26/04/2024
DidiMn Logo
Top

بۆچی بەردەوام چاوەڕوانی گۆدۆین؟

لە لایەن دیدی من 4 ساڵ پێش ئێستا

دیدی من – شانن رید *
لە ئینگلیزییەوە: زامۆ عەلی

دەربارەی ڕەواجی بەردەوامی شانۆییەکی ئاڵوز و پڕ لە بێهیوایی

بۆچی شانۆکان بەردەوام شانۆگەریی لە چاوەڕوانیی گۆدۆدا پێشکەش دەکەن؟ ئەم شانۆییە دوورودرێژە کە وا دەردەکەوێت ڕەشبین و دیستۆپی* بێت، بە شێوەیەک لە شێوەکان بووەتە بەرهەمێکی هەمیشەیی هاوشێوەی فیلمی پیاوی مۆسیقا*. کۆمپانیای ساموێڵ فڕێنچ کە ڕووخسەتی بڵاوکردنەوەی دەدات، لە مانگی ٨ی ساڵی ٢٠١٧دا دەڵێت کە گۆدۆ لە سێ مانگی داهاتوودا بە لایەنی کەمەوە دە جار بەرهەم دەهێنرێت بە شێوەیەکی پرۆفێشنەڵانە، ئەمە دوای ٦٥ ساڵ لە یەکەم بڵاوبوونەوەی شانۆییەکە. لە لایەکی دیکەوە، پەلهاویشتنی کەلتووری دراماکە زۆر فراوانترە وەک لەوەی ئەم ئامارانە ئاماژەی پێ دەدەن. هەر لە ساڵی ٢٠١٧دا، ستیڤن کۆڵبێرتی پێشکەشکاری ئەمەریکی، لە شێوەی شانۆگەریی گۆدۆدا ڕەخنەی لە خزمەتگوزاری تەندروستی ئەمەریکا گرت کە دیبەیتێکی زۆری لەسەرە. هەروەها ئیلۆن مەسکی ئەندازیاری تەکنەلۆجی و دیزاینەری پیشەسازی، تونێلەکەی ناو نا گۆدۆ، کە لەوە دەچوو هەرگیز دروست نەکرێت، بەڵام لە کۆتاییدا دروست کرا. *ئەم جۆرە تەمەندرێژی و کاریگەرییە کەلتوورییە گەورەیەی بەرهەمەکانە کە هەموو شانۆنووسێک ئامادەن خۆیانی لەسەر بکوژن.  کەواتە، نهێنی مانەوەی گۆدۆ تا ئێستا چییە؟

جگە لە بیرکردنەوەی کەلتوورەکان و سەردەمەکان، دراماکە خۆی لە بەهاکانیدا بەهێزە. توانیویەتی تۆن و تایبەتمەندییەکی دیاریکراو ببەستێتەوە بە دەوروبەرێک و زنجیرە ڕووداوێکی ناڕوونەوە. ئێمەی بینەر، تەماشای دوو پیاو دەکەین، ڤلادیمێر و ئێستراگۆن، گوێ لە دیبەیتە وشک و دووبارەکەیان دەگرین دەربارەی ئەوەی ئایا گۆدۆ دێت یان نا، ئەگەر نەهات پێویستە چی بکەن. لە کاتێکدا کە ئەم دوو پیاوە و دوو میوانە کاتییەکەیان، پۆزۆ و لەکی، جیا دەکرێنەوە و ئاشکران، هەموو شتێکی تری دراماکە بە ڕووی لێکدانەوەی جیاوازدا کراوەیە. لە دەوروبەرەکەوە (ئایا ئەو شوێنە دوای کارەساتێک و وێرانکارییەکی گەورەیە، یان تەنها شوینێکە لە کاتی زستاندا؟)، بۆ جلوبەرگەکانیان (ئایا ئەمانە بزنسمان بوون و ئیفلاسیان کردووە، یاخود خۆیان ئەکتەری شانۆی کۆمیدین؟)، تا دەگاتە گۆدۆ خۆی (گۆدۆ خودایە؟… یاخود هەر کەسێکی ئاساییە ناوی گۆدۆیە؟).

دیمەنێک لە شانۆیی “لە چاوەڕوانی گۆدۆدا”

هەموو کاتێک هەمان ئەم ڕەگەزانەن، زۆر سادە کراونەتەوە. بە هۆی داواکرییەکانی بیکێتی نووسەری دراماکەوە، بەرهەمهێنانەکانی گۆدۆ بە دەگمەن دەگۆڕێن. ئەوەی بیکێت ویستوویەتی ئەوەیە کە زۆربەی جار دەیبینین؛ چوار ئەکتەری نێر، درەختە مردووەکە، دیالۆگە نەبڕاوەکان و خەمۆکییەکەی دەوروبەریان. گۆدۆ ناگۆڕێت بۆ ئەوەی لەگەڵ ئێمەدا بگونجێت، بە پێچەوانەی کارێکی وەک یولیەس قەیسەری شەکسپیر، کە شانۆی گشتی شاری نیویۆرک بەرهەمی هێنابووەوە، تێیدا وشەکانی شەکسپیر دەستکاری کرابوون و گۆڕانکارییان تێدا کرابوو، لە دەوروبەری جیاوازدا دەرهێنرابوونەوە لە هاوینی ٢٠١٧دا. گۆدۆ، لەگەڵ گۆڕانکاریی هەلومەرجەکانی ئێمەدا بەردەوام دەمێنێتەوە.

بە خۆشحاڵییەوە بۆ گۆدۆ، هەرچەندە دەکرێت بەدبەختی بێت بۆ ئێمە، قەیرانە بوونگەراییەکان کەمیان نەکردووە، چ جا هی مرۆڤایەتیی بە گشتی یاخود ناو دڵی تاکێک. لەبەر ئەوە، تەنانەت دوای وەستانی دراماکەش ئێمە بەردەوام خۆمانی تێدا دەبینینەوە. خەم و خەفەتی ئیشێکی وشک و ناخۆش بێت، یاخود پەیوەندییەکی خۆشەویستی بێت کە لە مردندایە، یاخود نیگەرانی ئەوەی کە سەرۆکە هەڵبژێردراوەکەمان هەڕەشەی لەناوچوونی ئەتۆمی دەکات؛ ئێمەی بینەر هەرچییەک زیاد بکەین بۆ ناو دراماکە، گۆدۆ ئەو خەمانە ئاڕاستەی خۆمان دەکاتەوە. جێی دڵگرانییە کە مرۆڤایەتی لە ٦٥ ساڵی تەمەنی ئەم درامایەدا هیچ نەگۆڕاوە، بەڵام هیوایەکی کەمیش لەوەدا هەیە کە ئەوە ببینین ئێمە هێندە تەنها نین.

بە درێژایی تەمەنی دوای باڵغبوونیشم، لەم تایبەتمەندییەی گۆدۆ تێنەگەیشتبووم. یەکەم جار کە دراماکەم خوێندەوە کۆتا ساڵی کۆلێجم بوو لە بەشی شانۆ، واو، ئەو هەموو ساڵە پێش ئێستا! بە ڕقێکی زۆرەوە دەستم کرد بە خوێندنەوەی، چونکە پرۆفیسۆرەکانم وایان تێگەیاندبووم کە چەند وردەکارییەکی تێدایە دەربارەی پرسیارە بوونگەراییەکانی ژیان، شێتت دەکەن. کە خویندمەوە، هەستم کرد کە ڕەحمیشیان پێ کردوم بەو وەسفە!

بەڵام بینیم کە هاوپۆلەکانمی زۆر ڕادەکێشا بەلای خۆیدا، وەک ڕاکێشانی چیای ئێڤێرست بۆ شاخەوانەکان. گۆدۆ قورسە و جێی ئاڵنگارییە، ئەکتەرەکانیش زۆریان حەز لەوەیە کە ڕۆڵی قورس ببینن و ڕووبەڕووی ئاڵنگاری ببنەوە. هەروەها حەزیشیان لەوەیە کە ببنە جێی سەرنجی هەموو کەسێک. نوکتەیەک هەیە کە کاتی کۆلێج دەمان گووت، کاتێک ئەکتەرێک سیناریۆی شانۆیی داهاتووی دەخوێنێتەوە بۆ یەکەم جار، کە لاپەڕەکان دەخوێنێتەوە لە دیالۆگی  ئەکتەرەکانی تردا دەڵێت: قسەی قۆڕ! قسەی قۆڕ! قسەی قۆڕ! ئۆو، ئەوە دێڕەکەی منە! زۆر جوانە! دواتر لە دێڕی ئەوانی دیکەدا دەست دەکاتەوە بە ”قسەی قۆڕ! قۆڕ! قسەی قۆڕ…”

لە درامای گۆدۆدا، هەر بەشێک بۆخۆی ئەو خاڵەیە کە جێی سەرنج ڕاکێشانە؛ لەم درامایەدا هیچ دێڕێک ئاسایی و زیادە نییە. ئەو دیالۆگە دووبارە و بازنەییەی کە زمان لوول دەکات، ئەوە بۆخۆی ئاڵنگارییەکە! بەردەوام وا لە بینەر بکەیت بە حەزەوە تەماشا بکات و ئامادە بێت، لە کاتێکدا تەنها دوو کەسن لەسەر شانۆکە بۆ چەندین خولەکی دوور و درێژ، ئەوە بۆخۆی ئاڵنگارییەکە! دۆزینەوەی ژیان و مانایەکی نوێ لەو درامایەدا کە زۆرینەی ئەوانەی تەماشای دەکەن پێشتر بۆچوونێکیان لەسەر وەرگرتووە؟ ئەوەش ئاڵنگارییەکی گەورە و گرانە بۆخۆی!

دیمەنێک لە شانۆیی “لە چاوەڕوانی گۆدۆدا”

یەکێک لە خۆشییەکانی ژیان ئەوەیە کە لە ئاڵنگارییەکان نزیک ببنەوە و زۆر لە خۆمان بکەین بۆ ڕووبەڕووبوونەوەیان، بە تایبەتی ئەوانەی بە زەحمەت توانامان بەسەریاندا دەشکێتەوە. ئەم جۆرە هەستە، من بە شادومانی ناوی دەبەم، گۆدۆ ئەم هەستە بۆ شانۆکاران دابین دەکات. درامایەکی بێهیوا و ڕەشبینە کە بیری ئەوەمان دەخاتەوە کە نەمر نین، بەڵام شاکارێکیشە لە توانا و بە پەرۆشیی باشترینی ئەکتەرەکان. بینەر دوو کاتژمێر دادەنیشێت بە دیار مینگەمینگردن و ئەتککردن و دووربینی و ترسەوە، لەگەڵ ڕووبەڕووبوونەوەیەکی ئێجگار بێزارکەر لەگەڵ مردن. لانی کەم بەشێکی لەبەر ئەوەیە کە ئەوەی لەسەر تەختەی شانۆکە ڕوو دەدات زۆر زیندووە. (بە دڵنیاییەوە،  ئێمەش بە تەواوەتی هەڵناخەڵەتێین تەنانەت بە باشترینی ئەکتەرەکانیش. دەزانین کە ئەو شانۆییە لە ڕاستیدا هێندە جیددی نییە. کەواتە با ئێستراگۆن و ڤلادمێر و پۆزۆ و لەکی لەسەر شانۆکە بتەقنەوە لە تووڕەییدا، دەزانین کە تۆزێک دوای ئەوە لە ژووری خۆگۆڕینەکەیان پێکەوە پێدەکەنن.)

ئەکتەرەکان هەموو کات بە دوای ڕۆڵێکدا دەگەڕێن کە نەمرییان پێ ببەخشێت بە شێوەیەک لە شێوەکان، ئێمەش وەک بینەر حەز بەوە دەکەین تەماشای ئەو ئەکتەرانە بکەین کە هەوڵ بۆ باڵادەستیی دەدەن. بەڵام، بە دڵنیاییەوە ئەوە نوکتەیەکە هەمومان دەگرێتەوە. گۆدۆ نەمری نابەخشێت بە هیچ ئەکتەرێک. هیچ نواندنێکی شانۆیی دیکەش ناتوانێت ئەوە بکات. چونکە سروشتی شانۆ خۆی ئەوەیە کە زۆر کورتخایەن بێت. ئەکتەرەکە و بینەرەکانیش تەنها لەو چەند خولەکە دیاریکراوەدا ئەو نواندنەیان هەیە. وەک ژیان خۆی، دراماش لە ژێر دەستت دەردەچێت پێش ئەوەی فریا بکەویت بیگریت.

ئەوە یەکێکە لە بیرۆکە سەرەکییەکانی بیکێت لە درامای لە چاوەڕوانی گۆدۆدا: تۆ تەنها یەک جار دەژیت. مەبەستی ئەوە نییە وەک دروشمێک بیڵێت، یاخود وەک بیانوویەک بۆ ئەنجامدانی کاری خراپ. وەک ئاگادارکردنەوەیەک دەیڵێت، یاخود دەکرێت وەک نەعلەتێک کە بەسەرمانەوەیە. کەچی ئێمەش بەردەوام دەچین بۆ ئەوەی گوێی لێ بگرین. ئەم چەند دێڕە وەک نموونە وەربگرە، کاتێک ڤلادیمێر دەربارەی هاتنی حەتمی گۆدۆوە بە ئێستراگۆن دەڵێت:

”ئەو وتی شەممە دێم. (دوای وەستانێک). وابزانم وای وت.”
ئێستراگۆن: ”وابزانیت؟!”
ڤلادیمێر: ”دەبێت لە شوێنێکدا بە تێبینی نووسیبێتم.”

 ڕێنوێنی ڕوونکردنەوەیی سەر شانۆکە، ئەوەمان نیشان دەدات کە ڤلادیمێر بە دوای تێبینییەکەدا دەگەڕێت، ”بە شپرزەیی بە ناو گیرفانەکانیدا دەگەڕێت و یەک دنیا شتی بێسوود و بێمانا دەهینێتە دەرەوە.” ئەمەش ئاگادارکردنەوەیەکی تری بێکێتە کە ئەوە لە بەردەم زۆربەی زۆرماندایە. من باش دەزانم مەبەستی چییە، چونکە خۆم بینیومە کە کەسە ئازیزەکانم لەو حاڵەدا بوون، دڵنیاشم کە هێندە نابات خۆشم ئاوا شپرزە دەبم لە ناو کۆمەڵێک شتی بێمانا و بێسووددا. *

مۆمێنتۆ مۆری، کە دەربڕینێکی لاتینییە واتە ”بیرت بێت کە دەبێت بمریت” تاکە شت نییە کە ئەم شانۆییە پێمان دەبەخشێت. ئاماژە بە شتی زیاتر دەکات لەو نائومێدییەی کە لە ناخماندا درکی پێ دەکەین؛ خۆڕاگرییەکیشی تێدایە کە ئێمە ئاشناین پێی. لە کۆتایی شانۆییەکەدا ئێستراگۆن دەڵێت: ”من ناتوانم بەم شێوەیە بەردەوام بم.” ڤلادیمێریش لە وەڵامدا دەڵێت: ”ئەوە بەلای خۆتەوە وایە!” ئەوەی کە ڤلادیمێر مەبەستییەتی، کە مەبەستی بیکێت خۆیەتی کە لە دوای جەنگی جیهانی دووەمەوە ئەمەی دەنووسی، ئەوەیە کە بەردەوام دەبین، چونکە ئەوە شتێکە هەمیشە مرۆڤ کردوویەتی. مەرج نییە شتێکی هیوابەخش یاخود جوان بێت. تەنها شتێکە و هەیە. بەردەوام دەبین. لە کۆتاییدا ئێستراگۆن و ڤلادیمێر لە شوێنی خۆیان ناجوڵێن* بەڵام لە هەمان کاتیشدا، نامرن.

هەر چەندێک دیمەنێکی سەیر بێت، ئەوە جێی چیژ و خۆشییە بۆ بینەر. بینینی ئێستراگۆن و ڤلادیمێر بەردەوامن لەوەی بەردەوام نەبن، جۆرێکە لە کەسارسس، کە ئەویش بریتییە لە حەوانەوە و پاکژبوونەوەی دەروونی. کەسارسس زۆربەی کات کاتێک ڕوو دەدات کە ئەکتەرەکان هەندێک هەست دەردەبڕن کە ئێمە بەردەوام هەستییان پێ دەکەین، ئەمەش لەم شانۆییەدا ڕوو دەدات. بۆ چەند ساتێکی دوورودرێژ، ئێمە دادەنیشین و ئەوان بە پێوەن، هەموومان پێکەوە چاوەڕوانین. بەڵام دواتر، ئێستراگۆن و ڤلادیمێر بەجێ دەمێنن بۆ ئەوەی تا هەتاهەتایە چاوەڕوان بن، بێ چارەسەر، لە کاتێکدا ئێمە چۆڵەوانییە دڵرەقەکەیان بەجێ دەهێڵین و دەچینەوە ناو ژیانی خۆمان. ئەوان ناجوڵێن، بەڵام خۆشبەختانە ئێمە دەجووڵێین.

ئەوە بەسە کە وامان لێ بکات بەردەوام بێینەوە بۆ بینینی. زیاتر لە نیو سەدە دوای نووسینی، شانۆییەکە هێشتا ئەو ڕەشبینی و نائومێدییەی ماوە. هێشتا گوێمان لەو ئازارە جیهانییەیە، هێشتا هەست بە وەڕسبوون دەکەین لە ژیان. ئەمە دەمگەیەنێت بە بیردۆزە خۆشەویستەکەم، ڕاستترین هۆکار بۆ مانەوەی گۆدۆ؛ ئێمە دەگەڕێینەوە بۆ گۆدۆ بۆ ئەوەی بتوانین لە گۆدۆ دەربچینەوە، یان لانی کەم بەشێکی لەبەر ئەمەیە. زۆر تاریکە بەڵام خۆ کۆتاییشی هەیە. ژیانی ئێمەش ڕەنگە وا بێت، بەڵام بە دەگمەن خۆشی لە کۆتاییەکەی دەبینین. بەڵام کە گۆدۆ تەواو دەبێت و ئێمەش دێینە دەرەوە، لەوانەیە کاریگەری لێ کردبین یاخود گۆڕیبێتینی، بەڵام بە دڵنیاییەوە بە ئازادی دێینە دەرەوە. دەچینە ناو کارەساتێکی جیهانییەوە کە لەگەڵ هەموو کۆتاییهاتنێکی دراماکەدا هەست دەکەین نزیکتر دەبێتەوە، دێینەوە دەرەوە.

سەیرکردنی دراماکە لە شاشەوە، یاخود ڕاستەوخۆ وەک بینەر لە ناو شانۆکەدا، وەک ئەوە وایە بە لای گۆڕستانێکدا بڕۆین و فیکە لێ بدەین. دەیکەین، چونکە ئێمە زیندووین و دەتوانین بیکەین. چ خۆشییەکە.

[*]  شانن ڕید مامۆستای ئەدەبیاتی ئینگلیزییە لە زانکۆی پیتسبرە، لە ویلایەتی پێنسلڤەینیا، ئەمریکا. ڕید نووسەرێکی کارایە لە هەردوو  ڕۆژنامەی بەناوبانگی The New Yorker  و Washington Post.
[*]  دیستۆپیا ووشەیەکی ئەدەبییە، واتە دونیایەکی خەیاڵی کە پڕ بێت لە تاڵی و ناخۆشی و نائومێدی.
[*]  پیاوی مۆسیقا فیلمێکی مۆسیقی و کۆمیدی ئەمریکییە، لە ساڵی ١٩٦٢ بەرهەمهێندراوە و تا ئێستاش بینەرێکی زۆری هەیە، بە هەمان شێوەی شانۆگەری گۆدۆ کە زیاتر لە نیو سەدەیە بەردەوام بینەر و خوێنەری لە زیادبووندایە.  
[*] ئیلۆن مەسک پرۆژەی دروستکردنی تونێلێکی دەستپێکرد، کە هێندەی خایاند وەک چاوەڕوانی گۆدۆ،  لەوە دەچوو کە نەیەت و دروست نەبێت. بەهۆی ئەوەوە ناوی نا گۆدۆ.
[*]  ڤلادیمێر کۆمەڵێک شتی بێ سوود و پووچی لە گیرفاندا هەبوو، بەڵام تاکە شت کە بۆ ئەو گرنگ بوو پێی نەبوو کە ئەویش تێبینییەکەی بوو لەسەر گۆدۆ.
[*]  یەکێک لە بەنوابانگترین دیمەنەکانی دراماکە کۆتا دیمەنییەتی، کە تێیدا هەردوو پیاوەکە دەڵێن “با بڕۆین،” بەڵام لە شوێنی خۆیان ناجوڵێن.

هاوبەشی بکە

SamuelBeckett, Theatre, Waiting for Godot,