25/04/2024
DidiMn Logo
Top

گوتاری براوەکانی گۆڵدن گڵۆبی ٢٠١٧

لە لایەن دیدی من 7 ساڵ پێش ئێستا

دیدی من – نیو یۆرک تایمس

لە ئینگلیزییەوە: شێنێ محەمەد

لە کاتێکدا گوتەکانی مێڕڵ ستریپ جێی زۆرترین باس بوو، کەسایەتییە ناودارەکانی تری هۆڵیوود لە کاتی وەرگرتنی خەڵاتەکانیان، جگە لە سوپاسکردن، گوتەی تریشیان پێشکەش کرد.

 

مێڕیڵ ستریپ

ترەیس ئیلیس ڕۆس، سەرنجی لەسەر ژن و ڕەش پێست بوو لە کاتی وەرگرتنی خەڵاتی باشترین ژنە ئەکتەری تەلەڤزیۆنی، کۆمیدی و میوزیکاڵدا وتی: “ئەمە بۆ ھەموو خانمێکە، ژن و کەسانی ڕەنگ جیاواز کە چیرۆکەکانیان، بیرۆکەکانیان و بیرکردنەوەیان ھەموو کات بە نرخەوە سەیر ناکرێت و بە گرنگ یان ڕاست ھەژمار ناکرێت. بەڵام من دەمەوێت بزانن کە من دەتانبینم. ئێمە دەتانبینین. ئامادەییم لە بەرنامەی تەلەفزیۆنیی ڕەشپێستەکان شانازییە، بۆ پیشاندانی ئەو شێوازەی پێی دەبینرێین و دەناسرێین. بۆ پیشاندانی جوانی و ھاوشێوەیی ئەو چیرۆکانەی کە لە دەرەوەی چوارچێوەی سەرنجی دەرھێنەرانن.”

ترەیس ئیلیس ڕۆس

 دۆناڵد گڵۆڤەر، بەرھەمھێنەر و ئەستێرەی ئەتڵانتا، لە کاتی وەرگرتنی خەڵاتی باشترین زنجیرەی تەلەفزیۆنی، کۆمیدی و موزیکی دەڵێت: “من تەنیا دەمەوێت سوپاسی ئەتڵانتا و ھەموو ھاوڕێ ڕەشپێستەکانی ناو ئەتڵانتا بکەم، تەنیا لەبەر ئەوەی لە ژیاندان و باش دەژین و کەسانی زۆر باشن. من نەمدەتوانی بەبێ ئەتڵانتا لێرەبام. هەروەها دەمەوێت بەڕاستی سوپاسی گرووپی میگەس بکەم، تەنیا بۆ نواندنەکانیان نا، بەڵکو بۆ بەرھەمھێنانی گۆرانیی خەڵکی خراپ و چینی بۆرژوا. ئەمە باشترین گۆرانییە. سوپاسی ھەموان دەکەم، زۆر سوپاس بۆ ئەم خەڵاتە. ئێمە بەڕاستی نرخی ئەمە دەزانین و پێمان وا نەبوو ھیچ کەسێک زنجیرەکەی بەدڵ دەبێ. بۆیە ئێمە ڕێزی ئەم خەڵاتە دەگرین. سوپاس.”

دۆناڵد گڵۆڤەر

ڕایان گۆسڵینگ، کە خەڵاتی باشترین ئەکتەری فیلمی لا لا لاندی کۆمیدی و موزیکی وەرگرت، لە گوتارەکەیدا سوپاسی ئێڤا مێندسی ھاوژینی کرد: “ناتوانیت بگەیتە ئەم جێیە ئەگەر لە سەرشانی چیایەک لە خەڵک نەوەستابیت. لەڕاستیدا ماوەی ئەوەشمان نییە تا سوپاسی ھەموو کەس بکەین. دەمەوێت بەتایبەت سوپاسی کەسێک بکەم و پێی بڵێم کاتێک کە من گۆرانیم دەگوت و سەمام دەکرد  و لە خۆشترین ئەزموونی ژیانمدا دەژیام، ھاوژینەکەم چاودێریی کچەکەمانی دەکرد، دووەم کچمان لە سکیدا بوو، پشتگیریی براکەی لە بەرەنگاربوونەوەی شێرپەنجەدا دەکرد. ئەگەر ھەموو ئەم ئەرکانەی نەگرتبایەتە ئەستۆ، ئێستا بە دڵنیاییەوە کەسێکی تر لە جێی من ئەم خەڵاتەی بە دەستەوە دەبوو. سوپاس ئازیزم. بۆ ھەردوو کچەکەم، ئەماندا و ئیسمەرالدا: خۆشم دەوێن. وە من دەمەوێت ئەم خەڵاتە تەرخان بکەم بۆ یادکردنەوەی جوان کارلۆس مێندێنز لە بەرەنگاربونەوەی شێرپەنجە.”

ڕایان گۆسڵینگ

نینا جاکوبسۆن، کە بەرھەمھێنەری فیلمی خەڵکی ڤی ئۆ جەی سیمسۆن: چیرۆکی تاوانی ئەمریکییە، لە کاتی وەرگرتنی خەڵاتی زنجیرەی کورتی تەلەڤیزیۆنیدا ڕایگەیاند: “دادگایی ئۆ جەی سیمپسۆن تراژیدیای کرد بە بەرنامەیەکی کەیفخۆشی، بە بیری ھێناینەوە کە دادپەروەری لە ئەمریکادا جگە لە تاریکییەک ھیچی تر نەدەبوو ئەگەر جێندەر، نەژاد و کەسانی ناودار بەشدار بن تێیدا. کاتێک کارمان لەسەر بەرنامەکە دەکرد، نەماندەزانی ئەم بابەتانە چەند بە ئازار و پەیوەندیدار دەبن بە 2016ەوە. سوپاس بۆ ئەوانەی بینەرمان بوون، سوپاس بۆ کۆمەڵەی ھۆڵیوود فۆرن پرێس بۆ ئەم ڕێزلێنانەی ئەمشەو.”

ھیو لوری لە گوتارەکەیدا نیشانەی لە پارتی کۆماریخوازەکان گرتەوە، کاتێک خەڵاتی باشترین ئەکتەری ھاندەری وەرگرت بۆ فیلمی بەڕێوبەری شەو: “سوپاس، ھەست دەکەم ئەم خەڵاتەی من تێکەڵ بە ھیی  کەسێکی تر بووە. سەرەتا سوپاس بۆ ھۆڵیوود فۆرن پرێس بۆ ئەم ڕێزلێنانە، کە لە خولەکی کۆتاییدا توانیم بڵێم منیش براوەم. نامەوێت بەرچاو تاریک بم، بەڵام وشەی ھۆڵیوود و فۆرن و پرێس لە ناونیشانەکەیدان. ھەروەھا من پێم وایە بۆ ھەندێک لە کۆماریخوازەکان، تەنانەت وشەی کۆمەڵەش کەمێک ناپاکیی تێدایە. بەڵام سوپاسیان دەکەم و سوپاسی ئەو ھەموو کەسانە دەکەم کە چانسی ئەم خەڵاتە جوان و بێھاوتایەیان پێ دام. من ئەم خەڵاتە وەک نوێنەری ھەموو بلیۆنێرە شێتەکان لە ھەموو جێیەک وەردەگرم.”

ڤایۆلا دەیڤس لە گوتەکانیدا سوپاسی باوکی کرد لە کاتی وەرگرتنی خەڵاتی باشترین ژنەئەکتەری ھاندەر بۆ فەڕەنسا: “ھۆڵیوود ھەموو ڕۆژێک بڕیاری ئەوە نادات شانۆیەک بگوازێتەوە بۆ سەر  شاشە. ھاوار بۆ دروستکردنی پارە ناکات، ھاوار بۆ ھونەر دەکات، ھاوار بۆ دڵ دەکات. سوپاس بۆ ھەموو ئەو ئەکتەرە جوانانەی ناو فیلمی فێنسس: مایکێڵتی، ستێفن، ڕەسێڵ، جۆی، ستیفان، سانیا و دێنزێڵ. من ھاوڕێیەک و ھەوادارێکیشم. سوپاس کە پێشڕەوێکی وەھا نایابن، کە ئەکتەری زۆر باشن و دەرھێنەری زۆر باشن. سوپاس کە دەڵێن متمانەتان بە ئێمە ھەبێت، ئەم خۆشەویستییەتان بیر بێت. ئەم خەڵاتە بۆ ھاوژینە جوانەکەم، جێنیسی کچم، خۆشەویستیی ناو خانەوادەکەم.  بۆ ترۆی ڕەسەن، باوکم، دان دەیڤس، کە لە 1936دا لەدایک بووە، کاری ڕازاندنەوەی ئەسپی کردووە و تەنیا توانیی تا پۆلی پێنج بخوێنێت، تا تەمەنی پازدە ساڵی نەیدەزانی چۆن بخوێنێتەوە. بەڵام ئەو چیرۆکێکی تایبەت بە خۆی ھەبوو کە شایەنی گێڕانەوە بوو و ئۆگەست ویلسۆن گێڕایەوە. زۆر سوپاس.”

ئێما ستۆن خەڵاتی باشترین ژنەئەکتەری کۆمیدی و موزیکی بۆ فیلمی لا لا لاند وەرگرت: “باوەڕم وایە کە ھیوا و داھێنان دوو گرنگترین شتی جیھانن، ئەم فیلمە باس لەم دوانە دەکات. ئەم فیلمە بۆ ھەر کەسێکە کە داھێنەر بووە و دەرگە بە ڕوویدا بە توندی داخراوە، بۆ ئەو ئەکتەرانەیە کە لە کاتی ھەڵبژاردندا وەستێنراون، یان چاوەڕێی تەلەفوونێک بوون کە ھەرگیز بەرگوێیان نەکەوت. ھەندێک کات حەز بە دەستهەڵگرتن لە ھەموو شتێک دەکەین، بەڵام دەبێت لە ناخی خۆماندا ھەستانەوە بدۆزینەوە، ھەمیشە بەرەو پێش بچین. زۆر سوپاس بۆ ئەم خەڵاتە. سوپاس.”

ئێما ستۆن

باری جەنکینس خەڵاتی باشترین وێنە و درامای بۆ فیلمی تریفەی مانگ بەدەست ھێنا: “ئەم خەڵاتە بۆ دایکم. دێنزڵ لە فیلمی فێنسس دەڵێت: ‘من ھەموو شتێکم پێ نەدایت، من ژیانی خۆتم پێ دایت.’ دایکە، تۆ ژیانی خۆمت پێ دام، ھیوادارم وەستانم لەسەر ئەم ستەیجە دەستکەوت بێت بۆ ئەو ژیانەی کە تۆ پێت دام. بۆ ھەموو ئەوانەی لە تویتەرن، لە ئینستاگرام، ھەموو ئەوانەی لە مایامی و نیو ئۆرلاندن: ئەگەر ئێوە ئەم فیلمەتان بینیوە، یان ھاوڕێیەکتان لێ ئاگادار کردووەتەوە ، من تەنیا دەڵێم تکایە ھاوڕێکانتان ئاگادار بکەنەوە، ھاوڕێکانتان ئاگادار بکەنەوە، ھاوڕێکانتان ئاگادار بکەنەوە. خۆشەویستیی زۆرم.”

 

هاوبەشی بکە

Awards, Golden Globes, SheneMohamad, Speech,