24/04/2024
DidiMn Logo
Top

سیمۆن دو بۆڤوار و فێمێنیزم

لە لایەن دیدی من 4 ساڵ پێش ئێستا

دیدی من – فیلۆسۆفی ئۆڤەردۆز

لە ئینگلیزییەوە: هۆزان سەرکەوت

سیمۆن دو بۆڤوار، نووسەر و بیرمەندێکی فەرەنسییە و 9ی حوزەیرانی 1908 لە شاری پاریس لە دایک بووە. ئەم خانمە لە ژیانیدا بە وێستگەی جیاوازدا تێپەڕیوە و لەو سەردەمەی خۆیدا یەکێک بووە لە ناودارترین ئەو کەسانەی کە لەڕێگەی نووسینی چەندین کتێبی زانستی و ڕۆمان و بابەت و وتاری جۆراوجۆرەوە، رۆڵی گرنگی هەبووە.  بۆڤوار لە زۆربەی تێز و کتێبەکانیدا بەوە ناسراوە کە خاوەن ئایدیا و تێڕوانینی فێمێنیزمی بووە و قسەی زۆری سەبارەت بە ڕۆڵ و پێگەی ژن کردووە و تا ڕادەیەکیش توانیی لەڕێگەی کتێبەکانییەوە تێڕوانینی کۆمەڵگە سەبارەت بە ژنان بگۆڕێت.

ئەم چاوپێکەوتنەی خوارەوە، یەکێکە لەو چاوپێکەوتنە دۆکیۆمێنتارییانەی کە ڕادیۆی کەنەدا لەگەڵ بۆڤوار سازی داوە و تێیدا بە شێوەی پرسیار و وەڵام، گفتوگۆ لەسەر پرسی ژن لە نێو کۆمەڵگەی بۆرژوازیی ئەو سەردەمەی جیهان بە گشتی و فەرەنسا بە تایبەتی دەکرێ.

با سەبارەت بە پرسی ژن قسە بکەین. پێم وایە ئەم بابەتە سەرنجی هەموان ڕادەکێشێ، هەروەها خۆیشت ئاماژەت بەوە کردووە کە تاکە کتێبێک  تێیدا دژ به‌ هه‌موو به‌ربه‌سته‌كان به‌رگریت كردبێت، کتێبی ”ڕەگەزی دووەمە”ە. بۆیە دەتوانین بڵێین، بە هۆی ئەو کتێبە و لە پاڵ ئەویشدا بەرزبوونەوه‌یه‌كی گشتیی ئاستی هۆشیاری، شتەکان کەمێک گۆڕانکارییان بە خۆوە بینیوە. دەمەوێ ڕای تۆ بزانم سەبارەت بە بارودۆخی مێیینە لەمڕۆدا. چ شتێک بە باشی دەڕوا و چ شتێک نا؟‌‌

پێم وایه‌ له‌مڕۆدا شته‌كان به‌ گشتی له‌ به‌رژەوه‌ندیی ژن نین. تەنانەت پێم وایە لەو ساتەوەختەیش خراپترە کە کتێبی ”ڕەگەزی دووەم”م تێدا نووسی. چونکە کاتێک ئەو کتێبەم نووسی، ئومێدێکی زۆرم بەوە هەبوو، کە ڕەوشی ژنان به‌ قووڵی گۆڕانی به‌سه‌ردا بێت. وەک ئەوەی لە کۆتایی کتێبەکەدا وتوومە: ”هیوادارم ڕۆژێک دابێت وادەی ئەم کتێبە به‌سه‌ر چووبێت”. بە داخەوە، بە هیچ جۆرێک وای لێ نەهات. زۆرێک دەڵێن بەڵێ بووە، بەڵام بۆ مەبەستی پێچەوانە. لە فەڕەنسا و وڵاتانی دیکە زۆر وتراوە کە: ”فێمێنیزم وادەی بەسەر چووە یان کۆن بووە.” من تۆسقاڵێکیش باوەڕ بەم وتەیە ناکەم.

ئێوە خۆتان لەبارەی دۆخی ژنانەوە بیر و بۆچوونەکانی من دەزانن. پێم وایە ئەوەی دەبێت بۆ ژنان وەدەست بخرێ، ڕزگارییه‌كی سەرتاپایی و ڕیشەییە، کە بە ڕاستی وایان لێ بکا لەگەڵ پیاواندا یەکسان ببنەوە، ئەمەیش تەنها لە ڕێی کارکردنەوە دەست دەکەوێت. پێویستە ژنان بە دیاریکراوی بە هەمان ئەو ڕێگە جیهانییە باوانە کار بکەن کە  پیاوان دەیکەن، هەروەها دەبێت ئەمەیش لای ئەوان بە ئاسایی سەیر بکرێت. به‌م جۆره‌ دەتوانن لە ڕووی ”ئەقڵی، دەروونی و ئەخلاقی”یەوە بە قووڵی و لە ناخی خۆیانەوە هەست بە یەکسانیی خۆیان لەگەڵ پیاواندا بکەن. هەروەها بۆ دەستخستنی بەر‌پرسیارێتییه‌ ”ئابووری، سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌ هاوسه‌نگه‌كان”. بەڵام هەنووکە، لە فەڕەنسا بزووتنەوەیەک سەری هەڵداوە کە من ناوی لێ دەنێم ”کشانەوە”، چونکە ئەمە زیاتر قەتیسبوونی ژنانە لە ماڵەوەدا و بۆ خێزانەکەی و منداڵەکانی دەکات بە ئامانج. هەروەها نكۆڵی له‌وه‌ ده‌كات ئیمكانیه‌تی پیشه‌یی ژن هاوسه‌نگ بێت له‌گه‌ڵ هیی پیاودا.

چاپی ئینگلیزی کتێبی ڕەگەزی دووەم “The Second Sex”

تۆ ئەم کشانەوەیەی هەنووکە چۆن ڕاڤە دەکەی؟

بۆ من ڕاڤەکردنەکە زۆر سانایە: ئێمە لە دیموکراسیەتێکی بۆرژوازیدا دەژین، بەڵام دیمۆکراسییە بۆرژوازییه‌کان لە لایەن چینێکی زاڵه‌وه‌ حوكمڕانی ده‌كرێن، کە بۆرژواز خۆیەتی. چینه‌ زاڵه‌كه‌ دەیەوێت ده‌سه‌ڵات له‌ ده‌ستی خۆیدا بهێڵێته‌وه‌، یه‌كێك له‌ ڕێگه‌كانیش، هێشتنه‌وه‌ی ژنانه‌ له‌ ماڵه‌وه‌. هەروەها زۆر هۆکاری دیکە هەن.

چینه‌ بۆرژواكه‌ به‌رژه‌وه‌ندیی له‌ دۆخی باودا هەیە‌، هه‌ر بۆیه‌ به‌رژه‌وه‌ندیی ئه‌و له‌ ناسیاسیکردنی خه‌ڵكدایه‌، بۆ ئەوەی ڕێگه‌ بگرێت له‌ كاركردن و به‌شداریكردنی ژنان له‌ ژیانی گشتیدا، تا پێکڕای دەنگە گشتییە لەسیاسەتخراوەکانیان هەبێت، كه‌ ده‌نگ به‌ ده‌سه‌ڵاتی کەسی، به‌ شارل دۆ گۆل، به‌ ناسیاسیگه‌رایی (apoliticism) دەدەن.

گەر ژن لە سیاسەت بخرێ، ئەوا ئەویش پیاو لە سیاسەت دەخات. ئەمە زۆر گرنگە، چونكه‌ ڕزگاریی ژنان هه‌میشه‌ به‌ستراوه‌ته‌وه‌ به‌ ڕزگاریی كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه‌. وەختێک کە بزووتنەوەیەکی مەزن دژی هه‌ڵاواردنی ڕه‌گه‌زی لە ئەمه‌ریکا سەری هەڵدا، شانبەشانی ئەو بزووتنەوەیە، بزووتنەوەیەکی گەورەی فێمێنیستییش هەبوو. ئەوان پاڵپشتیی یەکدییان دەکرد. گەر ژن لە سیاسەت بخرێ، ئەویش پیاو لە سیاسەت دەخات. ئەمە لە فەڕەنسادا بە ڕوونی هەستی پێ کرابوو، چونکە ژن پیاوی له‌ ماڵه‌وه‌ ده‌هێشته‌وه‌، پێکەوە تەماشای تیڤییان دەکرد. بەم چەشنەیش، به‌ ڕێگرتن له‌ بەسیاسیبوونی ژنان، هەمان شت بۆ پیاوانیش هاتە پێش.

ژنان ڕێگای بەسیاسیبوونیان لێ بەسترا، ئەو کاتەی ڕێگەی کارکردنیان پێ نەدرا. لەبەر ئەوەی سیاسەتکردنی ڕاستەقینە لەسەر کاغەزی دەنگدان نییە، كه‌ به‌ پێچه‌وانه‌وه‌، ئەمە خزمه‌ت به‌ ناسیاسیکردن ده‌كات، چونکە ئێمە دەنگ دەدەین، ده‌نگ به‌ ده‌سه‌ڵاتی كه‌سی ده‌ده‌ین. بگرە [سیاسه‌تی ڕاسته‌قینه‌] به‌شداریكردنه‌ له‌ سه‌ندیكا كرێكارییه‌كان، گرووپه‌كانی فشار و… هتد. ته‌نها له‌ ڕێگه‌ی كار‌ و ژیانی ئابوورییه‌وه‌، ده‌شێت تاك تێكه‌ڵ به‌ ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تی بكرێت. هەر بۆیە، دوورخستنه‌وه‌ی ژنان لە ژیانی ئابووری، دوورخستنه‌وه‌یه‌تی لە ژیانی سیاسی. پێم وایە ئەمە هۆكارێكی به‌هێزه‌ کە وای لەم بزووتنەوەیە کردووە دژی ڕزگاریی مێ بوەستێتەوە. کۆمەڵگەی بۆرژوازی دەیەوێ بە شێوەیەکی خۆڕسکانە پارێزگاری لە ”ژێرخان و سەرخان”ی ئابووریی خۆی بکا، کە مۆڕاڵ و ئیتیکی ئەون. هەروەها لە نێوان بەهاکانی چینی بۆرژوازیی فەڕەنسیدا، کە بە شێوەیەکی بنچینەیی پێکڕای بەهاکانی مێیینە، دایکایەتی، ژیانی ئەودیوی دەرگاکان، ژیانی ماڵەوە و… هتد، دەگرێتەوە.

هه‌ر بۆیه‌ چینی بۆرژوازیی ئێمه‌، كه‌ مۆدێرن و ته‌كنۆكراتیكه‌، هه‌موو به‌هاكانی بۆرژوازیی كۆن ده‌پارێزێت، لێرەیش هیچ گۆڕانکارییەک لەئارادا نییە. ئێمه‌ ده‌مانتوانی ئومێدمان بە گۆڕانکاری هەبێت، چونكه‌ له‌ پاش جه‌نگ، پێویستمان به‌ ژنانێک هەبوو تا كار بكه‌ن، لەو دەمەیشدا پله‌به‌رزبوونه‌وه‌یه‌كی ڕاسته‌قینه‌ی ژنانمان بەرچاو دەکەوت. لە ساڵی ١٩٤٥دا، پێمان وابوو دەبوایە جۆرێكی تری ڕزگاریی ڕاسته‌قینه‌ی ژنان هه‌بێت، هەلومەرجە ئابوورییەکان وا دەردەکەوتن کە دواجار کارێک هەیە – ڕه‌نگه‌ ئه‌مه‌ ئەو وه‌ڵامە بێت كه‌ ده‌بوو لە سەرەتادا بیده‌مه‌وه ‌-. كار ته‌نها بۆ ڕێژه‌ی ٪٢٦ی ژنان هه‌یه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ناتوانیت كار له‌ پیاوان وه‌ربگریته‌وه‌ و بیده‌ی به‌ ژنان. گەر ”شوێنێك/ پێگه‌یه‌ك” بۆ ژنان نەبێت، ئەوا ئەوان پێویستیان بەوەیە بێهیوا بكرێن لە کارکردن. ئەوان بێهیوا بوون، لەبەر ئەوەی کارێک نییە پێیان بسپێردرێ. بە شێوەیەکی بنەڕەتی، بابەتەکە بەم جۆرەیە. گه‌ر كار پێویست بوایه‌ بە هۆی ئەوەی کە کۆمەڵگە جیاوازە، هەروەها هەڵبژاردەی زیاتری ئابووری و كاردابه‌شكردنێكی دیكه‌ هەبوایە، ئەوا ئایدیۆلۆژیایەکی دیکە بۆ قایلکردن بونیاد دەنرا، لەبری ئەو تێڕوانینەی کە پێی وایە ژن لە کارکردنیدا بوونەوەرێکە زیاتر لە ”مێینە/ ژنانە، دڵڕفێن و سەرنجڕاکێش و… هتد”.

ژنان و پیاوانێکی زۆر هەن دەڵێن گوایە تۆ ئەزموونێکی گرنگت لە دەست چووە، کە ”دایکایەتی”یە. لەم بارەدا تۆ ”ڕووشێنراویت”. بەپێی ئەم قسەیەی ئەوان بێت، ئه‌وا ئه‌م‌ ”ڕووشاندنە‌” ڕه‌وایه‌تی له‌ هه‌موو ئه‌وانه‌ی وتووتن و سه‌رجه‌م تێزه‌كانیشت لێ ده‌سه‌نێته‌وه‌.

بەڵێ، لام وایە ئەم قسەیە بە تەواوی بێمانایە. چونکە من دەزانم، کە ئەگەر بمویستایە کتێبێک لەبارەی ”دایکایەتی”یەوە بنووسم، به‌و جۆره‌ی له‌ ناخه‌وه‌ ده‌بینرێت و هه‌ستی پێ ده‌كرێت، ئەوکاتیش هەر ڕەخنەیان لێ دەگرت. بەڵام ئەمە شتێکی بێمانایە و من خۆمی پێوه‌ ماندوو ناکەم. کاتێک کتێبی ”ڕەگەزی دووەم”م نووسی، كارێكی كۆمه‌ڵناسییانه‌ و ئه‌نترۆپۆلۆژییانه‌م كرد، هەروەها لە دەرەوەی ئەو هەلومەرجانەوە قسەم کردووە کە لەوانی خۆم جیاوازن. بە زۆری قسەم لەسەر سۆزانییەکان، دایکان و ژنانی هەموو سەردەمەکان کردووە، هەر بۆیە ڕەخنەکان لۆژیکی نین. گەر من دایك بم یان نا، ئەوەی کە له‌مه‌ڕ ژنان دەیڵێم، بە هیچ کلۆجێک گرێدراوی ئەزموونە تایبەتییەکانی خۆم نییە. بەم پێیەیش، کۆمەڵناسی دەبێت بە بابەتێکی مەحاڵ. تۆ کە خۆت قەڵەڕەش نه‌بیت، نایشتوانی لەبارەی قەڵەڕەشەوە بنووسیت.

بگره‌ تێكڕای كۆمه‌ڵناسی له‌سه‌ر بنه‌مای مه‌ودایه‌كی دیاریكراو له‌ نێوان كۆمه‌ڵگه‌، ئه‌و بارودۆخه‌ی لێی ده‌كۆڵیته‌وه‌ و خودی خۆت بونیاد نراوه. سه‌باره‌ت بەو کەمایەسییەیش، من به‌ بێمانای ده‌زانم، چونكه‌ ئه‌مه‌ بوونێكی سروشتیی ژن گریمانه‌ ده‌كات كه‌ ده‌ستبه‌رداری خۆی بووه‌، ئه‌مه‌ لە کاتێکدا، کە دە هەزار ڕێگە ههەن تا ژنان لە هەستی ”ژنانە”ی خۆیاندا هەر وه‌ك پیاوان بژین، کەسیشیان کەمایەسییان نەبێت. تەنها کاتێک کەمایەسییە، کە تۆ خواستی شتێک بکەیت و نەتبێت. بەڵام گەر نەتبێت و خواستیشت لەسەری نەبێت، ئەوە جیاوازە. بە هۆی ئەوەی كه‌موكوڕی خۆی لە خۆیدا هەرگیز کەموکوڕی نییە، هەمیشە خواستێکی بەدینەهێنراو هەیە. من کاتێک کە منداڵم ناوێت، ئەمە بەو مانایە نییە کەمایەسیم هەیە. هەروەها لێرەدا پێشداوەرییەک‌ دژی ژنان به‌دی ده‌كه‌ین، لەبەر ئەوەی پیاوێک، کە منداڵی نییە، قەت باس لەوە ناکات، کە بێ ئەزموونی باوکایەتی کەسێکی کەموکورتە و ناتوانێ ئەزموونی ژیانی مرۆڤ بە تەواوەتی بکات.

هاوبەشی بکە

Simone De Beauvoir, women, Women's Day,