19/04/2024
DidiMn Logo
Top

ئۆرهان پاموک سەبارەت بە مۆزەخانەی پاکیزەیی دەدوێت

لە لایەن دیدی من 8 ساڵ پێش ئێستا

دیدی من –  زە گاردیان
لە ئینگلیزییەوە: ساڤان ئاکۆ

”دەبێت مۆزەخانە تیشک بخاتە سەر ژیان و موڵکی تایبەتیی کەسەکان.“

بە بیرکردنەوە لە مۆزەخانەکە، ڕۆمانی مۆزەخانەی پاکیزەیی‌ـم نووسی و مۆزەخانەکەم بە بیرکردنەوە لە ڕۆمانەکە دروست کرد. دروستکردنی مۆزەخانەکە بیرۆکەیەک نەبوو کە دوای سەرکەوتنی ڕۆمانەکە بە خەیاڵمدا هاتبێت، هەروەها سەرکەوتنی مۆزەخانەکەش هۆکاری دەستکردن بە نووسینی ڕۆمانەکە نەبوو؛ ڕاستییەکەی لە هەمان کاتدا بڕیاری ڕۆمانەکە و مۆزەخانەکەم دابوو، هەروەها لە ڕۆمانەکەدا پەیوەندییە ئاڵۆزەکەی نێوانیانم ڕوون کردووەتەوە؛ کوڕێکی گەنج لە خێزانێکی دەوڵەمەندی خۆرئاوای شاری ئیستەنبوڵ، بە پەیوەندییەکی دووراودوور لەگەڵ کچێکی هەژاردا، دەکەوێتە خۆشەویستییەوە. کاتێک خۆشەویستییەکەی دەبێت بە یەک لایەنە، گەنجەکە ئارامیی خۆی لە کۆکردنەوەی ئەو کەلوپەلانەدا دەبینێتەوە کە خۆشەویستەکەی دەستی لێ دابێت یان یادگارییەکی لەگەڵدا هەبووبێت؛ وەک پۆست کارت، وێنە، پۆشاک، خوێدان، شقارتە، کلیل، یاری و یادەوەرییەکانی خۆشەویستە ڕۆشتووەکەی. بڕیار دەدات لە هەموو کەلوپەلە کۆکراوەکان مۆزەخانەیەک دروست بکات و لە ئیستەنبوڵ و نماییشیان بکات؛ بە ناوی مۆزەخانەی پاکیزەیی.

دەبێت مۆزەخانە تیشک بخاتە سەر ژیان و موڵکی تایبەتیی کەسەکان، هەروەک ڕۆمانی مۆدێرن دەیکات؛ لە ساڵی ١٩٩٥، کاتێک یەکەم جار کارم لەسەر ئەم بیرۆکەیە کرد، خەونم ئەوە بوو کە مۆزەخانەکە لە هەمان ڕۆژی بڵاوبوونەوەی کتێبەکەدا بکەمەوە، بەم جۆرە ڕۆمانەکە دەبوو بە کەتەلۆگی مۆزەخانەکە، بەڵام ڕۆمانەکەم لە پێش مۆزەخانەکە تەواو کرد و وەک هەر کتێبێکی تر، لە ساڵی ٢٠٠٨ چاپ و بڵاو بووەوە.

کاتێک ساڵی ٢٠١٢ مۆزەخانەکەم کردەوە، زانیم کە هێشتا پێویستی بە کەتەلۆگێکە تا باس لە دیزاین و ڕێکخستنی مۆزەخانەکە بکات و وێنە و ئامڕازەکان پیشان بدات؛ بۆیە کتێبی پاکیزەییی ئامڕازەکان‌ـم نووسی.

گه‌شتیارێك له‌ كاتی سه‌ردانیكردنی مۆزه‌خانه‌ی پاكیزه‌یی له‌ توركیا

گرانت گی‌ـی دەرهێنەر لە کاتی سەردانیدا بۆ ئیستەنبوڵ و مۆزەخانەکە، سەرسام بوو و بڕیاری دا بیکات بە بابەتی فیلمێکی دیکیۆمێنتاری، دواتر لە لەندەن یەکترمان بینی و چەند کاتژمێرێک قسەمان کرد، پاشانیش لە ئەستەنبوڵ یەکترمان بینییەوە و پیاسەمان کرد، بیرم نایەت گرانت بوو کە پرسیاری کرد “هیچ شوێنێک لە ئەستەنبوڵ هەیە لە لات مانایەکی تایبەتی هەبێت” یان بیرۆکەی من بوو کە بە شارەکەدا بیگەڕێنم؛ کاتێک بە شەقامەکاندا دەگەڕاین، هەوڵم دەدا بانگی ڕابردوویەک بکەم کە بەئارامی دەپووکایەوە، لە هەمان کاتیشدا بەردەوام بووم لە خستنەلاوەی بیرەوەرییەکانم؛ بیرم لەوە دەکردەوە کام لەو دیمەنانە ئەو بینەرانە سەرسام دەکات کە هەمان ئەزموونی منیان لەگەڵ شارەکەدا نییە.

گەڕان بە ئیستەنبوڵدا لەگەڵ کەسێکی بێگانە، بەو شارەی کە من هەموو ژیانم تێیدا بەسەر بردووە، دیدێکی جیاوازی دامێ سەبارەت بە ژیان، سەبارەت بە شارەکە.

کاتێک لە یادەوەرییەکانماندا بە لای شتێکی جوان و سەرسامکەردا ڕەت دەبین، ئایا چەندێک لەو سەرسامییە بۆ خودی شارەکەیە و چەندێکی بۆ نۆستالژیای خۆمانە؟ شارێک تا چەند دەتوانێت جوان و سەرسامکەر بێت بە بێ کاریگەریی یادەوەرییەکانی ئێمە؟ کاتێک تەلارەکان و پردەکانی شارێک وێران دەکرێن، یادەوەرییەکانی ئێمەش لەگەڵیاندا وێران دەبن؟

تڕه‌یله‌ری به‌ڵگه‌فیلمی پاكیزه‌یی یاده‌وه‌رییه‌كان:

[aesop_video align=”center” src=”youtube” id=”u6IgkOeT8SQ” caption=” تڕه‌یله‌ری به‌ڵگه‌فیلمی پاكیزه‌یی یاده‌وه‌رییه‌كان، ده‌رهێنانی گرانت گیی” disable_for_mobile=”off” loop=”on” autoplay=”off” controls=”off” viewstart=”on” viewend=”on” revealfx=”inplaceslow”]

 

 

 

 

هاوبەشی بکە

Orhan Pamuk, SavanAko, The Museum of Innocence,