28/03/2024
DidiMn Logo
Top

خالید حوسەینی: ھەزار خۆری درەوشاوە

لە لایەن دیدی من 8 ساڵ پێش ئێستا

دیدی من – زە گاردیان

لە ئینگلیزییەوە: شێنێ محەمەد

چیرۆکی ئەم کتێبە لە بارەی دوو خانمە، باسەکان لە سەر ھاوسەرگیری و ژیانیان لە وڵاتێکی بە جەنگ وێرانکراودایە. کاتی چیرۆکەکە، ساڵانی نێوان 1960 بۆ 1990ـەیە کە سەردەمی داگیرکارییەکەی یەکێتیی سۆڤییەت‌ـە تا کاتی کۆنتڕۆڵکردنی ئەفغانستان لەل ایەن تاڵیبانەکان. بابەتەکانی کتێبەکە لە بارەی توندوتیژی، پلانی بەردەوامی جەنگ و چەوساندنەوەی خانمانە.

حوسەینی چیرۆکەکەمان لەل ایەن دوو گێڕەرەوەوە پێ دەناسێنێت، یەکەمیان مەریەم‌ـە کە تەمەنی نۆ ساڵە و لەگەڵ دایکێکی دڵڕەقدا لە دەرەوەی شارۆچکەی ھیرات ژیان بەسەر دەبات و ھەفتەی جارێک زۆر بە پەرۆشییەوە چاوەڕێی سەردانی باوکە دەوڵەمەندەکەیەتی. مەریەم بە منداڵە ناشەرعییەکەی خێزانەکە ناسراوە و ڕووبەڕووی ناڕەزاییی زۆر دەبێتەوە لە لایەن ئەندمانی خێزانەکەی، وەک ھۆکاری ھەموو ئازارەکان و شێواندنی خێزانەکە تەنانەت دایکیشی بە ھەمان شێوە سەیری دەکات. حوسەینی بە جۆرێک ئەم منداڵە ساویلکەیەمان پێ دەناسێنێت، کە بە ترسەوە توند پەڕەکان دەگرین لە کاتی خوێندنەوەدا. پاشان مەریەم ھەست بە بەتاڵی دەکات لە خۆشەویستییەکەی باوکیدا و پاش ئەوەی دایکی خۆی دەکوژێت، بە زۆر دەدرێت بە پیاوێک کە بیست ساڵ لە خۆی بەتەمەنترە و لەو کاتەشدا مەریەم تەنھا 15 ساڵە.

ڕەشید پیاوێکی باشە، ھەرچەندە کەمێک کۆنەپەرستە و زۆریش دەڵێت، بەڵام ژیانی مەریەم باش دەگوزەرێت. لێرەدا حوسەینی شتێکی جیاواز دەکات؛ خوێنەر بە ھەمان شێوەی کە ھاوسۆزە لەگەڵ مەریەم، لەگەڵ ڕەشیدـیش ھاوسۆز دەبێت، ھەرچەندە پاساو بۆ کارەکانی ناھێنێتەوە، بەڵام دەشتوانین لە کردارەکانی تێبگەین.

713ZoQHz4mL

دواتر گێڕەرەوەی دووەم پەیدا دەبێت، کە لەیلاـیە. منداڵێکی بچووکی پاکیزە لە خێزانێک کە بەھۆی جەنگەوە لە یەکتر دابڕاون و باوک و براکەی لێ سەندووە وە دواتریش سۆزی دایکی لێ دەسەنێت. بێ باوک و دوور لە خۆشەویستەکەی، لەیلا قایل دەبێت کە ھاوسەرگیری لەگەڵ ڕەشید بکات. چیرۆکەکانی ئەم دوو خانمە سەرسوڕھێنەرە و باس لەو ھێزە دەکات کە خۆشەویستی لە کاتە زۆر سەختەکاندا پێت دەبەخشێت.

لە ھەموو جێیەکی ڕۆمانەکەدا، حوسەینی زانیاریمان لەسەر ئەفغانستان دەداتێت، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئەمەی نەکردووە بە ھێزی سەرەکیی ڕۆمانەکە، بەڵکو ھێز تەنھا لە دەنگی دوو خاتوونەکەدایە. ھەردوو پێکەوە لە ھەوڵی دۆزینەوەی خۆشیدان لە ناو ئەو ھەموو بێ ئومێدییە، یەکێکیان نھێنیەکی گەورە و ئەوی دیش گیرۆدەیە بە بێزارییەکی تاڵەوە. بەڵام ھەردووکیان کەمێک ھیوا لە چاویاندا ھەیە.

لە کۆتاییدا، حوسەینی بە فرمێسک و بە گڕێک لە ناخدا بەجێمان دەهێڵێت، بەڵام لە سەروو ھەموو ئەمانەوە چیرۆکێکە باس لە ژیان و ھیوا دەکات و ئەو ھەموو ئاڵۆزییانە بە زمانێکی زۆر سادەوە دەگێڕێتەوە.

هاوبەشی بکە

Khalid Hussaini, One Thousand Splendid Splendid suns, SheneMohamad,