18/04/2024
DidiMn Logo
Top

ئەسغەر فەرهادی بڕیاری داوە بەشداریی ئۆسکاری ٢٠١٧ نەکات

لە لایەن دیدی من 7 ساڵ پێش ئێستا

دیدی منڤارایتی

لە ئینگلیزییەوە: پشتیوان کەمال

دەرهێنەری ئێرانی ئەسغەر فەرهادی، کە فیلمەکەی، فرۆشیار، پاڵێوراوە بۆ بردنەوەی باشترین فیلمی بیانیی ئۆسکاری ٢٠١٧، بڕیاری داوە کە بەشدارنەبێت لە دابەشکردنی خەڵاتەکانی ئۆسکاردا، تەنانەت ئەگەر ڕێگەشی پێ بدەن بچێتە ویلایەتە یەکگرتووەکان ئەمەریکا، شوێنی ئەنجامدانی مەڕاسیمەکە.

فەرهادی لە قسەکانیدا باس لەوە دەکات کە “بێڕێزیکردن بەرانبەر بە نەتەوەیەک بە پاراستنی ئاساییشی نەتەوەیەکی تر، دیاردەیەکی نوێ نییە لە مێژوودا و هەمیشە بنچینە بووە بۆ دروستکردنی دابەشکاری و خراپەکاری. لێرەوە تاوانبارکردنی ئەم ناعەدالەتییە دەەردەبڕم، کە بەسەر هاونیشتیمانیانی وڵاتەکەم و شەش وڵاتی تردا سەپاوە، کە هەوڵ دەدەن بە شێوەی یاسایی بچنە وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا و هیوا دەخوازم ئەم هەلومەرجە نەبێتە هۆی سەرهەڵدانی دابەشکاریی زیاتر لە نێوان نەتەوەکاندا”.

فەرهادی گوتیشی: “نە خواستی ئەوەم هەیە ئامادەی مەڕاسیمەکە ببم، نە دەشمەوێت بایکۆتی بکەم، چونکە دەزانم کە زۆرێک لەوانەی لە پیشەسازیی فیلمدا کار دەکەن، ئەوانەشی لە ئەکادیمیاکەدا، دژی توندڕەوی و دەمارگیرین، کە ئەمڕۆ زیاتر لە هەر کاتێکی تر دەستی بەسەر جیهاندا کێشاوە.”

لە ڕۆژی شەممەدا، قسەکەرانی ئەکادیمیای ئۆسکار، ئەوەیان خستە ڕوو کە ئەوە “کێشەیەکی گەورەیە”، کە فەرهادی و کاستی فیلمەکەی ناتوانن لە ڕۆژی دابەشکردنی خەڵاتەکاندا بەشداری بکەن، چونکە بەهۆی ئایین و ئەو وڵاتەی تێیدا دەژین، ڕێگریاین لێ دەکرێت سەردانی ئەمەریکا بکەن.

فەرهادی ئەوەش دەڵێت: “وەک پێشتر بە بڵاوکەرەوەکەمم ڕاگەیاندووە، لە وڵاتە یەکگرتووەکان لە ڕۆژی بڵاوبوونەوەی ناوی کاندیدەکانی ئۆسکاری ٢٠١٧دا، کە خۆم و سینەماتۆگرافەرەکەم بەشداریی ئەو خەڵاتە دەکەین، بڕوام وابوو کە ئامادە دەبم لەو ڕووداوە کلتوورییە گەورەیەدا.” بەڵام ئەو ئاشکرای دەکات کە ئەگەری ئامادەبوونی ئەو لەو ڕووداوە هونەرییە گەورەیەدا، بە هیچ جۆرێک جێی قبووڵ نییە، تەنانەت ئەگەر بڕیاری تایبەتیش هەبێت بۆ ئەوەی فەرهادی بچێتە ئەو وڵاتەوە.

ئه‌سغه‌ر فه‌رهادی

ئه‌سغه‌ر فه‌رهادی

فەرهادی بەردەوام دەبێت و دەڵێت: “ئەمە تەنها پەیوەندیدار نییە بە وڵاتە یەکگرتووەکانەوە، لە وڵاتەکەی منیشدا توندڕەوی بە هەمان شێوەیە. بۆ چەندەها ساڵ وڵاتانی سەرانسەری جیهان هەوڵیان دا وێنەی ناڕاست و ترسێنەری وڵاتانی تر و کلتووری تر پیشانی هاوڵاتییەکانیان بدەن، تا جیاوازییەکانیان بکەنە دژایەتیی بیروڕا، دژایەتیی بیروڕایان بکەنە خراپەکاری، خراپەکاریەکانیشیان بکەنە ترس. داهێنانی ترس لە نێو خەڵکیدا ئامێرێکی گرنگە تا کردەوەی توندڕەوی و دەمارگیریی پێ یاسایی بکەن لە لایەن خەڵکی بیرتەسکەوە.”

لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا، بڕیارەکەی دۆناڵد تڕەمپ، سەرۆکی تازە دەستبەکاربووی ئەمەریکا، بۆ ڕێگریکردن لە وەرنەگرتنی هاووڵاتیی حەوت وڵاتی جیهان، دەنگۆیەکی زۆری ناوەتەوە. بڕیارەکە ماوەی ١٢٠ ڕۆژ دەخایەنێت بۆ هاووڵاتییانی سووریا، ٩٠ ڕۆژیش بۆ هاووڵاتییانی وڵاتەکانی عێراق، ئێران، لیبیا، سۆماڵ، سودان و یەمەن.

پێشتریش چەندین ئەستێرەی تری سینەمایی ئەوەیان ڕاگەیاندووە، کە بەشداریی ئەو ڕووداوە سینەماییە گرنگە ناکەن، لەوانە تەران عەلیدۆستی، خانمە ئەکتەری فیلمەکەی فەرهادی.

فەرهادی یەکێکە لەو دەرهێنەرانەی پێشتر خەڵاتی ئۆسکاری بردووەتەوە بە فیلمی جیابوونەوە لە ساڵی ٢٠١٢دا، هەروەها فیلمی ڕابردووش پاڵێوراو بوو بۆ وەرگرتنی ئەو خەڵاتە. ئەمساڵیش فیلمی فرۆشیار کاندیدە بۆ وەرگرتنی ئەو خەڵاتە و چیرۆکی فیلمەکە باس لە دوو خۆشەویست دەکات کە ڕۆڵی کەسایەتیی شانۆییەکەی ئارسەر میلەر، مردنی فرۆشیارێک، دەگێڕن. ئەم فیلمە پاڵێوراوە بۆ وەرگرتنی خەڵاتی باشترین فیلمی بیانی.

[aesop_video align=”center” src=”youtube” id=”_hHUkvNG7iU” caption=”تڕه‌یله‌ری فیلمی فرۆشیار” disable_for_mobile=”on” loop=”on” autoplay=”on” controls=”on” viewstart=”on” viewend=”on” revealfx=”fromright”]

 

هاوبەشی بکە

Asghar Farhadi, Donald Trump, PshtewanKamal, The Oscars 2017, The Salesman,