17/01/2019
DidiMn Logo
Top

تەوڕات بە دەقچنیی کافکا

لە لایەن دیدی من 2 مانگ پێش ئێستا

زاموا موحەممەد

 

”ڕۆژێکیان کە گریگۆر سامسا لە کابووسگەلێکی جاڕسکەر بێدار بووەوە، بینی کە لە پێخەفەکەیدا بووە بە مێروویەکى زەبەلاح.“

(کافکا؛ مێتامۆرفیۆسێس)

 

 

”خودا بینیی ئەوەتا هەموو ئەوەى کە دروستى کردووە زۆر باشە، ئینجا ئێوارە بوو و بووە بەیانى، ئەمە ڕۆژی شەشەم بوو.“

(پەیمانى کۆن)

 

 

لە حەوتەم ڕۆژی خەلیقەتدا، کاتێک چەند زیندەخەونێکى جاڕسکەر یەزدانیان لە خەوەنوچکەکەى کرد، بینیی کە ئادەم لە ژێر درەختی زانیندا بووەتە مێروویەکى زەبەلاح، ئەمە بووە هۆی نیشتنى غەمێکى قووڵ بەسەر ڕووى نەمری خوداوە، ئەو حەزی دەکرد تەماشای ئادەم بکات کاتێک لەسەر زەوى ژیان دەکات، حەزی بەوە بوو ئادەم ببینێت لە بەردەم ژیاندا، لە بەردەم ئازار و گوناهدا، لە بەردەم سەرکێشییەکانى ڕۆژ و هەڕەشەکانى شەودا، حەزی دەکرد مرۆڤ وێڵ و بێهودە ببینێت لەناو کاتدا؛ بەڵام ئەوەى لە بەرچاو ئەفرێنەری ئەرز و ئاسماندا بوو، مێروویەک بوو هەمڕەوقی مرۆڤ، نەک مرۆڤ؛ مێروویەکى قەبەی بێبەری لە سێوى ماریفەت کە لە سێبەرى داری زانیندا بە ئەرزەکەوە نووساوە و نازانێت خوداکەى تەماشای دەکات و بیری لێ دەکاتەوە، تەنانەت ناشتوانێت بزانێت کە خودایەک بوونی هەیە، ئاهێکى دا و بە خۆی گوت: ”کێشە نابێت، ئەگەر مار و ژن واى لێ نەکەن سێوەکە بخوات، خۆم دەیکەم“، بەڵام دیسان دڕدۆنگییەکە شاڵاوی هێنایەوە: مێروویەک چییە تا وەک خودای لێبیت و بتوانێت باش و خراپ لە یەک جودا بکاتەوە؟ وا بووش، بەڵام مێروو لە ڕووى جەستەییەوە کێشەى هەیە، ئەو ناتوانێت وەک مرۆڤ چەک درووست بکات و جەنگ هەڵبگیرسێنێت، ناتوانێت وەک مرۆڤ سەما بکات یان گۆرانی بڵێت، یان جووتبوون بکات، ناتوانێت وەک مرۆڤ ئاشق بێت؛ مێرووەکان ڕەنگە نەتوانن پێکڕا لە قوللەکەى بابلدا بژین تاکو خودا داببەزێتە لایان و تەفرەقەیان بکات، دەشێت نوحی مێروو و خێزانەکەى لە سەروبەندی تۆفانەکەدا نەتوانن لە سندووقێکدا بژین و مردار ببنەوە. خودا باوەڕی بە خۆی هەبوو وەک خودایەک، بەڵام نەیدەتوانى باوەڕ بە مێروو بهێنێت وەک مرۆڤێک، مێروو ناتوانێت سەرڕەویی ئەو مێژووە بکات کە پەروەردگار بۆ نەوەکانى ئادەمى داناوە. سادەتر لە کێشەی بوونی مێژووییانەش، خودا لە بەردەم کێشەی بوونی زمانیی ئەم بوونەوەرە ناولێنەنراو و دەرەئاشناییەدا بوو، چونکە هیچ کام لەو زیندەوەرانەی کە پێشتر ئادەم ناوی لێنابوون، نەدەچوونەوە سەر ئەم شێوەیەی ئێستای خۆی، لە زمانی خوداشدا هیچ دالێک نەبوو کە لەگەڵ مەدلوولی ئەم ناشێوە نوێیەی ئادەمدا نیشانەسازی بکات، بەو پێیەی ژمارەی لاقە باریکەکانی ئادەم لەوە زیاتربوون کە پێی بگوترێت قالۆنچە، تەنانەت ئەو مل و پێڵووشی هەبوو، درێژیەکەشی نزیکەی نیوەی بەرزیی داری زانین دەبوو؛ بە کورتی، زمان، لای خودا، نە دەیتوانی وێنای ئادەم بکات، نە لە خۆیدا بیخوڵقێنێت و نە بیشیگوێزێتەوە، ئیدی لە غیابی ئادەمێکدا کە شایەنی دەسەڵاتی ناولێنانی هەموو زیندەوەران بێت، لە لاوازیی پەیوەندییەکانی خودی زمانیشدا بۆ ناونانی ئادەم، خودا بڕیاری دا تەنها وەک قالۆنچەیەکی سەقەت، قالۆنچەیەک کە قەرار نییە قالۆنچە بێت، فامی بکات. لەو ساتەوەختەدا، بۆ خودا، واقیع لە ڕەقترین بەرجەستەبوون و سەختگیرترین ڕەوتیدا بوو،  وەلێ حەز لە هەموو چەڵەمەکان زاڵتر بوو، بۆیە بڕیاری دا بازێکى ئیمانی بدات و هەرچۆنێک بێت، لانی کەم سێوەکە دەرخواردى ئادەم بدات، ئادەم کە ئیتر قالۆنچەیە.

هاودەم لەگەڵ بیرکردنەوەکانى خوادا ئادەمى قالۆنچەش کەوتبووە جووڵە، دەیویست لە داری ماریفەت دوور بکەوێتەوە، لە زانین هەڵدەهات و یەزدان بەدەم بیرکردنەوەوە ڕێی لێ دەگرت و دەیگێڕایەوە بەرەو لای درەختەکە، بەڵام قالۆنچەکە هەر کۆڵی نەدەدا و پەیتا پەیتا بەرەو داری ژیان دەڕۆیشت. زانی کە ئەمە سوودی نییە و دەبێت بە زەبر بیگێڕێتەوە لای درەختی زانین، چوو قوڵینەیەک بهێنێت تا حەوت دانە سێوى زانینی تێبکات، تاکو بەو سێوانە ئادەم بەرەو درەختی زانین ڕاو بنێتەوە.

خودا فرمانى بە چەند چیلکەیەکى درێژ دا کە نەرم ببن و بنوشتێنەوە و پێکڕا شتێکی قووڵ دروست بکەن کە حەوت سێوى تێبکرێت، ئیدی چیلکەکان بەگوێیان کرد، خودا بینیی کە شتەکە باشە، بۆیە ناوى نا ”قووڵینە“. لە میانى دروستکردنى قووڵینەکەدا بیرۆکەیەکى تر بە زەینیدا گوزەرى کرد، بیری لەوە کردەوە کە کۆڵ لە ئادەم بدات و مێژوو لە خەیاڵدا بەرپا بکات، تەنها پێویستى بە ئەفراندنى نووسەرێکى کامڵ هەبوو، ڕۆماننووسێکى پڕدەها کە دەتوانێت تەنها بە بزواندنى ئەندێشەکانى و نووسینەوەیان مێژوو بەڕێوە بەرێت، دواتر بە مێشکیدا هات کە ڕۆماننووس بۆ ئەوەى باسی مرۆڤ بکات لە مێژوودا، دەبێت سەرەتا مرۆڤی بینیبێت لە مێژوودا، بۆ ئەوەى باسی هەژاری بکات، دەبێت لە شتێک مەحرووم بووبێت، بۆ ئەوەى پەسنی ئایین بکات، دەبێت ترس و کەبتى هەبێت؛ نەشیدەوێرا متمانە بە هونەروەرێک بکات لەم مەسەلەیەدا، دەیزانی کە دەشێت نووسەرە ئیلاهییەکەى هەموو قەدەر و یاساکانى بوون بگۆڕێت تا لەگەڵ کارێکتەرێکى شاجواندا بخەوێت کە خۆی خوڵقاندوویەتى، چونکە خودا دەیزانى کە قورسترین شت لای ڕۆماننووسان ئەوەیە کە عاشقی کارەکتەرەکان نەبن، کە خالیقان ئاشقی مەخلووقەکان نەبن؛ دەکرا بەڕێوەبردنى مێژوو بە شاعیرێک بسپێرێت، بەڵام لە دونیای شاعیراندا هیچ شتێک وەکو خۆی نەدەبوو، یان لە ڕادەبەدەر خۆی دەبوو، هیچ لە جێی خۆیدا نەدەبوو، یان لە ڕادەبەدر بەجێ دەبوو، لە گەردوونی شاعیرێکدا دەشیا ڕۆژێک خۆر لە ڕۆژهەڵاتەوە هەڵبێت و ڕۆژێکیش لە گیرفانى پاڵتۆیەکەوە سەر دەربێنێت، ئیدی لە ترساندا هەموو ئەم بیرۆکانەى لە هزری تووڕ دا، گەڕایەوە سەر داغی تێکچوون و پەککەوتنى خەلیقەت. لەبەر خۆیەوە دەیگوت: ”ئەی باشە من نەوەکانى کێ بە خۆرهەڵات و خۆرئاوادا بڵاو بکەمەوە، کێ پیرۆز بکەم و بەرداری بکەم، کێ کڕنووشم بۆ ببات و تەماشاى ئازار و هەڵەکانى کێ بکەم؟ ئۆف خودایە!“

حەوت سێوى کردە قووڵینەکەوە و بە هەڵەداوان خۆی گەیاندە لای درەختى ژیان، لەوێ قالۆنچەکەى بینی کە بە دارەکەدا هەڵزنیوە، سێویکى پێدا کێشا و قالۆنچەى خست بە لادا، بە ناڕەحەتییەکى زۆرەوە قالۆنچەکە کەوتەوە سەر لاقە باریکەکانى و خودا ئەمجار قایمتر سێوى تێگرت، سێوەکە بەر پشتی کەوت، پشتى قالۆنچەکەى چاڵ کرد و تێیدا چەقی، بەم شێوەیە قالۆنچەکەى ڕاو نایەوە بۆ لای درەختى زانین.

هەوڵێکى زۆری دا لەگەڵ قالۆنچەکەدا، چەندین جار سێوى لە دارەکە کردەوە و خستیە بەردەمى و ئەو نەیخوارد، پاشان چەندین جاری تر سێوەکەى بۆ قاش کرد، بەشکە بەو شێوەیە بیخوات، سوودی نەبوو؛ تەنانەت سێوەکەى بۆ کرد بە هەریسە و هەوڵیشی دا بە دەمیەوەى بکات، ئەویش هەر بێئەنجام کەوتەوە. بێهیوا و مەلوول بە خۆی گوت: ”مەیخۆ، خۆ من هەر خۆت و نەوەکانیشت لەناو ئەبەم و بەس نووح ئەهێڵمەوە، تۆم بۆ چییە؟“ بەڵام هەر خۆیشی دەیزانى کە نوح پێویستى بە لامەکی باوکى هەیە، لامەکیش پێویستى بە متوشالەخی باوکى هەیە، متوشالەخیش پێویستى بە خەنۆکى باوکی هەیە، خەنۆکیش پێویستى بە یارەدى باوکى هەیە، یارەدیش پێویستى بە مەهلەلئێلی باوکى هەیە، مەهلەلئێلیش پێویستى بە قێینانى باوکى هەیە، قێینانیش پێویستى بە ئەنۆشی باوکى هەیە، ئەنۆشیش پێویستى بە شیتی باوکى هەیە، شیتیش پێویستى بە ئادەم هەیە تا باوکی بێت، هەموویان پێویستیان بە باوکێک هەیە تا بیانهێنێتە دونیاوە.

یەزدان چرپەکانى ژنی بەرگوێ کەوت کە کەمێک لەو لاترەوە دانیشتووە و مار دەدوێنێت، تەواوى سەرنجی چووە لای جوانییەکەى، سەرسام بوو بەو نەشئە جادووییەى کە ئەو بوونەوەرە بە باغچەی عەدەندا پەخشی دەکات، بیریشی کردەوە کە ژن نابێت تەنیا بێت و بە زووترین کات دەبێت هاودەمێکی بۆ ببێت. بینیی کە مار دەڕوات و ژن هەڵدەستێتە سەر پێ، خۆی دەکێشێتەوە و جەستە گەنجەکەى دەکشێنێت، ماتووڵ لە سێوى زانینیش نەخوات نازانێت کە ڕووتە. جا خودا بینیی کە ئەمە باشە، ئیتر چوو بۆ لای ژن. ئەمە ڕۆژی حەوتەم بوو.

Wtari Kteb, Zamwa Muhammad,