28/03/2024
DidiMn Logo
Top

ئەندازە لە ئیسلامدا

لە لایەن دیدی من 8 ساڵ پێش ئێستا

 

دیدی من – ئامادەکردن و وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە: شێنێ محەمەد

نەخش لە ئیسلامدا لە دوو جۆر پێکھاتووە، ئەوانیش نەخشی شێوە گوڵ و نەخشی شێوە ئەندازەییەکانن. ئەم دوو جۆرە لە ھونەری ئیسلامدا زۆرکات تێکەڵ دەکرێن.

ئەم نەخشانە ئێستاتیکایەکی جیھانی و گرنگییەکی مێتافیزیکییان لەناو نەریتی ئیسلامدا ھەیە. جگە لە ھونەری پیرۆز، لە ھونەری گشتیشدا بەکاردێن. ئەم نەخشانە دەتوانرێت ناکۆتا وێنەی لێ دروست بکرێت. بە درێژایی مێژوو و لە ئێستاشدا بۆ جۆرەھا دیزایینی تەلارسازی، دەستخەت، خۆشنووسی، ھۆنراوە و ھتد… بەکارھاتوون.

دیزایینکردنی ئەم ئەندازانە لە تەلارسازیی و ڕازاندنەوەی دەستخەتەکان زۆر گرنگ بووە، و لە ئیسپانیا و کەنار دەریای ناوەڕاست لە ئەفریقا، بەشێوەیەکی بەرچاو بەکارھاتووە. بۆ نمونە، لە سەدەی 14 و 15 لە سەردەمی مەملوک لە میسر، دەسخەتی نووسینی قورئان بە نەخشی ئەندازەیی دەنووسرانەوە.

کۆمەڵێک کاری هونەری ئەندازەیی لێرەوە ببینن: 

کتێبی (دیزایینی ئەندازە لە ئیسلامد) یەکێکە لە کتێبە ناوازەکان کە توێژینەوەیەکی قووڵە لەم بابەتە و تیایدا شێوە زۆر ئاڵۆزەکان شیکراونەتەوە.  ئەم کتێبە لەلایەن ئێریک بڕۆگەوە نوسراوە. بڕۆگ لە ھۆڵەندا سیاسەتی ڕۆھەڵاتی ناوەڕاستی خوێندووە و دواتر ماستەری لە مێژووی ھونەر و تەلارسازیی ئیسلام لە زانکۆی لەندەن بەشی نەخش و زانستی ئەفریقی تەواوکردووە. ئەم کارەی بڕۆگ بە یەکەم کتێب دادەنرێت کە ھەنگاو بە ھەنگاو شێوازی دروست کردنی ئەم نەخشانە بە خوێنەران پیشاندەدات، پێشتر ھیچ کارێکی لەم جۆرە نەکراوە و تەنھا وێنەی ئەم نەخشانە لە پاش تەواوبوونیان لەبەردەست بوون. ھەروەھا ئەم کتێبە وەرگێڕدراوەتە سەر زمانی فارسی و تورکیش. بڕۆگ لە ئێستادا جێیەکی تایبەت بەم ھونەرەی بونیادناوە بەناوی (کارخانەی بڕۆگ) کە تێیدا ئامانجی سەرەکی فێربوونی ئەندازەیە. لەم کارخانەیەدا ھەرکەسێک خولیای دروستکردنی ئەم ھونەرەی ھەبێت، دەتوانێت بە پڕۆژەی جیاواز بەشداربێت.

چەند پەڕەیەکی کتێبە گرنگەکەی ئێریک برۆگ:

 ئێریک ستاندڵی یەکێکی ترە لەو ھونەرمەندانەی کە لە کارەکانیدا سوود لەم جۆرە ئەندازەیە وەردەگرێت. ستاندڵی کاغەزی بە لێزەر کەرتکراو بەکاردەھێنێت و بە چڕی لەسەریەک کۆیان دەکاتەوە. لەم کاغەزانە پەیکەر درووست دەکات بە بەکارھێنانی تەلارسازی لە ئیسلامدا، هەروەها پەنجەرە لەسەر شێوەی ھونەری کۆنی ئەڵمانیا دروست دەکات. کارەکانی نمونەیەکی ڕوونی بەکارھێنانی ئەندازە و شێوە و ڕەنگن بە وردەکارییەکی زۆرەوە.

کۆمەڵێک لە کارەکانی ئێریک ستانلی

سەرچاوە: ئیسلامیک ئاڕت ماگەزین، کۆڵۆسەڵ و زە ناشیۆناڵ

 

هاوبەشی بکە

EricBrough, EricStandly, geometry, SheneMohamad, telarsazi,