29/03/2024
DidiMn Logo
Top

گروپێکی کوردی لە ئەڵمانیا کار لەسەر شێوازی شانۆی ئیمپرۆ دەکەن

لە لایەن دیدی من 8 ساڵ پێش ئێستا

دیدی من – سازدانی: ئاراس عەبدولڵا

گروپی سکێچ، گروپێکی شانۆییی کوردییە و ماوەی نزیکەی ساڵێکە لە وڵاتی ئەڵمانیا دامەزراوە، لە ئێستادا نزیکەی ١٨ ئەندام لە دەوری ئەم گروپە کۆ بوونەتەوە. ئەم گروپە لە بواری شانۆی ئیمپرۆـدا کار دەکەن. ئەم شانۆیە، شێوازێکی تایبەتە و جیاوازیی زۆری هەیە لەگەڵ شیوازەکانی دیکەی شانۆ؛ بەوەی کە لەم شێوازەدا دەق و دەرهێنەر بوونیان نییە و ئەکتەر لەسەر تەختەی شانۆ کردارە شانۆیییەکان دروست دەکات و پێشتر ئامادەکاری بۆ ناکات. لەم گفتوگۆ کورتەدا، دیار عومەر، ئەندامی گروپی سکێچ، دەربارەی چالاکییەکانی گروپەکە و شانۆی ئیمپرۆ، بۆ دیدی من دەدوێت:

دیدی من: گروپی سکێچ کێن و چۆن کار دەکەن؟

دیار عومەر: سکێچ گروپێکی شانۆییی ئیمپرۆیییە وماوەی نزیکەی ساڵێکە دامەزراوە، لە ١٨ ئەندام پێک هاتووە، زۆرینەی ئەندامەکان لە وڵاتی ئەڵمانیا دەژین و دوو ئەندامیش لە وڵاتی سوید. تا ئێستا ٤ نماییشمان بە زمانی کوردی پێشکەش کردووە لە شارەکانی دارمشتات، نۆرێنگبێرگ و هانۆڤەر لە وڵاتی ئەڵمانیا، هەروەها شاری خرۆنینگن لە وڵاتی هۆڵەندا. دوو نماییشیشمان بە هاوکاریی گروپە ئەڵمانییەکان و لەگەڵ گروپە ئەڵمانییەکان بە زمانی کوردی و ئەڵمانی پێشکەش کردووە.

دیدی من: ناساندنێکی شانۆی ئیمپرۆ و هۆکاری هەڵبژاردنی بۆ کاری گروپەکەتان؟

1

دیار عومەر: ئەم شێوازە نماییشە لەناو کورد و و رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا زۆر باو نییە، دەشێت ئەمەش هۆکارێک بێت بۆ ئەوەی کە ئێمە ئەم شێوە شانۆیییەمان هەڵبژاردووە. ڕەنگە هەوڵی تاکەکەسی هەبووبێت، بەڵام لە هەرێم وەک گروپ و تیپ نەبووە. لەم نماییشەدا دەق و دەرهێنەر بوونیان نییە، هەموو ڕووداو و چیرۆکەکان لەبەردەمی بینەر دروست دەکرێن و بینەر پێشنیاری بابەتەکان دەکات و ئەکتەرەکانیش لە هەمان کاتدا دەرهێنەر و نووسەریشن. بۆ ئێمەی کورد شێوازێکی نوێیە، بەڵام لە ئەوروپا ساڵانێکە ئەم جۆرە نماییشانە بوونیان هەیە و گروپی پیشەگەر کاری تێدا دەکەن. ئەم گروپەی ئێمە سەرەتایەکە، زۆر لە سەرەتای ئیمپرۆـداین؛ ئیمپرۆ دوو فۆڕمی هەیە، فۆڕمی درێژ و فۆڕمی کورت، هەر دوو فۆڕمەکە پشت بە چەندین یاسای تایبەت بە ئیمپرۆ دەبەستن و لە چوارچێوەی یاریدان.

دیدی من: کار و چالاکییەکانی گروپی سکێچ چین؟

دیار عومەر: تا ئێستا یاریی فۆڕمی کورت نماییش دەکەین، لە ئیمپرۆـدا شێوە نماییشێکی دیکەش هەیە کە پێی دەگوترێت شانۆی وەرزشی؛ شانۆی وەرزشی لە نێوان دوو گروپ ئەنجام دەدرێت، بۆ هەر یارییەک خاڵ دادەنرێت و لە کۆتاییدا تێپێک براوە دەبێت. لە بەرواری ١٨\٦\٢٠١٦، لە شاری هانۆڤەر لەگەڵ گروپێکی ئەڵمانی بە ناوی هانۆڤەر٩٨، نماییشێکی لەم جۆرەمان دەبێت، دڵنیاین کە دەیدۆڕێنن، چونکە ئەوان چەندین ساڵە خەریکی ئەو ئەزموونانەن. ئەم نماییشە بە زمانی کوردی و ئەڵمانی دەبێت، نابێت کوردەکان ئەڵمانی بزانن و ئەڵمانەکانیش کوردی بزان. هەروەها  لە بەرواری ١٩\ ٦\٢٠١٦، لە شاری دامشتاد نماییشێک بە زمانی کوردی پێشکەش دەکەین . دواتر لە بەرواری ٤\٦\٢٠١٦، لە شاری هانۆڤەر وۆرک شۆپێک ئەنجام دەدەین، کە لەم وۆرک شۆپەدا چەندین ڕاهێنان و یاریی تازە ئەنجام دەدرێت، ئەم وۆرک شۆپە و ئەوانی پێشتریش تەنیا بۆ شارەزابوون و خۆپەروەردەکردنە لە بوارەکە. شانۆی ئیمپرۆ پێویستی بە ئەکتەری ئامادە هەیە، ئەم ئەکتەرانەش دەبێت بە شێوەیەکی تەندروست پەروەردە بکرێن. وۆرک شۆپی ئەم جارە لە لایەن کارۆخ ئەحمەدـەوە سەرپەرشتی دەکرێت. پاشان لە بەرواری ٣٠\٧\٢٠١٦، لە شاری بەرلین نماییشێکمان هەیە و لە سەرەتای مانگی ٩ـش لە شاری کۆڵن نماییشێکی دیکەمان هەیە.

دیدی من: پلانتان نییە لە کوردستان نماییش بکەن؟

دیار عومەر: سەبارەت بە نماییش لە کوردستان، ئێمە حەز دەکەین ئەم شێوە نماییشە بە کوردستان ئاشنا بکەین، ڕەنگە لە ئاییندە بێینەوە و لەوێ چەندین وۆرک شۆپ بکەینەوە و هەر بە بەشداربوانی وۆک شۆپەکەش نماییش بکەین.

13342893_1720416358232372_6960831284782944401_n

هاوبەشی بکە

ArasAbdulla, Germany, Impro, Shano,