22/05/2019
DidiMn Logo
Top

پەڕاوی بیکێت: بوون و نەبوونى گۆدۆ

لە لایەن دیدی من 1 ساڵ پێش ئێستا

دیدی من
بەڵێن عوسمان

”به‌ده‌م چاوەڕوانیى گۆدۆوه‌م  بە قەڵەمێکى ڕەساس و لەسەر یەکێک لە دەفتەرەکانی خوێندنگە، لە ماوەى چوار مانگدا نووسى.“

ساموێل بیکێت

ئاشکراترین شتێک کە پاش خوێندنەوەى شانۆنامەى به‌ده‌م چاوەڕوانیى گۆدۆوه‌ى ساموێل بیکێت هەستى پێ بکەین، لەوانەیە بابەتى بوونگەرایى بێت. بەڵام ئاخۆ ساموێل بیکێت چۆن بەرپەرچى دیمەنەکانى بوونگەرایى دەداتەوە لە واقیعى مرۆڤدا؟ تەنانەت ئەم پرسە لە یەکەم پێرفۆڕمانسى شانۆییەکەشەوە، لە 5ى جانیوەریى 1953، لە پاریس، سەرى هەڵداوە.

ڤلادیمێر و ئێستراگۆن، دوو کارەکتەرە سەرەکییەکە، بەردەوام لە چاوەڕوانییەکى گوماناویدان بۆ هاتنى فیگۆرێکى نەناسراو بە ناوى گۆدۆوە؛ ئەمە بووەتە دیمەنى سەرەکى و ناوەندیترین وێنەى ناو دەقەکە و سەر ستەیجیش، کە هەموو دیمەنەکانى ترى بە دەوردا دەخولێنەوە. گۆدۆ نادیار و نەبینراوە، پێدەچێت بێت، یان لەوانەیە هەرگیز نەیەت، هەر بۆیە بیکێت نیشانەى پرسیار دەخاتە سەر خودى چاوەڕوانیکردنەکە: ئایا چاوەڕوانى پێویستە یاخود نا؟ بۆچى چاوەڕوانیى گۆدۆ بکەین، هەرچەندە هیچمان لەبارەیەوە نەبیستووە و سەربارى ئەمەش نازانین هەبووە یان نەبوو؟ بەم شێوەیە بیکێت دەروازەى چوونە ناو ئەو باسە هەستیارە و لێڕامان لێى ئاوەڵا دەکات.

جگە لەوەى بوونگەرایى بووەتە کۆنسێپتێکى جێگیر له‌ شانۆنامه‌كه‌دا، هاوکات خۆى دەهاوێژێتە دەرەوەى کۆنتێکستى دەقەکە و فرەیمى نمایشەکە دەبەزێنێت. بوونى گۆدۆ (یان نەبوونى) بێشێوە و پێناسەنەکراوە، بوونەکە (یان نەبوونەکە) ڕاستەوخۆ بەستراوە بە سروشتى مرۆڤەوە، مرۆڤ لە دۆخێکدا گەمارۆ دراوە بە ناوى ”چاوەڕوانى“. دۆخەکە لە نادڵنیاییدا دێتە بەرچاوى خوێنەران/بینەران. ئەمەش بووەتە بیرۆکەیەکى ڕێژەیى نوێى فەلسەفى [بۆ ئەو سەردەمە] کە کۆمەڵێک ڕەخنەگرى لە دەورى خۆى کۆ کردووەتەوە و وەک گەورەترین دەستکەوتى بیکێت ناسێنراوە.

گۆدۆ کەسێکە بوونى هەیە پێش ئەوەى ببینرێت، دیاردەیەکە ڕوو دەدات پێش ئەوەى هەستى پێ بکرێت. بیکێت بە هۆى گۆدۆوە بوونگەرایى دادەبڕێت لە بینراو و هەستپێکراو و ڕیالیزمى باو ڕەت دەکاتەوە.

نیازێکى قووڵترى بیکێت نقومکردنى خوێنەر/بینەرە لە بوونگەراییدا لە ڕێگەى پیشاندانى ئەو تەنگوچەڵەمە تووشهاتوانەى ڤلادیمێر و ئێستراگۆنەوە. ئەو دوانە هەمیشە جەخت لە بوونى خۆیان دەکەنەوە و دەیبەستنەوە بە کردەى چاوەڕوانیکردنى بوونێکى دیکەوە، کە جارەهاى جار ئاماژە بۆ گۆدۆ دەکەن وەکو ئاماژەکردن بە کەسێکى ڕاستەقینە لە دنیایەکى ڕاستەقینەدا. لێرەدا چاوەڕوانى دەبێتە تێرمێکى ناچارى بۆ ئاشکراکردنى بوونێک لە دەرەوەى بوونى بینراو و هەستپێکراو.

گفتوگۆیەک لە شانۆنامەکەوە:

ئێستراگۆن: ئێستا چى بکەین؟

ڤلادیمێر: نازانم.

ئێستراگۆن: با بڕۆین.

ڤلادیمێر: ناتوانین.

ئێستراگۆن: بۆچى؟

ڤلادیمێر: چونکە چاوەڕوانى گۆدۆین.

 

بنەما و ستایلى دیالۆگ لە نێوان ڤلادیمێر و ئێستراگۆندا لە شێوەى دەربڕینى شێتانە و گفتوگۆکردنى بازنەیى داخراودایە، کە ئەمەش هێمایە بۆ ئەو مەرجانەى بیکێت سەبارەت بە بوونگەرایى دای ڕشتوون. به‌ده‌م چاوەڕوانیى گۆدۆوه‌ بە ڕواڵەت نموونەى ناکۆتا لەبارەى بوونەوە پێشکەش دەکات؛ دوو کارەکتەرەکە بوونى خۆیان دەکەن بە مەرج بۆ بوونى نەناسراوەکە، فرەڕەهەندى بەو بوونەش دەبەخشن. ئەوان سوورن لەسەر ئەوەى ئاماژە بە خۆیان بکەن بە ناوى جیاوازەوە: گۆگۆ و دیدى. بەڵام هەرگیز ناوێکى تر بۆ گۆدۆ داناتاشن جگە لە ناوە جێگیرەکەى خۆى. ئەوان بوونى بینراو بە شایانى دەستتێوەردان دەزانن، وەلێ ئەو بوونەى هێشتا نەبینراوە لە قاڵب دەدەن و پیرۆزیى پێ دەبەخشن. لەمەشدا بیکێت بە ڕوونى خۆى لە قەرەى پەیوەندىی نێوان بوونگەرایى و مێتافیزیک داوە.

گفتوگۆیەک لە شانۆنامەکەوە:

پۆزۆ: (بە توندییەوە) گۆدۆ کێیە؟

ئێستراگۆن: گۆدۆ!

پۆزۆ: واتان زانى من گۆدۆم.

ڤلادیمێر: ئۆو، نا! بۆ ساتێکیش قوربان.

پۆزۆ: گۆدۆ کێیە؟

ڤلادیمێر: کەسێکە، بە حاڵ دەیناسین.

ئێستراگۆن: هەرگیز… بە حاڵ دەیناسین.

 

لە هەردوو سەردانەکەى پۆزۆ و لەکیدا، بیکێت زیادبوونى ژیرى دەورووژێنێت: ئایا دەکرێت پۆزۆ، گۆدۆ بێت؟ وەڵامەکەى هەرچییەک بێت گرنگ نییە، ئەوە گرنگە کە بیکێت وردە-وردە شوێنى گۆدۆى لە ئاستى ستوونییەوە گۆڕى بۆ ئاستى ئاسۆیى.

بوونگەرایى بابەتێکى گونجاو و ڕەوایە بۆ گفتوگۆکردن، هەرچەندە ئەم بابەتە بووەتە ناوەندیترین کۆنسێپتى به‌ده‌م چاوەڕوانیى گۆدۆوه‌، بەڵام بیکێت هەوڵی داوە هۆکارى لۆژیکى بدات بە شانۆنامەکە، بە تایبەتى بە کۆتاییەکەى: دوو گەڕۆکەکە لە ماوەى ڕووداوەکاندا لە نزیک درەختێکەوە وەستاون بۆ چاوەڕوانیکردنى گۆدۆ. بێگومان درەخت درەختە، بە پێچەوانەى نەمام، دەوەن، یان هەر شتێکى ترەوە. بەڵام ئەگەر ئەوە درەخت نەبوایە، کەواتە ئایا ئەوان لە شوێنێکى هەڵەدا لە چاوەڕوانیى گۆدۆدان؟

یەکەم نمایشی لە چاوەڕوانیی گۆدۆدا، 5ی جانیوەرەیی 1953، پاریس

SamuelBeckett, Waiting for Godot, wtari shano, په‌ڕاوی بیكێت,