26/04/2024
DidiMn Logo
Top

دەربارەی کارەکانی کریستۆفەر نۆڵان

لە لایەن دیدی من 4 مانگ پێش ئێستا

لە ئینگلیزییەوە: ئارش نیاز

دەرهێنەر و سیناریۆنووس کریستۆفەر نۆڵان، لە ۳۰ی تەممووزی ۱۹۷۰ لە لەندەن لەدایکبووە، کریستۆفەر نۆڵان لە منداڵییەوە دەستی کردووە بە دروستکردنی فیلم و یەکەم کورتە فیلمی لە تەمەنی حەوت ساڵیدا دروستکرد. لە دایکێکی ئەمریکی و باوکێکی بەریتانی لەدایکووە. لە کۆلێژی لەندەن، ئەدەبیاتی ئینگلیزی خوێندووە.

سەرەتا بە کورتە فیلمەکانی وەک “تارانتولا  -Tarantula لارسێنی Larceny – دودڵ بەگ
“Dooddlebug دەستی بە کارکردن کرد و دواتر یەکەم فیلمی درێژی بە Following دەستپێکرد. کە فیلمێکی ڕەش و سپی بوو و  بە بودجەیەکی کەم ئەنجامیدا. فیلمەکە دەربارەی نووسەرێکی تەنیابوو کە بەدوای کەسانی نەناسراو دەکەوێت و دواتر هاوبەشی لەگەڵ دزێکدا دەکات. شێوازی گێڕانەوە جیاوازەکەی فیلمەکە یارمەتیدەربوو بۆ ڕاکێشانی سەرنجی بینەر بۆ کارەکانی نۆڵان و بووە هاندەر بۆ فیلمی داهاتووی بە ناوی Memento. ئەکتەری سەرەکی ئەم فیلمە “گای پیرسە” کە وەک پیاوێک کە توشی لەبیرچوونەوە دەبێ ڕۆڵ دەبینێ کە پشت بە کامێرا و تێبینی نوسین دەبەستێت لە کاتی گەڕان بەدوای تۆڵەکردنەوە. نۆڵان ئەو کارەی لە چیرۆکێک وەرگرتووە کە لەلایەن براکەی جۆناسان نۆڵان نووسراوە، و فیلمەکە بەهۆی شێوازی ئیدیتینگ و سیناریۆکەی دوو جار پاڵێوراوە بۆ خەڵاتی ئۆسکار.

نۆڵان بۆ کارەکانی دواتری بەردەوام بوو لە پێشکەشکردنی فیلمی دەروونیی و هەستبزوێن ئەویش بە دروستکردنی فیلمیInsomnia ، بە بەشداریی ئەکتەری ناودار “ئال پاچینۆ” وەک ئەفسەرێکی پۆلیس کە لە ئەلاسکا لێکۆڵینەوەی کوشتن دەکات لە کاتێکدا کە ڕووبەڕووی تاوانێکی قورس دەبێتەوە.

دواتر پیشەی دەرھێنەر بۆ ئاستێکی باڵا بەرزدەبێتەوە، کاتێک ڕازی دەبێ بە سەرپەرشتیکردنی دوبارە دروستکردنەوەی پاڵەوانی کتێبی کۆمیدیی Batman لە فیلمی Batman Begins لە ساڵی ٢٠٠٥، کە ئەکتەر “کریستیان بەیڵ” ڕۆڵی سەرەکی دەگێڕێت. فیلمەکە زیاتر لە ۳۷۲ ملیۆن دۆلاری لە جیهاندا کۆکردەوە. دواتر نۆڵان لە ساڵی ۲۰۰٦ دا  فیلمیThe Prestige ی بڵاوکردەوە، کە چیرۆکەکەی پێشوازییەکی باشی لێکرا. دەربارەی دوانەیەکی جادووگەر بوو بە بەشداری ئەستێرەکانی وەک بەیل، هیو جاکمان و سکارلێت جانسن.

لە تەممووزی ۲۰۰۸ دا، زنجیرە فیلمی  Batmanی نۆڵان، The Dark Knight، پەخشکرا و وەک فلمێکی خاوەن بەرزترین داهات لە ئەمریکا ڕیکۆردی تۆمارکرد. کە ۱٥۸ ملیۆن دۆلار بوو. Knight بەردەوام بوو تا بوو بە یەکێک لە پێنج پڕداهاتترین فیلمەکانی ئەمریکا. لەکاتێکدا بەرھەمەکە ستایشێکی زۆری لێکرا و پاڵێوراو بوو بۆ چەندین ئۆسکار و گۆڵدن گڵۆب، بەڵام دلتەنگی باڵی بەسەر ئامادەبوانی پرۆسەکەدا گرتبوو. کاتێک هێث لێجەر، کە ڕۆڵی جۆکەری خراپەکاری دەگێڕا، بەهۆی زۆر بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەرەوە پێش بڵاوکردنەوەی فیلمەکە مرد. لێجەر خەڵاتێکی گۆڵدن گڵۆب و ئۆسکاری بردەوە بۆ کارەکانی، وە نۆڵان خەڵاتی گڵۆبی لەبری لێجەر وەرگرت.

دوو هاوینی دواتر، نۆڵان بە فیلمی Inception ەوە گەڕایەوە بۆ بۆکس ئۆفیس بە بەشداری لیۆناردۆ دیکاپریۆ بە ڕۆڵگێڕانی وەک سەرکردەی کۆمەڵێک بەکرێگیراو کە لەکاتی خەون بینیندا گەشتدەکەن

 فیلمەکە سەرکەوتنێکی دیکەی ڕەخنەگرانە بوو بۆ دەرهێنەر کە چوار خەڵاتی ئۆسکاری بردەوە بەهۆی تەکنییکە جادووگەریانەکەیەوە. نۆڵان دوابەدوای Inception  دەستیکرد بە سێیەمیین فیلمە سەرکەوتووەکەی لەزنجیرە فیلمی Batman، The Dark Knight Rises ی ساڵی ۲۰۱۲،کە ئەمجارەیان بە ڕۆڵگیڕانی ئان هاثاوەی وەک ڕۆڵی کاتمان وە ماریۆن کۆتیارد (کە لە Inception یشدا بوو) بە ڕۆڵی میراندا تێیت.

لە پایزی ۲۰۱٤ دا، نۆڵان بە فیلمی Interstellar ەوە  گەڕایەوە سەر شاشە کە چیرۆکێکی زانستی خەیاڵییە، نزیکەی سێ کاتژمێر دەخایەنێت و دەربارەی گەشتی تیمێکی ئاسمانییە کە بەدوای جیهانێکی نوێدا دەگەڕێن بۆ دانیشتوانی زەویەکی وێرانبوو. ئەستێرەکانی فیلمەکە پێکهاتبوون لە ماتیو مەککۆناهی، هاثاوەی و جێسیکا چاستین.

لە ۲۰۱۷دا، نۆڵان چیرۆکێکی دیکەی هێنایە سەر شاشەی سینەماکان، کە فیلمێکی جەنگی جیهانی دووەمە بەناوی Dunkirk. فیلمەکە لە چوارچێوەی سێ چیرۆک دروستکراوە کە چەند ڕوانگەیەکی جیاواز لەخۆ دەگرێت دەربارەی چەند ڕووداوێکی درامی لە ساڵی ۱۹٤۰دا ، Dunkirk لە لایەن رەخنەگرانەوە ستایشێکی باشی بەدەستهێنا ئەویش بەهۆی ئەو وێناکردنە تۆقێنەر و ترسناکانەی جەنگ، هەروەها پاڵێورا بۆ خەڵاتی گۆڵدن گڵۆب بۆ باشترین فیلمی جوڵاوی درامایی و باشترین دەرهێنەر، هەروەها خەڵاتی ئۆسکار بۆ باشترین دەرهێنەر.

فیلمەکانی نۆڵان بە ڕۆشنبیری و قووڵایی دەروونی و چیرۆک گێڕانەوە تایبەتەکەی ناسراون. هەردوو فیلمی Following و Memento خاوەن پێکهاتەیەکی ناپەیوەستە بە کاتەوە، لەگەڵ  ئەوەشداMemento  ئەو سەرنجانەی بۆخۆی راکێشا بەزۆری بەهۆی ئەو شێوازە چیرۆک گێڕانەوە تایبەتەی بوو کە بەشێوەی پێچەوانە کات دەڕۆشت. وە Inception یش چیرۆکانێکی هەیە کە لەناو چیرۆکەکانی دیکە بوونی هەیە، هەروەکچۆن کارەکتەرەکانی ناو فیلمەکە بەناو چینێکی بێئاگای زۆر بەرزی ناو مێشک دەگەڕێن.

هەروەها کارەکانی دەرهێنەرەکە تیشک دەخەنە سەر ئەو ئەکتەرە پیاوانەی کە هەوڵ دەدەن لەگەڵ ڕابردووی خۆیان رووبەروو ببنەوە لە کاتێکدا خەریکی کێشە ئاڵۆزەکانی کاتی ئێستان. ژنان لە فیلمەکانیدا وەک هاوپەیمان، پاڵەوان و یان هاوبەشی ڕێی ژیان نووسراون، هەندێکیشیان دەبنە قوربانی.

نۆڵان هەستێکی جوانی هونەریی دەچێنێتە ناو ئەو فیلمانەی کە وەک هۆکارێکی جۆش وخرۆش گشتی دانراون،  هەروەک چۆن بە وێنە و شێوە سینەماییەکانی دەبینرێت کە لە زنجیرە فیلمەکانی Batman ، Inception و Interstellarدا زۆرن، لەگەڵ ئەو دیمەنانەی کە لە تابلۆی نائاسایی دەچن کە لە ژیانی راستی دەچن. هەڵبژاردەکانی نۆڵان بەرەوپیشبردنێکی بەرچاوی لە جیهانی دروستکردنی فیلمدا هەبووە، بە سەلماندنی ئەوەی کە ئاڵۆزیی و وردبوونەوە لە ناوەرۆکی فیلمدا دەتوانێت لەناو بازاڕی فیلمدا جێیبێتەوە.  

هاوبەشی بکە

Christopher Nolan, Cinema,