30/10/2024
DidiMn Logo
Top

ڤان کۆخ لە پێش دەروازەی نەمریدا

لە لایەن دیدی من 4 ساڵ پێش ئێستا

دیدی من – فازیل جاف
ئەم وتارە پێشکەشە بە تابلۆ جاف

كه‌م هونه‌رمه‌ندی شێوه‌كار به‌ ئه‌ندازه‌ی ڤنسینت ڤاخ كوخ ژیان و هونه‌ره‌كه‌ی بوون به‌ كه‌ره‌سته‌ی هونه‌ر به‌گشتی، هونه‌ری فیلم به‌تایبه‌تی. ئه‌وه‌نده‌ی من ئاگادار بم، بلیمه‌تێكی وه‌ك “مۆزارت”ی لێ بترازێت، ژیان و هونه‌ری هیچ هونه‌رمه‌ندێك به‌ ئه‌ندازه‌ی ژیان و هونه‌ری ڤان كوخ نه‌كراوه‌ به‌ كه‌ره‌سته‌ی چه‌ند فیملێكی ناوزاه‌. ده‌ڵێم ناوازه‌، چونكه‌ ئه‌وه‌نده‌ نابێت، دروست ئوكتۆبه‌ری ساڵی 2017، جوانترین فیلمی ئه‌نیمه‌یشنی به‌ شێواز و ستیلێكی گه‌لێك جیاهه‌ڵكه‌توو، ده‌رباره‌ی كرا.

له‌ تافی لاوێتیمدا، ڕۆژگارێك، كه‌ ئاڵووده‌ی هونه‌ری ده‌ربڕینخوازی بووم، به‌چڕی خووم دابووه‌ تابلۆكانی ڤان كوخ، بێ گومان به‌سه‌رهاتی ژیانی، هه‌ژاری و ده‌ستكورتییه‌كه‌ی تا ڕاده‌ی برسێتی و نه‌هامه‌تییه‌كانی ژیانی، هه‌موو ئه‌مانه‌ بۆ من جێگه‌ی پرسیاری بوونگه‌ریانه‌ بوون.

بۆ یه‌كه‌مین جار له‌ فیلمی “خه‌ونه‌كان”ی ڕیژیسۆری جاپانیی به‌ناوبانگ “ئاكیرا كورسوڤا” له‌ سینه‌مادا ئاشنای ئه‌وه‌ بووم، كه‌ هونه‌ری ڤان كوخ ده‌بێت كه‌ره‌سته‌ بێت بۆ فیلم، له‌و فیلمه‌دا ژیان ده‌كرێته‌ به‌ر یه‌كێك له‌ تابلۆكانی ڤان كوخ “قه‌له‌ڕه‌شه‌كان”، به‌ ئه‌ندازه‌یه‌ك سه‌رتاپای سروشت و كه‌سه‌كان ده‌كه‌ونه‌ جووڵه‌ و ده‌بن به‌ چیرۆكی فیلمه‌كه‌.

فیلمی ئه‌نیمه‌یشنی “ڤان كوخی خۆشه‌ویست” سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی، كه‌ دوو ساڵی به‌سه‌ردا تێپه‌ڕیوه‌، به‌ڵام ده‌نگدانه‌وه‌ گه‌وره‌كه‌ی له‌ جیهانی سینه‌مادا، هێشتا كپ نه‌بووه‌. ئه‌مڕۆ له‌ سینه‌ماكانی جیهاندا ته‌ماشای فیلمێكی نوێ ده‌كه‌ین به‌ ناونیشانی “له‌پێش ده‌روازه‌ی نه‌مریدا”، كه‌ باس له‌ هونه‌ری ڤان كوخ ده‌كات.

تایبه‌تمه‌ندێتیی له‌پێش ده‌روازه‌ی نه‌مریدا له‌وه‌دایه كه‌ ڕیژیسۆری فیلمه‌كه‌ “جولیان شنابل” خۆی هونه‌رمه‌ندێكی شێوه‌كاری به‌ناوبانگه‌، شنابل به‌ چه‌شنی ڤان كوخ، به‌ ستایل و شێواز هونه‌رمه‌ندێكی ده‌ربڕینخوازه‌، له‌ جیهاندا به‌وه‌ ناسراوه‌، كه‌ ڕووبه‌ری تابلۆكانی گه‌لێ گه‌وره‌ و پان و به‌رینن. داهێنانی خۆیشی له‌ بواری شێوه‌كاریدا له‌ كارێگه‌ریی ڤان كوخ به‌ده‌ر نین، هه‌ر بۆیه‌ شنابل زیاتر تیشكی خستووەته‌ سه‌ر بیر و جیهانبینی و ئه‌ندێشه‌ و هزری ئێستاتیكییانه‌ی ڤان كوخ، نه‌ك ته‌نیا چیرۆك و به‌سه‌رهاته‌كانی ژیانی.

ئه‌م فیلمه‌ له‌ ڕووی چیرۆكیشه‌وه‌، له‌وانه‌ی پێش خۆی ناچێت، ئه‌وه‌ی له‌و فیلمه‌دا گرنگه‌ ئه‌وه‌یه‌، كه ڤان كۆخ به‌ ئاره‌زووی خۆی وڵاتی خۆی “هۆڵه‌ندا” به‌جێ دێڵێت، بۆ ئه‌وه‌ی له‌ شاری ئارلێس له‌ هه‌رێمی پرۆڤانسی فەڕه‌نسادا بژیێت، هونه‌رمه‌ندێك تاراوگه‌ هه‌ڵده‌بژێرێت، ته‌نیا له‌به‌ر تایبه‌تمه‌ندێتیی سروشت و تیشكی هه‌تاو، كه‌ ئه‌م دوو سه‌رچاوه‌یه‌ بۆ ڤان كوخ و هونه‌ره‌كه‌ گرنگ بوون، ئه‌و پێی وایه‌، له‌وێ ده‌توانێت په‌ره‌ به‌ ستایلی خۆی له‌ به‌كارهێنانی ڕه‌نگدا بدات، هه‌ر له‌وێشدا ڕووبه‌ڕووی چه‌ندین كێشه‌ی سه‌خت ده‌بێتەوە، كێشه‌ی ده‌روونی، ململانێ له‌گه‌ڵ بیر و باوه‌ڕی ئایینی، باری عه‌قڵی و زه‌ینی ناهه‌موار، كه‌ له‌ئاكامدا له‌ نەخۆشخانه‌ی ده‌روونی گل ده‌درێته‌وه‌. هاوڕێتیی ئه‌و، هونه‌رمه‌ندی شێوه‌كاری به‌ناوبانگ پۆل گۆگان دەبێ. گۆگان و شێوه‌كاره‌كانی هاوڕێی باوه‌ڕیان به‌وه‌یه‌، كه‌ كۆمه‌ڵه‌یه‌كی هونه‌ریی دروست بكه‌ن، بۆ ئه‌وه‌ی بتوانن كۆمه‌كی یه‌كدی بكه‌ن، بشتوانن تابلۆكانیان بفرۆشن، به‌ڵام ڤان کوخ به‌هۆی ناوازه‌یی و تایبه‌تمدێتیی شێوازی هونه‌ره‌كه‌ی، له‌و كۆمه‌ڵه‌یشدا جێگه‌ی نابێته‌وه‌، كه‌س تابلۆكانی لێ ناكڕێت، گۆگان و تهێوی برای نه‌بێت كه‌س پشتگیریی لێ ناكات، له‌ڕاستیدا گوگان له‌ بایه‌خی داهێنانه‌كه‌ی ده‌گات.

برسێتی كیشه‌ی هه‌ره‌ گه‌وره‌ی ڤان كۆخ بوو، تهێوی برای یارمه‌تیی ده‌دا، به‌ڵام ئه‌ویش ئه‌وه‌نده‌ ده‌ستڕۆیشتوو نه‌بوو، سه‌یر یان بڵێم گوناه‌ له‌وه‌دایه‌، كه‌ ساڵی 1990 یه‌كێك له‌ تابلۆكانی ڤان كوخ به‌ 82 ملیۆن و نیو، واته‌ نزیكه‌ی یه‌ك ملیار دۆلار فرۆشرا، ئه‌م تابلۆیه‌ پرۆترێتی دكتۆره‌كه‌ی ڤان كۆخ له‌ نەخۆشخانه‌ی ده‌روونی به‌ند كرابوو.

فیلمی “له‌پێش ده‌روازه‌ی نه‌مریدا” به‌ جیاواز له‌گه‌ڵ فیلمه‌كانی دیكه‌دا، جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌ندێشه‌كانی ڤان كۆخ ده‌كات، دیدگای ئه‌و بۆ سروشت، چۆن خۆی به‌ به‌شێك له‌ سروشت ده‌زانی، ڤان كۆخ ده‌ڵێت، ئه‌و سروشته‌ی من ده‌یبینم، هه‌مان سروشت نییه‌، كه‌ خه‌ڵك ده‌یناسێت، ئه‌وه‌ی من باسی ده‌كه‌م ده‌ربڕینی خۆمه‌ ده‌باره‌ی سروشت، ئه‌م بیركردنه‌وه‌ی كۆڵه‌كه‌ی هونه‌ری ده‌ربڕینخوازییه‌. له‌ هه‌ندێك شوێنی فیلمه‌كه‌دا، كه‌ ڤان كوخ باسی سروشتی ده‌كرد، نازانم بۆ “گۆران”ی شاعیرم بیر ده‌كه‌وته‌وه‌، كه‌ له‌لای خۆمان زۆر به‌ساده‌یی و هه‌ندێكیش ساویلكانه‌ ده‌ڵێن، شاعیری سروشته‌، بێ ئه‌وه‌ی بزانین دیدی ئه‌و بۆ سروشت چۆنه‌!

شتگه‌لێكی زۆر له‌ ژیان و هونه‌ره‌كه‌ی ڤان كۆخدا جۆرێكن له‌ نهێنی و ته‌لیسم، ڤان كوخ گوێیه‌كی خۆی بڕی و بۆ گۆگانی نارد، ڕه‌نگه‌ ئه‌مه‌ له‌ داخی ئه‌وه‌ بێت، كه‌ ئه‌و ماوه‌یه‌ گۆگان به‌جێی هێشت، كێ ده‌زانێت؟ سه‌ره‌ڕای هه‌موو شتێك ڤان كوخ باشترین و ناوازه‌ترین تابلۆكانی خۆی له‌ ڕۆگاژه‌دا دروست كرد، كه‌ له‌ نەخۆشخانه‌ی ده‌روونیدا جێگیر كرابوو، بۆچی؟ كه‌س نازانێت؟ ڤان كۆخ له‌ كۆتایی ژیانیدا ده‌كوژرێت، به‌ گولله‌یه‌ك له‌ گه‌ده‌ی ده‌كوژرێت، كه‌سێك كوشتی؟ یان خۆی خۆی كوشت؟ كه‌س نازانێت!

هاوبەشی بکە

Art, Fazil Jaff, Van Gogh,