25/04/2024
DidiMn Logo
Top

گفتوگۆ لەگەڵ ڕاڤیار نەوزاد، نووسەر و دەرهێنەری شانۆیی پرتەقاڵی خوێن

لە لایەن دیدی من 6 ساڵ پێش ئێستا

ڕاڤیار نه‌وزاد

دیدی من ئاراس عه‌بدوڵا

ڕاڤیار نەوزاد: ئەم نمایشە لەسەر دوو ئاراستەی گرنگی مێژووی شانۆ، شانۆی توندوتیژی و ئەنتوان چێخۆف، بونیاد نراوە.

 

پرتەقاڵی خوێن دوایین کاری شانۆیی گرووپی پانتایی شانۆی واڵایە، ڕۆژی شەممە، ١١/١١/٢٠١٧ و ڕۆژانی دوایی سەعات ٣:٣٠ خولەکی دوانیوەڕۆ لە هۆڵی پەیمانگای هونەرە جوانەکانی شاری هەڵەبجە، یەکەم ڕۆژی نمایشیەتی. ماڵپەڕی کلتووریی دیدی من سپۆنسەری ئەم نمایشەیە و زانیاری دەربارەی شێوازی کارکردن و وردەکاریی دەرهێنانی نمایشەکە بە گفتوگۆکردن لەگەڵ ڕاڤیار نەوزاد کە کاری نوسیین و دەرهێنانی بۆ شانۆییەکە کردووە، بۆ خوێنەران دەخاتە ڕوو.

لە وەڵامی پرسیاری ئەوەی تێکستی ئەم نمایشە چۆن نووسراوە و ئایا کار بە تەکنیکێکی دیاریکراوی شانۆیی لە داڕشتنی کەسایەتییەکاندا کراوە، ڕاڤیار نەوزاد بۆ دیدی من گوتی: ”نمایشی ماڵی باوکم لە ساڵی ٢٠١٢دا بۆ من خاڵی گۆڕانکاری بووە لە شێوازی مامەڵەکردن لەگەڵ دەق دا. یەکێک لە خاڵە گرنگەکان لە دوای ئەو ئەزمونەوە بۆم ڕوون بووەوە، ئەوە بوو کە زیندوویی دەق لە کاتی نمایشدا وابەستەیە بە زیندوویی دەق لە کاتی پڕۆڤەکردندا. پرتەقاڵی خوێن لەسەر دوو ئاڕاستەی گرنگی مێژووی شانۆ لە ڕووی دەق و نمایش و پانتاییەوە بونیاد نراوە: شانۆی توندوتیژی و ئەنتوان چێخۆف. بەتایبەتتر لە ڕووی دەقەوە زۆر هەوڵم داوە بە پەیڕەویکردن لەو ڕیتم و موزیکە تایبەتەی کە لە دەقەکانی چێخۆفدا هەیە، بەتایبەتی لە باخی گێلاس و نەوڕەسدا، سەرجەم مەنەلۆژ و حاڵەتەکانی ناو دەق لەوێوە بونیاد بنێن، بە هێشتنەوەی پانتاییەکی فراوان بۆ ئیرتیجالی کاتی پڕۆڤە و لەدەستنەدانی ئەو ڕۆحیەتە توندگوتیژەی کە بە پەیڕەویکردن لە ئەنتوان ئاڕتۆ لە ناو نمایشدا هەیە و هێشتنەوەی لە ناو دەقدا. واتە ئێمە لە سەرەتادا ڕەشنووسێکی نووسراومان هەبووە و دواتر بەپێی گۆڕانکارییەکانی پڕۆڤە دەقەکە بەرەوپێش چووە.”

دەربارەی دیدی دەرهێنەر بۆ خوڵقاندنی فەزا لەم نمایشەدا، کە سوودی لە چ شێوازێکی شانۆیی بینیوە، گوتی: ”پانتایی ڕۆڵێکی زۆر گرنگ و کاریگەریی هەیە لەم نمایشەی ئێمەدا، ئێمە هەوڵمان داوە پانتایی نماییشەکەمان پانتاییەکی تەواوکەری نێوان نمایش و بینەرەکەی بێت، هەوڵی ئەوەمان نەداوە وەهمی ماڵێک بۆ بینەرەکەمان بخوڵقێنین (چیرۆکی نمایشەکەمان سەبارەت با ماڵێکی کوردییە)، بەقەد ئەوەی هەوڵمان داوە ماڵ لە یادەوەریی بینەرەکانماندا زیندوو بکەینەوە، ئەویش بە کارکردن لەسەر خەیاڵی بینەر و بە بەتاڵ جێهێشتنی زۆرینەی پانتایی ماڵەکەمان بۆ خەیاڵی بینەر.”

هەروەها دەربارەی مامەڵەکردن لەگەڵ ئەکتەر و پەیوەندیی وەرگر و نمایش، دەرهێنەر گوتی: ”لە سەرەتای پڕۆڤەدا کارەکتەری ئامادە لە بەردەست ئەکتەرەکاندا نەبووە، وەک ئاماژەم پێ کرد لە سەرەتادا بە نیوەی دەقەوە (ئەگەر گونجاو بێت ناوی بنێین دەق) چووینە پڕۆڤە. هەموو ئەکتەرەکان بە بەرچاوی خۆیانەوە ڕۆژ بە ڕۆژ و لە پرۆڤەدا کارەکتەرەکانیان گەشەیان دەکرد و لەگەڵیان دەژیان و ناویان لێ دەنان. ئەمەش بە مەبەستی زیندووهێشتنەوەی پەیوەندیی ئەکتەر و کارەکتەر. لە کۆتاییشدا کۆتا ڕۆژی نمایش، کۆتا ڕۆژی گەشەی کارەکتەرەکان دەبێت، کۆتا بینەریش کۆتا کەسە کە لە خەیاڵی خۆیدا کۆتا چیرۆکی نمایش تەواو دەکات، لەبەر ئەوەی کۆتایی لای ئێمە نییە و لای بینەرە.”

لە کۆتاییدا سەبارەت بە سینۆگرافیا، هۆڵ و فەزای گشتیی نمایش، ناوبراو گوتی: ”بە پەیڕەوکردن لە ئەنتوان ئاڕتۆ و شانۆیی توندوتیژی، سەرجەمی ئەو چەمکانە بەرهەم هێنراون. بۆ ئێمە دوو چەمک زۆر گرنگن لەم نمایشەدا: زیندوویەتی و جیاوازی. زیندوویەتی بە جۆرێک بینەر لە کۆتاییدا هەست نەکات بەرانبەر حاڵەتێکی ئامادەکراو وەستاوە، کە ئەمە لە شانۆدا زۆر سەختە، بەڵام ئێمە هەوڵی زۆرمان بۆی داوە. جیاوازییش بە جۆرێک کا ربکەین کە کارەکەمان نە لە ڕووی فۆڕمەوە و نە لە ڕووی ناوەڕۆکەوە لە کاری هیچ کەسێک و هیچ بەرهەمێكی پێشووتری خۆمان بچێت.”

جێی ئاماژەپێکردنە لەبەر نەبوونی هۆڵێکی شیاو و بچووکیی هۆڵی نمایش، بۆ دەستەبەرکردنی بینینێکی گونجا و یەکسان بۆ سەرجەم بینەران لەم نمایشەیاندا، ستافی شانۆیی پرتەقاڵی خوێن، ژمارەی بینەرانیان دیاری کردوە و بلیتبڕین پێشوەختە دەبێت. بینەران دەتوانن بۆ دەستخستنی بلیت و دیاریکردنی ڕۆژ پەیوەندی بکەن بەم ژمارەیەوە: 07503523535

هاوبەشی بکە

Prtaqaly Xwen, Ravyar Nawzad, Shano,