23/07/2024
DidiMn Logo
Top

دۆگما ٩٥، ڕەهەندێک بۆ فیلمی ڕیاڵ

لە لایەن دیدی من 7 ساڵ پێش ئێستا

دیدی من

لارس ڤۆن ترەیەر
ئامادەکردن و وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە: چێنەر بەدری

 

دۆگما ٩٥، ئاسۆیەکە بۆ بەگرتەکردنی ژیان ، چەمکێکی ڕەمزییە بۆ کۆمەڵەیەک لە دەرهێنەرانی فیلم، کە لە بەهاری ١٩٩٥دا، لە کۆپنهاگنی پایتەختی دانیمارک بڕیاری دامەزراندنیان دا، ئامانجیش لێی دروستکردنی زنجیرەیەک شۆڕشە لە زۆر ئاڕاستەی سینەما و بەرهەمهێنانی فیلمدا، ڕزگارکردنی ئاکت و جووڵەیە لە وێنە دەستکردەکان و ناواقیعیەکاندا.

لارس ڤۆن ترەیەر

 

بۆ دۆگما ٩٥ لە ئێستادا ؟ بۆچی بۆ ئێمە؟

ئەمە ئەو پرسیارەیە کە زۆر لە ئێمە بەدوایدا دەگەڕێین: بۆ سینەمامان نییە؟ دەرهێنەر و سینەماکارەکانی ئێمە بۆ هێند تەوەزەلن؟

بەگشتی لە کاتی نەبوونی دنیابینی و نائاشناییمان لە مانای سینەما و فیلم و نەبوونی کەسانێک کە خەونی سینەماییان هەیە، کەوتووینەتە ڕەوشێکەوە کە لەشکرێک لە سینەماکاری تەوەزەل و تەمبەڵ دروست بووە، کە تەواوی ناتوانایی و گەمژەیی خۆیان لە پشت کۆمەڵی وشەدا حەشار داوە، کە بە هیچ شێوەیەک بنەمای سەرەکی نین بۆ هێنانەوەی بیانوویەکی گونجاو، ئەویش ئەوەیە کە هەموو وەک ئەوەی لە کۆبونەوەیەکی هاوبەشدا بڕیاریان دابێ، خۆیان لە پشت ڕستەگەلی وەک:

  1. نەبوونی ئابووری و پاڵپشتی مادی بۆ بەرهەمهێنانی فیلمێک کە بتوانێت بە ڕکابەریی فیلمە جیهانییەکان.
  2. نەبوونی کەرەستەی پێشکەوتووی سینەمای بۆ بەرهەمهێنانی فیلمێک کە بتوانێت لە فێستیڤاڵە جیهانییەکان بەشداریی پێ بکرێت.
  3. نەبوونی بینەری پێویست و نەبوونی کلتوور و بینەرێکی کراوە و تێگەیشتوو لە هونەر و سینەما.

لە وەڵامی ئەمانەشدا، من پێم وایە کە ئەمانە کۆمەڵی بیانوون کە دەلالەت لە تەوەزەلی دەکەن، وەک لەوەی هۆکارگەلێکی واقیعی بن، ئەویش بە هۆی ئەوەی ئەو بەڕێزانە وەک ئەوەی منداڵێکی خوێندنگە بن، هەمیشە چاویان لەوەیە دایە و بابە پێداویستییەکانی دیاری بکەن ئەو تەنها ئەوەی لەسەرە بخوێنێت.

کەرەستەی تایبەتی سینەماییش، لە کۆتاییدا لە بنەماکانی دۆگما ٩٥، بەتایبەتی قسەی لەسەر دەکرێت و ڕوون دەکرێتەوە، بۆیە لێرەدا ئەم خاڵە بەجێ دێڵم بۆ بنەماکانی دۆگما وەڵامیان بداتەوە.

نەبوونی بینەر و کلتوورێکی کراوە، هەمان بیانووە کە نووسەرەکانیشمان لە پشتیدا خۆیان حەشار داوە؛ من دەپرسم، کاری ئێوە چییە کەواتە؟ ئایا ئەوە کاری ئێوە نییە گۆڕانکاریی کلتووری دروست بکەن؟ یان دەتانەوێ حازر بنووسن و بەرهەمەکانتان بکڕرێت و بخوێنرێتەوە و ببینرێت؟ لە سەرەتاوە تا کۆتایی ئەمە کێشەی نووسەر و سینەماکارە ئەمە چارەسەر بکات و بەرهەمێک بەرهەم بێنێت، کە بخوێنرێتەوە و ببینرێت و درک بەوە بکات، کە هەڵەکە لە خودی ئێوەدایە، دەلالەتە لەوەی کە ئێوە تا ئێستا نەتانتوانیوە بەرهەمێک بەرهەم بێنن کە شایەنی خوێندنەوە و بینین بێت. بۆ زنجیرە تورکییەکان سەیر دەکرێن لە وڵاتی ئێمە و ناوخۆییەکان نا؟ بۆ پاولۆ کۆیلۆ لە نووسەرەکانی ئێمە زیاتر دەخوێنرێنەوە؟ ئەمە ئەو پرسیارەیە کە دەبێت نووسەر و سینەماکارەکان بەدوایدا بچن و وەڵام و چارەیەکی جی بۆ بدۆزنەوە.

بنەماکانی دۆگما ٩٥

  1. کاری وێنەگرتن و بەرهەمهێنانی گرتە, پێویستە لە ناو لۆکەیشندا ئەنجام بدرێت.

واتا خۆبەدوورگرتن بە هەموو شێوەیەک لە ستۆدیۆی تایبەت و دروستکرنی دیکۆری تایبەت بۆ ئەنجامدانی وێنەگرتن، هەر کارێکیش لە قۆناغی پۆست پرۆدەکشندا بە کۆمپیوتەر بۆ دروستکردنی لۆکەیشنی کۆمپیوتەری، قەدەغەیە.

  1. دەنگ و ڕەنگ دەبێت پێکەوە بەرهەم بێن لە کاتی وێنەگرتندا.

دروستکرنی موزیک و ئیفێکتە دەنگییەکان پێویستە لەگەڵ نواندن و وێنەکاندا پێکەوە بەرهەم بێن و گرتە بکرێن، دروستکردنی موزیک و ئیفێکت لە پاش وێنەگرتن و بەکارهێنانی ستۆدیۆی تایبەت قەدەغەیە، بە هۆی ئەوەی وا دەکات کرێی تێچون زۆر بەرز بکاتەوە و دەنگێکی واشمان بۆ دروست دەکات کە بینەر بە تەواوەتی هەست بکات کە ئەوە دەنگێکی ناڕاستی و دروست کراوە.

پێویستە دەنگ بەرهەمهێنان لە ڕێگەی ئامێری موزیکی لایڤەوە بێت یان بە شێوەی جەد و ئامێرە هاوشێوەکانی لە ناو لۆکەیشنی گرتەکەدا بێتە بوون.

لارس ڤۆن ترەیەر

  1. کامێرا و کامێرامان دەبێت جارێکی تر ئاشنای یەک ببنەوە و لە یەک جودا نەبن، ئەمەش بەو مانایەی بەکارهێنانی ئامێری تایبەت دەبێت ئەنجام نەدرێت و کامێرا و کامێرامان وەک یەک جەستە بە یەکەوە بن و جودا نەبن.
  2. فیلمەکان دەبێت لە ناو ڕەنگدا بن؛ بەکارنەهێنانی کاری ئۆپتیکی و فلتەر. ئەمەش بەو مانایەی خۆبەدوورگرتن لە ڕووناکیی تایبەت و کۆمەڵە فلتەرانێک کە ڕەنگێکی جودا لە ژیانماندا پیشان دەدەن، ئەگەر ڕووناکی لە حاڵەتێکدا پێویست بوو دەبێت لە ڕێی گڵۆپی ئاساییەوە چارەسەر بکرێت یان لە ڕێی فلاشی کامێراکانەوە ناوچە تاریکەکان ڕووناک بکرێنەوە.
  3. کات و شوێنی فیلم و گرتەکان ئێرە و ئێستایە. واتە شوێن کات دەبێت سەرزەوی و گێڕانەوەی ژیان و بەرهەمهێنانی ژیان بێت، نەک دروستکرن و بەرهەمهێنانی کات و شوێنی خەیاڵی و ناواقیعی.
  4. ژانەر بوونی نییە، ئێمە ژیان دەگێڕینەوە و بەرهەم دێنین، نەک پارچەپارچەی بکەین.
  5. بەرهەمهێنانی گرتە و وێنەکان دەبێ بە شێوەی ئەکادیمەی، کە ٣٥ میلیمە، بگیرێن.
  6. دەرهێنەر تاکێکە لە ناو کاستەکەدا، نابێت حیسابی تایبەتی بۆ بکرێت و تەواوی فیلم بە خراپی و باشییەوە بدرێتە ئەو.
هاوبەشی بکە

Chenar Badri, Cinema, Dogma, Lars Von Trier,