06/12/2024
DidiMn Logo
Top

خوێنەر و کتێب: هەستکردن بە ئازار و ترس لە ڕۆمانی کۆلۆنێڵ‌ـدا

لە لایەن دیدی من 8 ساڵ پێش ئێستا

دیدی من – خوێنەر و کتێب

کتێب: کۆلۆنێڵ
نووسەر: مەحمود دەوڵەت ئابادی
خوێنەر: خوناو زەنگەنە

مه‌حمود ده‌وڵه‌ت ئابادی، یه‌كێكه‌ له‌ ڕۆماننووسه‌ به‌ناوبانگه‌كانی ئێرانە، به‌ جۆرێک كه‌ هه‌ندێک له‌ ڕه‌خنه‌گره‌كان به‌ تۆلستۆی، به‌لزاک و كافكاـی ئێران ناویان بردووه‌. ئه‌م نووسەرە پێگه‌یه‌كی گه‌وره‌ی هه‌یه‌ له‌ دونیای ئه‌ده‌بدا.

ڕۆمانی کۆڵۆنێڵ، کە یەکێکە لە بەرهەمە ئەدەبییەکانی دەوڵەت ئابادی،‌ له‌ نێوان ساڵانی 1983 بۆ 1985 نوسیووه،‌ له‌و‌ سه‌رده‌مه‌ی كه‌ وڵاتی ئێران له‌گەڵ وڵاتی عێراق لە دۆخێ جەنگدا بووه‌، باس له‌ سه‌رده‌می سه‌ركوتكردنی ئه‌و پارتانه‌ دەکات، كه‌ له‌و سه‌رده‌مانه‌ هه‌بوون. ئێران بوو به‌ گۆڕه‌پانی سه‌ركوتكردن، تیرۆر و زیانگه‌یاندن، كه‌ ئه‌م هه‌سته ‌له‌ زیادبووندا بوو لای هه‌ر تاكێک كه‌ ویستبێتی  ببێته‌ چالاكوانێكی كۆمه‌ڵایه‌تی یان سیاسی، لێره‌دا  نووسه‌ر ڕه‌خنه‌ له‌ ئایدۆلۆژیای شۆڕشی ئیسلامی دەگرێت. ناوه‌ڕۆكی ئه‌م ڕۆمانه‌ ده‌رباره‌ی یه‌كێكه‌ له‌ ئه‌فسه‌ره‌كان و منداڵه‌كانی، كه‌ هه‌موویان به‌ ڕێگە تایبه‌تییه‌كی خۆیان قوربانی ئه‌و شۆڕشه‌ بوون.

Mahmoud_Dowlatabadi_Doulatabadi-Mahmud-Koeln-230910
لەم ڕۆمانەدا بێئومێديیه‌كى زۆر به‌دی ئه‌كرێت، بێئومێدى له‌ هه‌موو شته‌كان، چاودێریی هه‌موو شتێک دەکرێت له‌ ژيانى ڕۆژانه‌ى كه‌سه‌كاندا، كه‌ له‌ ڕاستيدا ئه‌مه‌ش بۆ ئه‌وان ژيان نیيه‌ و ته‌نها مردنێكى له‌سه‌رخۆيه‌. كه‌سايه‌تیی کۆلۆنێڵ، كه‌سايه‌تیيه‌كی گه‌وره ‌و سه‌رنجراكێشه‌، كه‌ خۆى له‌ كۆلۆنیڵ ته‌قى دەدۆزێتەوە، کە سەربازێکی قارەمان و دڵسۆزە. له‌م رۆمانه‌دا، ژيانى كۆلۆنێڵ تاریکستانە، كه‌ نابێت له‌ ڕووداو و پێشهاته‌كان سه‌رى سووڕ بمێنێت، پاڵه‌وانی ئه‌م ڕۆمانه‌ هه‌میشه‌ گوتوویەتی “من ماوه‌یه‌كه‌ هه‌وڵم داوه‌ كه‌ هیچ ڕووداو و بیستنی هیچ شتێک تووشی سه‌رسوڕمانم نه‌كات.” ورده‌كاریی ئه‌مه‌ دواتر له‌ ڕۆمانه‌كه‌دا ده‌رده‌كه‌وێت، كه‌ پێچه‌وانه‌كه‌ی ڕوودەدات و شته‌ له‌ناكاوه‌كان دێنە بوون، دەبنە هۆی ئه‌وه‌ی ‌كه‌ زۆر شت له‌ده‌ست بدات، مناڵه‌كانى، خيزانه‌كه‌ى، ميژووى و ته‌نانه‌ت کۆتایییە دڵتەزێنەکەی خۆى، گرتن و ئه‌شكه‌نجه‌دانی گه‌نجه‌كان و له‌ سێدارەدانی كچه‌ گه‌نجه‌كه‌، كه‌ ئەمانەش له ‌ده‌رئه‌نجامى ئایدیای جياواز، كه‌ له‌ ناو خێزانه‌كه‌يدا هه‌بووه‌ و بووه‌ته‌ هۆى ئه‌وه‌ى هه‌موو خه‌ونه‌كانيان لە ناو ببات. به‌ڵام سەرەڕای نائومێدییەکان، ژيان هه‌ر به‌رده‌وامه‌.

بیرۆكه‌ی سه‌ره‌كیی ئه‌م رۆمانه‌ بریتییه‌ له‌ هه‌ستكردن به‌  خودی ئازار و ترس، كه‌ چووته‌ ناو ناخه‌كانه‌وه‌. دوای هه‌موو شۆڕشێک، له‌ ناوه‌ڕاستی شه‌ڕ یان له‌ كاتی سه‌ركوتكردندا، هه‌ستكردن به‌و ترسه‌ زۆره‌ی كه‌ له‌ هه‌موو شوێنێک چاوه‌كان چاودێریت ده‌كه‌ن؛ ئه‌مه‌ وه‌كو كورته‌يه‌ک ده‌رباره‌ى ئه‌م رۆمانه‌ جوانه‌، كه‌ له‌ كۆتاییدا دەبێتە ئه‌وه‌ی كۆلۆنێڵ خۆی به‌ شكستخواردوو به‌رامبه‌ر به‌ مردن بزانێت و به‌ ده‌ستی خۆی و به‌ خه‌نجه‌رێک، خوێنبه‌ره‌كانی دەبڕێت.

 به‌ڵام ئه‌وه‌ى كه‌ جوانتره‌، وه‌رگێران و ده‌ست و خامه‌ ڕه‌نگينه‌كه‌ى وەرگێڕ، ئازاد به‌رزنجی‌ـیە، كه‌ سه‌ره‌ڕاى زۆرى نائومێدیيه‌كان، له‌م ڕۆمانهدا‌ ئومێدێكى جوان به‌ خوێنه‌ر ده‌دات و په‌يامه‌كه‌ى خۆى بەجوانی گەیاندووە.

هاوبەشی بکە

Mahmoud Dawlat Abadi, The Colonel, Xwenar w Kteb, Xwnaw Zangana,