(١) چیت لێ بکەم، ئەی نیشتمان؟
بۆ ئەو دوو خوشکە نەوجەوانەی لە ساڵی ٢٠١٤دا جەستەیان لە گۆمەکەی چەمچەماڵدا دۆزرایەوە.
سەیری پۆلیسەکانت کە
لای ئەو گۆمە قوڕاوییەی
دوو خوشکی تیا سەر ئاو کەوتوون،
سەیری پەتەکانی دەستیان!
جا پێم بڵێ ئەم پیاوانە
ماسی ڕاو دەکەن یان حۆری؟
ڕزگارکەرن یان تاوانکار؟
سەیری ئەو حەشامەتە کە، ھاتوون بۆ سەیر!
سەیری نیگا و کامێرایان!
سەیر کە چەند حەزیان لە خوێنە:
لە خوێن و وێنەکانی خوێن،
لە زوڵم و وێنەکانی زوڵم،
لە سووتان و وێنەکانی،
دەستدرێژی و وێنەکانی.
بڵێیت خەتای دیکتاتۆر بێت؟
خەتای ژووری پڕ عارەق و
خوێنەکانی زیندانی بێت؟
خەتای ژەھراویکردنی ڕۆحی ئێمە و
خوێنڕشتنی ئازادی بێت؟
بڵێی ئەمە میراتی توندوتیژی بێت
کە ئێمەی کردۆتە خەڵکێک
نە بەزەیی دەناسین و
نە ھەست بە گوناھ دەکەین و
نە ھیچ دڵمان دادەچڵەکێت؟!
تۆ بڵێیت خەتای شۆڕش بێت؟
خەتای تەقدیسی کوشتن و
سرووتەکانی جەور بێت؟
خەتای درۆی درەوشاوە و پەیمانە بێکۆتاکانی
لاقەکردنی ئازادی و
کەوتنی شۆڕشگێڕانی؟
من نازانم، ئەی نیشتمان،
بەھانە زۆرە و ژنیش زۆر.
ھێز و توندوتیژی بران، ژنیش تەنیا.
نیشتمانم، ئەی ئەو خاکەی
لە خەونەکانیشما ھێشتا پڕیت لە خوێن،
تۆ پێم بڵێ بە چی چارەسەرت بکەم؟
دەست بدەمە کام تاوانت؟
کام برینەت ساڕێژ بکەم؟
تۆ پێم بڵێ لە کوێی ئەم ھەموو خەمەوە دەست پێ بکەم؟
چیت لێ بکەم تا بگۆڕێیت؟
خۆ ناکرێت پشتت تێ بکەم
تا وەک خۆت بەردەوام بیت!
ئاخر تۆ بە چی دەگۆڕێیت؟
تۆ بە نزای دایکەکان و
تووڕیی شەقامەکان و
شرۆڤەی کتێبەکانیش ھەر نەگۆڕایت.
چیت لێ بکەم، ئەی نیشتمان؟
چی لەم ھەموو خوێنە بکەم؟
لە کوێت دانێم
تا ئەوەندە ڕۆژەکانم پڕ برین و دڵشکان و
ئازار نەکەیت؟
لە کوێت دانێم نیشتمانە دڵڕەقەکەم،
دە پێم بڵێ لە کوێت دانێم؟
(٢) گوڵەکانی ڕووناک خان
پێشکەشە بە خاتوو ڕووناک سائیب و ژنە بەھێزەکانی تر
ھەر جارێک دەگەڕێتەوە
باڵکۆنەکەی بە گوڵ دەڕازێنێتەوە:
شەستپەڕە پرتەقاڵییەکان،
ساردۆنیای سوور،
گوڵەباخی پڕ لە عەتری پەمەیی کاڵ
کێبڕکێ لەگەڵ یەکتر دەکەن.
ھەر جارێک دەگەڕێتەوە
ئەو ماڵە دەگەشێتەوە.
دراوسێکان دەچنە لای و
لەپڕ سڵاومان لێ دەکەن.
لەو ڕووبەرە بچووکەدا
بەدەم نۆشکردنی چاوە
چیرۆکی خۆشی و ناخۆشی ژیانیان دەگێڕنەوە.
دراوسێکان بە ڕووی خۆش و
میواندارییەکی ڕووناک خان
وەک گوڵەکان ماندوویەتییان دەردەچێت و
ھیوایان دەبووژێتەوە.
ھەر جارێکیش سەفەر دەکات
ماڵەکە چۆڵ، گوڵەکانی تەنیا، تینوو،
وشک ھەڵدێن.
چیم لێ دەکەیت؟
ھەر جارێک بۆنی گوڵ دەکەم،
بۆنی گوڵاو، بۆنی عەتری گوڵەباخان
باخەکەی پوورە سەبیحم بیر دێتەوە لە تووی مەلیک
کە سەرەڕای دڵشکان و نائومێدی لە ژیاندا
پڕ لە گوڵ و گەڵای گەش بوو
پڕ لە عەشق بۆ ژیان و خۆشەویستی.
چیم لێ دەکەیت؟
بە دەست خۆم نییە ئازیزم،
ھەر کە دەچمە باخی سێوان
گوڵەباخە پەمەییەکان
دەمخەنە یادی ئەو ژنانەی
لە چاوەڕوانیی عەشقدا چەند منداڵێکیان خستەوە
ڕەنگی زەرد و چاوی تەڕیان
ھەر ناکامیی لێ دەچۆڕا.
ئەو ژنانەی پیاوێک دەبوو خۆشی بوێن
کەچی دڵ و جەستە و گیانیان
خەڵتانی خەم، خەڵتانی ژان، خەڵتانی تەنیایی کردن.
ئەو ژنانەی خەم خواردنی
بەڵام ھێشتاش ماڵیان گەرم و
دەستیان واڵا و
باخانیان پڕ لە گوڵزار بوو.
ژیاننامەی دکتۆر چۆمان هەردی
د. چۆمان هەردی، لە ساڵی ١٩٧٤ لە سلێمانی لەدایکبووە. لە ساڵی ١٩٩٣ ڕووی لە بەریتانیا کردووە و بڕوانامەکانی بەکالۆریۆس، ماستەر و دکتۆرای لە زانکۆکانی ئۆکسفۆرد، لەندەن و کێنت بەدەست هێناوە. خاوەنی چەندین بەرهەمە بە هەردوو زمانی کوردی و ئینگلیزی، دیارترینیان کۆمەڵەشیعرەکانی «ژیانێک بۆ ئێمە – Life for Us» و «لەبەرچاوگرتنی ژنان – Considering the Women»ـن کە بەشێکیان چوونەتە نێو پرۆگرامی خوێندنی بەریتانییەوە. لە بواری لێکۆڵینەوەشدا خاوەنی پەڕتووکی «ئەزموونە جێندەرییەکانی جینۆساید – Gendered Experiences of Genocide»ـە، لەگەڵ یەکەمین ڕۆمانی بە ناوی «سرتەی دیوارەکان – Whispering Walls». پاش ساڵانێک مانەوە لە تاراوگە، لە ساڵی ٢٠١٤ـەوە گەڕاوەتەوە کوردستان و لە زانکۆی ئەمریکی لە سلێمانی (AUIS) درێژە بە کارەکانی دەدات.
___
هەردوو شیعری شیعری “چیت لێ بکەم، ئەی نیشتمان؟” و “گوڵەکانی ڕووناک خان” لە ڕۆژی ٩\٦\٢٠٢٦ لە یادەی دە ساڵەی ماڵپەڕی کولتووریی دیدی مندا لەلایەن خودی شاعیر خوێندرایەوە.
Copyright © DidiMn.com. All rights reserved.