22/03/2024
DidiMn Logo
Top

شانۆیی سەرەتا… زۆر سەرەتا: گفتوگۆ لەگەڵ شوان کەریم

لە لایەن دیدی من 4 ساڵ پێش ئێستا

سازدانی: ئیدریس عەلی

لە ماوەی ڕابردوودا، شانۆیی ”سەرەتا… زۆر سەرەتا” لە شاری سلێمانی نمایش کرا و بە دوای خۆیدا کۆمەڵێک سەرنج و بۆچوونی جیاجیای دروست کرد؛ ئەو بۆچوونانە هەر چۆنێک بووبن، گوزارشتن لە کاریگەریی نمایشەکە و ئەو پێشوازییە بێوێنەیەی لە لایەن بینەرانەوە لێی کرا. لەم دیدارەدا شوان کەریم، نووسەر و دەرهێنەری شانۆییەکە، بە وردی باس لە چۆنیەتیی نووسینی دەقەکە و جەوهەری نمایشەکە دەکات.

بیرۆکەی شانۆیی ”سەرەتا… زۆر سەرەتا” لای تۆ چۆن دروست بوو؟ ئایا بەرەنجامی خوێندنەوەی نوێی تۆیە بۆ مرۆڤ و ژیان، یاخود بە ڕێکەوت ئایدیاکەی وا دەرچوو؟

بیرۆکەی کارەکە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ٢٠١١، ئەوکات لە پڕۆڤەی کاتمان نەماوە بۆ گۆرانی، لەگەڵ ھونەرمەند جەعفەر مەعلەدا بیرمان لەوە کردەوە کە ئەگەر منداڵێک لە نمایشەکەدا بێت، چی دەگۆڕێت؟ ئەوە بوو لەو بەرھەمەدا وازمان لێ ھێنا، بەڵام بیرۆکەکە ھێندە جوان بوو، کە بە درێژایی نۆ ساڵ ھەر لام مایەوە. ھەمیشە ھەستم دەکرد دەبێت فۆڕمێکی تەواو جیاواز بێت لە کارەکانی پێشترم. بێگومان جیهانبینی و خوێندنەوەی من بۆ مرۆڤی سەردەم، گۆڕانی گەورەی بەسەردا ھات، بە تایبەت لەم دە ساڵەی کۆتاییدا کە بۆ داڕشتنەوەی ئەو تووڕەبوون و توندوتیژییە، چیرۆکێکی لەو شێوەیە زۆر یارمەتیدەر بوو، ئەمە جگە لەوەی فۆڕمێکی نوێی بەرجەستەکردنم بۆ نمایشێکی نوێ ھەڵبژارد، کە دەتوانم بڵێم چیرۆک، گوتارەکانی نمایش و بەرجەستەکردن، سێ یەکەی نزیک و ھاوتەریب بوون، ئەمەیش بۆ ھەموو نمایشێکی باش پێداویستیی سەرەکین.

بۆچی بۆ زۆربەی نمایشەکانت پشت بە دەقی خۆت دەبەستیت و کەمتر پەنا بۆ دەقی تر دەبەیت؟ هۆکار و گرنگیی ئەمە لە چیدایە؟

دەق لای من لە قۆناغی پڕۆڤەدا شتێکی پیرۆز نییە کە دەستکاری نەکرێت، بە پێچەوانەوە ھەمیشە لە گۆڕاندا دەبێت؛ من ھەست دەکەم ھەمیشە نمایش دەنووسم، نەک دەقێکی شانۆیی کە بچێت بۆ چاپ. لەمەدا تێکستی خۆم زۆر یارمەتیدەرە کە بڕیاری لەسەر بدەم چیی تێدا بگۆڕێت .

خاڵی دووەم، لە پاڵ گەڕان و ئەزموونم وەک دەرھێنەرێک، زمان و دەقیش زۆر بۆم گرنگن، کە لە ئەزمووندا بم، دەق بە دەق زیاتر تەکنیکی نووسینم گۆڕانکاریی باشی بەسەردا بێت. واتا خودی تاقیکردنەوەکان بەس دەرھێنان نییە و لە پاڵیدا پڕۆسەی نووسینی دەقیشە، کە من لە شەش ئەزموونی کوردستاندا ھەردوو ئەرکەکەم گرتووەتە ئەستۆ و لێپرسراوێتییەکی گەورەیە، کە بە ھیوام لە ئاستیدا بووبم .

خاڵی سێهەمیش، قسەوقسەڵۆکی ناوەندە شانۆییەکەیە، کە بەپێی ئەوەی من لە دەرەوەی وڵات دەژیم، بە دەستبردن بۆ شاکارە جیهانییەکان، یەکسەر تۆمەتی بەکۆپیکردنی دەخرێتە پاڵ. ھەرچەند ئێستا زۆر گوێ بەم خاڵە نادەم و پێم وابێت نابێت ئەو حیسابە گەورەیەی بۆ بکەم کە تا ئێستا کردوومە.

بە گشتی، لای تۆ سەرەتا شوێن هەیە و دەقی بۆ دەنووسیت، یاخود دەق نووسراوە و شوێنی بۆ پەیدا دەکەیت؟ دەمانەوێت بزانین جوگرافیای نمایش چ پەیوەندییەکی بە پرۆسە شانۆییەکانی تۆوە هەیە؟

سەرەتا دەق ھەیە، ھەمیشەیش وا بووە؛ بەو مانایە نییە دەق لە کاتی پڕۆڤەدا گۆڕانی بەسەردا نەیەت، هەر وەک پێشتریش باسم کرد. بەڵام لە کوردستان ھەرگیز بێ دەق نەچوومەتە ھیچ پڕۆژەیەکی شانۆییەوە.

جوگرافیای نمایش زۆر زۆر گرنگ و تایبەتە بۆ ئیشکردنم، هەر بۆیە زۆر جار ھۆڵم بە جێ ھێشتووە و لە ماڵێک، کارگەیەک، مۆزەخانەیەکدا نمایشمان کردووە. ھەرگیز زیندوویەتیی نمایش لە جوانیی جوگرافیاکەی جیا ناکرێتەوە؛ ئەم دوانە زۆر پێکەوە گرێ دروان .

من ڕقم لە شتی بڕواپێنەکراوە، خۆیشم کەوتوومەتە ھەڵەی لەو شێوەیەوە، کاتێک دیکۆر و ڕووناکی نەیانتوانیوە بڕوا بە بینەر بهێنن، کە ئەمەیش ڕوویدا ئیتر لە سەرتاپای نمایشدا بینەر ئەو ھەستەی ھەیە، ئەمەی ڕوو دەدات یارییە، ئەمەیش ناھێڵێت بە ئاسانی لەگەڵ نمایشدا ئاوێزان بیت.

کۆتا خاڵیش ئەو ڕستەیەیە کە دەیان ساڵە دووبارەی دەکەینەوە: کەمیی ھۆڵی شانۆی باش لەم وڵاتەدا. لەگەڵ بەڕێوەبەری خراپی ئەو ھۆڵانەدا. پێتان سەیر نەبێت کە ھەندێک ھۆڵ ھەن، بەڕێوبەرەکانیان لە دژەتیرۆر یان دەزگاکانی ئاسایش و زانیارییەوە ھاتوون، ئیتر لەم کاولستانە ئیدارییەدا چۆن لە کەسێکی وا دەگەیەنیت جوگرافیای نمایش چەند گرنگە؟

شانۆیی ”سەرەتا… زۆر سەرەتا”، لەو هەوڵە جیدییانەیە کە دوای بینینی نمایشەکە، مرۆڤ لە خۆی و بوون و ژیانی خۆی دەکەوێتە گومانەوە، بەڵام ئەم گومانە لە نمایشەکەدا وەک خۆی نامێنێتەوە و دواجار دەبێت بە پەیامی ڕاگرتنی دروستکردنی منداڵ… خۆت ئەم حاڵەتە چۆن لێک دەدەیتەوە؟

دەقەکە گەڕانێکی خێرایە بەسەر چەند دیاردەیەکی زەقی مرۆڤی سەردەمدا. دەقێکی توندوتیژە، ڕاستوخۆیە، لە ھەندێک شوێندا بریندارمان دەکات، بازدانێکە لەسەر چەند چەمک و خەتێکی فەلسەفیی جیاواز. گەر ورد بڕوانینە ئەم مرۆڤە، دەبێت لە خۆمان بپرسین: ”ئەرێ بە ڕاست، ئێمە خەریکی چیین؟” ئاخر ناکرێت لە بوونی سەدان پرسیاری وجوودیی گەورە لە ژیاندا، هێشتا ئەم مرۆڤە بە شێوەیەک سەرقاڵ کراوە، کە درێژی و کورتیی لووتی ببێتە کێشە ئەزەلییەکەی… ناکرێت ھێندە ڕووکەشپەرست و خۆپەرست بێت، بۆ چێژوەرگرتن بەم شێوە ئاسانە خۆی تەسلیمی تەممەڵییەکی بێکۆتا کردووە.

ئەم مرۆڤە بیری چووەتەوە شتێک ھەیە ناوی رمدنە، بیری چووەتەوە تاقە زیندەوەری سەر گۆی زەوی نییە، بیری چووەتەوە ڕێزی ئەو ھەوایەیش بگرێت کە ھەڵی دەمژێت… ئەم مرۆڤە ھیچ بێڕەوشتییەک نییە تاقیی نەکردبێتەوە، ھێشتا پێیشی وایە جوانترین دەستکردی بوونەوەرەکانە.

ئەم نمایشە گەڕانێکی زۆر خێرایە بۆ بینینی چەند چەمکێکی ناشیرین، بەڵام پێیشمان وایە کە تاقە هۆکاری ڕزگاری لەم دۆخەدا، بیرکردنەوەیە لە دروستکردنی جوانی؛ ھەموو ئەو شتە خراپانەی لە مێژووی مرۆڤایەتیدا ڕوویان داوە، لە غیابی ئەو پرەنسیپەدا بووە: پرەنسیپی دروستکردنی جوانی.

ئەم مرۆڤە ھیلاکە، سەرلێشێواوە، بێبڕوایە، پێش ھەر شتێک پێویستی بە ئاسوودەییە، ئەویش تەنهاوتەنها لە دروستکردن یان ھەوڵی دروستکردنی جوانیدا بەرھەم دێت؛ گەر وا نەکات، با بە ڕاستی منداڵبوون ڕابگرین و چیتر زیاد نەکەین.

دەقی نمایشەکانت بە ڕووکەش لۆکاڵی دەردەکەون، بەڵام لە ناوەڕۆکدا کێشەی قووڵی ئینسانی و گەردوونییان هەڵگرتووە، واتە هەر یەک لەو دەقانەی تۆ دەشێن لە هەر وڵات و بە هەر زمانێکی تر پێشکەش بکرێن و خەڵکی نەتەوە جیاوازەکانیش ئازار و غەمی خۆیانی تێدا ببینەوە… پرسیارەکە ئەوەیە، چۆن دەتوانیت ئەو خەمە لۆکاڵییانە بکەیت بە بابەتێکی گەردوونی؟

دیارە ھیچ گوتارێکی لۆکاڵی نییە بەشێک نەبێت لە گوتارە جیهانییەکە، ئەگەر میتۆدەکانی دەربڕین، بە تایبەت زمان، ئاستێکی باشی ھەبێت. واتا ئێمە چەند مرۆڤدۆستانە لە ناخی کارەکتەرەکانماندا، لە چیرۆکەکانماندا، لە گوتارەکانمدا کار بکەین، ھێندەیش جیهانییانە دەنووسین. پاڵەوانی چیرۆکەکانی چیخۆف وەک نموونە: بۆچی عەرەبانچییەکی ڕووسیا لە گێڕانەوەی چیرۆکەکەیدا ھەموو جیهان بە بەشێک لە خۆی دەزانێت؟ چونکە ئەمە مامەڵە و شیکردنەوەیە لەسەر خودی مرۆڤ، نەک بە تەنها مرۆڤێکی ڕووس؛ ھەرچەندە ئەدەبیاتی ڕووسی، بە تایبەت لە سەردەمی شەڕی سارددا، بە ھەزاران ھەزار چیرۆک و شانۆ و فیلمی لۆکاڵیی خراپی ھەبووە، کە ئەمڕۆ ھیچ بەھایەکی مێژوویی یان ئەدەبییان نەماوە، بەڵام کاریگەریی زۆر خراپی لەسەر ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست بە جێ ھێشت، کە سەردەمێکی ویست تا لە تاقە پاڵەوانی فریادڕەس و بەرزنرخاندنی ئایدۆلۆژیا سیاسییەکان ڕزگار ببین. ئێمەیش هەمیشە – بە تایبەت لە شانۆ و فیلمەکانماندا – کێشەی زمانی دەربڕینمان ھەبووە و ھەیە، کە ئەمە وا دەکات گەورەترین و تراژدیترین چیرۆکەکانمان، بە زمانێکی ئاست نزم بەرجەستە بکرێن، ئەمەیش سنورداری دەکات و لە لۆکاڵێکدا دەیهێڵێتەوە.

(ئەم چاوپێکەوتنە پێشتر لە ماڵپەڕی دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم بڵاو بووەتەوە)

هاوبەشی بکە

Shwan Karim, Theatre,