20/04/2024
DidiMn Logo
Top

براوه‌ی خه‌ڵاته‌کانی فۆروەرد بۆ شیعر له‌ له‌نده‌ن ڕاده‌گه‌یەنرێن

لە لایەن دیدی من 8 ساڵ پێش ئێستا

دیدی منژیوار جەوهەر

له‌ یادی ٢٥ ساڵه‌ی دامه‌زراندنی خه‌ڵاته‌که‌، ڕۆژی ٢٠/٩/٢٠١٦ براوه‌کانی خه‌ڵاتی باشترین کتێبی شیعری، باشترین یه‌که‌مین کتێبی شیعری و باشترین شیعر له‌ مه‌ڕاسیمێکدا له‌ ڕۆیاڵ فێستیڤاڵ هۆڵ* له‌ له‌نده‌ن ڕاده‌گه‌یەندرێن.

ڕۆیاڵ هۆڵ فێستیڤاڵ له‌ ساڵی ١٩٥١ كراوه‌ته‌وه‌ و به‌ یه‌كێك له‌ پێشكه‌وتووترین هۆڵه‌كان له‌ جیهاندا هه‌ژمار ده‌كرێت، كه‌ جێگه‌ی ٢٥٠٠ ده‌بێته‌وه‌

خانمه‌ شاعیر و نووسه‌ری کورد چۆمان هه‌ردی یه‌کێکه‌ له‌و پێنج نووسه‌رانه‌ی ناویان لە لیستی کۆتایی خەڵاتی فۆروەرد بۆ باشترین کتێبی شیعریدایه‌. چۆمان هەردی لە ساڵی ١٩٩٣ لە بەڕیتانیا بووەتە پەنابەر، بۆ کتێبە شیعری ڕامان لە ژنان پاڵێوراوە، کتێبەکە لە لێکۆڵینەوەی نامەی دکتۆراکەیەوە وەرگیراوە، کە باس لە ژنانی ڕزگاربووی جینۆساید لە باشووری کوردستان ده‌کات؛ چەقی بابەتەکەی بریتییە لە گێڕانەوەی چیرۆکی ڕزگاربوانی ئەنفال لە ساڵانی هەشتاکانی سەدەی بیستدا.

choman-hardi

چۆمان هه‌ردی || فۆتۆ: سۆران نه‌قشبه‌ندی

ڕانان له‌ ژنان، له‌ ساڵی ٢٠١٥ له‌ لایه‌ن ناوه‌ندی بڵه‌دئاکس له‌ به‌ڕیتانیا چاپ و بڵاو کراوه‌ته‌وه‌، له‌ ماوه‌ی ڕابردوودا له‌ لایه‌ن ڕه‌خنه‌گران، گۆڤاره‌ ئه‌ده‌بییه‌کان و شاعیرانی ئینگلیزیزمان پێشوازییه‌کی زۆر باشی لێ کرا؛ گۆڤاری کتێبداری قوتابخانەکان به‌م جۆره‌ له‌ باره‌ی کتێبه‌که‌وه‌ ده‌دوێت: “شیعرەکانی چۆمان ھەردی ڕاستەوخۆ دەمانبەنە ناو ئەو کەسانەوە کە لە کارەساتەکاندا دەژین و ئەزموونی ژان دەکەن، دەنگیان دەبیستین و ئەزموونەکانیان بەش دەکەین… لە چەندین قۆناغی جیاوازی پرۆگرامی قوتابخانەکاندا ئەم شیعرانە ڕۆشنکەرەوە دەبن و بە ڕاستی دەبێت بخوێندرێنەوە.”

ڕانان له‌ ژنان دووه‌م کتێبی شیعریی چۆمان هه‌ردییه‌ به‌ زمانی ئینگلیزی، پێشتریش کتێبێکی دیکه‌ی له‌ ساڵی ٢٠٠٤ به‌ ناوی ژیان بۆ ئێمه‌ بڵاو کراوه‌ته‌وه‌.

images

ڕامان له‌ ژنان، چۆمان هه‌ردی

تابلۆی سه‌ر به‌رگ: ئارام عه‌لی

بڕیاره‌ له‌ مه‌ڕاسیمه‌که‌ نووسه‌رانی کاندیدکراو به‌شێک له‌ شیعره‌کانیان بۆ ئاماده‌بوانی ناو هۆڵه‌که‌ بخوێننه‌وه‌. خه‌ڵاتی فۆروه‌رد یه‌کێکه‌ له‌ گرنگترین خه‌ڵاته‌کانی تایبه‌ت به‌ شیعر له‌ به‌ڕیتانیا و ساڵانه‌ ده‌به‌خشترێته‌ باشترین ئه‌و به‌رهه‌مه‌ شیعرییانه‌ که‌ له‌و ساڵه‌دا چاپ کراون.

خه‌ڵاته‌کان:
باشترین کتێبی شیعری: براوه‌ دەبێتە خاوەنی ١٥٠٠٠ پاوه‌ندی به‌ڕیتانی
باشترین یه‌که‌مین کتێی شیعری: براوه‌ دەبێتە خاوەنی ٥٠٠٠ پاوه‌ندی به‌ڕیتانی
باشترین شیعر: براوه‌ دەبێتە خاوەنی ١٠٠٠ پاوه‌ندی به‌ڕیتانی

*ڕۆیاڵ فێستیڤاڵ هۆڵ له‌ ساڵی ١٩٥١ كراوه‌ته‌وه‌ و به‌ یه‌كێک له‌ پێشكه‌وتووترین هۆڵه‌كان له‌ جیهاندا هه‌ژمار ده‌كرێت، كه‌ تێیدا جێگه‌ی ٢٥٠٠ کەس ده‌بێته‌وه.‌

هاوبەشی بکە

ChomanHardi, London, Royal Hall, ZhiwarNazanin,