19/04/2024
DidiMn Logo
Top

پەڕاوی فەرھادی: شۆفێری شەپۆلی نوێی سینەما

لە لایەن دیدی من 4 ساڵ پێش ئێستا

ديدى من
ئامادەكردن و وەرگێڕانى له فارسييەوە: سەليم جەمال

ئەسغەر فەرهادى دەرهێنەر، سيناریست، بەرهەمهێنەر و فيلمسازى بەتواناى فارس، ڕۆژى ٧\٥\١٩٧٢ له وڵاتى ئێران لە دایک بووە. فەرهادى له ساڵى ٢٠١٢دا بە ھۆی فيلمى جيابوونەوەى نادر له سيمين بوو بە خاوەنى خەڵاتى ئۆسكار بۆ باشترين فيلمى بيانى و لە ھەمان كاتدا وەكو پاڵێوراوى باشترين سيناريستى بيانییش دەستنيشان كرا. هەروەها ساڵى ٢٠١٢ توانیی خەڵاتى گۆڵدن گلۆب بۆ باشترين دەرهێنەر و سيناريستى فيلمى ناوبراو دەستەبەر بكات. هاوكات فەرهادى ساڵی ٢٠١٦ توانیی ببێتە خاوەنى خەڵاتى چڵەخورماى ئاڵتوونی له فێستيڤاڵى كان بۆ باشترين سيناريۆ بۆ فيلمى فرۆشيار. ساڵى ٢٠١٧ توانیی خەڵاتى ئۆسكار بۆ فيلمى فرۆشيار بە دەست بهێنێت، كە وەكو باشترين فيلمى بيانى دەستنيشان كرابوو.

ئەسغەر فەرهادى بەرلەوەى بە شێوەی ئەكاديمى لە بوارى سينەمادا دەستبەكار بێت، له تەمەنى سێزدە ساڵيدا چالاکییەکانی خۆى لە چوارچێوەى ئەو بوارەدا دەست پێ کردووە. فەرهادى لە دوای تێپەڕاندنى خولێك له بەشى شانۆ له پەيمانگەى هونەرە جوانەكانى تاران، توانیی خوێندن لە زانكۆى پەروەردە و فێرگەيى تارانيش بە کۆتا بهێنێت و ببێته خاوەنى ديپلۆمى باڵا له بەشى دەرهێنەريدا. ئەو لە ساڵى ١٩٨٦ بەڤشێوەی فەرمى لە ناو ئەنجوومەنى سينەماى لاوانى ئەسفەهان دەستبەكار بوو. فەرهادى فيلمى پاسکیلدز بە يەكەم فيلم ناودەبات كە كاريگەرییەکی بێوێنەى كردووەتە سەر ژيانى. هەروەها ئەو هونەرى خۆى لەژێر كاريگەریی بەرهەمەكانى ڤيتۆريا دێسيكا، فێدێريكۆ فێلينى، ئينگمار بێرگمان، مايكل ئانگێلۆ ئانتۆنينى، بيلى وايلدەر و كريستۆڤ كيشلۆڤسكى دەزانێت.

فەرهادى لە ناو ژانر و شێوازى فيلمەكانيدا پەيڕەوى له ڕياليزم دەكات، چيرۆك و بەسەرهاتى فيلمەكانى كۆتاييەكى بەرفراوان و دراماتيكيان هەيه. لە ناو فيلمەكانى ئەودا هەموو ڕووداوەكان خشت به خشت لە پاڵ يەكدى كەڵەكە كراون تا ئێمە بەرەو كەشفى هەقيقەتێك لە ناو درامایەکی ئەخلاقيدا، پەلكێش بكە. ھەروەھا دەتوانين نموونەى فيلمى دەربارەی ئێلى وەربگرين كە پەيڕەوى له شێوازى ڕياليزم كراوە، كە بووە هۆكارى ئەوەى شەپۆلێکی تازەى بينەرى سينەمايى بێتە کایەوە. دەتوانين بڵێين كە ڕيوايەت و سيناريۆيەكانى فەرهادى خاڵى بەپێزى تەواوى بەرهەمەكانى ئەون. واتا ئەو بەر له هەموو شتێك بە ھۆی سيناريۆ كتوپڕ و سەرنجڕاكێشەكانى دەناسرێتەوە، لە ھەمان كات لە ناو سيناريۆيەكانيدا سەلماندوويەتى كە بە ھیچ شێوەيەك بە دوای گێڕانەوە سادە و لهپەلوپۆخراوەكاندا نەبووە. يەكێك له تايبەتمەندییەکانی ديكەى سيناريۆيەكانى ئەسغەر فەرهادى ئەوەيه كە بينەر بۆ لاى خۆى ڕدەکێشێت و تا كۆتايى فيلمەكە لای خۆى دەیھێڵێتەوە، تا وێنه پڕ له ڕەمز و ڕازەكانى پێ نيشان بدات.

بە بۆچوونى زۆرينەى ڕەخنەگران و خەڵكيش بە گشتی، ئەو وێنه ڕاستەقينەكانى كۆمەڵگە نيشان دەدات، بەڵام داوەرییان تێدا ناكات، ھەروەھا بە سەرنجێكى زياتر سەيرى دنياى دەوروبەر و ژيانيش دەكات. لە ناو فيلمەكانيدا تێڕوانينى زيرەكانە و پێداگرانه ئاشكرا دەبن، بەڵام بە شێوەیەک كە ئەنجامگيرى و هەڵسەنگاندنە ڕاست و ناڕاستەكانى ناو ڕووداوى  فيلمەكانى خۆى، به بينەر دەسپێرێت.

ئەسغەر فەرهادى لە بارەی سینەما و نووسینەوە دەڵێت: “بۆ من، فيلمسازى و نووسەربوون وەكو شۆفێرى وان. ئێوە بۆ ئەوەى كە شۆفێرى بكەن، پێويسته بە جیدی ياسا و ڕێنماييەكانى بزانن.”

هاوبەشی بکە

Asghar Farhadi, Film, پەڕاوی فەرهادی,