20/04/2024
DidiMn Logo
Top

وێنه‌ی هونه‌رمه‌ند له‌ ئاوێنه‌ی فاشیزمدا، به‌شی دووه‌م

لە لایەن دیدی من 5 ساڵ پێش ئێستا

هیوا فایەق

 

بە پێویستم زانی بەشێکی تر لەسەر دەرکەوتەکانی فاشیزم لە نێوەندی هونەرمەنداندا بنووسم و ببێتە تەواوکەری بەشی یەکەم کە چەند ڕۆژێک پێش ئێستا دانرا.

 

سێیەم: هونەرمەند وەک ئەندام لە دەزگای سانسۆری فاشیدا:

ناوبەناو و لە بۆنەی جیاوازدا، لە ڕێگەی کەناڵە مێدیاییەکان و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە، دوو داواکاری لەیەکچوو، بەڵام بە ئامانجی جیاواز، لە ڕێی هەندێک لە هونەرمەندانەوە دەبیستین و دەبینین.

بۆچوونی یەکەم: ڕاگرتنی پەخشی دراما تورکییەکان، بەتایبەت وەک هەڵوێستێکی سیاسی بەرانبەر بە هێرشی ناڕەوا و دڕندانەی سوپای تورکیا.
بۆچوونی دووەم: پەخشنەکردنی دراما جیهانییەکان لەپێناو گرنگیدان بە بەرهەمی درامای ناوخۆ.

پێش ئەوەی لەسەر هەردوو بۆچوونەکەی سەرەوە بنووسین، بە پێویستی دەزانین ئەوە بخەینە ڕوو کە ئامانجی ئەم نووسینە بریتی نییە لە قسەکردنی هێرشە ناڕەوا و دڕندانەکانی تورکیا بۆ سەر کوردستانی باکوور و ڕۆژئاوا و باشوور و دیسانەوە سزادان و لەسێدارەدانی ئێرانیش لە ڕۆژهەڵات بەگشتی، کە بێگومان هەموو کات شوێنی ئیدانەکردن و قسەلەسەرکردنە، بەڵگەکانیش هەمیشە ئەو دڕندایەتییە دەسەلمێنن، هەروەها ناشمانەوێت لەسەر ئاستی هونەریی دراما تورکی و فارسییەکان یان جیهانییەکان قسە بکەین، چونکە لە دەرەوەی سیاقی ئەم نووسینەیە، ئەمە جگە لەوەی من خۆم بینەری هیچ یەکێک لەو درامایانە نەبووم و نەشمبینیون، لێرەدا ئامانجی سەرەکیمان ڕەخنەکردنی دوو بۆچوونەکەی سەرەوەیە.

لە هەردوو بۆچوونەکەدا ڕاگرتنی دراما تورکی و ئێرانییەکان لە لایەک، دراما بێگانەکانی تریش لە لایەکی ترەوە داواکراوە سەرەکییەکەیە و بەتەواوی لەیەک دەچن، بەڵام ئامانجی وەستاندنی دراما تورکییەکان و فارسییەکان (سیاسییە) و ئامانجی داواکردنی ڕاگرتنی ئەوانی دیکە (هونەری و بازرگانی)یە.

گرنگترین خاڵی هاوبەشیش لە هەردووکیاندا ئەوەیە کە نوخبەیەک لە هونەرمەندان ئەم دوو داواکارییە دەکەن!

ئەوەی مایەی سەرسوڕمانە، بەو هۆکارانەی سەرەوە کە باسمان کرد هونەرمەد ببێتە فەرمانبەری دەزگای سانسۆر لەبری پیاوانی ئایینی و سیاسی و دەزگا حیزبی و ئەمنییەکاندا کە ڕۆڵی سانسۆرکردن دەبینن.

نموونەی قەدەغەکردن و سانسۆرکردنی کاری هونەری و ئەدەبی و فیکری گەلێک زۆرن لێرەدا بیانخەینە ڕوو، تەنها هەوڵ دەدەین بە چەند نموونەیەکی کەم لە چەند قۆناغێکی مێژوویی جیاوازدا ڕاستیی قسەکانمان بسەلمێنین:

1- لە ساڵی 1565دا پیاوانی کەنیسە تابلۆی The Last Judgementی مایکڵ ئەنجیلۆیان قەدەغە کرد، بە بیانووی ئەوەی ”چۆن لە ڕێگەی فیگەرێکی ڕووتەوە دەبێت باس لە پەیامی ئاینی بکرێت؟“ بەڵام ئێستا هەموومان لە ڕێی ئەنتەرنێتەوە دەتوانین ئەو تابلۆیە ببینین، ئەم قەدەغەکردن و سەرزەنشتکردنە درێژ دەبێتەوە بۆ سەدەی بیستویەک، تا دەگاتە سووتاندنی زیاد لە جارێکی کتێبی هاری پۆتەر بە بیانووی ئەوەی کتێبێکی شەیتانییە و خەڵک فێری جادوو و خراپەکاری دەکات، بەڵام سەرئەنجام لەبری قەدەغەکردن و فڕێدانی، تا ئێستا نزیکەی نیوملیار تیراژی بە 68 زمانی جیاواز لێ فرۆشراوە.

2- بڕیاری سیاسی بوو وای لە فیلمی لیستەکەی شیندلەر کرد کە لە چەند وڵاتێکی عەرەبیدا نمایش نەکرێت، بە بیانووی ئەوەی دەبێتە هۆی ڕاکێشانی سۆز بۆ جوولەکە، بەڵام داهاتی فیلمکە بڕی دووسەدملێون دۆلاری تێپەراند و هەر هاووڵاتییەکی عەرەبیش بیەوێت دەتوانێت لەسەر کۆمپیوتەرەکەی سەیری فیلمەکە بکات.

گوتمان ئامانجی داواکاریی بۆچوونی یەکەم هەڵوێستە بەرانبەر بە دڕندایەتیی سوپای تورکیا و ئێران، کێشەشمان لەوەدا نییە ئەم هەڵوێستە سەرکەوتنمان لە شەڕەکەدا بۆ بەدەست نەهێنێت، بەڵام لەڕاستیدا هیچ شتێک لە ستراتیژی هێرشەکان ناگۆڕێت، بەڵکو دەبێتە پردێک بۆ قووڵبونەوەی ڕق و کینە و ڕەگەزپەرستی کە ڕۆژانە لە پەرەسەندندایە، پەخشکردنی درامایەک چی لە واقیعی شەڕەکە دەگۆڕێت؟ چ زەرەرێک لە سوپا و حکومەتی تورکیا و ئێران دەدات؟ ئەم ئاکتە چ جیاوازییەکی لەگەڵ ئاکتی ئەو تورکە ڕەگەزپەرستانەدا هەیە کە بەرانبەر ئەحمەد کایا کردیان؟ چ جیاوازییەکی لەگەڵ بەندکردن و ئازاردانی یەڵماز گۆنای هەیە تەنها لەبەرئەوەی کە کورد بوو؟ سەرباری هەموو ئەمانە، تورکەکان نەیانتوانی گوێ لە ئەحمەد کایا نەگرن، شانازی بە یەڵماز گۆنایەوە نەکەن، ئەگەرچی تا ئەم ساتەوەختە شەڕی تورکیا و کوردستانی باکوور و ڕۆژئاوا بەردەوامە، ئەوەی تورک بەو هونەرمەندە کوردانەی کرد نەیتوانی هیچ لە دۆزی کورد بگۆڕێت، بەڵکو بە پێچەوانەوە کوردیان ڕقئەستوورتر کرد و ئێستای مەسەلەی کوردیش لە سەردەمی گۆنای و کایادا بەهێزترە، من لەوە تێدەگەم ئەم هەڵوێستە سەرچاوەکەی لە بایکۆتکردن و قەدەغەکردنی کاڵا و بەروبوومی تورکی و ئێرانییەوە هاتووە، بەڵام دەبێت ئەوە بزانین کە کاریگەرییەکان بەتەواوی جیاوازن، نامەوێت لێرەدا باس لە باش و خراپیی بایکۆتکردنی بەرهەم و کاڵای تورکی بکەم، چونکە ئەوە پێویستی بە شیکاریی زۆر ورد هەیە و لە دەرەوەی بابەتی ئەم نووسینەدایە، بەڵام ئەگەر بایکۆتکردنی ئابووری وەک گریمانەیەک وەربگرین، ئەوا بۆ نموونە تورکیا لە ئەنجامدا ساڵانە بە ملیارەها دۆلار زەرەر بە ئابووریی خۆی دەگەیەنێت لەگەڵ هەرێمی کوردستاندا و پێدەچێت مەجبووری ئەوە بێت پێداچوونەوە بە بڕیارە عەسکەرییەکانیدا بکاتەوە (دووبارە ئەمە گریمانە بوو)،
لێرەدا بۆمان ڕوون دەبێتەوە کە هەڵوێستەکان کامیان کاریگەرن و کامیان کاریگەر نین، بۆیە کارێکی مەترسیدارە قەدەغەکردنی بەرهەمە کەلتوورییەکان بکەینە هەڵوێستوەرگرتنێکی سیاسی و ئیلهام بۆ هەڵوێست لە ئابوورییەوە وەربگرین.

لە هەمان سیاقدا، دراما بیانییەکان کەم بکرێنەوە یان ڕابگیرێن و گرنگی بە بەرهەمی هونەریی ناوخۆیی بدرێت. ئەوەی کە مایەی سەرسوڕمانیشە کە نوخبەیەک لە هونەرمەندان ئەم داوایە ئاڕاستەی پەرلەمان و حکومەت دەکەن و دەیانەوێت یاسای قەدەغەکردنی لەسەر دەربکەن، لێرەدا ئەم داواکارییە بۆ جوتیارێکی کوردستان ڕەوایەتیی خۆی هەیە لەسەر داواکردنی فرۆشتنی بەرهەمە کشتوکاڵییەکانی، کە داوای گرنگیپێدانی بکات تا بەردەوام بێت و ساڵانە بەری ماندووبوونی خۆی دەست بکەوێتەوە، بەڵام هیچ ڕەوایەتییەک لە داواکردنی هونەرمەنداندا بەو هاوکێشەیەی جوتیارەکە ڕەوا نییە، ئەمە وەک ئەوە وایە ئەمەریکا و ئەورووپا بڕیار لەسەر ئەوە بدەن کە تەلەفیزیۆن و سینەماکانیان بەرهەمی یەکتر پەخش نەکەن و گرنگی بە بەرهەمی ناوخۆی وڵات بدەن، ئەگەرچی ئاستی باشیی بەرهەمەکانی ئەو دوو کیشوەرە بەراورد ناکرێن بەوەی کە لێرە هەیە، یاخود سینەماکارانی فەڕەنسا لەسەر فێستیڤاڵی کان پڕۆژەیەک بدەن بە حکومەتی فەڕەنسی، کە گوایا بۆچی ئەم خەڵاتە فەڕەنسییانە بدرێتە هونەرمەندانی بێگانە؟ ئەوەش بخەنە ڕوو و بڵێن: تا ئێستا لە نزیکەی 75 دەرهێنەر، 12 دەرهێنەری فەڕەنسی خەڵاتی باشترین دەرهێنەریان بردووە! یاخود لە پەنجاوهەشت خەڵاتی پام دۆر، 8 فیلمی فەڕەنسی خەڵاتەکەی بردووەتەوە؛ سەرچاوەی ئەم داواکارییە ترسە لە کێبڕکێی هونەری و باوەڕبەخۆنەبوونە تا خەڵک ناچار بکەیت سەیرت بکەن وەک فاشیستێک خۆتیان بەسەردا بسەپێنیت، تەنانەت ئەگەر خۆشت بکەیت بە گاڵتەچی و هەر جارەی بە جۆرێک خۆت نمایش بکەیت لە بۆنەی جیاوازجیاواز کە پەیوەندییشیان بە یەکەوە نەبێت، یان ئەو کارەی ئەمڕۆ گاڵتەی پێ دەکەیت سبەینێ پاڵەوان بیت تێیدا و تەبریری بێمانامان بۆ بهێنیتەوە،
هەمیشە ئاستی باڵای کارە هونەری و ئەدەبییەکان لە هەموو شوێن و وڵاتێکدا خۆیان دەسەپێنن، بەپێی سایتی USA Today دووەم پڕفرۆشترین کتێب لە ساڵی 2017دا لە ئەمەریکا کتێبی خانمە شاعیرێکە کە بە ڕەگەز هیندییە، بە ناوی Rupi Kaur، ئەم داواکارییە ناماقوڵە، لە ئاکتێکی گریمانەکراو دەچێت کە نووسەرانی ئەڵمانیا دژی خەڵاتپێبەخشینی نێلی زاکس بە بەختیار عەلی کۆ ببنەوە و پاشان کۆنفراس بکەن و داوای داخستنی ئەو فەرمانگەیە بکەن کە خەڵاتەکەی بەخشیوەتە بەختیار عەلی لەسەر ئەوەی گرنگی بە بەرهەمی ناوخۆیی نەداوە.

ئادەی کامانەن ئەو بەرهەمە هونەرییە باڵایانەی کە تا ئێستا لە کوردستاندا پەخش کراوە با بخرێنە ڕوو، ئەو ملیۆنەها دۆلارەی بۆ فیلم و دراما خەرج کراوە لە چەند ساڵی ڕابردوودا، تکایە پۆزیشنە جیهانییەکانیان بخەنە ڕوو بۆمان، مەبەستم لە زۆرێک لە فێستیڤاڵە نمرەنزمەکانی دەرەوەی کوردستان نییە کە کەس ناوی نەبیستوون و تەنها کاری زۆر ئاساییان بۆ دەچێت، یان بە بەراورد لەگەڵ فێستیڤاڵەکانی کوردستان ئەمانەی لای خۆمان لە هەندێک لەوانە باشترە، کاری ئیبداعی بە کوشتن و سانسۆرکردنی ئەوانی تر ناتوانێت خۆی بسەپێنێت لەناو ئەم دنیا گڵۆباڵەدا، هەمیشە پرسیاری سەرەکی ئەوەیە من لەناو ئەم دنیا پڕ لە بەرهەمە هونەری و ئەدەبییە جیهانییەدا کە بە ئاسانی بە خوێنەران و بینەران دەگات، من کێم؟ بینەران و خوێنەران دەیانەوێت پۆزیشنی تۆ لەناو ئەم دنیا گلۆباڵەدا بدۆزنەوە، مەبەستەکەش شەخسی تۆ نییە کە کێیت، بەڵکو تۆ کام جۆرە لە داهێنەریت؟ بەراوردکردنی تۆ وەک بوونەوەرێکی داهێنەر بە بەرهەمە ئیبداعییەکانی دنیا کە ئەمڕۆ زۆربەیان بە ئاسانی بەردەستن، ئەستەمە لێی دەربچیت. لێرەوە هەردوو بۆچوون و داواکارییەکان ئاکتێکی فاشییانەیە کە ڕووداوی کتێبسووتاندنەکانی ساڵی 1933 دەهێنێتەوە بیرمان، بە سەرپەرشتیی یەکێتیی قوتابیانی ئەڵمانی کە لەژێر کاریگەریی فاشیزمی ئیتاڵیادا بوون، لە ئاهەنگێکی گەورەی پڕ جۆش و خرۆشدا بە ئامادەبوونی جۆزێف گۆبلێسی وەزیری پڕوپاگەندەی حکومەتی نازی لەژێر دروشمی ”نەخێر بۆ ڕیسوایی و داڕمانی ئەخلاقی، بەڵێ بۆ ئاکاری خێزان و دەوڵەت“ هەستان بە سوتاندنی هەزارەها کتێبی غەیرەئەڵمانی و ئەو نووسەرە ئەڵمانییانەی جوولەکە بوون، یان دژی نازیزم بوون، لە نێوانیاندا کتێبەکانی ئاینشتاین، بێرتۆڵد برێخت، فڕانز کافکا، ئەمیل زۆلا، هێلێن کێڵەر، مارکس، ستێفان سڤایگ، هایندریش هاین و گەلێکی تر سوتێنران، هۆکاری دروستبوونی ئەم میحرەقەیە لەوەوە سەرچاوەی گرت کە ئەم کتێبانە هۆکارن بۆ تێکدانی ڕەوشتی ئەڵمانەکان، هەروەها بەو بیانووەی کە ئاستی هونەرییشیان زۆر نزمە، بێگومان لە ناویاندا هۆکاری وەک نائەڵمانیبوونی نووسەرەکانیان و بانگەشەی دیموکراسی بەشێک بوون لە هۆکارەکان، ئەگەرچی فۆڕمی بایکۆتکردنەکان لەیەکتر ناچن لەگەڵ دوو بۆچوونەکەی کە باسمان کردن، بەڵام لە تێڕوانین لەپێناو گرنگیدان بە بەرهەمی ناوخۆیی لەیەکتر دەچن، بکەرەکانی کتێبسووتێنەرەکان قوتابییە فاشیستەکان بوون، بەڵام داواکارەکانی ئێرە هەندێک لە هونەرمەندانن، وەک پێشتر باسم کرد ترسی من لەو دوو بۆچوونە قووڵبوونەوەی فۆڕمێکی نوێی فاشیزمە، ڕق و کینە و ڕەیسیزمە بەرانبەر بەوانی دیکە.

ساڵی 1933، ڕۆژی سووتاندنی کتێبەکان

نموونەی ترسی پێش ڕوودانی لەم جۆرە کارەساتانە گەلێک زۆرن، سەد ساڵێک پێش سووتاندنی کتێبەکان لە ئەڵەمانیا هاینریش هاین لە شانۆیی ئەلمەنسوور لە ساڵی 1821-1822دا دەڵێت ”ئەوانەی کتێب دەسووتێنن لە کۆتاییدا هەموو مرۆڤایەتی دەسووتێنن“ ئەم ڕستە ترسناکە، نازییەکان بەتەواوەتی بەرجەستەیان کرد، بۆیە هەر لە دوای 6 ساڵ لە سووتاندنی کتێبەکان، بە ملیۆنەها مرۆڤ بوونە قوربانیی 6 ساڵی جەنگی جیهانیی دووەم.
هێلێن کێڵەر لە دوای سووتاندنی کتێبەکانی، گوتی ”کتێبی باشترین عەقڵەکانی ئەورووپاتان سووتاند، بەڵام فیکرەی کتێبەکان ملێونەها کەناڵی جیاواز دەبڕێت و بەردەوام دەبێت. ئەمڕۆ ڕەنگە لە کەم شوێنی دنیادا کتێبی ئەو نووسەرانە نەخوێنرابێتەوە کە لەو سوتانەدا بوون بە قەرەبروت“. لەڕاستیدا لەناو ئەم دنیا گلۆباڵەدا و ئەو تیرۆرە فاشیستییەی کە ئێستا هەیە، قسەکردن لەسەر بایکۆت و قەدەغەکردنی کاری هونەری، دەرئەنجامێکی بێئاکامی دەبێت و هیچی لێ بەرهەم نایەت، جگە لە ناسینی ئەو ڕۆحە فاشیزمەی کە لەناو هەندێک هونەرمەنداندا خۆی شاردووەتەوە، کرداری لەم چەشنە دوور نییە کە سبەینێ کتێبەکانی نازم حیکمەت و ئۆرهان پامووک و فیلمەکانی نووری بیلگە جەیلان نەسووتێنرێت، لە بەرانبەردا تورکەکان کتێبەکانی یەشار کەمال و ئەحمەدی خانی و فیلمەکانی یەڵماز گۆنای نەسووتێنن، پاشان ببنە هۆکارێک بۆ سووتاندنی مرۆڤەکان، یان تا ڕادەی داواکردن بۆ گوێنەگرتن لە گۆرانی و میوزیکی تورکی و فارسی، هەروەک نازییەکان بە تەنها لە کتێبەکان نەدەترسان، تەنانەت گوێگرتن و پێشکەشکردنی مۆسیقای جازی ئەمەریکییان قەدەغە کرد وەک بەرەنگاریی بەرهەمە نائەڵمانییەکان.

مەترسی لەسەر بەرزبوونەوەی دیاردەی فاشیزم بە فۆڕمە سیاسی و فۆڕمە ناسیاسییەکانیشەوە بە تەنها مەترسی من نییە، مانگانە چەندەها نووسین لەسەر ئەم دیاردەیە لە ڕۆژئاوا دەنووسرێت، هەروەک ئیمبرتۆ ئیکۆ پێی وایە کە زاراوەی فاشیزم وای لێ هاتووە کە مرۆڤ دەتوانێت بۆ زۆر مەبەست بەکاری بهێنێت و شتێک یان دوان لە فاشیزەوەمەوە وەربگرێت و بەو شێوەیەی پێشتر باسمان کردووە ببیتە فاشیست،
ئیمبرتۆ ئیکۆ پێی وایە کە فاشیزمی هەمیشەیی تا ئێستا لە چواردەورمانە، هەندێک جار بە شێوەیەکی نادیار، بەڵام بەو شێوازە ئاسانە نییە کە پێمان بڵێن ئێمە جارێکی تر سەرلەنوێ سەربازگەی ئۆشفینیز دەکەینەوە، یان چاکەتڕەشەکان لە مەیدانەکانی ئیتاڵیا خۆیان نمایش بکەن، بەڵکو بە دەموچاوێکی زۆر بەریئانەوە خۆی پیشانی ئێمە دەدات، واش پێویست دەکات کە هەموومان پەنجە ڕابکێشین بۆ بوونی هەر جۆرە فۆڕمێکی فاشیزم کە لە هەموو پارچەیەکی دنیادا هەیە و دەیبینین. بە بێدەنگی ئێمە لەسەر ئەم دیاردەیە، مەترسییەکانی فاشیزم و کارەکتەرەکانی زیاتر دەبێت و هەڕەشەن بۆ هەموو لایەک.

هاوبەشی بکە

Hiwa Fayaq, wtari shano,