28/03/2024
DidiMn Logo
Top

بیرەوەرییەکانی سەر بەرد لە سینەماکانی ئەڵمانیا نمایش دەکرێت

لە لایەن دیدی من 8 ساڵ پێش ئێستا

دیدی من

نمایشی گشتیی فیلمی سینەمایی “بیرەوەرییەکانی سەر بەرد” لە دەرھێنانی “شەوکەت ئەمین کورکی” لە سینەماکانی وڵاتی ئەڵمانیا دەستی پێکرد.

فیلمی سینەمایی “بیرەوەرییەکانی سەر بەرد” Memories On Ston لە دەرھێنانی “شەوکەت ئەمین کورکی” فیلمی ھەڵبژاردەی وڵاتی عێراق بە ھەشتا و ھەشتەمین ڕێوڕەسمی خەڵاتە سینەماییەکانی ئاکادیمیای ئۆسکار لە ساڵی ٢٠١٦، بە شێوەی گشتیی چووە سەر پەردەی سینەماکانی وڵاتی ئەڵمانیا و نمایشی دەستپێکی ئەم فیلمە بە ئامادەبوونی ئەم سینەماکارە کوردە، “مەمەد ئەکتاش” بەرھەمھێنەری فیلمەکە و ھەروەھا “حوسێن حەسەن” یەکێک لە ئەکتەرە سەرەکییەکانی ئەم فیلمە ڕۆژی ٨ی ئەپرێلی ٢٠١٦ لە شاری بەڕڵین لە وڵاتی ئەڵمانیا دەستی پێکرد.

Birawariyekani Ser Bard Filmi Halbjarday Wlati Iraq Ba Oscari 2016 Nasendra 1

نمایشی گشتیی ئەم فیلمە لە سینەماکانی ئەڵمانیا لە لایەن کۆمپانیای “میتۆس فیلم”ی ئەڵمانی بە بەرپرسیارییەتی سینەماکانی کورد “مەمەد ئەکتاش” لە بەڕڵین دەستی پێکرد و ھاوکات لەگەڵ ئەم شارە، لە شارەکانی مۆنیخ، کۆڵن، ھامبۆرگ و فڕانکفۆڕت و چەندین شاری دیکەی ئەم وڵاتە بۆ خەڵکی نمایش دەکرێت.

فیلمی سینەمایی “بیرەوەرییەکانی سەر بەرد” ساڵی پار بە بۆنەی جەژنی پیرۆزی قوربانەوە لە سینەماکسی “مازی مۆڵ” لە شاری دھۆک لە ھەرێمی کوردستان و لە درێژەدا لە ھۆڵی سینەمایی “ئیمپایەر” لە فامیلی مۆڵی شاری ھەولێر و ھەروەھا لە ھۆڵی “سیتی سینەما” لە شاری سلێمانی چووە سەر پەردەی سینەماکان.

ئەم فیلمە ساڵی ٢٠١٤ لە سینەماکانی شارە جۆراوجۆرەکانی وڵاتی سویسڕا، لەوانە: زووریخ، بێرن، بادن، باسل، ھور، سورسێ، تۆسیس و چەندین شاری دیکە بە شێوەی گشتیی نمایشکرا و لە لایەن خەڵکییەوە پێشوازیی لێکرا.

Birawariyekani Ser Bard Filmi Halbjarday Wlati Iraq Ba Oscari 2016 Nasendra 4

“بیرەوەرییەکانی سەر بەرد” کە تا ئێستا لە کۆمەڵێک فیستیڤاڵ لە ئاستی دنیادا چۆتە سەر پەردەی سینەماکان و چەندین خەڵاتی گرینگی نێودەوڵەتی بۆ ھەرێمی کوردستان بەدەستھێناوە، لە دوایین بەشداریی نێودەوڵەتی خۆیدا بە ئامادەبوونی “شەوکەت ئەمین کورکی” دەرھێنەر، “مەمەد ئەکتاش” بەرھەمھێنەری فیلمەکە و ھەروەھا “شیما مەلایی” ئەکتەری سەرەکی ئەم فیلمە لە بەشی پێشبڕکێی سەرەکیی نێونەتەوەیی پەنجاو دووھەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “ئانتالیا” لە شاری ئانتالیای تورکیا نمایشکرا و لە لایەن ئەندامانی لێژنەی دادوەرانی ئەم فیستیڤاڵە گرینگەوە خەڵاتی پرتەقاڵی زێڕینی باشترین فیلمی پێبەخشرا.

ئەم فیستیڤاڵە بە نمایشی کۆمەڵێک فیلم لە سینەماکارانی وڵاتانی جۆراوجۆری جیھان لە چەندین بەشی جیاواز، لەوانە: بەشی “پێشبڕکێی نێودەوڵەتی”، بەشی “پێشبڕکێی نەتەوەیی”، بەشی “نمایشی کورتە فیلمی چیرۆکییەکان”، بەشی “نمایشی فیلمی دیکۆمێنتاریی” و چەندین بەشی دەرەوەی پێشبڕکێی، لەوانە: ڕێزلێنان لە تەمەنێک چالاکی ھونەری سینەما لە ئەکتەری ناوداری فەڕەنسی “کاترین دۆنۆڤ” و پێشانگایەک بۆ پازدەھەمین ساڵی کۆچی دوایی ئەکتەری ناوداری تورکیا “کەماڵ سۆنال” یەکێک لە کەسایەتییە کاریگەرەکانی سینەمای ئەم وڵاتە بەڕێوەچوو.

هاوبەشی بکە

birawaryakaniSarBard, Duhok, Germany, ShawkatAminKurki,