13/09/2024
DidiMn Logo
Top

خوێنه‌ر و كتێب: دیدی من دەربارەی مەسخ‌ـی كافكا

لە لایەن دیدی من 8 ساڵ پێش ئێستا

دیدی من – خوێنەر و کتێب

کتێب: مەسخ – چاپی ناوەندی غەزەلنووس
نووسەر: فرانز کافکا

سەرنجی خوێنەر: محەمەد عەلی

کاتێک مرۆڤ ڕۆمانی مه‌سخ ده‌خوێنێته‌وه‌، تووشی جیهانێک ده‌بێ که‌ له‌وێدا مرۆڤ ده‌رگیری دۆخێکه‌ سه‌رگه‌ردان به‌ دوای تاوان و سزایه‌کانی خۆیه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێ و هه‌رگیزیش له‌و دادگایییکردنه‌ی کۆمه‌ڵگه‌ و سیسته‌می خێزان و سه‌رمایه‌داری رزگاری نابێت،‌ که‌ نه‌بینراوانه‌ ڕۆحی سزا ده‌دا. هاوکاتیش له‌ جیهانه‌که‌ی کافکادا تاکەکان به‌ دوای ناسنامه‌که‌یاندا وێڵن، له‌ جیهانه‌ مرۆڤکوژه‌که‌ی کافکادا، ده‌سه‌ڵاتێک که‌ نادیارانه‌ له‌ ناخی کۆمه‌ڵگه‌دا په‌ل ده‌هاوێژێ و له‌وێدا مرۆڤ بێ هومێدانه‌ ناچارکراوه‌ له‌ به‌رانبه‌ر ئه‌و ژیانه‌ پۆلێنکراو، به‌کاڵاکراو و چاودێرکراوه‌یدا ڕازی بێت.

له‌ ڕۆمانه‌کانی کافکادا پاڵه‌وانه‌کان له‌ کاتێکی دیارینه‌کراو و هاوکاتیش له‌ کاتێکی کۆن و نوێدا ڕۆڵی خۆیان نماییش ده‌که‌ن. به‌م جۆره‌ کافکا له‌ ڕۆمانەکانیدا پرسیا‌رگه‌لێکی ئاڕاسته‌ کرد که هه‌تا مرۆڤ ئه‌وه‌ چاره‌نووسی بێت، کۆتاییان نایێ. چونکه‌ کافکا ئه‌و مرۆڤه ڕمۆزنبووە به‌رانبه‌ر ئه‌و سیسته‌مه‌ زۆرداره‌ی که‌ له‌ هێمای باوکدا خۆی ده‌نوێنێ، بێدار ده‌کاته‌وه‌، ئه‌و سیسته‌مه‌ی که‌ مرۆڤی ناچار کردووه‌ هه‌میشه‌ خۆی به‌ گوناهبار بزانێ و خۆی سزا بدات.

له‌و‌ ڕوانگه‌یه‌وه‌ ده‌کرێ بلێین مه‌سخی کافکا بریتییه‌ له‌ ڕاڤه‌گه‌لێکی ده‌روونناسی و مرۆڤناسییانه له‌ دۆخی ناوه‌كی و ژیاندا‌. کافکا له‌ به‌رانبه‌ر ئه‌و هه‌موو مه‌رجه‌ سه‌پێنراوه‌ی ده‌سه‌ڵاتی باوک و کاردا، وه‌ک ته‌رزه‌ گاڵته‌جاڕییه‌ک، ئه‌و واقعه‌ له‌ ڕووخساره‌که‌ی خۆیدا وێنا ده‌کا. هه‌روه‌ک ده‌زانین که‌ ئه‌گه‌ر به‌ که‌سێک بڵێین قالۆچه‌، ته‌رزه‌ وێنه‌یه‌کی گاڵته‌جاڕانه‌ یان توانجلێدان ده‌گه‌یه‌نێ، هه‌ر بۆیه‌ کافکا قالۆچه‌ ده‌کاته‌ پاڵه‌وانی یه‌که‌می ڕۆمانی مه‌سخ.

ئه‌وه‌ی که‌ هانی دام له‌ سه‌ر کافکا بنووسم، ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ئه‌و پرسیاره‌ سه‌رنجکێشانه‌ی که‌ کافکا له‌ ڕۆمانه‌کانیدا سه‌باره‌ت به‌ ژیانی ئه‌و مرۆڤه‌ نوێباوه‌ به‌ کۆیله‌ی کار و کاڵاکراوه‌وه‌ ئاڕاسته‌ی کردن، که‌چی ئێستاش له‌ ڕۆژگاری خۆی زیاتر به‌ڕواجترن، به‌تایبه‌تیش ئه‌و چاره‌نووسه‌ی که‌ کافکا له‌مه‌ڕ مرۆڤ و کۆمه‌ڵگه‌ی ڕۆژئاوادا وێنای کرد، ئێستا به‌ هۆی شاڵاوی بازاڕی سه‌رمایه‌داری له‌ ژێر ئه‌و کاریگەرییەدایە. وه‌ک خودی کۆمه‌ڵگه‌ی رۆژئاوا، که‌ خه‌ریکه‌ سه‌رتاپای رٶحی کۆمه‌ڵگه‌ی کوردی تووشی به‌دگۆڕان ده‌کا. بۆیه‌ پێویستە ڕۆمانی مه‌سخ زۆر جێگه‌ی سه‌رنجی خوێنەری کورد بێت. ئه‌مڕۆ ده‌سه‌ڵات و کۆمه‌ڵگه‌ی کوردی، ئه‌گه‌رچی هێشتا کۆمه‌ڵگه‌ی کوردی ئه‌و جۆره‌ سیسته‌مه‌ سه‌رمایه‌دارییه‌ ڕه‌گی و پانوپۆڕه‌ نییه‌ که‌ له‌ رۆژئاوادا هه‌یه‌، به‌ڵام له‌ پێکهاته‌ خێڵه‌کییه‌ نیوه‌چڵ و به‌دگۆڕه‌‌که‌یدا هه‌مان سیسته‌م و شێوازی سه‌رمایه‌داری به‌کار ده‌هێنێ. چونکه‌ مه‌رجی سه‌رکه‌وتنی ژیانی مرۆڤ له‌ کوردستاندا، له‌ پاره‌ و کاڵادا کۆرت کراوه‌ته‌وه‌، به‌مه‌ش مرۆڤی کورد له‌ هه‌رێمی کوردستان بووەتە کۆیله‌ی مه‌سره‌ف و به‌ها‌ کاڵایییه‌کان. له‌ کوردستاندا مرۆڤ له‌ ئاستێکی ئاڵۆزدا، که‌ نه‌ به‌رهه‌می جیهانێکی نوێباوه‌ و نه‌ وه‌ک کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی ده‌ره‌به‌گی و سروشتیش ده‌ژی. که‌واته‌ له‌ کۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه‌دا تاکەکان له دوو دیوه‌وه‌ ده‌ناڵێنن: له‌ لایه‌ک له‌ لایه‌ن مۆده‌ و شته‌ ڕووکه‌شه‌کانی بازاڕی سه‌رمایه‌داری و له‌ لایه‌کی دیکەشەوە، به‌ مه‌رجه‌کانی نه‌ریتی کۆمه‌ڵگه‌ و ده‌سه‌ڵاتێکی ره‌فتار خێڵه‌کییه‌وه‌ ده‌تلێته‌وه‌. بۆیه‌ به‌ڕای من، ئه‌و به‌‌دگۆڕانبوونه‌ی که‌ ئه‌مڕۆ ژیانی مرۆڤی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستی به‌گشتی و مرۆڤی کوردی به‌تایبه‌تیش به‌ ده‌ست مه‌رجه‌ سه‌پێنه‌ره‌کانی ده‌سه‌ڵات و کۆمه‌ڵگه‌ی سه‌رمایه‌دارییه‌وه‌ دووچاری بووه، ته‌نیا له‌ ڕووی شێوه‌وه‌ لەگەڵ به‌‌دگۆڕانبوونه‌کەی که‌ کافکا باسی ده‌کا جودایه‌.

112269778_31_WORLD_345838c
لێره‌دا نیازمان نییه‌ ئه‌و نووسینه‌ ته‌رخان بکه‌ین بۆ کێشه‌کانی پێکهاتی کوردی و گرفته‌کانی، به‌ڵام خوێنه‌ر به‌ده‌م خوێندنه‌وه‌ی ئه‌م بابه‌ته‌وه‌ ده‌توانێ بۆ خۆی جیاوازی و لێکچوونه‌کانی دۆخی ئه‌و ژیانه‌ نوێیه‌ی کوردستان و ئه‌و جیهانه‌ی که‌ کافکا باسی ده‌کا، به‌راورد بکا. خوێنه‌ر به‌ده‌م ئه‌و خوێندنه‌وه‌یهوە‌ ده‌توانێ ئه‌و ناخه‌ داڕماو و ڕمۆزنبووەی خه‌ڵک بناسێته‌وه‌ که‌ چۆن به‌ دوای به‌ها مادییه‌کانه‌وه‌ هه‌لاهه‌لا بووه‌.که‌واته‌ ئه‌وه‌ی که‌ ئه‌و ڕۆمانەکەی کافکا به‌هادار ده‌کا، خودی مه‌سخبوونه‌، که‌ ئه‌مه‌ش زه‌مینه‌ بۆ ئه‌وه‌ خۆش ده‌کا تاکو له‌و ئاسته‌نگه‌ بوونگه‌رایییه‌ی مرۆڤ تێبگه‌ین.

گریگۆر سه‌مسا هێمایه‌که‌ بۆ دۆخ و چاره‌نووسی مرۆڤ، هه‌روا خودی کافکاش که‌ پیشه‌که‌ی خۆی به‌ دڵ نییه‌ که‌ به‌سه‌ریدا سه‌پێنراوه‌. لێ ئه‌و به‌رپرسیاره‌ سه‌پێنراوه‌ی که‌ مرۆڤ ناتوانێ رایپه‌ڕێنێ. ئاکامی ئه‌و ناچارکردنه‌ش ده‌بێته‌ په‌شۆکاوییه‌کی ده‌روونی، واتا مرۆڤ ده‌بێته‌ قوربانیی ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ نادیاره‌ سزاده‌ره‌ی که‌ بڕیارده‌ره‌ به‌ سه‌ر ژیان و بوونمانه‌وه‌. ئه‌مه‌ش تووشی هاوڕێکییه‌کی ناوه‌کیی بێکۆتایییمان ده‌کا. گریگۆر کارمه‌ندێک بوو، کاتێک گریگۆر سه‌مسا ده‌بێته‌ قالۆچه‌ له‌ ناخه‌وه‌ هه‌ست به‌ ململانێیه‌کی سه‌خت ده‌کا و که‌چی وێڕای ئه‌مه‌ش هه‌وڵ ده‌دا بچێته‌ سه‌ر کارەکەی. ‌بۆیه‌ دەڵێت: “خوایه‌ پیشه‌یه‌کی چه‌ند سه‌ختم هه‌ڵبژارد.” لێره‌وه‌ ده‌بینین که‌ مرۆڤ به‌رده‌وام هه‌ست به‌ بێده‌سه‌ڵاتیی خۆی ده‌کا، به‌تایبه‌تیش له‌م ڕۆژگاره‌ی که‌ پارت و ده‌سه‌ڵات بۆ بژێوی و به‌رده‌وامیی ژیان وه‌ک گریگۆر سا‌مسا مرۆڤ ناچاری به‌دگۆرانبوون بکا، هه‌رچه‌نده‌ ئه‌و کار و ژیانه‌شی به‌دڵ نییه‌. گریگۆر هه‌ر ته‌نێ تووشی ده‌ردی ده‌روونی نابێ، به‌ڵکو ڕمۆزنیش ده‌بێ، لێره‌وه‌ ده‌بینین که‌ گریگۆر سه‌مسا بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ست به‌ بوونه‌که‌ی بکا، هیچ هه‌ڵبژاردنێکی دیکه‌ی بۆ نه‌ماوه‌ته‌وه‌ ته‌نیا بوون به‌ قالۆچه‌ نه‌بێ، ئه‌مه‌ش تاکو ئازاد بێ له‌و ژیانه‌ سه‌پێنراوه‌. هه‌ر بۆیه‌ ڕه‌نگه‌ له‌و ژیانه‌ ناچارکراوه‌ماندا به‌دگۆرانبوون بۆ شتێکی تر یان بوون به‌ بوونه‌رێکی دیکە، ته‌رزه‌ رێگه‌یه‌ک بیت بۆ ئازادکردنی ژیانه‌که‌مان، هه‌روا تاکو بتوانین له‌ شێوه‌یه‌کی دیکه‌دا خۆمان بنوێنین. هاوکات ڕه‌نگه‌ تاکو ئه‌و واقیعه‌ بکه‌ینه‌ شتێکی دیکه‌ یان تاکو ئازاد بین له‌و هه‌موو گوناه ده‌رده‌سه‌رییه‌‌ی که‌ هه‌ست و ده‌روونمانیان ته‌نیوه‌ته‌وه‌. به‌م جۆره‌ ده‌بینین کافکا له‌و ڕۆمانه‌دا دۆخێکی تراژیدی وێنا ده‌کا که‌ مرۆڤ تێیدا زیندانێکی ئازاده‌ و هه‌موو رۆژ به‌ تاوانێکی ده‌روونیی دژواردا سزا ده‌درێت.

لێره‌دا ناکرێ ئه‌وه‌ له‌‌ یاد بكه‌م که‌ ئه‌مڕۆ له‌ کوردستاندا ئه‌و ژیانه‌ ده‌عه‌جانکراوه‌ ناخی کۆمه‌ڵگه‌ی کوردی ته‌نیوه‌ته‌وه‌. مرۆڤی کورد ده‌رگیری دۆخێکه‌ که‌ کتومت به‌ دۆخی گریگۆر سه‌مسا ده‌چێ. له‌وێدا مرۆڤ ناچاره‌ ئه‌و پرۆسه‌ی مێگه‌لاندنه، ئه‌و به‌ماده‌کردن، به‌واسیته‌کردن، به‌حزبیکردن و‌ به کاڵاکردنه‌ قه‌بووڵ بکا، تاکو مه‌رجه‌ سه‌پێنراوه‌کان پڕ بکاته‌وه، کارێک په‌یدا بکا و له‌ ده‌ست لۆمه‌ی ماڵ و خێزان و کۆمه‌ڵگه‌ رزگار ببێت.

هه‌رچۆنێک بێت، له‌ به‌شی دووه‌می رۆمانی مەسخدا گریگۆر سه‌مسا به‌ جۆرێک هه‌ست به‌ جه‌سته‌ی خۆی ده‌کا که‌ ته‌واو جودایه‌ له‌و جه‌سته‌یەی جارانی. بۆیه‌ کاتێک ئه‌و ڕۆژانه‌ به ‌سه‌ر دیواره‌کانه‌وه‌ هه‌ڵده‌گه‌ڕێ هه‌ست به‌ جۆره‌ به‌خته‌وه‌رییه‌ک ده‌کا. چونکه‌ ئه‌و ئێستا هه‌ست به‌ ئازادی ده‌کا، له‌و ئازادییه‌شدا هه‌ست ده‌کا باڵاده‌سته‌ به‌سه‌ر ژووره‌که‌ی خۆیه‌وه‌، ئه‌و ژووره‌ش وێنه‌یه‌که‌ له‌و جیهانه‌ داسه‌پاوه‌ی که‌ ئه‌و خۆی تێیدا ده‌بینێته‌وه‌.

ڕه‌نگه‌ ئێمه بۆ ئه‌وه‌ی بیر له‌ ڕەسەنێتی بوونمان نه‌که‌ینه‌وه‌، خۆمان گێل بکه‌ین له‌و وێناندنه‌ خه‌مهێنه‌ره‌ی که‌ کافکا له‌و به‌رهه‌مه‌ و ته‌واوی به‌رهه‌مه‌کانی دیکه‌ی پێشکه‌شی ده‌کا. چونکه‌ کافکا ئه‌و ده‌مامکه‌ له‌ بیچمی جیهانی مرۆڤدا داده‌که‌نێ که‌ له‌ ڕووی ده‌ره‌کییه‌وه‌ به‌ جۆرێک خۆی نیشانده‌دا که‌ زۆر ڕێکوپێکه‌. لێ له‌ پشت ئه‌و ڕێکوپێکییه‌دا خودی ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ نادیاره‌ی که‌ مرۆڤی ئه‌مڕۆکه‌ی ئیفلیجکردووه، ئاماده‌یه‌. که‌چی مرۆڤ هه‌میشه‌‌ خۆی له‌وه‌ گێل ده‌کا که‌ له‌ خۆی بپرسێ: “ئاخۆ ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ نادیاره‌ له‌ کوێیه‌ که‌ به‌ خۆی ڕه‌وا ده‌بینێ به‌ که‌یفی خۆی جڵه‌ومان بکا؟ ئه‌وه‌ چییه‌ که‌ هانمان ده‌دا به‌ هه‌ڵپه‌هه‌ڵپ به‌ دوای ده‌سه‌ڵاتدا رابکه‌ین؟ هاوکات کاتێک نه‌مانتوانی ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ ده‌سته‌به‌ر بکه‌ین، هه‌ست به‌ بێهووده‌یی و نووشستی خۆمان بکه‌ین؟” ئه‌وه‌ مه‌رجه‌ سه‌پێنراوه‌کانی خێزان، کۆمه‌ڵگه‌ و ده‌سه‌ڵاته‌ که‌ وامان لێ ده‌کا ڕقمان له‌ پیشه‌ و خودی ژیانه‌که‌شمان ببێته‌وه. ئێمه‌ له‌ به‌رانبه‌ر ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌دا هیچی ترمان له‌ ده‌ست نایێ بێجگه‌ له‌وه‌ی که‌‌ هه‌ست به‌ تاوانباریی خۆمان بکه‌ین و دواجاریش وه‌ک گریگۆر سه‌مسا، به‌ده‌ست ئه‌و هه‌موو ئازاره‌ی که‌ له‌ ژیانماندا چێشتوومانه مەسخ بین و له‌ ناخماندا بگۆڕێین بۆ بوونه‌وه‌رێکی بێزه‌وه‌ر. بێئاگابوونی مرۆڤ له‌و دۆخه‌ی خۆیدا، له‌ بنه‌ڕه‌تدا واتا ده‌سه‌ڵات ئاگایی مرۆڤی سڕیوه‌ته‌وه‌ یانیش ده‌سه‌ڵات خۆی، ئاگایی له‌ ناو خۆیدا سڕیوه‌ته‌وه.

هاوبەشی بکە

Kafka, Metamorphosis, Muhamad Ali,