27/04/2024
DidiMn Logo
Top

خوێنەر و کتێب: خوێندنەوەیەک بۆ ڕۆمانی خۆشەویستی لە زەمەنى کۆلێرادا

لە لایەن دیدی من 7 ساڵ پێش ئێستا

دیدی من

کتێب: خۆشەویستی لە زمەنی کۆلێرادا
نووسەر: گابریەل گارسیا مارکیز
خوێنەر: یونس سلێمان ئەحمەد

 

ڕۆمانی خۆشەویستی لە زەمەنى کۆلێرادا یەکێکە لەڕۆمانەکانی گابریەل گارسیا مارکیز، ڕۆمانەکە باس لەچیرۆکی خۆشەویستیی نێوان کوڕ و کچێک دەکات کە نیو سەدە دەخایەنێت.

فێرمینا دازا کچێکە لە ماڵێکدا دەژی لەگەڵ باوکی و پورێکیدا، دوای ئەوەی لە سەردانێکدا کوڕێک بە ناوی فلۆرنتینۆ ئەریزا دەیبینێت، عاشقی دەبێت، لێرەوە پەیوەندیی نێوانیان دەست پێ دەکات. نامەی زۆر لە نێوانیاندا ئاڵوگۆڕ دەکرێت، بە جۆرێک لە سێ مانگى یەکەمى پەیوەندییەکەیاندا ڕۆژانە چوار نامەیان ئاڵوگۆڕ کردووە. فلۆرنتینۆ هەمیشە خەیاڵى لاى فێرمینا بوو.

لەو کاتەى فێرمینا لە خوێندنگەی ئامادەکردنى پاکیزەی پیرۆز دەیخوێند، بەردەوام نامەى بۆ فلۆرنتینۆ دەنووسى، تا ڕۆژێک پێ زانرا و بە هۆیەوە دەرکرا.

 کاتێک باوکی فێرمینا بەمەى زانى، لە ماڵیشەوە گەڕا و چەندین نامەى ترى دۆزیەوە، بە هۆیەوە پوری فێرمینا کە ناوى ئیکۆ لاستیکا بوو دەردەکات و بە کەشتى دەینێرێتەوە بۆ بەندەرى سان خوان دى لاستیکا و لەوێ لە تەمەنى سەد ساڵیدا دەمرێت.

ڕۆژێک فێرمینا نەخۆش دەکەوێت، ترسی ئەوە هەیە کە نەخۆشییەکەی کۆلێرا بێت، دکتۆرێک بە ناوی خۆڤیناڵ ئۆربینۆ کە لە فەڕەنسا خوێندنى تەواوکرد بوو، سەردانی دەکات و دوای پشکنین دەردەکەوێت کە نەخۆشییەکە کۆلێرا نییە. هاتنی ئەم دکتۆرە دەبێتە سەرەتای ژیانێکی نوێی فێرمینا، بە هۆی ئەوەی دکتۆرەکە فێرمینای دەچێتە دڵەوە. دوای قسەکردنی دکتۆر لەگەڵ باوکی فێرمینا، ژیانی هاوسەرگیری لەگەڵ فێرمینا پێک دەهێنێت، بۆ مانگى هەنگوینى دەچن بۆشارى پاریسى پایتەختى فەڕەنسا، دواى چەند ساڵێک دەبنە خاوەنى کوڕ و کچێک، کوڕەکە ناوى مارکۆ ئۆریلیۆ و بووە پزیشک و کچەکەش ناوى ئۆفیلیا بوو و لەگەڵ کارمەندێکى بانک هاوسەرگیریی کرد.

de2621dbc3c4cae4bd90e4ac7b4762c7

پێشتر فلۆرتینتۆ داوای هاوسەرگیریی لە فێرمینا کردبوو، بەڵام فێرمینا ڕەتی کردبووەوە و پێ ڕاگەیاندبوو کە ناتوانێت هاوسەرگیریی لەگەڵدا بکات.

لە دوای هاوسەرگیرییەکەی فێرمینا، ئیتر فلۆرینتینۆ نائومێد دەبێت، بەڵام بە درێژایی چەندین ساڵ فێرمینای لە بیر نەکرد، سەرەڕای ئەوەی که پەیوەندیی لەگەڵ چەندین ژن و کچدا دروست کردبوو، پەیوەندییەکەی کاتی بوو و هەرگیز نەیتوانی خۆشەویستیی فێرمینا لە بیر بکات.

ماوەیەک فێرمینا هەستى بەوە دەکرد کە خۆڤیناڵ ئۆربینۆى هاوسەرى پەیوەندىی لەگەڵ کچى تردا هەیە، ئەویش لە ڕێگەى بۆنى جلەکانیەو.  داوتر بۆى دەرکەوت کە هاوسەرەکەى پەیوەندىی لەگەڵ کچێکى ڕەشپێست بە ناوى باربارا لینچ هەیە. دواى ئەوەى بە دکتۆرى گوت، ئەویش ڕاستییەکەى پێ گوت، لەبەر ئەم کارە فێرمینا بڕیاری دا بڕوات بۆ سان خوان دى لاسیناگا بۆ لاى هیلدیبراندا سانچیزى خاڵۆزاى لە گوندى فلۆریس دى ماریا منداڵەکانى بێ ئەوەى هۆى سەفەرەکەى دایکیان بزانن، وەک سەفەرێکى ئاسایی لە قەڵەمیان دا و بە دڵسافییەوە داوایان لێ کرد چەندی پێ خۆشە لەوێ بمێنێتەوە.

ئۆربینۆ بە جۆرێک کارەکانى ڕێک خست کە هیچ کەسێک لە دەوروبەرە غەدارەکەیدا نەتوانێت لێکدانەوەى خراپ بۆ سەفەرى ژنەکەى بکات، ئەوەندە زیرەکانە ئەم کارەی کرد کە فلۆرنتینۆ ئەریزا نەیدەتوانى سەبارەت بە سەفەرەکەى فێرمینا دازا سەرەداوێکى دەست بکەوێت.

پاش ئەوەى فێرمینا دازا گەیشتە شوێنەکە چوو بۆ لاى کچە خاڵەکەى کە ناوى هیلدی براندا، هاوڕێی سەردەمى منداڵى و گەنجیى بوو.

لەو کاتەى کە فێرمینا لەوێ بوو، بەردەوام دکتۆر نامەى بۆ کچە خاڵۆزاکەى فێرمینا دەنارد تا حاڵى هاوسەرەکەى بزانێت، سەرئەنجام دکتۆر ڕۆژێک دێت بۆ لاى فێرمینا و جارێکی تر بە یەک شاد دەبنەوە و دەست دەکەنەوە بە ژیانێکى نوێ.

love-in-the-time-of-cholera-25003

 وردەوردە ئۆربینۆ دەچێتە تەمەنەوە، ڕۆژێک لە ماڵەوە دەبێت، تووتییەکە لەسەر دارێک دەبینێت، پەیژەیەک دەهێنێت تا بیگرێت، بەڵام بۆى ناگیردرێت، بە هۆیەوە دەکەوێتە خوارەوە و لە تەمەنى ٨١ ساڵیدا گیان لەدەست دەدات. دواتر مەڕاسیمى ماڵئاوایی و پرسەى بۆ ڕێک دەخرێت و لەو کاتەشدا فلۆرنتینۆ دێت بۆ سەرەخۆشى بۆ لاى.

 دواى مردنى ئۆربینۆى هاوسەرى، فێرمینا هەستى بە تەنیایی کرد، بەردەوام خەیاڵى لاى دکتۆر بوو، بۆیە بڕیاری دا هەموو ئەو شتانەى پەیوەندىی بە هاوسەرەکەیەوە هەیە لە ماڵدا لە ناوی ببات تا چیتر بیرى نەکات.

جارێکی تر پەیوەندیی نێوان فێرمینا دازا و فلۆرنتینۆ ئەریزا دەست پێ دەکاتەوە و دەست دەکەن بە ناردنى نامە، پەیوەندییەکەیان تا دەهات زیاتر دەبوو، واى لێ هات فلۆرنتینۆ هەموو سێشەممەیەک سەردانى فێرمیناى دەکرد، بە یەکەوە گفتوگۆیان دەکرد، زۆر جاریش کوڕ و بووکەکەى فێرمیناش ئامادەى ئەو دانیشتنانە دەبوو، تا سەرئەنجام بڕیاریان دا سەفەرێکى دەریا بکەن، ئیتر پەیوەندییەکەیان چووە قۆناغێکى تر لەو سەفەرەدا. دواى نزیکەى پەنجا ساڵ چاوەڕوانى، فلۆرنتینۆ بەو ئاواتە گەیشت کە بگات بە فێرمینا.

ئەم ڕۆمانە لە ساڵى ٢٠٠٧ کراوە بە فیلم.

گابریەل گارسیا مارکیز ڕۆماننووسی کۆڵۆمبی بەناوبانگ، لەساڵى ١٩٢٧ لە کۆڵۆمبیا لەدایکب ووە و خاوەنى چەندین ڕۆمانە، لەوانە سەد ساڵ لە تەنیایی، خۆشەویستى لە زەمەنی کۆلێردا، كەس بۆ سەرهەنگ نامە نانووسێ، ئەوین لە ساڵانی بە بادا، پایزی باوكسالاری، كاتژمێری شووم و بە یادی سۆزانییە غەمبارەکانم.

مارکیز خاوەنی خەڵاتی نۆبڵ بۆ ئەدەبی ساڵی ١٩٨٢ە.

  مارکیزبەرواری ١٤/٧/٢٠١٤ لە تەمەنی  ٨٧ ساڵیدا لە شاری مەكسیكۆ سیتی لە مەكسیک كۆچی دوایی كردووە.

هاوبەشی بکە

Gabriele Garcia Marquiz, Love in the time of Cholera, Younis Sleman Ahmad,