هەلوەسەکردن بووەتەوە. هەرچەند کە گریمانە و بیردۆزی زۆر هەیە لەسەر مردنی، بەڵام باوترینیان ئەوەیە کە خۆی کوشتووە. پزیشکەکانی ڤان کوخ، پێیان وابووە بەهۆی جۆرە گیایەک بەناوی ئابستین و فێ لێهاتنەوە تووشی نەخۆشی دەروونی بووە. پاش مردنی ئەوجا گوترا کە دەشێ پەشێوی سەرجەمسەر و گۆڕانی هەستی کتوپڕ و مەیلی مەرگی هەبووبێت. 

لە زۆرێک لە تابلۆکانیدا، دەتوانین تێبینی ئەو بارە هزریە شێواوەی بکرێت:

خەمۆکی و مەیلی مەرگ لە ئەم تابلۆیانەیدا دەردەکەوێت:

  • Cemetery in the rain گۆڕستان لە کاتی باراندا
  • Hanging skeleton with cat پەیکەرێکی هەڵواسراو لەگەڵ پشیلەیەکدا
  • Wheatfield with crows کێڵگەی دانەوێڵە و قەلەڕەش
  • Cypresses درەختی سەڕوو

بەشێک لە ئەو تابلۆیانەی باس لە ئەزموونی ڤان کوخ دەکەن لە نەخۆشخانەی دەروونی:

  • Barred window پەنجەرەی ئاسن 
  • Window of Vincent’s studio in St. Paul’s Hospital at   Saint-Rémy پەنجەرەی ستۆدیۆکەی ڤینسنت ڤان کوخ لە نەخۆشخانەی قەشە پۆڵ لە سەینت ڕێمی 

هەبوونی وەهم و ئاوەزگەردانە لەم تابلۆیانەدا تێبینی دەکرێت:

  • Starry night شەوە ئەستێرە
  • The ravine کەنداڵ
  • The olive trees درەختی زەیتوونان
  • Self portrait پۆرترێتێکی کەسی

مەینیا لە ئەم تابلۆیانەدا دەبینرێت:

  • Rain باران 
  • Poppies with butterflies گوڵاڵە و پەپولە
  • Village street in Auvers ڕێی گوندێک لە ئوڤێرز
  • The raising of Lazarus هەستانەوەی لازاروس 

بەشێک لە پۆست-ئیمپرێشینیستەکان بە ئەوە ناسراون کە لە کارەکانیاندا ناڕێکییە سۆزداریەکانیان دەربڕیوە. تاقە تابلۆیەکیش، کە بەباشی ئەمە دەردەخات، “قیژە”ی وێنەکێشی نەرویجی ئێدڤارد میونخە (١٨٦٣-١٩٤٤)، کە چەند جارێک وێنەکەی کێشاوەتەوە. 

. تابلۆی “قیژە”، پیاوێکی بێچارە نیشان دەدات، کە لە بێهیواییدا هاوار دەکات. زۆربەی کارەکانی دیکەی میونخ، خەمۆکی نائومێدی نیشان دەدەن لەگەڵ ترس و مەیلی مەرگ. ئەو تابلۆیانەش ئەمانە لەخۆ دەگرێت:

  • Blossom of Pain چرۆی ئازار
  • Vampire خوێنمژ
  • Anxiety دڵەڕاوکێ
  • Melancholy مالیخۆلیا
  • Self portrait in distress پۆرترێتێکی کەسی لەکاتی بێزاریدا
  • The deathbed چرپای مەرگ

   مارک رۆسکۆ (١٩٠٣-١٩٧٠)، زۆربەی ژیانی لاوێتی بەدەست خەمۆکییەوە ناڵاندویەتی، ئەمەش وایکردووە لەکۆتاییدا خۆی بکوژێت. کۆمەڵەتابلۆی “کێڵگەی ڕەنگەکان” وەک وێنەکێش، هەستێکی غەمگینی ئێجگار زۆر لە بینەرەکانیشیدا دەوروژێنێت. ئەمەش لە ژمارەیەکی زۆر لە تابلۆکاندا دەردەکەوێت:

نموونەی تابلۆکان:

  • بێناونیشان، ژمارە ٤
  • بێناونیشان، ١٩٦٨

   وێنەی شێتی و هەڵچوونەکانی جاکسۆن پۆلۆک (١٩١٢-١٩٥٦)، ژاوەژاو و هەراوزەنای ناخی نیشان دەدەن. جاکسۆن بەزۆری پشتی بە کحول بەستووە و هەرگیز نەیتوانیوە بۆ ماوەیەکی زۆر بە هۆشداری بمێنێتەوە؛ هەمیشە غەمگین بووە و زۆرجاریش مەیلی خۆکوژی لەلا دروستبووە، وە لەکۆتاییدا بەهۆی ڕووداوی هاتوچۆوە کۆچی دوایی کردووە. لە تۆمارێکی جاکسۆندا کە پەشۆکاوانە سەرگەرمی وێنەکێشانە، دەردەکەوێت ئەو فەوزایەی ناخی لەسەر کانڤاسەکە هەڵدەڕێژێت پێش ئەوەی خۆی باسیان لێوە بکات.

 نمونەی تابلۆکانی:

  •  The flameپریشک
  • Vertical painting وێنەیەکی ستوونی 
  • No. 32, 1950) ژمارە ٣٢ 
  • Blue poles هێڵە شینەکان
  • No. 5, 1948 ژمارە ٥

   بێرنارد بوفێت (١٩٢٨-١٩٩٩)، بەدەست خەمۆکیەوە دەیناڵاند، هەروەها زۆرجار لە تابلۆکانیدا بە مرۆڤێکی خەمۆک ئاماژەی بەخۆی داوە، لەنێویاندا: 

پۆرترێتێکی کەسی لە تەوالێتتدا Self portrait in the bathroom

 لەگەڵ پۆرترێتی کەسی ژمارە ٤ Self portrait #4 1981 

 پۆرترێتی کەسی مەرگ  La mort/ Death.

   برایان چارنلی (١٩٤٩-١٩٩١)، شیزۆرفرینیای هەبووە، داو و دەرمانەکانی ڕێگربوون لەوەی نیشانەکانی پەشێویەکەی تێدا دەربکەوێت، بەڵام لەگەڵ ئەوەدا بوونەتە هۆی سنووردارکردنی بەهرەکەی. چارنلی، بەئەنقەست وازی لە وەگرتنی داوودەرمانەکانی هێنا، تا بتوانێت بەتەواوی ئەزموونی کاریگەرییەکانی نەخۆشیە دەروونیەکەی بکات و لە تابلۆکانیدا تۆماریان بکات. هەر وەک ڤان کوخ، پۆرترێتە کەسیەکانی یەکبەدوای یەک جدی بوونی سایکۆسسەکەی نیشان دەدەن. لە کۆتاییدا چارنلی کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.

   ئیگۆن شیلی (١٨٩٠-١٩١٨)، جەستەی مرۆڤی وەک ناوەندێک بەکاردەهێنا، تا ئەزموونە ناوەکیەکان بەشێوەیەکی تەواو دراماتیکی نیشان بدات، لە ئەم ڕێیەوە هەوڵی دەدا، تەواوی دەربڕینە فیزیکییەکان دەربخات. زۆربەی ئەو کەسانەی وێنەی دەکێشا گەنج بوون و بەشێکیان منداڵ بوون. لە تابلۆکانیدا جەستەیانی تێکدەدا و دەیشێواندن. لەڕێگەی تابلۆکانیەوە، شیلی دەیەوێت نەخۆشییەکی دەروونیمان نیشان بدات، ئەویش لەڕێی شێواندنی فۆڕمی فیزیکان. لەڕێی وێنە کەسیەکانیەوە، وێنەکێش توانیویەتی پشکنین و شیکاری بۆ دەروون و هەستەکانی بکات.

هونەری زبر و هونەری دەرەکی

   کۆنسێپتی ئەوەی تابلۆ و وێنە و پێکهاتەی تاکەکان لەژێر چارەسەری نەخۆشی دەروونیدا، دەشێت لەڕووی هونەریەوە بەهادار بێت، دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی نۆزدەهەم. سیزار لۆمبرۆسۆ، لە (١٨٠٠)ـەکاندا تابلۆی نەخۆشانی ئەو نەخۆشخانەیەی کۆدەکردەوە کە سەرپەرشتی دەکرد، 

ئێمیل کرایپلین (١٨٥٦-١٩٢٦)، کارەکانی نەخۆشێکی سایکۆتیکی کۆدەکردەوە لە نەخۆشخانەی هێیدلبێرگ لە ئەڵمانیا،  کاتێک هانس پرینزهۆرن (١٨٨٦-١٩٣٣)، بووە بەڕێوەبەری نەخۆشخانە، کۆمەڵە تابلۆکانی زیادکرد، وە لە ساڵی ١٩٢٢دا هەژمارێکی بۆ کردەوە، لە کۆتاییدا هەژمارەکە کۆمەڵەکە نزیکەی ٥٠٠٠ تابلۆی لەخۆی دەگرت.

   جین دیبەفێت (١٩٠١-١٩٨٥)، وێنەکێش و پەیکەرتاشێکی بەتوانا و  ناجێگیر، سەرسام بوو بە بیرۆکەی وێنەکێشان لەلایەن ئەو کەسانەی ناڕێكی دەروونیان هەبوو. پاش کۆتاییهاتنی جەنگی جیهانی دووەم، دیبەفێت بەدوای ئەم وێنە کێشە دەروونشێواو و وەلاخراوانە کەوت و دەستی کرد بە کۆکردنەوەی کارەکانیان و بڵاوکردنەوەیان. ڕەخنەگران پێیان وابوو کە تابلۆکانی نەخۆشە دەروونیەکان لە هیچ ڕوویەکەوە وەک کاری هونەری هەژمار ناکرێن  و تەنها بەرهەمی تەکنیکی بوون، دەبەفێت دەیگوت کە کارە هونەریەکان خۆیان دەدوێن، وە ئەو کارانەش بەتەواوی هەر وەک ئەو کارە هونەریانە بوون کە وێنەکێشە ڕاهێنراوەکان دەیانکێشا و دەیانخستە ڕوو، وە لەبەر ئەوەی دواکەوتەی نەریتەکانی هونەری ڕۆژهەڵاتی و کۆمەڵگە و مەیلی بازرگانی نەبوون، هەست بە جیاوازیەکانیان دەکرا.  دیبەفێت ئەم جۆرە هونەرەی ناونا هونەری زبر و یەکەم پێشانگای ڕێکخست بۆ تابلۆکان لە پاریس/ ساڵی ١٩٤٩ بە ناویL’Art Brut Préféré aux Arts Culturels (تابلۆکان ئێستا لە مۆزەخانەکەی خۆیدان لە لۆزان لە سویسرا).

مۆزەخانەکەی دەبەفێت بە ئەم شێوەیە پێناسەی هونەری زبر دەکات:

 پێکهێنەران و دروستکەرانی هونەری زبر ئەو تاکە  پەراوێزخراوانەن کە دژ بە  سترەکتورە کلتوری و پەروەردەییەکانن، ئەوان شێوازێکی مامەڵە و کارکردنی سەربەخۆیان هەیە، سەرباری نۆرم و بەها کۆمەڵایەتییەکان. هیچیان ناوێت لە ئەو کلتورە باوە و ویستی ئەوەیان نییە تێکەڵاوی ببن. خوازیار نین گفتوگۆ لەسەر کارەکانیان بکەن؛ بەدوای ناوبانگەوە نین و بەهیچ شێوەیەک نایانەوێت لە ڕووە بازرگانیەکانی هونەر نزیکببنەوە. لە (١٩٧٠)دا، ڕۆجەر کاردینال  ئاماژەی بەوە داوە کە: هونەری زبر شێوازێکە لە دەربڕینی هونەری، وە ئەو کەسانە لەخۆ دەگرێت کە ئەکادیمی نین و ڕانەهێنراون، کارەکانیان بریتیە لە فیکر و هەست و بیروڕا سوبێکتیڤیتیەکانیان، وە مەرجیش نییە ئەو کەسانە لەڕووی دەروونیەوە نەخۆش بن.

ژمارەیەک لە ئەو وێنەکێشانەی کارەکانیان بە هونەری زبر هەژمار دەکرێن:

   ئەدلۆف ولفلی (١٨٦٤-١٩٣٠)، بەشێکی زۆری ژیانی لاوێتی، لە نەخۆشانە دەروونیەکانی سویسرا بەسەربرد؛ هەر لەوێ دەرکەوت کە شیزۆرفرینیای پارانۆیای هەیە. ئەو نزیکەی ٢٥،٠٠٠ وێنە و تابلۆ و کۆوێنەی جێهێشت، لەگەڵ چەند وێنەیەکدا کە تیایدا خەیاڵە شیرینەکان و وەهمەکانی کێشابوو؛ جارجاریش دەیدا بە سەردانکەران و دەیگۆڕینەوە بە  بڕێک پارەی کەم یاخود بە جگەرە. لە سەرگوزشتەی خۆیدا، وۆلفلی ئۆتۆبایگۆرافیەکی وەهمی دروستکردبوو کە لە لەدایکبوونیەوە  تا داهاتووی درێژەی دەکێشا.

   هێنری دارگەر (١٨٩٢-١٩٧٣)، بۆ ماوەیەکی کورت چارەسەری دەروونی بۆ ئەنجام درا.  ژیانێکی دوور لە کۆمەڵ و تەنها دەژیا، بەبی هەبوونی هاوڕێ یاخود خێزانێک، تەنها بۆ کارکردن لە ئەپارتمانەکەی دەهاتە دەر. پاش مردنی، خاوەن ئەپارتمانەکە چووە شوقەکەی و بڕێکی زۆری لە وێنە و تابلۆ و گۆرانی و نامەی دۆزییەوە، لەگەڵ پەرتووکێک کە نزیکەی ١،٥٠٠ لاپەڕە دەبوو، دارگەر هەرگیز ئەمانەی نیشانی هیج کەسێک نەدابوو.

   ماج گیل (١٨٨٢-١٩٦١)، هەرگیز وەک نەخۆشێکی دەروونی مامەڵەی لەگەڵ نەدەکرا، بەڵام شێوازی ڕەفتارکردنی ئەوەی دەدا بەدەستەوە کە پەشێویی بیر و هەستی هەبێت، وە لە کۆتاییەکانی تەمەنیدا، ئالوودەی کحول ببوو. بە قەڵەم و مرەکەب، وێنەی ئاڵۆزی خۆی و کچەکەی کێشابوو، کە تیایدا هەردووکیان کراسی جوان و ڕازاوەیان لەبەردابوو، ئەمەش وەک کاردانەوەیەک بۆ  قسەکردن و ڕێنوێنی کردنی ڕۆحێک یاخود خێوێک بوو بەناوی “ماینینرێست”. ئەو وێنانەی دەیکێشان لە قەبارەی لەزگەی پۆستکاردێکەوە دەستی پێدەکرد و تا ٣٠ پێ دەبوون (ئەم وێنانەی لەسەر پارچەیەک قوماش کێشابوو). بە دەگمەن وێنەکانی دەفرۆشت، پێی وابوو کە وێنەکان موڵکی ڕۆح یاخود خێوەکەن نەک ئەو. پاش مەرگی، بە هەزارەها تابلۆ لەنێو ماڵەکەیدا دۆزرانەوە کە لەناو دۆڵابەکەیدا هەڵیدابوونەوە یان لەژێر پێخەفەکەی داینابوون. 

   کارەکانی ولفلی و دارگەر و گیڵ بوونەتە سەرچاوەی گەلێک لە پەرتووک و پەڕەی توێژینەوە، وە ژمارەیەکی زۆر لە پێشانگاکان سەرنجیان خستۆتە سەر خۆیان و تابلۆکانیان و بە گرنگیان داناون. دامەزراوەیەک لە مۆزەخانەی هونەرە جوانەکانی بێرن لە سویسرا، تایبەت کراوە بە کارەکانی وۆلفلی، وە مۆزەخانەی گشتی ئەمریکی، سەنتەرێکی تایبەتی  دامەزراندووە سەبارەت بە هێنری داگەر و کارەکانی. نزیکەی تەواوی تابلۆکانی ماج هیڵ لەلایەن نیوهام لە لەندەنەوە هەڵگیراون بەڵام نمایش ناکرێن، بەشێکی کەم لە ئەو تابلۆیانە لە مۆزەخانەی هونەری زبرن لە لۆزان. 

   نمونەیەکی باش بۆ هونەری دەرەکی، کە هیچ ناڕێکیەکی دەروونی نییە، بریتییە لە پۆستەچیەکی فەڕەنسی بەناوی فێرنارد شڤال (١٨٣٦-١٩٢٤)، کە لە ڕێگای پۆستەکەی ڕۆژێک بەردێکی هەڵگرت و بردیەوە ماڵەوە لەگەڵ خۆیدا. لەوێوە وەک خولیایەک ڕۆژ بە ڕۆژ بەردی زیاتری کۆدەکردەوە و زیاتر سەرسام دەبوو پێیان، لەبەر ئەوەش دەستی کرد بە دروستکردنی شکڵ و شێوە پێیان و فۆڕمێکی بەخشی پێیان. بەپێی کات، عەرەبانەیەکی دەستی لەگەڵ خۆی دەبرد تا بتوانێ بەردەکانی هەڵبگرێت بۆ ماڵەوە. ئەو قەڵا سەرسوڕهێنەرەی بە لکاندنی بەرد پێکەوە بوونیادی نابوو، ئێستا سومبولێکی نەتەوەیی فەڕەنسایە.

   کارەکانی فرانکۆ ماگنانی؛ وێنەکیشی یادەوەریان (١٩٣٤)، دەکرێت بە هونەری دەرەکی سەیر بکرێت. ئەوکاتەی ماگنانی گوندەکەی جێهێشت، تەنها منداڵێک بوو. لەکۆتاییدا ماگنانی لە سان فرانسیسکۆ جێگر بوو. هەرچەندە لەڕووی هونەریەوە هیچ ڕاهێنانی نەکردبوو و ئەکادیمی نەبوو، ئەو دەستیکرد بە کێشانی ئەو دیمەنانەی منداڵی کە بیریدەهاتنەوە و بەشێوەیەکی سەرسوڕهێنەرانە تابلۆکانی دەقاودەق وەک دیمەنە ڕاستیەکانن.

   گرێگ بۆتۆمس، کە نووسەری پەرتوکێکی سەرنجڕاکێشە سەبارەت بە وێنەکێشە دەرەکیەکان لە باشوری ئەمەریکا، بەم شێوەیە باس لە وێنەکێشە دەرەکییەکان دەکات: “زۆرجار هاندەرەکانیان بریتییە لە سەودا، یاخود کێشەی دەروونی و ئایدیۆلۆژیەکی ڕەها، یاخود بیروباوەڕ و شوورەیی و ویستی  بیستنی دەنگیان، لەگەڵ ئەوانەشدا دوورەپەرێزی و ناجێگیری باری دەروونی تیایاندا بوونی هەیە”.  بۆتۆمس وتەیەکی دەیڤد فێچۆ دەگێڕێتەوە سەبارەت بە وێنەکێشە دەرەکیەکان: “تەواوی ئەم کەسانە ژیانێکی داخراویان هەیە لەڕووی ستاندارد و سترەکتوری کۆمەڵایەتیەوە. بەدەر لە دەسکەوتی بازرگانی یاخود ڕازیکردنی ئەوانی دیکە هاندەرێکیان هەیە، مانەوەی درێژخایەنی کارە هونەریەکانیان گرنگ نییە بەلایانەوە. کامڵی ئەو کارەی دەیکەن و پیشەکانیان ئەوە نییە کە بووەتە پاڵنەر بۆیان، ئەوەی بەلای ئەوانەوە گرنگە، ئەوەیە ڕۆژانە هەستن و تێکەڵ بە ئەو کەلوپەلانە بن و لەڕێیانەوە بدوێن سەبارەت بەوەی لە ئاستێکی بەرزتردا، مەبەستیان چییە لە ژیانکردن”.

   بەشێوەیەکی گشتی، وێنەکێشە دەرەکیەکان وێنەکان بۆخۆیان دەکێشن، نەک بۆ ناوبانگ و پارە. وێنەکێشی تایوانی هەنگ تەنگ (١٩٢٠-١٩٨٧)، نمونەیە بۆ ئەمە؛ کاتێک خەڵک ویستی سەرسامیان بۆ دروست بوو و ویستیان کارەکانی بکڕن، گەڕایەوە نێو ژیانی تەنهایی و لەجیاتی ئەوەی کارەکانی بفرۆشێت، لە هەژاریدا کۆچی دوایی کرد. مەرگی هەنگ، وایکرد کە بەهای تابلۆکانی بەرزببێتەوە و لەگەڵیدا ناو و ناوبانگی، وە بووە یەکێک لە گرنگترین وێنەکێشەکانی سەدەی بیستەم لە تایوان. 

   هاوشێوەی ئەوە، کاتێک تابلۆکۆکەرەوەیەکی دەوڵەمەند پێشنیاری کرد تەواوی تابلۆکانی گاستۆن  چایساک بکڕێت (لە ئەوکاتەدا تەنانەت پولێکیشی پێ نەبوو)، قبوڵی نەکرد و ئاماژەی بەوە دابوو کە دەیەوێت لەڕووی داراییەوە سەربەخۆ بێت؛ هەبوونی تابلۆکانی لە هەبوونی پارە و پول پێ خۆشترە.

   وێنەکێشی نەریتی  یاخود هونەرکارە دامەزراوەکان، تەکنیک و میتۆد دەخوێنن، تا کوالێتی کارەکانیان باشتر بکەن، ئەم جۆرە خوێندنە بەلای هونەرمەندە دەرەکیەکانەوە بەهایەکی ئوتۆی نییە. بەهەمان شێوە، وێنەکێشە ڕاهێندراوەکان کارە هونەرییە مەزنەکانی ڕابردوو شیدەکەنەوە؛ بەڵام بەشێوەیەکی گشتی، هونەرمەندە دەرەکیەکان هێندە نازانن سەبارەت بە کارە هونەریە مەزنەکانی ڕابردوو. لە ڕاهێنانی هونەری ڕەسمیدا، خوێندکارەکە بە شێوەیەکی سادە دەست دەکات بە کار، ڕەنگەکان و هێڵەکان تاقیدەکاتەوە و وردەوردە ئەمە پەرە دەسەنێت بۆ دیزاین و کاری ئاڵۆزتر لەژێر چاودێری کەسانی شارەزادا، بەڵام لە هونەری دەرەکیدا وێنەکێش ڕاستەوخۆ کار لەسەر ئەوە دەکات کە دەیەوێت و سەرنجی ڕادەکێشێت. ئولبریشت پێی وایە کەسە شارەزاکان سوود لەوە دەبینن کە لە تابلۆکانی وێنەکێشە دەرەکیەکان بکۆڵنەوە، چونکە ئەوان کارەکانیان بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ دەربڕینی دونیای ناوەکیانە، نەک کارەکانیان بەرهەمێک بن بۆ دامەزراندن و لەگەڵ ویستی کۆمەڵدا یەک بگرنەوە.

   لە ئێستادا ژمارەیەکی زۆر لە نووسەرەکان بایەخ نادەن بە جیاکردنەوەی هونەری زبر و دەرەکی، پێیان باشترە تەنها هونەری دەرەکی بەکاربێت کە زاراوەیەکی گشتگیرترە، بەڵام بەسوودترە. جیاکاریەکی گرنگی دیکە لەنێوان هونەری دەرەکی و هونەری دامەزراودا هەیە، بەشێوەیەکی سەرەکی جیاوازییەکە بریتییە لە ئیکۆنۆمی هونەر و پێناسەی نەخۆشی دەروونی لەلایەن کلتوری وێنەکێشەکەوە، نەک لەگەڵ خودی هونەرەکە. دەروونشیکار ئێرنست کریس، بڕوای وابوو کە کارە هونەرییەکانی دەرووننەخۆشەکان، بەرهەمی میکانیکی ڕووتن، کە بە وێنە و سیمبولی سایکۆتیکی و وێنای وەهمی و تەکنیکی سەرەتایی دەستنیشان کراون. 

   کارە هونەریەکانی ڤینسینت ڤان کوخ وادەکات دووبارە بیر لە شێوازی ڕێکخستنی وێنەکێشەکان بکەینەوە. ڤان کوخ چەند مانگێکی لە نەخۆشخانەیەکی دەروونی بەسەربرد، بەشێوەیەکی زیاتر لەگەڵ ئەو کەسانەی پەشێوی سەرجەمسەریان هەبوو یاخود ئەوانەی ئاڵوودەی ماددە کحولیەکان بوون، کە لەوێدا بەبوونی تیۆی برای لەگەڵ ستافەکە وەک هاندەرێک چەندەها تابلۆی کێشا. دەشێت ئەمە سەرەتای چارەسەری دەروونی  بووبێت لەڕێی هونەرەوە، نەخۆشێکی دەروونی کە لە هەوڵی ئەوەدایە خۆی بدۆزێتەوە. هەرچەند هەرگیز هیچ تابلۆیەکی بە بڕە پارەیەکی باش نەفرۆشت، بەڵام ئەمە واینەکرد لە وێنەکێشان داببڕێت، ئەو لەماوەی ١٠ ساڵدا ٩٠٠ تابلۆ و ١١٠٠ وێنەی کێشا، زۆربەی کارەکانی لە دوو کۆتا ساڵی ژیانیدا بوون. شێوازی وێنەکێشانی جیاواز بوو لە شێوازی وێنەکێشەکانی ئەو سەردەمە، وە لەلایەن بازرگانانی هونەرەوە بە سەرەتایی و لاواز دەبینرا. سەرەڕای ئەوە ژمارەیەکی زۆر لە وێنەکێشە ناسراوەکانی وەک سیزان و گۆگوین و مانێت کارەکانی ڤان کوخیان بەلاوە سەرنجڕاکێش بووە، لەبەر ئەوەشە پێویستە وەک وێنەکێشێکی دەرەکی سەیربکرێت.

   کۆنسێپتەکانی وەک هونەر، رۆح، خۆشەویستی، دادپەروەری، کامڵی، ئازادی لە هەر بوارێکی ژیاندا مانایەکی تایبەتی هەیە، بە واتایەکی دیکە، دەشێت بۆ هەر بوارێکی ژیان مانایەکی دیاریکراو بوونی هەبێت. 

لیرەوە دەتوانین بڵیین ڕۆحی هونەر کە هاندەری جەستەی مرۆیە، دەشێت لە یەکەم یەکەم قۆناغەوە هۆی جوڵە و بەمانایی جەستەی ماددی بیت. لەهەر بارێکدا، هونەر هۆیەکە بۆ هێنانە کایەی جوڵانەوەیەک، بۆ بەخشینی مانایەک لە ژیانی ماتریاڵیدا. 

سایکۆلۆژیای هونەر و دیسپلینەکانی

   سایکۆلۆژیای هونەر، تەنها بوارەکانی خۆی لەخۆناگرێت، بەڵکو لێکۆڵینەوە لەسەر ئەو بوارانەش دەکات کە پەیوەندیان بە سایکۆلۆژیەوە هەیە. لەبەر ئەوە، دەروونی زیندەیی و دەروونناسی گۆڕانی سروشتی و سایکۆپاسۆلۆژی و لێکۆڵینەوەی کەسێتی ئەو بوارانەن کە پەیوەندیان بە هونەریشەوە هەیە، ئەمەش بەهۆی ئەو لایەنە هاوبەشانەوەیە کە هەیانە، دەتوانین بڵێین ئەم دیسپلینە بوارێکی خوێندنی ئاڵۆزی هەیە.

   بۆ ژمارەیەکی زۆر لە وڵاتان، سایکۆلۆژیای هونەر دیسپلینێکی نوێیە. هەرچەندە لە ئینگلیزیدا ژمارەیەکی زۆر کاری نووسراو هەن، لە وڵاتانی تری وەک ئیسپانیا بەهەمان شێوە نییە و ڕێژەیان کەمترە. زۆربەی ئەو نووسینانەش کە لەبەردەستماندان سەبارەت بە دەروونشیکارین. ئەم دیسپلینەش تەنها نییە و لەگەڵ دیسپلینەکانی دیکە پەیوەندیەکی باشی هەیە، بۆ نمونە لەگەڵ فەلسەفەدا. لێرەدا مێژووی هونەریش گرنگە، چونکە کارە هونەرییەکان دەکرێت  لە دیدگایەکی سایکۆلۆژییەوە شیکارییان بۆ بکرێت. 

ڕێڕەوی سایکۆلۆژیای هونەر 

   چارەسەر بە هونەر چەند دەیەیەک پێش ئێستا سەریهەڵدا، لە چەند پڕۆگرامێکی چاکسازییەوە کە تەکنیکی وەک (نووسین و میوزیک و وێنەکێشان…هتد)یان بەکاردەهێنا. بەڵام هێشتا یەکگرتنەوەی پەیوەندیئەکەی لەگەڵ ژینگەی پزیشکیدا قورسە و پێویستی بە کات هەیە. هەرچۆنێک بێت، سایکۆلۆژیای هونەر لە ئێستادا گەلێ باوە و لەسەر بەهرەداری و کەمکردنەوەی فشار و دڵەڕاوکێ بونیادنراوە، بە پشتبەستن بە تەکنیکە هونەرییە کلاسیکیەکان (شێوەکاری، پەیکەرسازی، هونەری پلاستیکی کۆمپلیمێنتاری). ئەو دەروونناسانەی شارەزاییان هەیە لە بواری هونەرە پلاستیکیەکاندا، دەتوانن بەرهەمهێنان وەک  یارمەتیەک بۆ پەیوەندیەکانی نێوان چارەسەرەکان. پرسیار لە نەخۆش دەکەن سەبارەت بە ئەزموونی ڕۆحانی و سوبێکتیڤی و کلتور و کۆمەڵگە. 

   سکوڵی گێستالت، گوستاڤ فیچنەر، سیگمۆند فرۆید، ڤیگۆتسکی و گاردنەر، گشتیان ڕۆڵێکی بەرچاویان هەبووە لە دروستبوونی ئەم دیسپلینەدا. بۆ ڤیکتۆسکی، بەرزترین ئاستی مرۆڤبوون (ئەخلاقی بوون) بریتییە لە دەربڕینی هونەری و کلتوری و کار، کە لە ئەنجامدا دەبێتە هۆی گۆڕانی مێژووی کۆمەڵایەتی. ڤیگۆتسکی ئاگاداری ئەوە بوو کە هونەر پێداویستیەکی سەرەکی یاخود فیسیۆلۆژی نەبوو ( بە پشتبەستن بە دیدگەی ئەبراهام ماسلۆ). ئەو پێی وابوو کە ئەو لایەنە نائاگایەی هونەر هەمان ئەو پڕۆسە نائاگاییانە نەبوو کە لە شێوەی خەونێکدا ئەزموون دەکرێن. ئەو پێی وابوو کە هونەر زیاتر بریتییە لە هەنگاوێک بەرەو نیمچەئاگایی کپکراو لە نێوەڕاستی ئاگاییدا.  

سوودە دەروونیەکانی هونەر

   لێکۆڵینەوەکان ئەوەیان دەرخستووە کە وێنەکێشان دەبێتە هۆی ڕژانی هۆڕمۆنی دۆپامین، ئەویش ئەو هۆڕمۆنەیە کە هەستی خەڵاتکردنی خۆتت پێ دەبەخشێت، لەگەڵ ئیندۆرفینەکان کە هەستی باشیت پێ دەبەخشن. بۆ نمونە لەکاتی وەرزشکردندا جەستەمان ئیندۆرفین دەڕێژێت.  لە ڕوویەکی دیکەوە، ئاگاداری ئەوەین کاتێک کەسێک کارێکی هونەری تەواو دەکات، دەچێتە ئاستێکی دڵخۆشییەوە کە هاوشێوەی منداڵبوونە. ئەمەش بەهۆی دەردانی هۆڕمۆنی ئۆکسیتۆسینەوە ڕوودەدات. بەشێوەیەکی گشتی هونەر دەکرێت وابکات توانا کۆمەڵایەتیەکان گەشە بکەن، فشار و دڵەراوکێ کەمبێتەوە و لە ڕووی دەروونیەوە کەسەکە هەست بە ئارامی بکات و کۆنتڕۆڵی جوڵە و ڕەفتارەکانی بکات، وە کار لەسەر نیمچەئاگایی بکات وەک میتۆدێکی مەعریفی.

   بەکورتی، هەرچەندە سایکۆلۆژیای هونەر دیسپلینیکی نوێیە، بەشێک لە رەچەڵەکەکەی دەگەڕێتەوە بۆ هەوڵە سەرەتاییەکەی ڤیگۆتسکی، کە وەک میتۆدێکی خود-مەعریفی دادەنرێت لەکاتی کارکردن لەگەڵ نیمچە ئاگاییدا. مێژووی هونەر و دەروونشیکاری، دوو بواری پێکداچوون کە لە هەردوکیاندا پێویست بە هەبوونی وێنایەک دەکات تا بوونیان هەبێت. کارە هونەرییەکان وێنەن، چ جا دوو ڕەهەندی یاخود سێ ڕەهەندی بن. لێکدانەوەی شیکاری دەروونی، لەڕووی پزیشکیەوە و لەڕووی بەکارهێنانیەوە لە بوارەکانی تردا، کار لەسەر تێڕوانین و شیکاری وێنە دەکات؛ لە خەودا، پێکهاتنی نیشانە، سیمبۆلیزم، خەیاڵ. پێکەوە بوونی  ئەم دوو بوارە لە ساڵی ١٩١٠ وە دەستی پێکرد، لەو کاتەوەی فرۆید یەکەم سایکۆبایۆگرافی شێوەکارێکی بڵاوکردەوە (لیۆناردۆ داڤینچی)، پاش چوار ساڵی تر لە کورتەوتارێکی فرۆییدا دەرکەوتنەوە سەبارەت بە موساکانی مایکڵ ئانجیلۆ.  لە پاش ئەو دوو بڵاوکراوەیە، بواری هونەر و دەروونشیکاری فراوان بوو و بووە هەوڵ، بە پشتبەستن بە لایەنی شیکارە دەروونیەکە یاخود مێژووناسە هونەرییەکە، سەبارەت بە نووسەرەکە. هەرچەندە کە پێکداچوونەکانی ئەم دوو بوارە لە پێشچاون، دەکرێت جیاکارییان بۆ بکەین بۆ سێ کاتیگۆری: 

١. سایکۆبایۆگرافی، کە تیایدا ژیانی هونەرمەندەکە بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ کاریگەری هەیە لەسەر ژیانی

٢.سایکۆ-ئایکۆنۆگرافی: کە تیایدا ئایکۆنۆگرافی کارێک بە سیماکانیەوە لە کۆبوونەوەیەکدا شیکاری دەروونی بۆ دەکرێت، هەرەوەها دەکرێت ئەم کاتەگۆریە وردەکاری کارەکان بخاتە ڕوو کاتێک زانیاری هەیە سەبارەت بە ژیانی شێوەکارەکە و لەوێوە دەکرێت ببەسترێتەوە بە کارەکانیەوە. 

٣. ڕەچەڵەک و سروشتی بەهرەداری و سیمبۆلیزمی.

هەردوو سایکۆبایۆگرافی و سایکۆئایکۆنۆگرافی کاتێک بەسوودن کە کار لەسەر ڕوونکردنەوەی هونەر دەکەن، بە لەبەرچاوگرتنی مانا یاخود تەکنیکەکەی. ڕەچەڵەک و سروشتی بەهرەداری و سیمبولیزمی زیاتر بۆ پڕۆسەکە دەگونجێت، ئەویش کاتێک هونەرمەندێکی تایبەت لە کارەکە دەڕوانێت یاخود لەنێو کۆبوونەوەیەکدا، هەروەها لە کاتی گفتوگۆی  میتۆدۆلۆژییەکانی دەرونشیکاری کە لە هونەردا کاریان پێدەکرێت. 

   لێرەشدا بەتەنها مێژوو و ڕووەکانی گرنگ نین، بەڵکو ئەوەی گرنگە لێکۆڵینەوەکانی داهاتووە. ئایا شێوازە نوێکانی تێگەیشتن لە هونەر چین و چۆن دەتوانن هاوکار بن بۆ تێگەیشتنی زیاتر لە هونەری شێوەکاری؟ 

_______________________

سه‌رچاوه‌كان:

  • National center for biotechnology information
  • Arts Help.net
  • Exploring your mind.com
  • JLSB Journal of Life Science and Biomedicine

هاوبەشی بکە

Art, Art and Design,