24/04/2024
DidiMn Logo
Top

منم شەو، هیچ کەنارێکم نییە

لە لایەن دیدی من 3 ساڵ پێش ئێستا

دیدی من – زاموا محەمەد

شەپۆل شەپۆل لە سینەمدا زوڵمەت خۆی دەدات بەسەر خۆیدا، قەینا
لرفەم لە خۆم ناتۆرێنم، ئەسپەکانی ئاهم هەر وا بە گۆڕەپانی کارەساتەکەدا با غارغارێنیان بێت، سەراب دوای سەراب بیناییم دیمەنەکە دەخاتە ژێر باڵە ماندووەکانیەوە، قەینا؛ من لە بەردەم پەنجەرەی خۆمدام.

ئەم کۆنەفرۆشانەی درۆ جیڕەجیڕی گالیسکە شەلەکانیان ڕۆژێک هەر تەواو دەبێت،  ئەم پینەچییانەی ئازار دڵی منیان پێ تەقەڵڕێژ ناکرێت،
ڕۆژێک یەزدان بوکەڵەکانی کۆدەکاتەوە و دەڵێت با دەستپێبکەینەوە، قەینا:
منم جیهان، کە دووبارەبوونەوەی خۆمم.

لە هۆدەکەی خۆمدا خەریکم لە خۆم و بوونەوەرەکانم دەڕوانم،
لە پەنجەرەکەی منەوە گەردوون هەناوی دیارە:
دارتوویەک کە چڵ بە چڵی خۆی لە ژیان گیر دەکات، گەڵا گەڵا ختووکەی ژیان دەدات،
بێدەنگی کە لەوێ ڕاوەستاوە،
خەون و ئازار کە لەوێ ڕاوەستاون؛
تاریکی کە دەستاودەستی عەدەم دێت و دەچێت،
بەرمیلێکی ژەنگاوی کە پڕە لە یادەوەریی شل،
مەستی کە بەسەر ژنێکی گومڕادا دەڕشێتەوە،
هەشت ئەبولهەولی سوور کە گەدەی هەریەکێکیان زەمزەمی هاجەرێکە /قەینا،
دێڕێک دێڕ نییە لە ژێر پێی منەوە هەڵنەقوڵێت؛
منم جوبریل، پێم بەم وشکەڵانەدا دەکوتم./
گڵۆپێکی زەردی گەردن نەوی کە تا سبەی گۆرانی بۆ ئیشقی تیشکێکی قەحبە دەچڕێت،
چەندەها بەرد کە تەنیا بەردن،
قیر کە لە گەیشتندا گەووادی ڕێگایە،
دوازدە وشە و دوو پیت کە بەو ناوەدا ڕاکەڕاکیانە و پێیان لەم دێڕە گیر دەبێت،
قەفەسێکی سەوز و کەڵەشێرێک لە ناویدا کە هەرکات شیعرێکی خراپی دی پڕ بە گەرووی کفر دەقووقێنێت،
خەمۆکی کە هەر نیو سەعات جارێک دێت و جگەرەیەک لە پاکەتەکەی من دەدزێت،
کەڵەکێک داری ئەستوور کە خۆیان وشک کردووەتەوە و چاوەڕێی قەدەری خۆیانن،
خورپە کە وێنەی دەیان کۆنەیاری بەدەستەوەیە و هەرجارێک یەکێکیان بە ڕوومدا هەڵدەبڕێت،
ڕێبوار کە بە دوای ڕێگادا دەگەڕێن، خەڵک کە لە نزماییانەوە بەحاڵ دیارن /قەینا،
با ڕوانین لە بەرزاییەوە ڕوانین بێت لە کوێراییەوە
منم کوێری هەرحەوت ئاسمان/
وایەرێکی ئەستوور کە لەوسەریەوە بزنەکێوییەک لە دۆزەخ دەست بە مەمکی خۆیدا دەهێنێت و لەگەڵ هەر ئۆرگازمێکیدا تەزوویەک بە یەخچاڵەکەی من دەگات؛
کۆترێکی پیر بەسەر وایەرەکەوە، سنگی پڕە لە هاواری نێو ئەفسانەکان،
ئومێد کە لەگەڵ شکست و ڕووخاندا فیکڵانکۆیەتی،
سێ پشیلە کە کلکیان دەجووڵێنن وەک کلکی شاعیران.

زۆر دەبینم لە پەنجەرەکەی خۆمەوە:
دەیان پێغەمبەر، بە دیواری بەردینی باڵەخانە زەردەکەدا هەڵدەزنێن و لەو کارگە زەردەی پشتی کردووەتە سەرخۆشەکانی ئەزمەڕ، پڕ بە گیرفانیان تووتن دەدزن؛
دەیان خودا، جنۆکە و فریشتەکانیان کۆدەکەنەوە و لە گۆڕەپانی سێگۆشەیی بەر پەنجەرەکەمدا، بە کالە و فانیلەی سپییەوە، ئۆڵۆمپیادێک ڕێکدەخەن بۆ هەڵبژاردنی عەبەسترین یاریزانی مەلەکووت؛
دەیان شەیتان کە لەسەر دیوارەکان دانیشتوون و قاچیانیان شۆڕ کردووەتەوە، تەماشای ئۆڵۆمپیادەکە دەکەن و جار جاریش بە خەندەوە دەستێک بۆ من ڕادەوەشێنن؛
سەدان پاشا کە خۆپیشاندانیانە چون لە نەتەوەکانیان بێزارن؛
سەدان ئاشق کە هەموو شەوێک کۆدەبنەوە و مەزادێک بۆ فرۆشتنی خۆڕاگرترین دڵ ڕێکدەخەن؛
هەزاران شەهید کە لە بندیوار و قوژبنەکاندا بۆ تەرمەکانی خۆیان دەگەڕێن؛ /قەینا
منم ڕۆستەم، دێوەکانمم ماڵی کردوون./


زۆر دەبینم لە پەنجەرەکەی خۆمەوە:
هاوڕێكانی خۆم دەبینم کە تەنیا هاوڕێی یەکترن /قەینا،
هاوڕێ توولەڕێیەکە دەچێتەوە سەر قەرەباڵغی
قەیسەریی شاعیرانی ئەمڕۆ وا لەسەر ئەو توولەڕێیە؛ قەینا،
حاشا لە توولەڕێ و غەڵبەغەڵبی نێو بازاڕی شاعیران./

زۆر دەبینم لە پەنجەرەکەی خۆمەوە:
یارەکانی خۆم دەبینم کە هیچیان من ناناسنەوە /قەینا،
خۆشەویستی پێوەندییەکی هەڵەیە لەگەڵ جیهاندا
مرۆڤی پاش کارەساتە گەورەکان مرۆڤی تووڕەییە گەورەکانە
مرۆڤی تووڕەییە گەورەکان بە ڕقەوە دەست بۆ جیهان دەبات، قەینا
منم ڕق، بە نووری مانا دەدرەوشێمەوە./

لە پەنجەرەکەی منەوە گەردوون هەناوی دیارە، قەینا
شەپۆل شەپۆل لە سینەمدا زوڵمەت خۆی دەدات بەسەر خۆیدا، قەینا
لرفەم لە خۆم ناتۆرێنم؛
منم شەو، هیچ کەنارێکم نییە.

٢٠٢١

هاوبەشی بکە

Kurdish Poetry, Zamwa Muhammad,