23/07/2024
DidiMn Logo
Top

مەسخ‌ـی کافکا لەسەر تەختەی شانۆ

لە لایەن دیدی من 8 ساڵ پێش ئێستا

دیدی من – زە گاردیان، ڕۆیاڵ ئۆپێرا

ئامادەکردن وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە: ساڤان ئاکۆ، لاوک ئەبوبەکر

کابووسێکی سوریالی ڕەش، لە شانۆیییەکی سەماییی ئارسەر پیتاـدا هاوار دەکات، کە ڕۆمانی مەسخ‌ـی فرانز کافکاـیە بۆ نماییشی شانۆیی ئامادە کراوە. شانۆیییەکە لە ڕۆیاڵ هاوس نماییش کراوە و ڕۆڵی سەرەکی و گریگۆر سامسا، لە لایەن ئیدوارد واتسن‌ـەوە دەگێڕدرێت. ئەمەی خوارەوە، خوێندنەوەیەکە بۆ ئەو نماییشە:

ئەو مرۆڤانەی لەگەڵ ستانداردە باوەکاندا ناگونجێن، زۆرجار وەک ئاژەڵێکی نەخوازرا، ڕمۆزنبوو، مشک یان هەر ئاژەڵێکی دیکە، سوکایەتییان پێ دەکرێت. ئەم جۆرە ناولێنانانە، قوربانییەکان دەخەنە چوارچێوەیەکەوە، کە چی تر هەژماری مرۆڤیان بۆ ناکرێت. چیرۆکی مەسخ، وێنەی ئەوە دەکێشێت کە چۆن قوربانی و خێزانی قوربانییەکە خۆیان ڕادێنن بەم گۆڕانکارییە لەپڕەی لە دۆخی قوربانییەکەیاندا ڕوو دەدات. بە بێ ئەنجامدانی هیچ تاوانێک، قوربانییەکە هەست بە تاوان دەکات و لە لایەن خێزان و هاوڕێکانییەوە حاشای لێ دەکرێت؛ ئەم چیرۆکە ڕەنگدانەوەی ژیانی ئێمەیە.

ڕۆمانەکەی کافکا، بەم دێڕە دەست پێ دەکات:
“گریگۆر سامسا بەیانییەک لە خەوێکی نائارام خەبەر دێت و دەبینێت لەناو جێیەکەیدا گۆڕاوە بۆ جانەوەرێکی گەورە.”
لە نماییشەکەیدا، ئارسەر پیتا لەسەر ئایدیای خەوی نائارام کار دەکات، وەک بڵێیت هەرگیز دڵنیا نەبووین کە کابووسەکەی سامسا چییە و ژیانە ڕاستییەکەی چییە. نماییشەکە بە موزیکێکی خێرا و ژەهراوی زیاتر جەخت لەسەر ئەو دۆخە دەکاتەوە.

:دیمەنێک لە شانۆییەکە

ئیدوارد واتسن، کە ڕۆڵی گریگۆر سامسا دەبینێت، لەدوای دە خولەک بێزاری لە چەند جارێک چوون و گەڕانەوەی بۆ سەر کار، کاتێک  زەنگی کاتژمێرەکە لێ دەدات و هیچ پەرچەکردارێکی نییە، گۆڕانێکی وردی تێدا دەبینرێت، پاشان واتسن مەلافەکەی لا دەبات و لەسەر پشت پاڵ دەکەوێت، دەست و قاچەکانی بۆ سەرەوە بەرز دەکاتەوە و پەنجەکانی گرژ دەکات، لەسەر جێیەکەی دەکەوێتە خوارەوە و بە تۆپەڵێک ڕەشایی دەڕشێتەوە سەر زەوییەکە. بەم دیمەنە، حەوزێکی ڕەش بەسەر دیکۆرە تەواو سپییەکەدا دروست دەکات، بە ڕادەیەک کە تەواوی ژوورەکە بە شلەمەنییەکی ڕەش و قاوەیی دادەپۆشێت؛ ئەمە دوابەدوای زنجیرەیەک کابووس دێت، کە لەڕادەبەر بەهێز و نائارام و لەیادنەکراو بوون. لەگەڵ هەموو ئەمانەدا، موزیک و سەما هاودەمی گۆڕانەکەی سامساـن بەرەو شێتگیری؛ نماییشەکە قوڵتر و قوڵتر بۆ ناو خۆی نغرۆت دەکات.

لە نماییشەکەدا، کاریگەریی واتسن لە ڕۆڵی سامساـدا، لەسەر هەر تاکێکی خێزانەکەی زۆر بەڕوونی و نایابی کێشراوە؛ دایکە وەسواسەکەی گیر دەخوات لە نێوان دڵسۆزبوون و قێز لێ کردنەوە، باوکە هەمیشە سەربەرزەکەی شەرمەزاری و قێز لێ بوونەوەکەی دەشارێتەوە. پەیوەندییە سەیرەکە لە نێوان سامسا و خوشکە بچووکەکەیدایە، کە لاورا ڕۆڵی دەگێڕێت؛ بەدڵسۆزی بۆ براکەی دەست پێ دەکات و هێواش هێواش دادەبەزێت بۆ تیرۆرکردنی.

لەم نماییشەدا، واتسن باشترین دیمەن پێشکەش دەکات؛ ڕوانینە پڕۆلیتارییە خاڵییەکەی، گونجاوە بۆ بێزارییەکەی ژیانی سامسا، پێش بەدگۆڕانەکەی، هەروەها پەنجە پێچخواردووەکانی بەکار هاتووە بۆ دۆزینەوەی دەوروبەرەکەی، وەک خشۆکێک کە بە زمانی تامی هەوا دەکات. هەموو ئەمانە بەستراونەتەوە بە تەکنیکە بێ خەوشەکەی واتسن و دێڕەکانی گریگۆرـەوە لە مەسخ‌ـدا، کە پێیەکانی بەفراوانی درێژ دەکاتەوە و سەرکەوتنی بە دیواری ژوورەکەدا بەنایابی لەگەڵ جوڵەکانی ڕێک خراوە. لەکۆتاییدا وەک ئەوەی بەڕاستی باڵی لێ ڕوابێت، لەژوورەکەی ڕادەکات؛ لە کاتی تاماشاکردنی ئەم دیمەنانەدا، جگە لە هەستکردن بە ئازار بۆ ئەم بوونەوەرە بەهەڵە لێ تێگەیشتراوە، هیچی دیکەت بۆ ناکرێت. سەرەکیترین هۆکار بۆ ئەم دروستبوونی ئەم هەستەش، پەیوەندیی بەهێزی واتسن‌ـە بە بینەرەکانەوە، کە وەک ئەوەی لە دەقەکەدا هەیە، گریگۆر سامسا بەرجەستە دەکات.

:کۆمەڵێک وێنەی تایبەت با شانۆییەکە ببینن

هاوبەشی بکە

Kafka, LawkAbubakr, Metamorphosis, SavanAko, Shano,