29/03/2024
DidiMn Logo
Top

بەناوبانگترین خەڵات و فێستیڤاڵەکانی سینەما لە جیهاندا

لە لایەن دیدی من 6 ساڵ پێش ئێستا

 دیدی من ویكیپیدیا، پێیتوت
له‌ فارسییه‌وه‌: چیادۆست ڕەسوڵ

 

فێستیڤاڵێکی زۆر هەن کە لە جیهاندا مۆرکی نێودەوڵەتی و گرنگی و بایەخێکی  زۆریان هەیە. ڕێژەی ئەم گرنگییەش دەگەڕێتەوە بۆ کۆمەلێک هۆکار کە یەکێک لەو هۆکارانە خەمخۆری و وردبینیی ناوبژیوانانی فێستیڤاڵەکەیە. بینەرەکانی فێستیڤاڵەکە کە سەرسامن بە  پەردەی سینەما، بەڵام  کەسانێک هەن لە پشتی پەردەوە لە کەش (ئەتمۆسفێر)ی فێستیڤاڵەکە لە یاد دەکرێن، هەرچەندە ڕای ئەوان پەیوەندیی ڕاستەوخۆی بە مێژووی سینەماوە هەیە.

لە نێوان فێستیڤاڵی فیلم لە جیهاندا، فێستیڤاڵی فیلمی ڤێنیزیایا یەکەم فێستیڤاڵی نێودەوڵەتییە  کە لە ساڵی 1932 دەستی بە کار کردووە. یەکەمین فێستیڤاڵیش لە ئاسیادا فێستیڤاڵی هیندە کە لە ساڵی 1952ەوە دەستی بە کار کردووە. فێستیڤاڵەکانی تریش لە دوای ئەم  ڕێکەوتەوە دروست بوون.

 ناوی  فێستیڤاڵ  ساڵی دروستبوون
 فێستیڤاڵی مۆسکۆ  1935
 فێستیڤاڵی کان  1946
 فێستیڤاڵی لۆکارنۆ  1946
 فێستیڤاڵی  کارلۆ ویواری  1946
 فێستیڤاڵی ئەدینبۆرگ  1947
 فێستیڤاڵی بەرلین  1952

 

فێستیڤاڵی فیلم ڕەین دانس (Rain Dance)، گەورەترین  فێستیڤاڵی  سەربەخۆی جیهانە،  کە ساڵانە لە بەریتانیا  بەڕێوە دەچێت. فێستیڤاڵی مێلبۆرن، سیدنی و ئەدینبۆرگیش لە ڕووی ماوەی بەڕێوەچوونەوە لە درێژترین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتییەکانی جیهانن.

لە ڕووی پێکهاتەی دروست بوون، فێستیڤاڵی کان، ڤێنیزیا، بەرلینلەگەل و فێستیڤاڵی ئۆسکار جیاوازییان هەیە. دەستەی یەکەم کە دیارن، لە ماوەی چەند  ڕۆژێکدا سینەماکاران کۆ دەکەنەوە، بەڵام لە فێستیڤاڵی ئۆسکاردا کە خەڵاتێکی نێودەوڵەتییە، کۆمەڵەی سینەماکارن کۆ دەکاتەوە و براوە دەستنیشان دەکەن.

فێستیڤاڵی کان، ڤێنیزیا و بەرلین لە گەورەترین و گرنگترین فێستیڤاڵە نێودەوڵەتییەکانی جیهانن، کە بە سێ گەورەکە (BIG THREE) ناسراون، لە بەرانبەریشدا خەڵاتی ئۆسکار بەناوبانگترین خەڵاتی نێودەوڵەتییە لە جیهانی سینەمادا، زۆربەی  فیلمسازە دیارەکانی جیهان جارێک یان چەند جارێک بەشدار بوون لەم فێستیڤالانەدا و خۆیان تاقی کردووەتەوە.

 

فێستیڤاڵی کان

فێستیڤاڵی کان لە کۆمەڵێک بەشی جیاواز پێک هاتووە، وەک:

  • بەشی پێشبڕکێ
  • بەشی لاوەکی
  • بەشی خەڵاتی ناوەندەکانی سەربەخۆ.

لە گرنگترین بەشی ئەم فێستیڤاڵە بەشی خەڵاتە. خەڵاتی فێستیڤاڵەکە کە پەلی زێڕین دەدرێتە هەڵبژێردراوەکان. بەشەکانی تری ئەم ئەم خەڵاتە بریتییە لە خەڵاتی گەورەی کان، خەڵاتی تایبەتیی دەستەی ناوبژیوانان، پەلی زێڕینی فیلمی کورت، پەلی زێڕینی باشترین ئەکتەری ژن، پەلی زێڕینی باشترین ئەکتەری پیاو و پەلی زێڕینی باشترین فیلمنامە.

بەشە هاوتەریبەکانی تری  ئەم فێستیڤاڵە بریتییە لە خەڵاتی ڕوانینێكی نوێ بۆ گەنجە بەتواناکان و خەڵاتی سینە فێنداسیۆن بۆ فیلمی خوێندکارانی ئاماتۆر (سەرەتایی زانکۆییە). ئەو خەڵاتانەش کە ناوەندە سەربەخۆکان  دەیدەن، بریتین لە خەڵاتی نێودەوڵەتیی ڕەخنەگرانی فیلم، خەڵاتی دوو هەفتەی دەرهێنەران، خەڵاتی ولکان، خەڵاتی هەفتەی ڕەخنەگران، خەڵاتی کەنیسەی جیهانی، خەڵاتی فرانسوا شلە، خەڵاتی پەل و تا دوایی…

هەمیشە ئەو کارانەی کە لە فێستیڤاڵی کان وەردەگیرێن، بە پێچەوانەی فێستیڤاڵی ئۆسکارەوە، نابێت پێشتر لە هیچ شوێنێک نمایش کرابن، بۆیە یەکەم جارە کە ئەم کارانە نمایش دەکرێن، کۆمەلێک بینەری زۆر تامەزرۆی بینینی فیلمی تازەی کەسە دیارەکانی جیهانی فیلمسازین کە لەم فێستیڤاڵە نمایش دەکرێن.

دەستەی ناوبژیوانانی فێستیڤاڵەکە دیاری دەکرێن و لیستی ناوەکانیان ئاشکرا دەکرێن. هەمیشە سەرۆکی دەستەی نابژیوانان، یەکێکە لە گرنگترین و بەناوبانگترین کەسایەتییەکانی بواری سینەما لە جیهاندا، کە لەگەڵ دەستەی ناوبژیوانانی فێستیڤاڵەکە، ئەرکی هەڵبژاردنی فیلمەکانیان دەکەوێتە ئەستۆ. براوەی خەڵات لە لایەن دەستەی سەرۆکایەتیی ناوبژیوانان دیاری دەکرێت، بەڵام بە  ڕاوێژی دەستەی ناوبژیوانانی ئەندام بۆ هەر بەشێک سەرۆکبەشێک و دەستەیەک لە ناوبژیوانان دیاری دەکرێت.

هەروەها لە گرووپی نابژیوانان لە بەشی پێشبڕکێی فیلم، واتا خەڵاتی پەلی زێڕینکە پێک هاتووە لە ژمارەیەکی هاوسەنگی دیاریکراو لە ناوبژیوانان کە لەوانەیە ئەم ڕێژەیە لە ساڵێکدا بگۆڕێت.

لە بەشی فیلمی کورت و سینە فۆنداسیۆندا، سەرۆکی دەستەی ناوبژیوانان لەگەڵ 4 ناوبژیوان فیلمە دەستنیشانکراوەکان هەڵدەبژێرن، ئەم 4 کەسە یەک فیلمی سەرەکی هەڵدەبژێرن و 3 فیلمی تر دەستنیشان دەکەن. لە بەشی خەڵاتی تێڕوانینی تایبەت، سەرۆکی دەستەی ناوبژیوانان لەگەڵ ژمارەیەک ڕۆژنامەنووس و ڕەخنەگری سینەمایی و ژمارەیەک خوێندکاری زانکۆ لە بەشی سینەما و ژمارەیەک ئامادەکاری فیلم و فیلمساز هەڵدەستن بە دروستکردنی کۆمیتەی دەستەی نابژیوانان. لە بەشی خەڵاتی دووربینی زێڕین، دەستەی ناوبژیوانان پێک هاتووە لە دەرهێنەرەکان، بەڕێوبەرە تەکنیکییەکانی سینەما و ڕەخنەگرانی نێودەوڵەتی سینەما. ژمارەی ناوبژیوانان لە فێستیڤاڵی کان هەموو کات دەبێت تاک بێت. لە ساڵی 2015دا فێستیڤاڵی کان بۆ یەکەم جار سەرۆکی دەستەی نابژیوانان زیاتر لە یەک کەس بوو، ئەویش برایانی کۆهن بوون، واتا جوئل کۆهن و ئانان کۆهن. سەرۆکی دەستەی نابژیوانان لەگەڵ 7 ناوبژیوانی تر کاریان دەکرد.

لە شێوازی دەستنیشانکردنی دەستەی ناوبژیوانان، سەرۆکی دەستەی ناوبژیوانان کۆمەڵێک پێشنیار دەکات بەڵام هەڵبژاردنی دەستەی ناوبژیوانان لە کۆتاییدا دەکەویتە ژێر دەستی دەستەی کارگێڕیی فێستیڤاڵەکەوە.

 

ژمارەی هەر فیلمێک بە نزیکەیی لە بەشەکانی فێستیڤاڵی کان

 بەش  ژمارەی فیلمی دەستنیشانکراو
 ڕکابەرایەتی  20 فیلم
 تێڕوانینی تایبەت  20 فیلم
 جگە لە ڕکابرایەتی  ژمارەیەکی زۆر
 نمایشی تایبەت  بەپێی هەر دەورەیەک دەگۆڕێت
 سینە فۆنداسیۆن  15 کورتەفیلم و نیوە درێژ
 کورتەفیلم  10 فیلم

 

 ستافی فیلمەکە بۆ ئەوەی بتوانێت بەشداری بکات لە فێستیڤاڵی کاندا، دەبێت ڕەچاوی کات و  پێدانی پارەی پەیوەست بە فێستیڤاڵەکەوە بکات، هەروەها دەبێت هەنگاوەکانی کارگێڕی تەواو بکات. ناوبژیوانانی کان لە نەتەوە جیاوازەکانی جیهان دەستنیشان دەکرێن. تاوەکو ئێستا کەسایەتیی زۆر دیار توانیویانە دوو جار ببنە سەرۆکی دەستەی ناوبژیوان و هەڵببژێردرێن. تەنیا یەک جار کەسایەتییەک بوو بە سەرۆکی دەستەی ناوبژیوانان کە پیشەکەی سینەمایی نەبوو و هەڵبژێردرا بە سەرۆکی دەستەی نابژیوانان، کە ئەویش نووسەری ئەمریکی ویلیام ستایران بوو، کە لە ساڵی 1983 بوو بە سەرۆکی دەستەی ناوبژیوانان.

 

سەرۆکی دەستەی ناوبژیوانانی لەساڵی 2010ەوە تاوەکو ئێستا

 ناو  ساڵ
 تێم بێرتۆن  2010
 ڕابێرت دێنیرۆ  2011
 نێنی مۆرتی  2012
 ستیون سپێلبرگ  2013
 جین کمپیۆن  2014
 جوئل کۆهن و ئانان کۆهن  2015
 جۆرج میلەر  2016
 پێدرۆ ئالمۆدوار  2017

 

فێستیڤاڵی بەرلین

فێستێڤاڵی بەرلین، یەکێکە لە سێ فێستیڤاڵە گرنگەکانی جیهان کە هەموو ساڵێک بۆ ماوەی 10 ڕۆژ  لە بەرلین. ئەم فێستیڤاڵە بۆ یەکەم جار لە ساڵی 1951 بە نمایشکردنی فیلمی ریکا لە دەرهێنەری ناودارئالفێرد هیچکاک دەستی بە کار کرد.

گرنگترین خەڵاتەکانی ئەم فێستیڤاڵە ورچی زێڕین و ورچی زیوینە، بەڵام خەڵاتی تری وەکو پانارۆما، خەڵاتی نەوەکانی فیلمسازی و خەڵاتی بەشی کورتەفیلم و تا دوایی… فێستیڤاڵی بەرلین پربینەرترین فێستیڤاڵە لە جیهاندا، کە ساڵانە 320 هەزار بۆ نیو ملیۆن کەس سەیری فیلمەکان دەکەن. ئەم فێستیڤاڵە خاوەنی گەورەترین بازاڕی فیلمە لەچاو فێستیڤاڵە نێودەولەتییەکانی تر. ساڵانە 4200 ڕۆژنامەنووس لەم فێستیڤاڵەدا ئامادە دەبن. زیاد لە 110 وڵات فیلمەکانیان دەنێرن بۆ بەشداریکردن لەم فێستیڤاڵەدا.

لە بەشی پێشبڕکێدا، بەشداربوان بۆ دەستکەوتنی ورچە زێڕینەکە کێبرکێی یەکتر دەکەن. لە بەشی خەڵاتی پانارۆمادا فیلمسازە گەنجەکان بە تێڕوانینێکی نوێ و بە بابەتی جێگەی مشتومڕئامێز بەشداری دەکەن. بەشی خەڵاتی فرۆمیش کە پێک هاتووە لە فیلمی دۆکیۆمێنتاری و ئەزموونی، هەروەها فیلمی کورت  و نیوە درێژ بۆ هەرزەکارەکان و گەنجەکان. لەم بەشەدا سێ دەستەی ناوبژیوانانی جیاواز هەیە، دەستەی ناوبژیوانانی منداڵان، بەشی هەرزەکارەکان، دەستەی ناوبژیوانی بەشی نێودەوڵەتی. ئەنجامی هەر بەشێکیش بە سەربەخۆیی و جیاواز ڕادەگەیەنرێت.

بە باشترین فیلمی 14 ساڵ بۆ سەرەوە خەڵاتی ورچی بلوری دەدرێت. فیلمەکانی ئەڵمانیا بەشێکی ترن لەم  فێستیڤاڵە.لە کۆتایی فێستیڤاڵەکەدا کۆتا بەشی بۆ نمایشی بەشی (Retrospective) کە گرنگی دەدات بە نمایشکردنی فیلمە کلاسیکییەکان کە پێشتر بەشدار بوون لە فێستیڤاڵەکەدا، هەروەها ئەو فیلمانەی کە گرنگییان داوە بە فیلمە کلاسیکییەکان بواریان بۆ دروست دەبێت نمایش بکرێن.

لە فێستیڤاڵی بەرلین خەڵاتی ورچی زێڕین بۆ باشترین فیلمی درێژ و باشترین فیلمی کورتە، هەروەها ورچە زێڕینەکە بۆ یەک تەمەن، کاری هونەری دەبەخشرێت بەو کەسانەی تەمەنی خۆیان تەرخان کردووە بۆ کاری هونەری لە بواری سینەمادا. کەسانێک کە بۆ ورچە زێڕینەکە دیاری دەکرێن، لە هەمان کاتیشدا دەستنیشان دەکرێن بۆ وەرگرتنی ورچە زیوەکە، یان ئەو خەڵاتە گەورانەی کە دیاری کراوە بۆ دەستەی ناوبژیوانان.

فێستیڤاڵی بەرلین، کۆمەڵێک خەڵاتی تری هەیە وەکو خەڵاتی ئالفرێد بایز، خەڵاتی باشترین دەرهێنەر، خەڵاتی باشترین ئەکتەری ژن، خەڵاتی باشترین ئەکتەری پیاو، خەڵاتی باشترین کورتەفیلم، خەڵاتی باشترین دەستکەوتی هونەری، خەڵاتی باشترین فیلمی موزیکاڵ، خەڵاتی تایبەتیی بینەران، خەڵاتی تەکنیکی بۆ داهێنانی نوێ لە فیلمسازیدا، خەڵاتی باشترین بەهرەمەندی گەنجی ئەورووپا لە ئەکتەریدا… هەروەها کۆمەڵێک خەڵاتی لاوەکیی تر.

دەستەی ناوبژیوانان پێش دەستپێکی فێستیڤاڵەکە دیاری دەکەن چ فیلمێک کاندیدی کام بەشەی فێستیڤاڵەکە بێت.

دەستنیشانکردنی دەستەی ناوبژیوانان بە هەمان شێوەی فێستیڤاڵی کانە. هەڵبژاردنیشیان لە نەتەوە جیاوازەکانەوەیە.

 

فێستیڤاڵی ڤێنیزیا

فێستیڤاڵی فیلمی فێنیزیا کۆنترین فێستیڤاڵی فیلمە لە جیهاندا. ئەم فێستیڤاڵە لە دڵی دووساڵانە هونەری شاری ڤێنیزیاوە سەرچاوەی گرتووە، کە لەمێژ بوو ئەم کۆبوونەوە هونەرییانە ناوبانگێکی پرەستیژیانەی  (prestige)گرتبوو. نابژیوانانی ئەم فێستیڤاڵەش لە لایەن دەستەی بەڕێوەبەرانی فێستیڤاڵەکە دەستنیشان دەکرێن. لە خاڵە گرنگەکانی ئەم فێستیڤاڵەدا دەتوانین ئاماژە بۆ ساڵەکانی 1934 بۆ 1940 بکەین کە بەبێ دەستەی ناوبژیوانان بەڕێوە دەچوو. ناوبژیوانی، بەم شێوەیە ڕیفراندۆم دەکرا کە بینەران و پسپۆڕانی بواری سینەما و چەندین ڕێکخراوی نێودەوڵەتیی بواری هونەری سینەما دەنگیان دەدا، بەم شێوەیە بوو کە خەڵات دەبەخشرایە براوەکە.

1934 بۆ 1942 ناوەکەی گۆڕا بۆ کاپی مۆسۆلۆنی کە لە سەردەمی مۆسۆلۆنی سەرۆکوەزیرانی ئیتاڵیا بوو، دوای ئەوەی مۆسۆلۆنی شکستی خوارد لە ساڵی ١٩٤٧دا، ناوەکیان گۆڕی بۆ خەڵاتی گەورەی نێودەوڵەتیی فێستیڤاڵی ڤێنیزیا.

 

گەورەترین خەڵاتی ئەم فێستیڤاڵە خەڵاتی شێرێکی باڵداری زێڕینە، هەروەها لە فێستیڤاڵەکە خەڵاتێک بە ناوی خەڵاتی مرۆڤایەتی کە بڕی ئەم خەڵاتە 50 هەزار دۆلارە، دەدرێتە ئەو سینەماکار و ئەکتەرانەی کە کاری خێرخوازی و مرۆڤدۆستانە ئەنجام دەدەن.خەڵاتی کاسی ڕێوییش دەدرێتە باشترین ئەکتەری ژن و  پیاو.

یەکێک لە شتە سەیرەکانی فێستیڤاڵەکە ئەوەیە کە زۆربەی خەڵاتەکان بۆ پیاوانی ئەورووپی دەردەچێت، لە کۆی 54 خەڵات 33 خەڵات درواە بە سینەماکارانی پیاوە ئەورووپییەکان.

لە ساڵی 1949ەوە تاوەکو ئێستا، میراندا نایێر لە هیند، سۆفیا کاپۆلا لە ئەمریکا، مارگارێت فۆنترۆتا لە ئاڵمانیا، ئانیس واردا لە بەلجیکا، تەنیا ژنانێکن کە توانیویانە خەڵاتی سەرەکی بۆ خۆیان بەرن.دارن ئارنۆفسکی یەکەمین دەرهێنەری ئەمریکی بوو کە توانیی خەڵاتی شێری زێڕین بباتەوە.

فێستیڤاڵی ڤێنیزیا سێ دەستەی نێودەوڵەتیی ناوبژیوانی هەیە، کە خەڵاتی بەشی سەرەکیی پێشبڕکێ، خەڵاتی بەشی تێڕوانینی تایبەت و خەڵاتی بەشی فیلمی گەنجان کە هەڵسەنگاندنیان بۆ دەکەن.سەرۆکی دەستەی ناوبژیوانان لە بەشی پێشبڕکێی سەرەکی  لە ساڵی 2015دا ئالفۆنسۆ کاژن بوو، لەگەڵ کەسانی وەکو  بیلگی جەیلان، پاول پاولیکوفسکی، فرانسیسکۆ  مۆنزی، دایان کرۆگەر، لین رەمزی و ئەلیزابێت بنکس کاریان بەیەکەوە کردووە.

لەم فێستیڤاڵەشدا ناوبژیوانان لە نەتەوە جیاوازەکان هەڵدەبژێردرێن.

 

خەڵاتی ئۆسکار

خەڵاتی ئۆسکار یان Academy Awards، یەکێکە لە 9 خەڵاتەکانی ئەم ئاکادیمیایە، کە هەموو ساڵێک لە ئەمریکا ئەنجام دەدەرێت لە لایەن ئاکادیمیای زانستی و هونەری وێنەی جوڵاو. خەڵاتی ئۆسکار یەکێکە لە گەورەترین خەڵاتەکانی جیهان کە ساڵانە 100 وڵات ڕاستەوخۆ مەڕاسیمەکە دەگوازنەوە.

یەکەم  دەستپێکی ئەم فێستیڤاڵە لە  16/5/1929 لە هۆتێل ڕۆزوێلت بوو، کە 270 کەس تێیدا بەشدار بوون. ساڵی دواتر لە هۆتێل میفەر کرایەوە کە نرخی هەر بلیتێک ٥ دۆلار بوو. کە لەم مەڕاسیمەدا 15 پەیکەر درایە سینەماکارانی ساڵی 1927 و 1928.

هۆتێل رۆزوێلت 16/5/1929

هۆتێل رۆزوێلت 16/5/1929

 

پەیکەری خەڵاتی ئۆسکار

پەیکەری ئۆسکار جەنگاوەرێکی  ڕووتە،کە لە لایەن  سێدریک گیبۆنێز  سەرۆکی بەشی دیزاین لە کۆمپانیای گۆلدوین مایر دیزاین کراوە. پەیکەرەکە جەنگاوەرێکی ڕووت پیشان دەدات کە شمشێرێکی لەسەر حەلقەی فیلم داناوە، حەلقە فیلمەکە پێنج پەڕەی هەیە کە ئاماژەیە بۆ پێنج بەشی سەرەکی لە سینەمادا، ئەوانیش: دەرهێنەر، ئامادەکار، ئەکتەر، نووسەر و تەکنیک.

بەرزیی پەیکەری ئۆسکار 34 سانتیمەتر و  30 میلیمەترە، کێشەکەی 3 کێلۆ و 850گرامە. فەیسی پەیکەرەکە بە گوتەی خاتوو مارگارێت هەریک بێت کە لە کتێبخانەی ئاکادیمیا بە “پارت تایم” کاری کردووە، بە خاڵی ئەو دەچێت کە ناوی ئۆسکار پێرێسە.

ناوی ئۆسکار

ناوی ئۆسکار بە تەواوی دیار نییە و کێشەی لەسەرە، لە بیۆگرافی بێت دیویسدا هاتووە کە ناوی ئۆسکار

لە ناوی هاوسەری یەکەمی هارمۆن ئۆسکار نیلسۆن جۆنیۆر لە 1907بۆ 1975کە ڕابەری ئۆرکێسترا بوو، وەرگرتووە. سیدنی ئێسکلسکیی وتارنووس بوو کە بۆ یەکەم جار پەیکەرەکەی بینی، گوتی: “ئەمە بە شا ئۆسکاری دووەم (شا ئۆسکار فردریکشای پێشووی سوید و نەرویج) دەچێت؛ هەروەها خاتوو مارگارێت هەریک یەکەم جار کە پەیکەرەکەی بینی، ئەوەی خستە یادی خاڵە ئۆسکار پێرێس، تاوەکو لە ساڵی 1939 بە فەڕمی ناوی ئۆسکار جێگر بوو.

 

مەرجەکانی بەشداربوون لە ئۆسکار:

بەپێی یاسای 2،3 کە یاسای فەڕمی ئاکادیمیاکەیە، دەبێت فیلمەکە لە ساڵی پێشوو، پێش دەستپێکردن نیوەشەوی یەکی ژێنیوەری تاوەکو کۆتایی نیوەشەوی 31 دیسەمبەر لە لۆسانجلێس لە کالیفۆرنیا نمایش بکرێت.

یاسای دووەم  کە پەیوەستە بە مەڕاسیمی ئۆسکار، کە فیلمەکە بە لایەنی کەمەوە دەبێت ٤٠ خولەک بێت، هەروەها دەبێت نووسخەی 35 یان 70 میلیمەتر بێت، بە فۆرمەتی 24 یان 48 فرێم، هەروەها کوالێتی نابێت لە 1080 بۆ 2084 کەمتر بێت.

ناوبژیوانی لە فێستیڤاڵی  ئۆسکاردا جیاوازە لە فێستیڤاڵەکانی تر و بە جێگەی دەستنیشانکردنی کۆمەڵێک ناوبژیوان ژمارەیەکی زۆر لە سینەماکاران بەشداری دەکەن وەکو ناوبژیوان بەو مەرجەی ئەندام بن لە لە فێستیڤاڵەکە. بەشی جێبەجێکاری فێستیڤاڵی ئۆسکار فۆڕمەکانی دەنگدان دەنێرێت بۆ  کەسایەتییە بەناوبانگەکانی سینەما  بۆ دەنگدان. بەشداربووان لەم دەنگدانەدا بە بۆردی حکومەتBoard of Governors)) دەناسرێن. فۆڕمی دەنگدان لە مانگی دیسەمبەرەوە بۆ هەموو ئەندامانی (Academy of motion picture and science) یان (AMPAS) دەنێردرێت. بەشداربوانی ئەم دەستەیە ئەگەر بیانەوێت ڕای خۆیان بدەن، دەبێت لە ماوەی دوو هەفتەدا ئەم فۆڕمانە پڕ بکەنەوە. هەموو فۆڕمەکان گەڕایەوە بۆ کۆمپانیایprice water house cooper)) ئەم کۆمپانیایە هەڵدەستێت بە ژماردنی دەنگەکان. دوای تەواوبوونی ژماردنی دەنگەکان، کۆمپانیاکە لیستەکە ئاشکرا دەکات و لیستی کاندیدەکان لە مانگی ژێنیوەریی مانگی یەک ڕادەگەینرێت.

 

دواتر، دووبارە دەورەیەکی تر لە دەنگدان دەست پێ دەکاتەوە، لە ناو ئەندامانی ئاکادیمیا بە نهێنی دەنگ دەدرێت بە هەر بەشێک. بۆ دەنگدانی کۆتاییش ئەندامان تەنها دوو هەفتەیان لەبەر دەستە بۆ ئەوەی فۆڕمەکان پڕ بکەنەوە. شتێکی باو کە لە ناو ئەم فێستیڤاڵەدا هەیە، تەنها دوو کەس لە ئەنجامی کۆتایی ئاگادارن. ئەو ئەنجامانە دەخرێنە ناو پاکەتەوە و لە فێستیڤاڵەکەدا پێشکەشکارەکە دەیخوێنێتەوە. ئەنجامەکان ڕا دەگەیەنرێت و دەردەکەوێت کێ براوەی ئەم خەڵاتە بەبەهایەیە.

هاوبەشی بکە

Cannes, Cinema, The Oscars,