20/04/2024
DidiMn Logo
Top

بەردەم ئاوێنەکە دوایین کاری شانۆیی شوان کەریم بە زمانی ئەڵمانی

لە لایەن دیدی من 7 ساڵ پێش ئێستا

ئاكته‌رانی شانۆیی به‌رده‌م ئاوێنه‌كه‌

دیدی من – ئاراس عەبدولڵا

بەردەم ئاوێنەکە، ناونیشانی دوایین کاری هونەرمەندی شانۆکاری کوردی دانیشتووی وڵاتی ئەڵمانیا، شوان کەریم ـە، ئەم بەرهەمە بە زمانی ئەڵمانی لە سەرەتای مانگی 10ـی ئەمساڵەوە یەکەمین نماییشی لە شاری هانۆڤەر بەڕێوەدەچێت بڕیارە لە ساڵی داهاتوودا لە چەند شارێکی دیکەی ئەڵمانیا نماییش بکرێت. بەردەم ئاوێنەکە، لە نووسین و دەرهێنانی شوان کەریم ـە و لەلایەن ژمارەیەک شانۆکاری کورد، عەرەب، تورک و ئەڵمانییەوە، بەزمانی ئەڵمانی بەرجەستە دەکرێت.

دەربارەی چیرۆکی ئەم شانۆیییە، شوان کەریم بۆ دیدی من گوتی: “چیرۆکی نماییشەکە بریتییە لە ژن و مێردێک کە خانویەکی نوێیان کڕیوە و ئێوارەیەک هاوڕێکانیان داوەت دەکەن. خانوەکە زیندانێکی کۆنە لەناو دارستانێکدا کە لە دەوڵەتیان کڕیوەتەوە. ‌پیاو.(کلاوس).سیاسییەکە کە شکستی هێناوە لە هەڵبژاردندا و بەوە ناسراوە کەسێکی ڕەگەزپەرستە، ‌ژن(سارا) دکتۆرای هەیە لە زماندا و دوو خزمەتکاری هەیە لەماڵەکەدا کە بێگانەن و لەیەک تێناگەن.”

سەبارەت بە کارەکتەرەکانی شانۆیییەکە هونەرمەندی ناوبراو ڕایگەیاند: “لەو زیندانە کۆنەدا سەرەتا دوو خێزانی تر دەردەکەون، ‌یەکێکیان کارئەکتەری خانمێکی لاواز کە هەموو قوربانییەک دەدات بۆ پەیوەندییەکەیان کەچی هێشتا پیاوەکە بەختەوەر نییە. ‌دووەمیان بە پێچەوانەوە پیاوێکی لاواز کە لەوەهمی نووسیندا جڵەوی پەیوەندییەکەی لەدەستداوە. ‌کەسایەتی نۆیەم (لوکاس) بەتەنها دەردەکەوێت چونکە ئەو پاش نیوەڕۆیە کۆتایی بە پەیوەندیەکەی دەهێنێت. کێشەکان گەورەتر دەبن کاتێک ڕوندەبێتەوە کە پێش چەند ساڵێک لەگەڵ یەکێک لە خانمەکانی ئەو ئێوارەیەدا پەیوەندی هەبووە. ‌هەموو ئەم ڕاستیانە لە یاریەکدا دەردەکەون کە ئەو ئێوارەیە پێکەوە دەیکەن ( ڕاستی یان سزا ) (Wahrheit oder Pflicht) ‌لە کۆتاییدا هەموو پەیوەندیەکان هەڵدەوەشێنەوە و لوکاس لە هەوڵی دروستکردنەوەی پەیوەندیە کۆنەکەیدا دەمانباتەوە بۆ سەرەتای نماییشەکە.”
هەرچی سەبارەت بە ناوەڕۆکی کارەکەیە، شوان کەریم ئاماژەی بەوەدا کە: “وەستان لەسەر کڵێشەی پەیوەندیەکانی خێزان لەلای مرۆڤی مۆدێرن و بوونی ماڵ بە زیندانێکی ئەزەلی، لەو ڕوانگەیەوە شەڕەکان دەستپێدەکەن. شەڕی نەتەوەی جیاواز، ڕەگەزی جیاواز و شەڕی گۆڕانی بەردەوام کە خەسڵەتێکی ئاشکرای ئەو مرۆڤەیە. ‌بێگانەخزمەتکارەکانی ئەو زیندانە دەکەونە ژێر پرسیاری ئەوەی ئەمانە ترۆریستن یان نا؟! پرسیارێکی سادە کە کۆمەڵگەی ڕۆژئاوای سەرقاڵ کردەوە، بۆ ڕاکردن لە شەڕەکانی ماڵ دەبنە سەربازێکی بێ ئاگا.”

دەربارەی دەرهێنان لەم نماییشەدا، شوان کەریم ڕوونیکردەوە: “گرنگ بوو هەموو گۆڕانێک لە بابەتدا، گۆڕان بێت لە فۆرمی بەرجەستەکردندا، بۆیە سەرتاپای کارەکە وەک یەکەیەکی یەگرتوو بەڵام بە ڕەنگی جودا نماییش دەکرێت. تاقە فۆرمێک کە چەند بارە دەبێتەوە مۆنۆلۆگی کارئەکتەرە لە بەردەم ئاوێنەی ماڵەکەیدا، ‌لەبەردەم ئاوێنەکەدا هەوڵێکە بۆ بینینەوەی بینەر لەسەر تەختەی شانۆ، وەک ئەوەی سەیرێکی ژیانی خۆیان بکەن.”

نووسەر و شانۆکار شوان کەریم، لە ڕابردوودا ژمارەیەک کاری شانۆیی لە هەرێمی کوردستان نماییش کردووە کە سەرجەمیان لە نووسین و دەرهێنانی خۆی بووە، ئەوانیش بریتین لە (ئازارەکانی ئەودیوی پەنجەرەیەک، کاتمان نەماوە بۆ گۆرانی، شەوی نیشتیمانی و ساڵی سفر). لە ئێستاشدا لە وڵاتی ئەڵمانیا نیشتەجێیە.

 

هاوبەشی بکە

Bardam Awenaka, Shano, Shwan Karim,