24/04/2024
DidiMn Logo
Top

ژیاننامەی ڕیچارد ڤاگنەر، بەشی سێیەم

لە لایەن دیدی من 8 ساڵ پێش ئێستا

دیدی من – ویکیپیدیا
ئامادەکردن و وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە: کاوان عەبدولڕحمان

“دەبێت لە ناو ئیتاڵییەکاندا گوێ لە موزیکی ئیتاڵێ بگرین، بەڵام موزیکی ئەڵمانیا لە هەر جێیەک بێت، چێژی خۆی لەدەست نادات.”

ڕۆبەرت شۆمان

سەرچاوەی ئیلهام بۆ نووسینی ئۆپێرای تریستان و ئیزۆلدە، فەلسەفەکەی شۆپنهاوەر بوو. بێگومان باردودۆخی تایبەتی ڤاگنەر وای لێ کرد کە بە قووڵی بیر لە ژیان بکاتەوە، فەلسەفەی شۆپنهاوەر کاری زۆری لە ڤاگنەر کرد و ڕەشبینی کرد، هەروەها تا کۆتاییی ژیانیشی دەستی لە فەلسەفەکەی بەرنەدا.

یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی فەلسەفەی شۆپنهاوەر ئەوە بوو کە هونەر و موزیکی بە ڕێگەی ڕزگاری دەزانێت لە سەر زەوی، توێژەران بڕوایان وایە کە شۆپنهاوەر کاریگەریی زۆری بەسەر ئۆپێراکانی ڤاگنەرەوە جێ هێشتووە و بە هەمان شێوە کاریگەریشی لەسەر نووسینەکانی جێ هێشتووە.

ڕیچارد شیعری هاوڕێکەی کە ناوی گیۆرگ هرۆگ بوو، بەکار هێنا بۆ ئۆپێرای تریستان و ئیزۆلدە، کە دواتر خۆی ئەم ئۆپێرایەی بە گەورەترین ڕووداوی ژیانی زانی. سەرچاوەی ئیلهامێکی دیکەی شیعر و نووسین لای ڤاگنەر ماتسێلدا وێسندۆنک بوو کە ژنی پیاوێکی بازرگانی ئاوریشم بوو. ڤاگنەر لە ساڵی ١٨٥٢ لە زیورخ وێسندۆنکی بینیبوو بە بیانووی ئەوەی وێسندۆنک خۆشەویستیی زۆری بۆ موزیکەکانی ڤاگنەر هەبوو و چەندەها قەرزی پێدابوو بۆ ئەوەی کرێی خانوو و ژیانی دابین بکات لە زیورخ.

وێسندۆنک زۆر یارمەتیی ڤاگنەری دا تاکو دەست بکاتەوە بە نووسینی زنجیرە ئۆپێرای ئەنگوستیلەی نیوبلانگ کە دوانزە ساڵی پێچوو تا تەواو بوو، لە دوای ئەویش ڕاستەوخۆ کاری لەسەر ئۆپێرای تریستان کرد.

Richard-Wagner4-1024x820
لە کاتی نوسینی تریستاندا، ڤاگنەر پێنج ئاوازی پیانۆ و شعری ئەڵمانی بە ناوی گۆرانیی وێسندۆنک دانا کە بەتایبەت بوو بە خاتوو وێسندۆنک.

ناوی گۆرانییەکان بریتی بوون لە فریشتەکە، خامۆش بە، لە ناو خانووە سەوزەکەدا، دڵتەنگی و خەونەکان.

ڤاگنەر کۆمەڵێک کاری کرد بە مەبەستی داهات و هەندک ئاهەنگی ساز کرد لەگەڵ تیپی شاهانەی ئۆرکێسترای لەندەن لە ساڵی ١٨٥٥ و یەکێک لەو ئاهەنگانە شاژن ڤیکتۆریاش ئامادە بوو، لە دوای ئاهەنگەکە شاژن ڤاگنەر دەبینێت، دەست خۆشیی لێ دەکات و پێی دەڵێت زۆر چێژم لە ئۆپێراکەت وەرگرت، کە ئۆپێرای تانهاوزەر بوو.

ڤاگنەر تووشی خەمۆکی بوو کاتێک زانی لە لایەن مینای خێزانیەوە نامەیەک نێردراوە بۆ وێسندۆنک لە ساڵی ١٨٥٨، بۆیە بەتەنیا زیورخ جێ دەهێڵێ و گەشت دەکات بەرەو ڤینیسیا، لەو کاتەدا کە ڕیچارد ئوتێلێک بە کرێ دەگرێ لە پلازۆ گیوستینیان، هەر ئەو کاتە مینای خێزانی چوبووەوە بۆ ئەڵمانیا، ڤاگنەر سوور بوو لەسەر دۆستایەتیکردنەکەی وێسندۆنک و خێزانەکەی، چونکە ئەوان خەرجیی ژیانی ڤاگنەریان دابین دەکرد.

لە تشرینی دووەمی ساڵی ١٨٥٩ ڤاگنەر دیسان دەڕواتەوە پاریس، لەوێ پێداچوونەوە بۆ ئۆپێرای تانهۆیزەر دەکات کە بە یارمەتی شازادە پاولین فۆن مێتەرنیچ، باڵوێزی نەمسا لە پاریس، ئەرکی دووبارە پیشاندانی ئۆپێراکە لە ئەستۆ دەگرێت. بۆیە لە ساڵی ١٨٦١ دووبارە نماییش دەکرێتەوە و دەچێتە لای و سوپاسی دەکات بۆ دووبارە پیشاندانی ئۆپێراکە.

ڤاگنەر بەم ئۆپێرایەی ناوبانگی زۆر زیاد دەکات، هەندێک کەس لەبەر مەرامی سیاسیی خۆیان هەوڵیان دەدا کە شکست بە ئۆپێراکە بێنن و کێشەیان بۆ ڤاگنەر دروست کرد، ئەو دەمە مینای خێزانی هاتبوو بۆ پاریس بۆ لای ڤاگنەر، بەڵام دیسان لەوێش نەگونجان و ڤاگنەر پاریسی جێهێشت.

richard-wagner-1913-1883-german-everett
کاتێک گەڕایەوە، خێرا سکاڵایان لەسەر تۆمار کرد کە تیایدا نوسرابوو: “ئاوازدانەرەکە ئێستا لە بیبرێچ لە سەر ڕووباری ڕاین نزیک ویسبەیدن لە هیسن نیشتەجێیە.

لەوێ بۆ دوایین جار مینا سەردانی ڤاگنەری کرد و بڕیاریان دا کە هەندێک جار یەکتر ببینن، ئیدی ڤاگنەر یارمەتیی دارایی دا تا لە دریسدن بژی تاکو کاتی مردنی لە ساڵی ١٨٦٦. ڤاگنەر دەستی کرد بە نووسینی ئۆپێرای گەورە گۆرانیبێژانی نورنبێرگ.

ئەو ماوەیەی کە لە ڤیەننا بەسەری برد تێیدا ئۆپێرای تریستان و ئیسۆلدەی نووسیبوو، کە لە ساڵی ١٨٦٤ پاش پڕۆڤەیەکی لەڕادەبەدەر هێشتا ئامادە نەبووبوو، بۆیە هەندێک پێیان وابوو کە ئەم ئۆپێرایە ئەستەمە بۆ گوتن، لە دواییشدا کێشەی مادی بۆ ڤاگنەر دروست کرد.

کاتێک لودڤیگی دووەم لە ساڵی ١٨٦٤ هاتە سەر تەختی پاشایەتیی باڤاریا، چانس ڕووی لە ڤاگنەر کرد و تەواوی ژیانی گۆڕدرا، چونکە پاشا گەنجەکە هەوادارێکی سەرسەختی ئۆپێراکانی ڤاگنەر بوو، بۆیە ڕاستەوخۆ ڤاگنەری بانگهێشت کرد بۆ شاری میونخ، وەک دەڵێن پاشا هاوڕەزگەزباز بووە و سۆزی خۆی بۆ ڤاگنەر دەربڕیوە، بەڵام بەڵگەی تەواو لەسەر ئەوە نییە.

پاشا لۆدڤیگ فەرمانی بە ڤاگنەر کرد کە هەر زوو ئامادەکاریی تەواو بکەن بۆ پیشاندانی تریستان، گەورە مۆسیقارەکەی نۆرمبێرگ، زنجیرە ئۆپێرای موستیلەکە و ئەو ئۆپێرایانە دیکە کە ڤاگنەر پلانی بۆ داناون.

ڤاگنەر لە ژیاننامەکەی خۆیدا نووسیویەتی کە ڕاستەوخۆ داواکاریی پاشای پەسەند کردووە و تێبینیی ئەوەی کرد کە یارمەتیدانەکەی پاشا هاوکات بووە لەگەڵ مردنی کۆنە ئامۆژگارەکەی، کە دوایی بووە دوژمنی، مایەربێ،  گوتوویەتی: “ئەو مامۆستای ئۆپێرام بوو، زۆر ئازاری دام، نەدەبوو بژیامایە تا ئەو ڕۆژانە ببینم.”

لە دوای هەوڵێکی زۆر و لە ١٠\٦\١٨٦٥ دواجار ئۆپێرای تریستان و ئیسۆلدە لە هۆڵێ نەتەوەییی میونخ پێشکەش کرا، دەبوایە لە پێنجی مانگی مایسدا پێشکەش بکرایە بەڵام ماڵڤینا گاریگۆس دەنگی نووسابوو و نەخۆش کەوتبوو بۆیە هەندێک دواکەت.

لە دوای ١٥ ساڵ، ئەوە یەکەم ئۆپێرای ڤاگنەر بوو کە بچێتە سەر شانۆ، ڕابەری ئەم ئۆپێرایە هانس فۆن بۆلۆف، کە ژەنیاری پیانۆ و ڕابەری تیپی ئۆرکێسترای ئەڵمانی بوو، هەروەها هاوسەری کۆزیماش بوو، لە مانگی نیسانی ئەو ساڵە منداڵێکی بوو ناوی نا ئیزۆلدە، بەڵام ئەو منداڵە هیی بۆلۆف نەبوو، بەڵکو هیی ڤاگنەر بوو.

کۆسیما ٢٤ ساڵ لە ڤاگنەر منداڵ تر بوو، کچی ماریا دی ئاگەولت بوو، ئەو ژنە بوو کە پیاوەکەی خۆی جێ هێشتبوو بۆ فرانز لیزت، یەکێک لە باشترین داهێنەر و ئاوازدانەرەکانی مێژوو.

لیزت لە سەرەتادا ڕەتی کردەوە کە کۆزیما بدات بە ڤاگنەر، هەرچەند هەردووکیان هاوڕێش بوون.

لە دوای ئەمانە کێشەیەک سەری هەڵدا، ڤاگنەر پێشتر شۆڕشگێڕ بوو بۆیە ڕووبەڕووی دادگایان کردەوە، ئەم کێشەیە زۆر بێزاری کرد و لەگەڵ هەندێک لە ئەندامانی دادگادا بووە دەمەقاڵێێ، بۆیە هەر زوو پاشا داوای لە ڤاگنەر کرد میونخ جێبهێڵێت. لە کانوونی دووەمی ساڵی ١٨٦٥ پاشا ڤێلایەکی لە تریبشن بۆ ڤاگنەر دروست کرد، نزیک دەریاچەی لوسرێن بوو لە سویسرا، کە ئێستا ئەو خانووە کراوە بە مۆزەخانە.

ساڵی ١٨٦٧ ئۆپێرای گەورە گۆرانیبێژانی نورنبێرگی لە تریبشن تەواو کرد و بۆ جاری یەکەم لە ٢١\٦\١٨٦٧ لە میونخ نماییش کرا.

لودڤیگی پاشا سوور بوو لەسەر ئەوەی کە بەرهەمەکانی ڤاگنەر ببینێت، بۆیە لە ساڵی ١٨٦٩ و ١٨٧٠ هەردوو ئۆپێرای ڤاڵکێری و زە راهین گۆڵد نماییش دەکرێت، بەڵام ڤاگنەر خەونی لەوە مەزنتری هەبوو، لە کتێبیێکی خۆیدا دەڵێت: “من دەمەوێت زنجیرە ئۆپێرای ئەنگوستیلەکە هەمووی بەسەر یەکەوە لە ماڵی ئۆپێرا لە میونخ پێشکەش بکەم، بە کۆمەڵێک داهێنانی نوێوە.

مینا لە٢٥\١\١٨٦٦ بە جەڵتەی دڵ گیانی لەدەست دا، ڤاگنەر لە کاتی ناشتنیدا ئامادە نەبوو، لە دوای مردنی مینا ڕاستەخۆ کۆزیما چەند نامەیەکی بۆ بۆلۆف نارد و داوای کرد کە لێی جیا ببێتەوە. بۆلۆف ڕازی نەبوو، بەڵام دوای ئەوەی کە کۆسیما دوو منداڵی دیکەی لە ڤاگنەر بوو، یەکێکیان کچێک بە ناوی ئیڤا و لەدواییدا بووە پاڵەوانێکی ناو ئۆپێرای گەورە گۆرانیبێژانی نۆرمبێرگ، ئەوی دیکەش کوڕیک بوو بەناوی سیگفرێد کە ئەمیش بە ناوی ئۆپێرایەکی ڤاگنەرەوە ناوی نابوو. ئیدی بۆڵۆف چاری بۆ نەمایەی و بڕیاری دا لێی جیا ببێتەوە لە ١٨\٧\١٨٧٠. ئیتر کۆزیما و ڤاگنەریش لە بیستوپێنجی ئابی هەمان ساڵدا هاوسەرگیرییان کرد و تا کۆتاییی ژیانیان هەر پێکەوە بوون. لە هەمان ساڵدا دیاریی ڤاگنەر بۆ کۆزیما یەکەم پۆیم سەمفۆنیکی خۆی بوو لە سەری ساڵدا پێشکەشی کرد بە ناوی پەخشانی سیگفرێد، کە جۆرێکی تازە بوو. فرانز لیزت کە باوکی کۆزیمایە، داهێنەری ئەم ڕێچکەیەیە.

هاوبەشی بکە

Opera, Schumann, Vagner,