26/04/2024
DidiMn Logo
Top

ژن چیی دەوێت؟

لە لایەن دیدی من 4 ساڵ پێش ئێستا

دیدی من

ئەرسەلان ئەفراسیاو

ئەمە ئەو پرسیارە بوو کە ساڵانێکی زۆر فرۆیدی بە خۆیەوە سەرقاڵ کردبوو. ئێستا، بە تایبەت لە سەروبەندی فێستیڤاڵەکانی ژنان و یادکردنەوەی ڕۆژی ژناندا، هەمان پرسیار لە فۆڕمێکی گاڵتەجاڕانەدا بووەتە وێردی سەر زاری پیاوە کۆنەپارێزەکانیش و دەڵێن: ژن چیی لێمان دەوێت؟ ڕەنگە پرسیارەکەی فرۆید و پرسیاری کۆنەپارێزەکان لە ڕواڵەتدا وەک یەک بن، بەڵام لانیکەم، لەگەڵ چەندین جیاوازیی ڕیشەیی نێوانیان، پرسیارەکەی فرۆید لە ئەقڵیەتێکی پشکنەر و دەروونشیکارانەوە سەرچاوەی گرتووە کە ئامانجی پەردەهەڵماڵینە لەسەر حەقیقەتی ژن، لە کاتێکدا پرسیاری کۆنەپارێزەکان لەو ئەقڵیەتەوە دێت کە پێی وایە ژن لە پەراسووی پیاوەوە دەرپەڕیوە و پیاو بە بکەر و ژن بە بەرکار دەزانێت.

ڕەنگە وەرگرتنی ئەم پرسیارەی فرۆید وەک خاڵێکی دەستپێك -بە داماڵینی لەو سیاقە دەروونشیکارەییەی فرۆید و بەکارهێنانی لە سیاقێکی فەلسەفی و سیاسی و کۆمەڵایەتیدا- بیانوویەکی باش بێت بۆ ئاوڕدانەوەیەکی سەرپێیی لەسەر پرسی ژن و هەوڵدان بۆ ڕەواندنەوەی کەمێک لەو تەمومژەی بەدەوری پرسێکی وەها ئاڵۆزەوەیە. کەواتە ژن چی دەوێت؟ تارای بووکێنی دەوێت؟ یان ئازادیی ڕێژەیی؟ یان دەیەوێت مرۆڤ بێت؟ تارای بووکێنی ئەشێ میتافۆڕێک بێت و گوزارشت لە خواستی ئەو ژنانە بکات کە هەموو ڕۆڵێکی خۆیان لە پێکهێنانی خێزان و بوون بە کابان و بەرهەمهێنانی منداڵ و بەرهەمهێنانەوەی نەریتدا دەبیننەوە، کە ئەمەیان لە کۆمەڵگادا بە قووڵی ڕیشەی داکووتاوە و خۆراک لە ئایین و خێڵ و نەریتەوە وەردەگرێت و بەشێکی زۆری خواستی ژنان پێکدێنێت؛ ئازادیی ڕێژەییش ئەشێ گوتەزایەک بێت و گوزارشت لە خواستی ئەو ژنانە بکات کە دەیانەوێت چمکێکی ئەو کەوڵە کۆنەپارێزەی کۆمەڵگا لە خۆیان داماڵن و ئازادییەکی ڕووکەش و بێناوەڕۆک و ڕێژەیی بەدەست بێنن کە لە مافی کارکردن و ئازادیی سێکسی و خۆگۆڕین و هەندێک ژێستی بەتاڵ زیاتر تێپەڕ ناکات، کە ئەمەشیان لەگەڵ هاتنی بازاڕی ئازاد و بۆنوبەرامی سکۆلاریزمدا خەریکە ڕیشک دادەکوتێ و بەرهەمی بەشی زۆری ئەو ڕێکخراوە ئۆفیسنشینانەی ژنانە کە بازاڕسازی بە دۆزی ژنەوە دەکەن و ساڵی جارێک لە ڕۆژێکدا بە کەرنەڤاڵێک لە هاشوهوش و بەرزکردنەوەی لافیتە و نمایشی بەتاڵ خۆیان خاڵی دەکەنەوە؛ بەڵام مرۆڤبوون، دەبێ ئەو وشە بێت کە گوزارشت لە جەوهەری ڕاستەقینەی ژن دەکات، کە ئەمەیان ڕیشەی لەگەڵ ریشەی مرۆڤایەتیدایە، بەڵام بە ژەنگاوی کۆنەپارێزی و ژەهری سەرمایەداری ژاکاوە، سەرباری ڕەسەنایەتییەکەشی، تەنها کەمینەیەکی ڕادیکاڵ خەباتی لەپێناودا دەکەن.

ئەو ژنانەی کە لەگەڵ بەرداشی کۆنەپارێزیدا دەرگیرن، هەڵگری کۆباوەڕێکن کە بە ئەفسانەسازییەکی زۆرەوە ڕەوایەتی بە کۆیلەبوونی ژنان دەدات و وەک چارەنووسێکی حەتمی لە زەینی خودی ژناندا دەیچەسپێنێت.

ژن، بەتایبەت لە کۆمەڵگای ئێمەدا، کەوتۆتە نێوان دوو بەرداشەوە: بەرداشی کۆنەپارێزی کە وەک کۆیلە مامەڵە لەگەڵ ژندا دەکات و تەنها وەک بابەتی ئارەزوو و ئامرازێک بۆ خۆبەرهەمهێنانەوە و خزمەتکردن دەیبینێت؛ بەرداشی سەرمایەدارییش کە وەک کاڵا و بووكەڵەی سێکسی مامەڵە بە ژنەوە دەکات و تەنها وەک جەستە و هێزی کار لێی دەڕوانێت و لە کۆیلایەتییەکی مۆدێرن زیاتر هیچی تری پێ نەبەخشیووە. لە هەردوولا ژن بەرکارە نەک بکەر، وەک ئوبێکت مامەڵەی لەگەڵدا کراوە نەک سوبێکت، وەهاش گۆشکراوە وەک ئوبێکت لەخۆی بڕوانێت و بە ئوبێکتبوونی خۆی ڕازی بێت. ئەم ڕازیبوونەی ژن بەوەی وەک ئوبێکت مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت، هەمیشە درێژەپێدەری ئەو ستەمە بووە کە دژ بە ئەو دەکرێت، بەڵام ئەم ڕازیبوونە هەروا بەڕێکەت نییە و لە شوێنێکی دوورترەوە دێت، ئەم ڕازیبوونە دەرئەنجامی ئەسێرشنە و ئایدۆلۆژیا.

ئەسێرشن ئەو کۆباوەڕەیە کە لە ژێر کاریگەریی ئەفسانە، ئایین، کولتور و نەریتدا بۆ کۆمەڵگا دروست دەبێت و وەک حەقیقەتێکی ڕەها و بەڵگەنەویست لە زەینی تاکەکانی کۆمەڵگادا دەچەسپێت، لە حاڵێکدا لەسەر بنەمای فاکت و بەڵگەی زانستی دانەمەزراوە و خۆراک لە ئەفسانە و وەهمەوە وەردەگرێت. ئەسێرشن سەر بە بەرداشی کۆنەپارێزییە و ئاگایی دەستەجەمعیی کۆمەڵگایەکی کۆنەپارێز پێکدێنێت، بۆیە ئەو ژنانەی کە لەگەڵ بەرداشی کۆنەپارێزیدا دەرگیرن، هەڵگری کۆباوەڕێکن کە بە ئەفسانەسازییەکی زۆرەوە ڕەوایەتی بە کۆیلەبوونی ژنان دەدات و وەک چارەنووسێکی حەتمی لە زەینی خودی ژناندا دەیچەسپێنێت. لێرەوە ژنێکی ناو دونیایەکی کۆنەپارێز، بەهۆی ئەسێرشنی ئایین و خێڵەوە، وەک حەقیقەتێکی ڕەوادار و چارەنووسێکی حەتمی تەماشای واقیعی خۆی دەکات، واقیعێک کە تێیدا وەک خزمەتکار و بابەتێک بۆ خاڵیبوونەوەی ئارەزووی پیاوان و ماشێنی بەرهەمهێنانی منداڵ مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت. (هەڵبەت ئەسێرشن هاوشانە لەگەڵ بەکارهێنانی هەڕەشە و زەبروزەنگ، وەک هەڕەشەی ئایین بە دۆزەخ، وەک زەبروزەنگی لێدانی ژن لەلایەن پیاوەوە). بۆئەوەی لە ئایدۆلۆژیاش تێبگەین، ڕوانگەی لوی ئاڵتۆسێر لەمبارەوە کۆمەکێکی باش دەبێت. ئاڵتۆسێر ئایدۆلۆژیا بەو هێزە سەرکوتکەرە نەرمە دەزانێت کە دەسەڵات (چ دەسەڵاتی دەوڵەت بێت یان دەسەڵاتی کۆمەڵایەتی و هتد) خەڵکی پێ ملکەچ دەکات، ئەویش بە بەخشینەوەی کۆمەڵێک باوەڕ و هوشیاریی ساختەوە لەڕێی کۆمەڵێک دەزگای ئایدۆلۆژیی نەرمبڕی وەک دەزگاکانی ڕاگەیاندن و دەزگاکانی پەروەردە و دەزگا مۆدێرنەکانی تری بەخشینەوەی مەعریفەوە. بە واتایەکی تر، دەسەڵات لە جێی بەکارهێنانی زەبروزەنگ، بە بەخشینەوەی ئایدۆلۆژیای خۆی دەستکاریی ئاگایی و شێوازی بیرکردنەوەمان دەکات، ئێمەش بە دڵخوازی خۆمان ملکەچی ئەو شێوە ژیانە دەبین کە ئەو دەیەوێت. (دیارە دەسەڵات تەنیا لەڕێی ئایدۆلۆژیاوە لەقاڵبمان نادات، لەڕێی دەزگا داپڵۆسێنەرەکان و سوبێکتێکی سەرکوتکەری وەک پۆلیسیشەوە ئەم کارە دەکات، لەمەشدا هاوچەشنی ئایینە، ئەمە ئەو قسەی واڵتەر بنیامینمان بیردەخاتەوە کە دەڵێت: سەرمایەداری فۆڕمێکی ئایینە). ئەمڕۆ سەرمایەداری، سەرباری ئەوەی جاڕی مەرگی ئایدۆلۆژیاکان دەدات، خۆی ئایدۆلۆژیایەکی سامناکە و لە ڕێی ئایدۆلۆژیای خۆیەوە خەڵکی بە کۆیلایەتییەکی ئارەزوومەندانە ناچارکردووە و ژنانیش لەناو تەونی ملکەچیی ئەم کۆیلایەتییە مۆدێرن و ئارەزوومەندانەدان. لێرەوە ژنانی دەرگیر لەگەڵ سەرمایەداری، بەهۆی ئایدۆلۆژیای باقوبریقی بەرخۆریی سەرمایەدارییەوە، ئازادی لە هاتنەناو بازاڕی کار و مەسرەفگەرایی و ڕووکەش و جوانکاری هەندێ ژێستی بەتاڵدا دەبیننەوە.

“هەتا ململانێی چینایەتی لەئارادا بێت، چەوسانەوەی ژنان و پیاوان هەر دەمێنێت.”

لەنێوان ئەم دوو بەرداشە و ئەم دوو فۆڕمەی ژناندا، دوو فۆڕمی دیکە هەن یەکیان پاسیڤە و ئەویدیکەیان ئەکتیڤ: پاسیڤەکەیان پتر مۆدێلێکی تورکییە کە دەیەوێت تەبایی لەنێوان هەردوو بەرداشەکەدا دروست بکات، هەم بیروباوەڕی ئایینی هەیە و قولاپەکانی کۆنەپارێزی لەخۆی دانەماڵیووە، هەم لەگەڵ مەسرەفگەرایی و سکۆلاریزمدا دێتەوە (باشترین نموونە ڕەنگە چیرۆکی ئەو هاوڕێم بێت کە وتی: کچێکی هاوڕێم داوای لێکردم بچینە دەرەوە سێکس بکەین، منیش ئەو ڕۆژە سەیارەم پێ نەبوو وتم سبەی سەیارەم پێیە سبەی دەچین، کچەکە وتی ئاخر ئەمڕۆ بۆ من گونجاوە، سبەی بەڕۆژووم ناتوانم!). بەڵام فۆڕمە ئەکتیڤەکەیان فۆڕمێکی ڕادیکاڵە و بەچاوێکی ڕەخنەییەوە سەیری کۆی وێنەکە دەکات، ئەم بیرکردنەوە ڕەخنەگرانەی ئەو وایکردووە تێبگات لە هەردوولا ژن ئوبێکتە، بۆیە چاوی بڕیوەتە ئاسۆیەکی ڕوون و خەبات لەپێناو بەسوبێکتبوونی ژن دەکات. شتێکی گرنگ کە پێویستە ئەم فۆڕمە خۆی پێ پڕ چەک بکات هوشیاریی چینایەتییە، تێگەیشتنە لەوەی سەرباری ململانێ پیاوسالاری و کولتورییەکان، چەقی ململانێکان ململانێی چینایەتییە. چونکە هەتا ململانێی چینایەتی لەئارادا بێت، چەوسانەوەی ژنان و پیاوان هەر دەمێنێت. ئەمە پێمان دەڵێت بۆچی لەم ڕۆژانەدا دەیان ڕێکخراوی ژنان لە سوید، سەرباری ئەو ڕێژە زۆرەی ئازادی و یەکسانی کە لەوێ هەیە، هێشتا ناڕەزایەتییان دەردەبڕی: چونکە خاوەندارێتیی تایبەت هەیە و ململانێ چینایەتییەکە هەر ماوە، چونکە ناعەدالەتی هەیە.

کەواتە با ئەمجارە پرسیارەکەی فرۆید قڵپبکەینەوە: ژن دەبێت چیی ووێت؟ ڕەنگە خێراترین وەڵام ئەمە بێت: ژن، لەبری ئەوەی وەک پۆلیسی ئەخلاق چاوی شەرەفپارێزانەی لەسەر هاوڕەگەزەکانی خۆی بێت و فزولی بەسەر ژیانی ژنانی ترەوە بکات و لۆمە و سەرکۆنەیان بکات، دەبێت ڕەخنەییانە بیربکاتەوە؛ لەبری ئەوەی خۆی بکاتە بووکەڵەیەکی سێکسی و هوشیاری لە دراماکانەوە وەربگرێت و بەدوای خواستی ساختەوە بێت، دەبێت بەدوای هوشیاریی ڕاستەقینەوە بێت و بخوێنێتەوە و خەبات بکات؛ یان بەکورتی: جارجار لەبری شۆردنی قاپەکان، کەمێک مێشکی بشواتەوە!

هاوبەشی بکە

women, Women's Day,