24/04/2024
DidiMn Logo
Top

ژمارە ۳ـی گۆڤاری «تەماشە» لە ئەستەمبوڵ بڵاو بووەوە

لە لایەن دیدی من 3 ساڵ پێش ئێستا

تەماشە گۆڤارێکی سینەماییە، بە ھەر سێ شێوەزاری کورمانجی و سۆرانی و زازاکی دەردەچێت. ژیار هۆمه‌ر برپرسی به‌شی سۆرانی گۆڤاره‌كه‌ ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌دات كه‌ “ته‌ماشه‌” دەیان بابەتی بەپێز و فەرھەنگۆکێکی سینەماییی لە خۆ گرتووە.

ژیار سه‌باره‌ت به‌ ئامانج و دیدگای گۆڤاره‌كه‌ ده‌ڵێت “ئامانجمان گەشاندنەوەی ئاگری سینەمای كوردییە. ئەم بیرۆکەیە بۆ ئەوەیە پاشەڕۆژمان بە تیشكی چرایەک ڕووناک ببێتەوە. ھەموومان باش دەزانین كە سینەمای كوردی تازە خەریكە پێدەگات و گەشە دەسەنێت، ھێشتا ڕێیەكی دوورودرێژ و پڕکۆسپی لە پێشە. بازاڕی نییە، بینەری كەمی ھەیە، لە دنیایەکی بەرتەسكدایە و ناتوانێت خۆی بگەیەنێتە بینەرە ڕاستەقینەكانی. ئێمەیش بە بڵاوکردنەوەی ئەم گۆڤارە، ھەوڵ دەدەین چەند خاڵ و خەتێكی بۆ زیاد بكەین، لاوان زیاتر ھۆگری سینەما بكەین و كارێک بكەین كورد و سینەما ئاشت ببنەوە، بەرھەمی فیلمنامەنووس، دەرھێنەر، بەرھەمھێنەر و ئەكتەران بخەینە بەر دەستی ئەو کوردانەی ھۆگری سینەمان و بەم جۆرە بتوانین خۆمان بگەیەنینە ئاستی سینەمای جیھان”.

“ھەروەھا لە سینەمای دنیاوە دوور نەبین و خۆمان بەڕۆژ بكەینەوە تا بیر و ھزرمان دواكەوتووانە نەبێت و لە دنیایەكی بەرتەسكدا قەتیس نەبێت.لەم خەباتە کوردانەیەدا، ھیوا و ئامانجمان ناساندنی سینەمای كوردی و سینەمای سەربەخۆ و گشتگیرە تا نەڵێن ئەكراد بێ ئەسڵ و بونیاد و بێ سینەمان. جاری وایە بە بەرھەمێكی بچووک، دەستکەوتی گەورە دەستەبەر دەكرێت؛ ئاواتی ئێمەیش ئەوەیە ئەم كارەمان سوودێكی ھەبێت. بەو ھیوایەی ئەم گۆڤارە ببێتە خاڵی پێكگەیشتن و دیداری ھۆگرانی سینەما لە ھەر چوار پارچەی کوردستان و بازاڕگەرمییەک بێت بۆ فیلم و دەرھێنەرە زەحمەتكێشەكانمان. بە پشتگیری و پێشنیاری خوێنەرانمان، ھەنگاو بەرەو پێشتر ھەڵدێنین و پتر تێدەكۆشین و شانازی بە سامانی سینەمای خۆماڵییەوە دەكەین.”

هاوبەشی بکە

kurdish magazine, Magazine,