25/04/2024
DidiMn Logo
Top

ڕەستاک، موزیک و گۆرانیی هەموو نەتەوەکانی ئێران، بەشی یەکەم

لە لایەن دیدی من 7 ساڵ پێش ئێستا

دیدی من – بەرتەرینها

ئامادەکردن و وەرگێڕانی لە فارسییەوە: بیار ڕەشید

هەست دەکەم گرووپی ڕەستاک پێویستی بە ناساندن و پێشەکی نەبێت، چونکە تا ڕادەیەکی باش لە ناو کورد و گوێگرانی موزیک و گۆرانیدا ناسراوە. ئەم گرووپە لە ساڵی ١٩٩٧وە وەک گرووپێکی موزیکیی ئەزموونی، دەستی بە چالاکی کردووە. کاری سەرەکیی ڕەستاک گەڕانە بەدوای موزیک و گۆرانیی کۆن و ڕەسەنی ناوچە جیاوازەکانی ئێراندا و دووبارە داڕشتنەوەی بە فۆڕمێکی ئەمڕۆیی، بەبێ ئەوەی ڕەسەنایەتیی موزیک و گۆرانییەکە ون بکەن.

گروپی موزیکی ڕەستاک

ئەم دیدارە ماڵپەری بەرتەرینها، لە ٦ی حوزەیرانی ٢٠١١دا بڵاوی کردووەتەوە، کە تێیدا هەریەک لە ئەندامانی، بە جۆرێک باس لە شێوەی کارکردنی ڕەستاک و ئەزموونی خۆیان دەکەن لەو گرووپەدا. دەکرێت کۆی دیدارەکەش وەک جۆرێک لە پێناسە بێت بۆ گرووپی ڕەستاک.

سیامەک سپهری، سەرپەرشتیاری گرووپی ڕەستاک

 

”تۆوی ڕەستاکمان لە کاتی سەربازیدا چاند.”

کاتێک فەرزاد مورادیم ناسی، ئەو جگە لە گۆرانیگوتن، بە شێوەیەکی پرۆفیشناڵانە ئامێری تەنبووری دەژەنی، مەبەستم ئەوەیە کە ئەگەر فەرزاد پیانۆی بژەندایە، ڕەنگە موزیکی ئەمڕۆی گرووپەکەی ئێمە هەمان ئەو موزیکە بوایە، کە لەو پیانۆیەدا بوو، لەڕاستیدا موزیکی ئێمە لەسەر بنەمای ئەندامانی گرووپەکە شێوەی خۆی وەرگرت، نەوەک ئەندامان بەپێی جۆری موزیک (واتە گرووپەکەمان لەسەر ستایلێکی دیاریکراوی موزیک دروست نەکرد و ئەندامەکانمان بەپێی ئەو ستایلە وەربگرین، بەڵکو لە ژمارەی ئەو کەسانە دروست بوو، کە یەکترمان دەناسی (و.ک)). بەڵام ئەمڕۆ بە تێگەیشتن لەوەی هەیە، ڕەستاک شێوەی خۆی وەرگرتووە و جۆری کارکردنیشی دیاریکراوە، ئەو هاوڕێیانەشی لە گرووپەکەماندا زیاد دەبن لەسەر بنەمای ئەو پێویستییەیە کە هەستی پێ دەکرێت.

من لە بەشی جیۆلۆجی دەمخوێند، بەڵام ساڵی سێیەم خوێندنەکەم ڕەت کردەوە، هەڵبەت لەسەر بنەمای یاسا دەبوو بچمە سەربازی. بیرۆکەی سەرەکیی ڕەستاکیش هەر ئەو کاتە سەری هەڵدا، کە لە سەربازیدا لەگەڵ یەکێک لە باشترین هاوڕێکانم بە ناوی بەهزاد پوورنەقی، ئاشنا بووم و دوای ئەوە بە هاتنی ڕەزا عابدیان، فەرزاد مورادی و پیران مهاجری، ڕەستاک دروست بوو، دوای ئەوە بە هاتنی یاوەر ئەحمەدی فەر، ئەکبەر ئیسماعیل پوور، سارا نادری و تا دوایی، ڕەستاک درێژەی بە ڕێگەکەی دا.

”کارەکانم پێشکەش بە ڕۆحی براکەم دەکەم.”

پێویستە لەبارەی ئەفراوە قسە بکەم؛ ئەو برام بوو، جگە لەوەش باشترین هاوڕێی ژیانم بوو و باشترین هاوڕێی ژیانمە، هەڵبەت ساڵێک لە من منداڵتر بوو، بەڵام لەبەر ئەوەی لە خوێندندا ساڵێک پێش خرابوو، لەگەڵ من لە پۆلێکدا بوو. ئەوەندەی کە من عاشقی دنیای موزیک بووم، ئەفرا ئەوەندە عاشقی زانست و فێربوون بوو؛ تا ئەو کاتەی لە تاقیکردنەوەی بەشی میکانیک، بە پلەی یەکەم لە زانکۆ وەرگیرا و پاشان بە بەدەستهێنانی پلەی یەکەم لە خوێندنی ماستەری زانکۆی تەکنەلۆژیی شەریف، درێژەی بە خوێندن دا. لەوێش بە بەدەستهێنانی پلەی یەکەم لە بەشی ئەندازیاریی پزیشکی، هەوڵی دا بگاتە پلە بەرزەکانی زانست. بە هۆی بەدەستهێنانی پلەی یەکەم لە خوێندنی ماستەردا، ڕاستەوخۆ ڕووی کردە زانکۆی پۆلەتەکنیکی و ڕێک ئەو ڕۆژەی چووە ئەم زانکۆیە بۆ خوێندنی دکتۆرا لە بەشی ئەندازیاریی پزیشکی، دووچاری ئازارێکی مێشک بوو، چەند ساڵێک بەو هۆیەوە لە هەموو شتێک دوور کەوتەوە، بەڵام نەژیا و ڕۆیشت… هەموو کاتێک باوەڕم بەم ڕستەیە هەیە، کە دەڵێت: ”سەفەرم بۆ جیهانێکی تر کرد و لە بوونی تۆدا کە بیر لە من دەکەیتەوە، دەژیم.” بەم هۆیەشەوە هەموو ئەو کارانەی تا ئەمڕۆ ئەنجامم داون، پێشکەشم کردوون بە رۆحی ئەفرای ئازیز.

 

بە بڕوای من، ئەگەر ئەمڕۆ تەمەنی ڕەستاک بووەتە پازدە ساڵ، لەبەر ئەوەیە کە هەر ئەندامێکی ئەم گرووپە وا هەست دەکات کەسی یەکەمە؛ جیاواز لەوەی زۆرینە بیری لێ دەکەنەوە، کە دەبێت پێچەوانەی ئەم بابەتە بێت و باوەڕم وایە پێویستە هەر کەسێک وا بیر بکاتەوە لە ڕەستاکدا کەسی یەکەمە، چونکە ڕەستاک گرێدراوی ئەوە و هەرچییەک تێیدا ڕوو بدات، ئەنجامەکەی ڕاستەوخۆ دەگەڕێتەوە بۆ ئەو کەسە، کە هیوادارم هەمیشە ڕەستاک بەرەو دەسکەوتی باش هەنگاو بنێت. ئەوەی لەم پازدە ساڵەدا ئەزموونمان کرد، کە زیاتری سوپاسگوزار و قەرزاری باوکمین، ئەوە بووە کە فێر بووین پەیوەندییە گرووپی و مرۆییەکانی نێوان ئەندامانی ڕەستاک، هەمووکات بەردەوام بێت و وەک باوکم دەڵێت، ئەگەر ڕۆژێک بە هۆکاری جیاواز ئیتر نەمانتوانی لە بواری موزیکدا پێکەوە کار بکەین، لانیکەم بتوانین وەک چەند هاوڕێیەکی گیانیبەگیانی پێکەوە چێژ لە ژیان ببینین. وا بیر دەکەمەوە ئەوەی کە ئەم چەند کەسە بە تێکەڵەیەک لە سەلیقە و حەزی ژیانی تاکەکەسی و چێژە تایبەتیەکانی خود و تا دوایی، پێکەوە کار دەکەن و لەگەڵ یەکدا پەیوەندییەکی تۆکمەیان هەیە، لە ئەنجامدا ئەو کارەی بەرهەم دێت، زۆر جوانتر و دڵگیرترە بەراورد بەوەی یەک کەس بیەوێت بە تەنیا ئەنجامی بدات.

 

ئەکبەر ئیسماعیلی پوور، ژەنیار

سیامەک سپهری و ئەکبەر ئیسماعیلی

”هەندێک کات ڕەخنە لە کارەکانم دەگرن!”

ئەندامانی ڕەستاک بە هۆی ئەو توێژینەوانەی کە بۆ ئەدای ڕاستیی زاراوە جیاوازەکان ئەنجامیان داوە و لە ڕێگەی ڕاهێنان و ئەزموونی زۆریشەوە، سەرکەوتوو بوون لەوەی ڕێگەی ڕاستیی دەربڕینی وشە لە زاراوە جیاوازەکاندا بدۆزنەوە. هەڵبەت بۆ گەیشتن بەم ئاستە، لە زۆر سەرچاوەوە زانیاریمان وەرگرتووە. بە دڵنیایی کەسانی دەوروبەرمان ڕەخنە لە کارەکانمان دەگرن و هەندێک کات کێشەیان بۆ دروست دەکەن!

”یاسا ڕەستاکییەکان.”

جگە لەو کارەی کە لە بەشی ژەنینی گرووپەکەدا هەمە، یەکێک لە ئەرکەکانی تری من کە چەند ساڵێکە لەئەستۆم گرتووە، کۆکردنەوەی ئەندامانی گرووپە لە دەوری یەکتر. هەڵبەت ئەم کارە نەک تەنها لە گرووپی ڕەستاکدا، بەڵکو لە زۆربەی گرووپەکاندا لە ڕیزی قورسترین کارەکانە، بەڵام بە هۆی ئەوەی ئەندامانی گرووپەکە بە شێوەیەکی پیشەیی سەیری ئەم کارە دەکەن، تا ڕادەیەک سەختییەکانی کەم بووەتەوە، هەڵبەت لە سەرەتادا لەم کارەدا کێشەی زۆرمان هەبوو، بەڵام لە کۆتاییدا دۆخەکە زۆر باشتر بووە، چونکە ئەندامەکان ڕێزی یاساکان دەگرن و هەماهەنگییشیان لەگەڵ گرووپدا زۆر باشە. بە دڵنیایی بە هۆی ڕێگەی هاتووچۆی تارانەوە، هەندێک کات ئەندامان لە کاتی کۆنسێرت یان ڕاهێناندا دوادەکەون، بەڵام دڵخۆشین کە ئەندامان ڕێز لە یاساکان دەگرن و پەیڕەویان دەکەن.

کاوە سەروەریان، ژەنیار

”خۆیشم پێشبینیی ئەم پێشوازییەم نەدەکرد!”

لە مێژووی موزیکی دنیادا، کۆمەڵێک گرووپ یان هەندێک کەس هەبوون کە لە ماوە و کاتێکی دیاریکراودا جەماوەرێکی زۆریان هەبووە، لە ئێستادا ئەمە بۆ ڕەستاک ڕاستە و هیچ گومانێکی تێدا نییە. هەتا کاتێک لەگەڵ چەند کەسێكی موزیکژەنی ئێراندا لەبارەی ڕەستاکەوە گفتوگۆم کرد، لە دەرکەوتنی ڕەستاک و ئەوەی کە لە گۆرانییەکانیدا ئامێرە میللی و سوننەتییەکانی ئێرانی بەکار هێناوە، زۆر دڵخۆش بوون. ئەوەی کە لە کۆنسێرتێکدا دوو هەزار کەس ئامادە بن، هانت بدەن و تا دوایی، کە چەند ساڵێک بوو ئەمە تەنها بۆ موزیکی پۆپ دەکرا، بەڵام خۆشبەختانە هەمان شت بۆ ڕەستاکیش کرا.

ڕەزا عابدیان، ژەنیار

”زمانی هاوبەشی هەموو دنیا.”

لەبیرمە کاتێک لە فێستیڤاڵەکانی دەرەوەی وڵات و لە بەردەم نەتەوە جیاوازەکاندا کارەکانمان پێشکەش دەکرد، ئەو کەسانەی کە لەوێ بوون، پەیوەندییەکی زۆر باشیان لەگەڵ موزیک و گۆرانییەکانماندا دروست دەکرد، لەبەر ئەم هۆکارە بە بڕوای من پێویست ناکات زمانمان هاوبەش بێت، بەڵکو زمانی موزیک خاڵی هاوبەشمانە. لە ئێستادا هەست ناکەم پلانێکی تایبەتمان بۆ پێشکەشکردنی موزیکی نێودەوڵەتی هەبێت و بمانەوێت بە زمانەکانی تری جیهان گۆرانی و موزیک ئامادە بکەین، بەڵام دڵنیام ئەگەر ڕۆژێک کارێکی لەو جۆرە بکەین، فەرزاد و بەهزاد مورادی، گۆرانیبێژانی گرووپ، توانای ئەنجامدانی ئەوەیان هەیە.

لە کاتی هەڵبژادنی هەر گۆرانی یان پارچە موزیکێکدا، بە گەڕانەوە بۆ شوێن و ڕەگەزی ئەندامانی گرووپ، هەروەها ئەو پەیوەندییەی بۆ نموونە کەسێک بە شوێنێکی دیاریکراوی ئێرانەوە هەیەتی، دوای ئەنجامدانی زنجیرەیەک توێژینەوەی مەیدانی و سوودوەرگرتن لە ئەرشیفە کۆنەکان، پارچە موزیک یان گۆرانییەکان بۆ ئامادەکردن هەڵدەبژێردرێن، لە دانیشتنێکدا کە ئەندامان تێیدا بەشدارن، لەگەڵ دڵسۆزیی سیامەک سپهری، سەرپەرشتیاری گرووپ، ئەو پارچەیە هەڵدەبژێرین کە توانای کارلەسەرکردنی هەبێت و لە شێوەی کارەکانی گرووپەکەمانەوە نزیکتر بێت.

”هەموو ڕێگەکان دەچنەوە سەر ئەو.”

لە ڕەستاکدا هاوبیری زۆرمان هەن، کە هاوکارێکی باشی ئێمەن و پێویستە سوپاسی هەمویان بکەم، بەڵام بە بڕوای من یەکەمین کەسێک کە بۆ زۆر شت سوپاسگوزاری ئەوین، بەڕێز مەنووچەر سپهری، باوکی سیامەک سپهرییە، هەڵبەت چەندین کەسی تریش. هەرچەندە بۆ کارەکانی ڕەستاک پەیوەندیمان لەگەڵ زۆر کەسدا هەیە، بەڵام بڕیاردەری سەرەکیی هەموو کارەکان لە کۆتاییدا سیامەک سپهرییە و هەموو ڕێگەکان دەچنەوە سەر ئەو. بە بڕوای من بەڕێوەبەریی گرووپێکی گەورەی وەک ڕەستاک، کارێکی ئاسان نییە، کە سیامەک بە شاییستەبوونی تەواوەوە لەئەستۆی گرتووە.

[aesop_video align=”center” src=”youtube” id=”MON2HxJTcSE” caption=”ڕەستاک: بۆ لە من یاخیت – بۆ تۆرای” disable_for_mobile=”on” loop=”on” autoplay=”on” controls=”on” viewstart=”on” viewend=”on” revealfx=”inplaceslow”]

 

”ڕەستاک لە دوای ئێمەش زیندووە.”
گرنگترین شتێک کە لە ڕۆژی یەکەمەوە لە نێوان هەموو ئەنداماندا هەبوو، دڵسۆزی و هاوڕێیەتی بوو، کە بووە هۆکاری دروستبوونی ڕەستاک. ئەمە ڕاستە کە نزیکەی پازدە ساڵ بەسەر لەدایکبوونی ڕەستاکدا تێدەپەڕێت، بەڵام لەم چەند ساڵەی کۆتاییدا ژمارەی چالاکییەکانی گرووپ زیاتر بووە، وا هەست دەکەم هۆکاری سەرەکیی سەرکەوتنی ڕەستاک، هەر ئەم ماوە زۆرەی پێکەوەبوون بێت لە دەوری یەکتر. وا بیر دەکەمەوە ڕەستاک لە دوای ئێمەشەوە درێژە بە ژیانی خۆی دەدات، چونکە ئەو ئامادەباشییەی کە لە ئەنداماندا دەیبینم و ئەو ئیمەیڵانەی لە دایکوباوکی منداڵانی تەمەن یەک ساڵەوە پێمان دەگات و دەڵێن ”منداڵەکانمان بەرانبەر موزیک و گۆرانییەکانی ئێوە کاردانەوەی ئەرێنی پیشان دەدەن”، دڵنیایی منی لەم لایەنەوە زیاتر کردووە.

هاوبەشی بکە

Biyar Rashid, Iran, Music, Restak,