03/12/2024
DidiMn Logo
Top

بە وێنە: کۆنسێرتی گەشتێکی موزیکی لە یۆنانەوە تا کوردستان

لە لایەن دیدی من 8 ساڵ پێش ئێستا

دیدی من

فۆتۆ: بیار ڕەشید

ڕۆژی سێشەممە، بەرواری ٤\٤\٢٠١٧، لە زانکۆی ئەمەریکی لە عێراق-سلێمانی لە باشووری کوردستان، کۆنسێرتێک بە ناونیشانی گەشتێکی موزیکی لە یۆنانەوە تا کوردستان بەڕێوە چوو، کە تیایدا سێ ژەنیاری یۆنانی و سێ ژەنیاری کورد بەشدار بوون.

ژەنیارە یۆنانییەکان بریتی بوون لە کۆنستانتینۆس، گیانیس پۆڵیۆس و ماتیۆس، کە بەشی یەکەمی گەشتەکە لە ژەنین و گوتنی چەند گۆرانییەکی فۆلکلۆری یۆنانی و موزیکە جیهانییەکان پێک هاتبوو، لە لایەنیانەوە.

ژەنیارە کوردەکان بریتی بوون لە هەژار زەهاوی، ئەرتان تەکین و ئەیووب عەلی، کە بەشی دووەمی گەشتەکە لە ژەنین و گوتنی چەند گۆرانییەکی فۆلکلۆری کوردی پێک هاتبوو، لە لایەنیانەوە.

دواتر و لە بەشی سێیەم و کۆتایی گەشتەکەدا، هەردوو لایەن، ژەنیارە یۆنانی و کوردەکان، موزیکی گەلەکانیان ئاوێتەی یەک کرد و چەند بەرهەمێکیان پێشکەش کرد، کە لە ڕووی ئاواز و موزیکەوە لە یەکتر نزیک بوون.

هەژار زەهاوی سەبارەت بەم جۆرە لە موزیک و ئاوێتەکردنە، بۆ ئامادەبوان گوتی: ”ئاوێتەکردنی موزیکی گەلان و ژەنین و گوتنیان پێکەوە، دەکرێت هەم کارێکی گران و هەم کارێکی ئاسان بێت، بەڵام ئەوەی گرنگە، ئەوەیە چۆن بە وردییەوە ئاوازە لێکچووەکان دەدۆزیتەوە و ئاوێتەی یەکتریان دەکەیت.”

جێگەی باسە ئەم کۆنسێرتە، لە ڕۆژانی پێشووتردا لە شاری هەولێری باشووری کوردستان، لە چەند شوێنێکی جیاواز بەڕێوە چوو.

لە ڕۆژی ٣ی نیسانیشدا وۆرکشۆپێک بۆ ئەو ژەنیارە یۆنانیانە سازکرا کە تیایدا کۆنستۆنتینۆس وتی: “سوپاستان دەکەم، سەرەتا سوپاسی زەهاوی دەکەم، پاشان سوپاسی سەرۆکی بۆردی زانکۆی ئەمەریکی لە عێراق-سلێمانی. من زۆر دڵخۆشم کە ئەمڕۆ لێرەم. یۆنان هەمیشە پردێکی کلتووری بووە لە نێوان ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوادا، ئەمەش زۆر بە باشی لە موزیکەکەیدا ڕەنگی داوەتەوە. کەم کۆمەڵگە هەیە کە پێگەی موزیک تیایدا پێگەیەکی گرنگ نەبێت. لە بەڵگەکانمدا پشت بە دوو نموونە دەبەستم، کە دوو کەسی جیاواز باسیان لێوە کردووە: یەکەمیان ئالان لوماکسە، کە موزیکناسێکی ئەمەریکییە، کاری لەسەر موزیک و گۆرانییە فۆلکلۆرییەکانی تەواوی دنیا کردووە و نووسیونییەتیەوە، هەروەها کاری لەسەر هەموو ئەو تایبەتمەندییانە کردووە کە ئەو موزیکە فۆلکلۆرییانە هەیانە. هەوڵی داوە ئەمە وێنەدانەوەیەک بێت بۆ کۆمەڵگەکەی. “

ئەو بەردەوام بوو: “دوو ڤۆکاڵ لە ناوچەی یۆناندا هەن، یەکەمیان ئەناتۆڵیانە، دووەمیشیان ڕۆژئاواییە. بۆ ئەوانەی شارەزاییان لە موزیکدا هەیە، ئێمە لە بەشەکەی ئەناتۆڵیاندا چارەکەتۆنمان هەیە، کە لە سنووری ٦٠٠ کیلۆمەتردا ئەم چارەکەتۆنە کاڵ دەبێتەوە، ئەمە بۆ وایە؟ ئێمە هێشتا لێکۆڵینەوەی لەبارەوە دەکەین و نازانین هۆکارەکەی چییە. کەسی دووەمیان کە دەمەوێت لەبارەیەوە بدوێم، ئەلفرێد تۆماتییە، کە لێکۆڵەرێکی فەڕەنسییە، لێکۆڵینەوەی لەسەر ئەوە کردووە کە دەنگ چۆن دروست دەبێت لە قوڕگی مرۆڤدا. دەنگ شتێکە کە نابینرێت، بەڵکو دەبێت وێنای بکەین. هەوا هەڵدەمژین، بەڵام هەمیشە لەو کاتەدا دەنگ دروست دەکەین کە هەناسە دەدەینەوە. ئەوەی ئەلفرێد تۆماتی دۆزیویەتییەوە شتێکی زۆر گرنگە، هەموو ئەو قسانەی کە دەیکەین یاخود ئەو دەنگانەی دروستی دەکەین، ناتوانین دروستیان بکەین ئەگەر نەتوانین ببیستین. ڕەنگە ئەمە سادە بێت بەلاتانەوە، بەڵام وانییە. من ناتوانم بە ئینگلیزییەکی ئەکسێنتی ئۆکسفۆردییانە قسەتان لەگەڵ بکەم، چونکە گوێیەکانم وەک هەمان شێوەی یەکێک کە بەڕیتانییە ڕانەهاتووە. ئەمە مانای ئەوە نییە کە من ناتوانم ئەمە بکەم، بەڵکو پەیوەندی بەوەوەیە کە ناتوانم گوێم لەوە بێت. ئێستا دێینە سەر ئەوەی ئەمە چ پەیوەندییەکی بە موزیکەوە هەیە؛ کاتێک تۆ دەنگێک دەردەکەیت، ئەگەر ئۆ بێت یاخود ئا، بۆ گوێگری نەتەوەیەکی جیاواز، جیاواز ئەو دەنگە وەردەگرێت. هەر زمانێکی جیاواز لە دنیادا پێگەی خۆی هەیە. “

لەبارەی دەنگەکانی موزیکەوە کۆنستانتینۆس وتی: “لە موزیکی یۆنانیدا ئەو ڤاوڵانەی هەن بریتین لە ئا، ئێ، ئی، ئۆ، ئو، لە زمانەکانی تردا جیاوازن. بۆ نموونە لە فەڕەنسا ئیو هەیە، ئەمەش بە هەمان شێوە لە گۆرانی و شێوازی گوتنی ئاوازی یۆنانیدا دەیبینین. “

 

”موزیکی کلاسیک، لوتکەی شیعرییەتە لە ئەلفوبێی موزیکدا. بناغەی مۆسیقای نەتەوەیی ئێمە، مۆسیقای کەنیسەیە.” نموونەیەکی ئەو پارچە موزیکە دەهێنێتەوە و دەڵێت: ”ئەمە مەقامی ئێمەیە. ئەوەی گرنگە بۆ ئەم موزیکە، هەر بۆ زانیاریتان موزیکی بیزەنتین بە هیچ جۆرێک بە نۆتە نانوسرێت، بەڵکو سیستەمێکی تایبەتی خۆی هەیە. ئێستاش دەچمە سەر ستایلی ئەناتۆڵیا، کە ئێمە بەکاری دەهێنین، تەواو کەوتووەتە ژێر کاریگەریی ئەو کاتەی کە یۆنان لەژێر کۆنتڕۆڵی ئاسیای بچووکدا بوو، یاخود ئاسیای بچووک دەستی بەسەردا گرتبوو. ترابزۆن یەکێکە لەو ناوچانەی کە ئەم ستایلەی زۆر تێدا بەکار هاتووە و لەوێوە سەرچاوەی گرتووە، کە تا ساڵی ١٩٢٢ش ئەو ناوچەیە بەشێک بووە لە وڵاتی یۆنان، بەڵام لە ئێستادا بە هۆی داگیرکارییەوە ناوچەیەکی تورکیایە.”

هاوبەشی بکە

American University, AUIS, Biyar Rashid, HazharZahawi, PshtewanKamal,