19/04/2024
DidiMn Logo
Top

بە بەشداریی بەرھەمی سینەماکارانی کورد فێستیڤاڵی جیھانی فیلمی فەجر دەستیپێکرد

لە لایەن دیدی من 8 ساڵ پێش ئێستا

دیدی من

بە بەشداریی بەرھەمی سینەماکارانی کورد سی و چوارەمین خولی فیستیڤاڵی جیھانی فیلمی فەجر سەبارەت بە کۆبانێ و شنگال و ھەڵەبجە لە شاری تاران دەستی پێکرد.

بە نمایشی فیلمی سینەمایی “ئێل کلاسیکۆ” El Clasico لە دەرھێنانی سینەماکاری کورد “ھەڵکەوت مستەفا” بە نوێنەرایەتی لە سینەمای ھەرێمی کوردستان و وڵاتی نۆڕوێژ لە بەشی “سینەمای سەعادەت” واتە پێشبڕکێی فیلمە بڵیندە سینەماییەکان لە ڕۆژیی یەکەمدا سی و چوارەمین خولی فیستیڤاڵی جیھانی فیلمی فەجر لە کۆمەڵەی سینەمایی پەردیسی چارسووی شاری تاران دەستی پێکرد و لە درێژەدا بەرھەمی سینەماکارانی دیکەی کورد سەبارەت بە بەرخۆدانی کۆبانێ و شنگال و کارەساتی دەڵتەزێنی بۆردوومانی کیمیابارانی شاری ھەڵەبجە لەم فیستیڤاڵەدا نمایش دەکرێن.

Ba Bahdari Barhami Cinemakarani Kurd Festivali Jihani Filmi Fajr Dastypeykrd 1

فیلمی کوردیی “ئێل کلاسیکۆ” لەگەڵ چەند فیلمی سینەمایی دیکە لە وڵاتانی جۆراوجۆری جیھان، لەوانە: لیتوانی، ڕۆمانیا، فەڕەنسا، ئێران، ئستۆنی، پۆڵەندا، مەکزیک، فینلەندا، ڕووسیا، ئۆکڕاینا، ئیسلەندا، نۆڕوێژ، دانماڕک، ئیسپانیا، تورکیا و قەتەر بۆ بەدەستھێنانی خەڵاتی تەندیسی زێڕین و تەندیسی سیمینی ئەم فیستیڤاڵە گرینگەی وڵاتی ئێران ڕکابەریی دەکات.

سینەماکاریی ناوداریی ئێرانی “ڕەزا میرکەریمی” سەرۆکی سی و چوارەمین خولی فیستیڤاڵی جیھانی فیلمی فەجر لە دەسپێکی ئەم فیستیڤاڵەدا گوتی: فیلم گەلێک بە سەلیقەی جۆراوجۆر لەم فیستیڤاڵەدا دەبینن، لە فیستیڤاڵی جیھانی فیلمی فەجردا ئەو فیلمانەی کە ئیستانداردی ئاست بەرزیان ھەیە ژمارەیان زۆرە و ئەوە بۆ فیستیڤاڵێک تایبەتمەندیی و خاڵێکی گرینگە. ھەڵبژاردەیەک لەو فیلمانەی کە کەمتر بیندراون لەم فیستیڤاڵەدا ئامادەن، ھەروەھا بەرھەم گەلێک دەبینن کە لە لایەنی فۆڕم و پێکھاتە، جوگرافیا و کیشوەرەوە جۆراوجۆرن.

گوتیشی: مەبەستی ئێمە بەڕێوەبردنی فیستیڤاڵێکی گونجاو و ئیستانداردە و ھیوادارم ھەموومان پێکەوە بۆ گەیشتن بەم مەبەستە ھاوکاریی یەکتریی بکەین.
لە درێژەی ڕێوڕەستی دەسپێکی سی و چوارەمین خولی فیستیڤاڵی جیھانی فیلمی فەجردا ڕەخنەگر و نووسەری ناوداری سینەمای ئێران “کەیوان کەسیریان” و بەرپرسی بەشی “ڕیکلام و بەڕێوەبەریی ڕاگەیاندنیی گشتیی” سەبارەت بە جۆریی وەرگرتنی تیکێتەکان و ھەروەھا نمایشی فیلمەکان لە ڕۆژانی فیستیڤاڵدا ھەندێک زانیاریی ئاراستەی ڕۆژنامەنووسان، پەیامنێران و ڕەخنەگرانی سینەمای ئێران کرد.

سی و چوارەمین خولی فیستیڤاڵی جیھانی فیلمی فەجر بە بەشداریی بەرھەمی سینەماکارانی کورد و سینەماکارانی وڵاتانی جۆراوجۆری جیھان لە چەندین بەشی جۆراوجۆر، لەوانە: بەشی “سینەمای سەعادەت” واتە پێشبڕکێی فیلمە بڵیندە سینەماییەکان، بەشی “سینەمای سەعادەت” واتە پێشبڕکێی کورتە فیلمەکان، بەشی “جیلوەگاە شەرق” واتە سینەمای ئاسیا و وڵاتانی ئیسلامی، بەشی “جامی جیھان نەما” واتە فیستیڤاڵی فیستیڤاڵەکان، بەشی “نمایشی تایبەت” واتە چاوخشاندنێک بە فیلمە دیکۆمێنتارییەکانی جیھان، بەشی “چاوخشاندنێک بە سینەمای فەڕەنسا”، پێشانگای ئێوەکانی فیلمی سینەمایی “مانگا” لە دەرھێنانی سینەماکاری ناوداری ئێران “داریووش مێھرجویی” و فیلمی سینەمایی “بای سەبا” لە دەرھێنانی سینەماکاری کرچکردووی فەڕەنسی “ئاڵبێر لامۆڕیس” بە ھەوڵ و تێکۆشانی وێنەگر و دەرھێنەریی ناوداری ئێران “سەیفوڵڵا سەمەدیان” و ھەروەھا بەشی “ڤەرکشۆپەکانی قوتابخانەی سینەمایی دارۆلفۆنوون” بە بەشداریی چەندین دەرھێنەر، ئەکتەر و وێنەگریی ناوداریی سینەمای ئێران و وڵاتانی بیانی، لەوانە: “ئەسعەر فەرھادی” ھەڵگریی خەڵاتی ئۆسکار، “ئێلێکساندرێ سۆکۆرۆف” دەرھێنەری ناوداریی ڕووسیا، “ڕەزا کیانیان” ئەکتەری ناوداری سینەمای ئێران، “مەحموود کەلاری” وێنەگریی بەئەزموونی سینەمای ئێران، “فەرزاد موئتەمێن” دەرھێنەری سینەمای ئێران، “ھۆمایوون ئەسعەدەیان” دەرھێنەری سینەما، “محەمەد عەلی سەجادی” درەھێنەری سینەمای ئێران، “فریشتە تاھیرپوور” بەرھەمێھنەری سینەمای ئێران و چەندین کەسایەتیی دیکە لە ڕۆژانی ٢٠ تا ٢٥ی ئەپرێلی ٢٠١٦ لە کۆمەڵەی سینەمایی پەردیسی چارسووی شاری تاران لە وڵاتی ئێران بەڕێوەدەچێت.

هاوبەشی بکە

Cinema, ElClassico, Fajr,