21/10/2019
DidiMn Logo
Top

گفتوگۆ لەگەڵ هارۆلد پینتەر، بەشی سێیەم

لە لایەن دیدی من 3 ساڵ پێش ئێستا

British playwright, actor, screenwriter and director Harold Pinter, circa 1985. (Photo by Gemma Levine/Hulton Archive/Getty Images)

دیدی من – وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە: د.فازیل جاف

ئەم دیمانەیە  لە لایەن (لۆرانس م)ەوە ساز دراوە، بۆ یەكەم جار لە ساڵی 1966 لە پاریس بڵاوکراوەتەوە.

کلیک لێرە بکە بۆ خوێندنەوەی بەشی یەکەم

کلیک لێرە بکە بۆ خوێندنەوەی بەشی دووەم

هیچ ئارەزوویەكی تایبەتیت هەیە لە سایكۆلۆجیا؟

نە.

هەرگیز نە؟ ئەی هیچ مەبەستێكت لە مێشكدا  نییە سەبارەت بە نووسینی قسەكانی برا گەوەركەیان كە لە دیمەنی دووەمی “پاسەوان” دا باس لە  گرفتەكانی خۆی دەكات، كاتێك كە لە خەستەخانەی دەروونی بوو؟

بێگومان، مەبەستم هەبوو لە وەی كە ئاستون لەناكاودا دەمی دەكاتەوە. مەبەستی من ئەوە بوو لێی گەڕێم قسە بكات تا قسەكانی تەواو دەكات ئەمجا…پەردە دادەرێتەوە. من هیچ مەبەستێكی تایبەتیم لەوەدا نییە. تاكە شتێكیش كە خەڵك بۆی نەچوون ئەوەیە كە پێویست ناكات بگەنە ئەو ئاكامەی گوایە هەموو شتێك كە ئاستون دەربارەی ئەزموونی خۆی لە خەستەخەنادا باسی دەكات دەبێت راست بێت.

جۆرە هەستپێكردنێك بە تێرۆر و هەڕەشەی تووندوتیژی لە زۆربەی هەرە زۆری شانۆنامەكانتدا هەیە. تۆ بەڕاستی جیهان لە جەوهەردا وەكو جێگایەك بۆ تێرور دەبینی؟

جیهان تابڵێی جێگای تووندوتیژییە، ئەمە كورت و ئاسان وایە، لە بەرئەوە هەر تووندوتیژییەك لە شانۆنامەكانمدا هەبێ زۆر ئاسایییە. پێم وایە ئەمە  فاكتۆرێكی جەوهەری و حەتمییە.

وابزانم ئەوەی تۆ باسی دەكەیت لە “كارەكەری بێدەنگ”دا دەستی پێكرد، كە بە بڕوای من كارێكی تاڕادەیەك بچووكە. تووندوتیژی لە راستیدا گۆزارەیە تەنیا لە مەسەلەی زاڵبوون و خۆبەدەستەوەدان، كە لەوانەیە بابەتێك بێت لە شانۆنامەكانمدا زۆر دووبارە دەبنەوە. ماوەیەكی زۆر لە مەوبەر كورتە چیرۆكێكم نووسی بە ناوی “تاقیكردنەوە” هەموو هزرێكم دەربارەی تووندوتیژی لەوێوە سەرچاوە دەگرێت . ئەم چیرۆكە كورتە رێك دەربارەی دوو كەسە، هەردوو لە  ململانێدان لە سەر سروشتێكی نادیار،  كێشەكە تێیدا لەوەدا بوو كە كامیان زاڵە و كەی زاڵ دەبێت و چۆن زاڵ دەبێت و چی ئامرازێك بۆ زاڵبوون بەكار دەهێنن  و چۆن هەوڵدەدەن بەربەرەكانیی زاڵبوونی  یەكدی بكەن. هەڕەشەیەكی بەردەوام لە ئارادایە:  هەڕەشەكە بەندە بەم مەسەلەی بوون لە بەرزترین پایەدا، یان هەوڵدان بۆ گەیشتن بە بەزترین پایە. ئەمە شتێك بوو رایكێشام بۆ ئەوەی  سیناریۆی فیلمی “كارەكەر” بنووسم، كە وەكو دەزانیت چیرۆكی كەسێكی دیكە بوو. من ناوی تووندوتیژیی لێ نانێم، بە قەدەر ئەوەی كە ململانێیە لە پێناوی پایەدا، ئەمە شتێكی گەلێ باو و رۆژانەیە.

دوا شریتی کراپ

دوا شریتی کراپ

روبێرت بروستاین دەربارەی  شانۆی مۆدێرن گووتویەتی، درامانووسی یاخی دەبێت بە ئیڤانگلیست( موژدەبەخشی ئایینی). قەناعەت بە خەڵك دێنێت بۆ ئەوەی بێنە سەر باوەڕی ئەو. خۆت لەو رۆڵەدا دەبینی؟

نازانم باسی چی دەكات. من نازانم  لە پێناوی چ باوەڕێكدا  دەبێت قەناعەت بە خەڵك بێنم.

شانۆكارێكی پێشبڕكێ ئاسایە. تۆ وەكو نووسەر، دەزانیت كە پێشبڕكێ لە گەڵ شانۆنامەنووسانی دی دەكەیت؟

  نووسینی باش دەمورووژێنێت، وا لە ژیان دەكات كە شایستەی ئەوە بێت بیژێیت. من هەرگیز هەست ناكەم هیچ پێشبڕكێیەك لە گۆڕێدا بێت.

ئەو شتانە دەخوێنیتەوە كە دەربارەت نووسراون؟

بەڵێ، زۆربەی جار تێناگەم باسی چی دەكەن، لە راستیدا تەواویان ناكەم. یان ئەوەتا دەیانخوێنمەوە و لە بیرم دەچنەوە_ ئەگەر پرسیارم لێ بكەیت دەربارەی چی دەدوێن، بەحاڵ لێیان تێدەگەم. بەڵام هی جووداش هەیە، بە پلەی سەرەكی ئەو رەخنەگرانەی كە پیشەیی نین.

كە دەنووسیت چەند گوێ بە بینەران دەدەیت؟

زۆر نا. بەڵام ئاگاداری ئەوەم كە ئەمە ئامرازێكی جەماوەرییە. من نامەوێت بینەران بێزار بكەم، دەمەوێ ببەسترێنەوە بەوەی كە روودەدات. بۆیە تابكرێت هەوڵدەدەم پڕ بە پێستی خۆی بنووسم. بەهەرحاڵ من بە بینەران یان  بەبێ بینەران،.هەر بەو شێوەیە دەنووسم.

بەسەرهاتێك هەیە كە بروستاین لە كتێبەكەیدا “شانۆی یاخیبوون “ئاماژەی پێ دەكات _ ئەویش ئەوەیە كە جارێك یونسكو نماییشی شانۆنامەی” رەشەكان” ی جان جینیە بەجێ دەهێڵێت، چوونكە هەستی كرد هێڕشی كراوەتە سەر، ئەكتەرەكانیش چێژیان لەو كارە وەردەگرت. قەت ئاوات دەخوازیت كاردانەوەیەكی لەو چەشنە لەناو  بینەرانكانتدا هەبێت؟ تۆ خوت بەو چەشنە رەفتار دەكەیت؟

من كاردانەوەی لەو چەشنەم هەبووە_ لەم دواییەدا لە لەندەن كاردانەوەی لەو چەشنەم هەبوو، كاتێ كە رۆیشتم شانۆگەری” ئەمریكا” ی كۆمپانیای شاهانەی شەكسپیر ببینم، كە بەرهەمێكی دژ بە شەڕی ڤێتنام بوو. جۆرە هێڕشبردنەسەرێكی تێدا بوو_ من حەز ناكەم  پڕوپاگەندە ببینم، رقیشم لە گووتاربێژێ دەبێتەوە. من دەمەوێ شتەكان  بەروونی لە شانۆنامەكانمدا پیشان بدەم، ئەمەش هەندێ جار بینەران ناڕەحەت دەكات، بەڵام مەبەست لەوەدا برینداركردنی بینەران نییە.

پێت وایە هەربۆیە شانۆنامەكە نەیتوانی مەبەستی خۆی بگەێنێت_ ببێ بە ئیلهامبەخش بو دژایەتیكردنی جەنگ؟

بێگومان، بۆشایی نێوان حەقیقەتی جەنگی ڤێتنام و ئەو ئەندێشەیەی شانۆنامەی ئەمریكا لەسەر شانۆدا بەرجەستەی دەكات ئەوەندە گەوەریە كە عەقڵ نایبڕێت. ئەگەر مەبەست لە شانۆگەرییەكە وانەگووتنەوە یان بۆ سەرسامكردنی بینەران بێت، لەگەڵ ئەوەشدا وابزانم شتەكە نەدەچووە عەقڵەوە. زۆر زەحمەتە بتوانیت  گوزارەیەكی شانۆیی گەورە دەربارەی مەسەلەیەكی ئاوا بكەیت، لە كاتێكدا تەلەڤزێون و رۆژنامەكان هەموو شتێكیان روونكردۆتەوە.

گەڕانەوە بۆ ماڵ

گەڕانەوە بۆ ماڵ

خۆت بەدەستی ئانقەست بارودۆخی دژوار دەكەیت بە تەنز؟ زۆر جار بینەران لە شانۆگەرییەكانتدا هەست دەكەن پێكەنینەكەیان دژ بە خۆیان دەشكێتەوە، كە تێدەگەن حاڵەتەكە لە راستیدا چی دەگەێنێت.

بەڵێ، ئەوە زۆر راستە. من بەدەگمەن تەنز بەدەستی ئانقەست دەنووسم، بەڵام هەندێ جار خۆم پێكەنینم بە هەندێ حاڵەت دێت، كە لەناكادا بۆم دەردەكەوێت كە حاڵەتێكی  كۆمیدیە. من لەگەڵتدام كە زۆر جار قسە بەتەنیا كۆمیدی نییە_ئەو كەسەی كە پێی پێدەكەنین ، ئەو كەسە  لە راستیدا لە پێناوی ژیانی خۆی تێدەكۆشێت.

ئەی رەخنە؟

بەیاخپێدان بە رەخنە هەڵەیكی گەورەیە. وابزانم، وەكو دەبینیت، ئەم سەردەمە سەردەمێكی ئەوتۆی  راگەیاندنی  فووپێاكردن و زلكردنی بڕیاردانە لەسەر شت. من نموونەیەكی زۆر باشی نووسەرێكم كە دەتۆانێت بنووسێت، بەڵام ئەوەندەش باش نیم وەكو ئەوەی كە دەگوترێت. من تەنیا نووسەرێكی ئاساییم، هەروەها پێم وایە كە ئەوەند بێ ئەندازە زل دەكرێم، لە بەر ئەوەیە كە  نووسینی جوانی راستەقینە دەگمەنە، خەڵكیش فێرن بەوەی یەك ژەم خواردن لە رادە بەدەر زل بكەن. هەموو ئەوەی پێت دەكرێت ئەوەیە كە هەوڵ بدەیت تا دەتۆانیت چاك بنووسیت.

پێت وایە شانۆنامەكانت هەر لە ئێستاوە تاكو پەنجا ساڵی دابێت نماییش بكرێن؟ ئایا ناوبانگی جیهانیی خاسیەتێكە بەئاگاییەوە هەوڵی بۆ دەدەیت؟

نازانم شانۆنامەكانم پاش پەنجا ساڵی دیكە نمایش دەكرێن یان نە ، بەلاشمەوە گرنگ نییە. من شادم بەوەی كە ئەوەی دەینووسم لە خوارووی ئەمریكا یان لە یۆگوسلاڤیادا شتێك دەگەێنێت، ئەمە دڵخۆشكەرە. بەڵام بێگومان هەوڵی جیهانیبوون نادەم_ هەر ئەوەندەم پێ دەكرێت هەوڵی نووسینی شانۆنامەیەكی نەفرەت لێكراو بدەم!

p0198pn3

پێت وایە ئەو سەركەوتنەی كە بەدەستت هێناوە شێوەی نووسینتی گۆڕیبێت؟

نە، بەڵام نووسین سەختتر بووە. كە ساڵی 1957 یەكەم  سێ شانونامەم نووسی، لەو دیدەوە نووسیمن كە تێكڕای  جیهانی بەرجەستەكردنی شانۆنامەكان زۆر لە واقیعەوە دووربوو _ دەشمزانی ئەم شانۆنامانە هەرگیز لە شانۆی “رێپ” دا كە كارم تێدا دەكرد، ناێنە بەرهەم. لەندەن و وێست ئێندیش وەكو ئەوە وا بوو لەو پەڕی مانگەوە هاتبن. بۆیە من ئەم شانونامانەم  تەواو  بێ مەبەست نووسین. گومان لەوەدا نییە لە ساڵانی دواییدا پاریزگاریكردن  لەو ئازادییەی كە بۆ نووسین جەوەهەرییە  زەحمەت بوو، بەڵام لەكاتی نووسیندا دەگەرێتەوە. بۆ ماوەیەك خۆلادان لە تیشكی پشكنین و هەموو ئەو شتانە سەختتر بوو.

 پێنج ساڵی پێ چوو تاكو توانیم پاش “پاسەوان” شانۆنامەیەك بنووسم، “گەڕانەوە بۆ ماڵەوە”. لەو پێنج ساڵەدا گەلێ شتم كرد، بەڵام نووسینی شانۆنامەیەك، كە بەڕاستی دەمویست بینووسم، بۆم  نەدەهات. پاشان “گەڕانەوە بۆ ماڵەوە”م نووسی، باش بێت یان خراپ، هەستم بە ئاسوودەیی كرد. بەڵام ئێستا دیسانەوە لە ناو هەمان دۆخدام_ دەمەوێ شانۆنامەیەك بنووسم، بەردەوام ناخم دەورووژێنێت، ناشتوانم قەڵەم بخەمە سەر كاغەز. شتێك كە خەڵك تێی ناگەن ئەوەیە كە مرۆڤ هەست بە بێزارییەكی گەورە دەكات، كاتێك  هەمان وشە دێتەوە سەر كاغەز، بیردەكەمەوە ئۆە كریستۆس، هەر شتێ دەكەم پێم وایە  پێشبینی كراوە، جێگای رەزامەندیم نییە، جێگای ئۆمێد نییە. بەربەستەكان بۆ من گرینگ نین_ ئەگەر شتێكم هەبێت بینووسم دەینووسم، لێم مەپرسە بۆچی دەمەویت لە سەر شانۆنامەنووسین بەردەوام بم!

پێت وایە لە داهاتوودا تەكنیكی سەربەستتر بەكار بهێنیت، وەكو رێگایەك بۆ دەسپێكێكی نوێی نووسین؟

من لە شانۆنامەكانی كەسانی دیكەدا چێژ لە هەموویان وەردەگرم _ پێم وابوو ماراساد نمایشیكی لە ئەندازەبەدەر باش بوو، شانۆنامەیەكی گەلێ جیاوازتری وەكو جوغزی گەچینی قەوقازیش چێژی پێ بەخشیم. بەڵام من خۆم تەكنیكی لەو جۆرە هەرگیز بەكارناهێنم.

ئەمە بە هیچ جۆرێ وات لێ ناكات هەست بكەیت كە لەم چەرخە دوا دەكەویت؟

من درامانووسێكی زۆر تەقلیدیم_ بۆ نموونە لە هەموو شانۆنامەكانمدا زۆر پێ لە سەر بەكارهێنانی پەردە دادەگرم. بۆ ئەو مەبەستەش ئاماژەكانی پەردە دەنووسم. تەنانەت كە ریژیسۆرانی وەكو پیتەر هۆڵ و كلۆد رێگی لە پاریس دەیانەوێت لایان بدەن، من پێ لە سەر ئەوە دادەگرم كە  دەبێت وەكو خۆیان بمێننەوە. لای من هەموو شتێك پێبەندە بە فۆرم و بنیات و یەكێتیی پێكهاتە گشتییەكەوە. ئەم هەموو ئاهەنگسازییەی كە لە هەپنینگ و سینەمای هەشت سەعاتیدا هەیە بۆ كەسانێك كە حەزی لێ بكەن  گەلێ خۆشە، بەڵام من بێگومانم كە…

 

Fazil Jaff, Harold Pinter, Shano, Stage,