26/04/2024
DidiMn Logo
Top

تێڕوانینی ئەندرێ تارکۆڤسکی لەبارەی فیلمسازی و هونەرەوە

لە لایەن دیدی من 7 ساڵ پێش ئێستا

دیدی من

لە ئینگلیزییەوە: هەژار عوسمان

”تارکۆڤسکی بۆ من مەزنترینە، ئەو کەسەیە کە زمانێکی نوێی داهێنا.“ – ئینگمار بێرگمان 

تارکۆڤسکی شاعیری سینەما بوو و تەکنیکەکانی و فەلسەفەکەی لەبارەی ژیان و هونەرەوە هێشتاش بە ناو جیهاندا شەپۆلان دەدەن، تەنانەت پاش ماوەیەکی درێژ لە مردنیشی. قسەکانی ئەو لەبارەی فیلمسازییەوە کۆمەکمان دەکەن زیاتر تێبگەین لە بوونی جێپەنجەی ئەو بەسەر چیرۆکگێڕانەوەی سینەماییانەوە. بۆ تێگەیشتن لە دیدگای تارکۆڤسکی لەمەڕ سینەما و هونەر و فیلمسازییەوە، ئەم تێڕوانینانەی دەهێنینەوە:

ئه‌ندرێ تاركۆڤسكی

ئه‌ندرێ تاركۆڤسكی || ١٩٣٢ – ١٩٨٦

هونەر جەخت لەوە دەکاتەوە کە هیوا، ئیمان، عەشق، جوانی و نوێژخوێندن باشترین ئەو شتانەن لە مرۆڤێکدا هەبن… هونەر چییە؟ شتێکە وەک لەفزکردنی عەشق: هۆش و ئاگایی پشتبەستنە بە یەکدی. دانپێدانانێکە. کردەیەکی نائاگاییانەیە کە هیچی نییە جگە لە کاردانەوەکانی مانا ڕاستییەکانی ژیان، عەشق و قوربانی.

بێگومان، تەواوی هونەرەکان، شتێکی عەقڵانین، بەڵام بە لای منەوە، گشت هونەرەکان و تەنانەت سینەماش لەسەر هەموو شتێکەوە دەبێت ئەکتێکی هەستوسۆزی قووڵ بێ بەسەر دڵەوە.

خەڵکی بۆچی دەچن بۆ سینەما؟ ئەو شتە چییە وایان لێ دەکات بۆ ماوەی دوو سەعات بخزێنە ژوورێکی تاریککراو و تەماشای جووڵەی چەند سێبەرێک لەسەر پەردەیەک بکەن؟ گەڕانە بەدوای کەیفخۆشی؟  پێویستیی جۆرێک لە ئیدمانە؟ لەڕاستیدا، لە تەواوی دونیادا هەندێک شت و هەندێک ڕێکخراو هەن کە سینەما و تەلەڤزیۆنیان پۆخڵ و بۆگەن کردووە. پێم وایە ئەوەی کەسێک دەچێت بۆ سینەما لەبەر خاتری کاتە: لەبەر خاتری کاتە لەدەستچووەکانە. کەسێک کە دەچێت بۆ سینەما لەبەر ئەزموونکردنی ژیانە، نەک وەک هەر کام لە هونەرەکانی تر، سینەما شتێک دەخاتە سەر ئەزموونی کەسەکان و فراوانتری دەکات. نەک تەنها شتێک بۆسەر ئەزموونی کەسەکان ئیزافە دەکات، بەڵکو فراوانتری دەکات؛ ئەمە هێزی سینەمایە.

لە سینەمادا پێویست ناکا ڕوونکردنەوە بدرێت، بەڵکو دەبێت هەستەکان و ئەو سۆزانەی بەئاگا دەهێنرێن تا بیر ببزوێنن، پیشان بدرێن. هیچ کەس لە سینەمادا پێویستی بە ڕوونکردنەوە نییە ئەوەندەی پێویستی بە ڕاستەۆخۆ کاریگەریدانان لەسەری هەیە.

هیچ کات هەوڵ مەدە بیرۆکەکانت بگوازیتەوە بۆ بینەر. ژیانیان پیشان بدە. ئەگەر وات کرد، ئەوسا بینەرەکان لە خۆیاندا ماناکان دەدۆزنەوە و بەرز دەینرخێنن.

دەرهێنەر وەک هەر هونەرمەندێکی تر وایە؛ نیگارکێشێک، شاعیرێک، میوزیسیانێک. خۆی بەشێکە لە هونەرەکەی. شتێکی سەیرە و نامۆیە کاتێک هونەرمەند بە شێوەیەک بژی و فیلمەکەی دەربارەی شتێکی دیکە بێت. پێم خۆشە بە دەرهینەرەکان بڵێم، بەتایبەت گەنجەکان، کە پێویستە لە ڕووی مۆڕاڵەوە بەرپرسیار بن لەوەی دەیکەن، کاتێک سەرقاڵی دروستکردنی فیلمێکن. خۆ تێدەگەن؟ ئەمە لە هەموو شتێک گرنگترە. دووەم، پێویستە لەو ڕووەوە ئامادە بن کە سینەما هونەرێکی زۆر قورس و زۆریش ئاڵۆزە. سینەما داوای خۆکردنە قوربانیت لێ دەکات. پێویستە تۆ هیی سینەما بیت، چونکە سینەما هیی تۆ نییە. سینەما ژیانت بەکار دێنێت، نەک بە پێچەوانەوە. کەوایە، پێم وایە ئەمە گرنگترین شتە؛ پێویستە خۆت بکەیتە قوربانی بۆ هونەر.

ئیشی من ئەوەیە هەر کەسێک تەماشای فیلمەکانی من دەکات وریای بکەمەوە لەوەی پێویستی بە عەشق و بەخشینی عەشقەکەشی هەیە، هەروەها وریا ببێتەوە لەوەی جوانی کۆی دەکاتەوە.

شاکارەکان لە دەرئەنجامی ململانێی هونەرمەندەکانەوە بۆ دەربڕینی بیرۆکە ئەخلاقییەکانیان لەدایک دەبن.

دەرهێنەر پێش هەموو شتێک لە سینەمادا گوزارشت لە خودی خۆی دەکات لە ڕێی هەستکردن بە زەمەن و ڕیتمەوە. ڕیتم ڕەنگ بە فیلم دەبەخشێت. ڕیتم دەبێت بۆخۆی لە فیلمدا هەڵتۆقێ.

هەندێک دەرهێنەر کاریان بۆ ئەوە کردووە ژیانیان لە فیلمەکانیان جیاواز بێت. تەنها  بە یەک شێوە دەژین و بیرۆکەکانیان بە شێوەی جیاوازتر لە فیلمەکانیاندا گوزارشت لێ دەکەن. ئەوان ئەو تواناییەیان هەیە کە هۆش و ئاگاییان لە فیلمەکان جیا بکەنەوە. بەڵام من ناتوانم. بۆ من سینەما تەنها ئیش نییە؛ ژیانمە و هەر کام لە فیلمەکانم ڕۆڵبینینێکە لە ژیانی خۆمدا.

بەگشتی لە فیلمەکانمدا وا دیارە بۆم گرنگە ئەو ڕاستییە بە بیری بینەرەکانم بێنمەوە، کە ئەوان تەنها نین و لە فەزای گەردووندا ون نەبوونە، بەڵکو ئەوان لە ڕابردوو و لە ئێستاشدا دەژین.

 

هاوبەشی بکە

Andrei Tarkovsky, Hazhar Osman,