17/04/2024
DidiMn Logo
Top

چیرۆکێکى ترسناک بۆ شەوى ساڵى نوێ

لە لایەن دیدی من 7 ساڵ پێش ئێستا

دیدی من

گابرێل گارسیا مارکێز
لە فارسییەوە: مەریوان هەڵبجەیی

                                     

کەمێکى مابوو بۆ نیوەڕۆ، گەیشتینە شارى ئارتزۆ. دوو سەعاتى تەواو بەدواى کۆشکێکدا گەڕاین کە میگڵ ئۆترۆ سیلڤا، نووسەرى خەڵکى ڤەنزوێللا لەو پەنا جوانەى ناوچەى توسکانا کڕیبووى. کۆشکێک کە لە ڕاستیدا قەڵایەکى سەدەکانى ناوەڕاست بوو. یەکشەممەیەکى سەرەتاى مانگى ئاب، گەرم و پڕ لە هاتوهاوار بوو و دۆزینەوەى کەسێک لە شەقامەکاندا بۆ پرسیارکردنى ناونیشانێک، کارێکى ئاسان نەبوو. شەقامەکان تەنیا پڕ بوو لە گەشتیارى بیانى. پاش ماوەیەک هەوڵ و تێکۆشان، بێئاکام جارێکى تر سوارى ئۆتۆمبێلەکە بووینەوە، لە شار چووینە دەرەوە و گەیشتینە جادەیەک هیچ تابلۆیەکى ڕێنمایی هاتوچۆ بوونى نەبوو، بەڵام پیرەژنێک، کە چەند قازێکى ئەلەوەڕاند، بە وردى ڕوونى کردەوە بۆ ئێمە کە ئەو کۆشکە لە کوێدایە. پێش ئەوەى ماڵئاوایى لێ بکەین، لێى پرسین دەمانەوێت شەو لەوێ بەسەر بەرین، هەر بەو جۆرەى کە بەڕاستى بڕیار بوو وا بێت، لە وەڵامدا گوتمان تەنیا بۆ نانخواردنى نیوەڕۆ دەڕۆین بۆ ئەوێ. گوتى: ”سوپاس بۆ خودا! لەبەر ئەوەى ئەو ماڵە پڕە لە تارمایی.” من و هاوسەرەکەم بڕوامان بە تارمایى نییە، بەتایبەتییش لە ڕۆژى ڕووناکدا. لەبەر ئەوە ئێمە پێکەنین بە خورافات و ساویلکەییەکانى، بەڵام منداڵەکان زۆر خۆشحاڵ بوون کە دواجار دەتوانن تارماییەکى تەواو و کامڵ بە چاوى خۆیان ببینن.

میگڵ ئۆترۆ سیلڤا، سەرەڕاى ئەوەى کە نووسەرێکى باشە، خانەخوێیەکى زۆر باشە و خواردنەکانى زۆر خۆشە و بە نانخواردنى نیوەڕۆیەک چاوەڕوانى هاتنى ئێمە بوو، کە هەرگیز لەبیر ناکرێت. لەبەر ئەوەى کەمێک درەنگ کەوتبووین، دەرفەتى ئەوەمان نەبوو کەمێک بە ناو کۆشکەکەدا بگەڕێین و پاشان بچینە سەر مێزى نانخواردن. نماى دەرەوەى کۆشکەکەش شتێکى ترسێنەرى نەبوو، هەر جۆرە نیگەرانییەکیش  تەنیا بە بینینی دیمەنى هەموو شار لەسەر هەیوانێکى هاوینەوە، کە لەوێدا نانى نیوەڕۆمان دەخوارد، نەدەما و لەناو دەچوو. جێگەى باوەڕپێکردن نەبوو، لەسەر گردێک کە تەنیا جێگەى نەوەد هەزار دانیشتووى تێدا دەبووەوە، ئەو هەموو بلیمەتە لەدایک بووبن. گویدۆ دى ئارتزۆ، جۆرجیۆ ڤازارى زۆر باش، پیترۆ ئارتینیۆ5 لوتبەرز، جولیۆى دووەم و کایۆ کلینۆ مێسێنتێ، کە لە سەردەمى خۆیدا هاندەرى هونەر و نووسین بووە. بە هەرحاڵ، میگڵ ئۆترۆ سیلڤا بە قسەخۆشیى هەمیشەیی خۆى، گوتى زۆربەى کەسایەتییە مێژووییەکانیش خەڵکى ئارتزۆ نەبوون. بۆ نمونە، گرنگترینیان لۆدۆڤیکۆیە.

تەنیا لۆدۆ ڤیکۆ بەبێ ناوى خێزانى، هاندەرى هونەر و شەڕ کە کۆشکى چارەنووسى شوومى خۆى دروست کردبوو.

میگڵ ئۆترۆ سیلڤا بە درێژایى نانخواردنەکە بەردەوام لەبارەى لۆدۆ ڤیکۆوە دوا.

چ پیاوێکى بەدەسەڵات بوو، چ عەشقێکى کارەساتئامێزى هەبوو، چ مەرگێکى ترسناک. گێڕایەوە کە چۆن لە شێتبوونێکى لەپڕدا خۆشەویستەکەى خۆى لە ناو پێخەفدا بە خەنجەر کوشتبوو، کە ساتێک پێش ئەوە لە ناو ئەو پێخەفەدا لەگەڵیدا سێکسى کردبوو. پاشانیش سەگە هارەکانى خۆى بەردابووە گیانى خۆى و پارچەپارچەیان کردبوو. زۆر بە جدییەوە دڵنیایى بە ئێمە بەخشى، هەموو شەوێک لە دواى نیوەشەوەوە تارمایى لۆدۆ ڤیکۆ لە تاریکىی کۆشکەکەدا بەڕێ دەکەوێت و هەوڵ دەدات ساتێک لە بەرزەخى عەشقى خۆیدا ئارام بگرێت. بە هەرحاڵ، لە رۆژى ڕووناکدا بە سکى تێر و دڵی شادەوە ئەو پرسە وەک گاڵتە دێتە بەرچاو و بەس، وەک هەموو گاڵتەکردنەکانى میگڵ ئۆترۆ سیلڤا بۆ سەرگەرمکردنى میوانەکانى.

لە ڕاستیدا کۆشکەکە زۆر گەورە و تاریک بوو. لە پاش نوستن، دوانیوەڕۆ ڕۆیشتین بۆ بینینی کۆشکەکە. دوو نهۆمى سەرەوە و هەشتاودوو ژوورەکەى لە ماوەى نیشەجێبوونى خاوەنى جۆراوجۆریاندا، بە درێژایی سەدەکان، نۆژەن کرابووەوە و شێوازەکەى گۆڕانى بەسەردا هاتبوو. میگڵ ئۆترۆ سیلڤا نهۆمى خوارەوەى بە تەواوى سەرلەنوێ دروست کردبووەوە و ژوورێکى نوستنى زۆر مۆدێرنى دروست کردبوو، کە ناوەکەى کردبوو بە مەڕمەڕ. حەمام و ساونا و شتومەکى وەرزشییشى ئامادە کردبوو. لە بەردەمیشیدا هەیوانێکى گەورەى پڕ لە گوڵ، ئەو شوێنەى کە ئێمە لەوێدا نانى نیوەڕۆمان خواردبوو، هەبوو. گوتى: ”کۆمەڵێک شتى کاراکاسم لێرە داناوە، بۆ ئەوەى لۆدیۆ ڤیکۆ گێژ و گومڕا بکەم. تەنیا شتێک کە تارماییەکان گێژ دەکات، هەزار توێکانى زەمەنە و بەس.”

نهۆمى دووەم بە دەستلێنەدراوەیی مابووەوە. بە درێژایى سەدەکان زیاتر لەو نهۆمە کەڵک وەرگیرابوو تا جێگەکانى ترى کۆشکەکە، بەڵام ئێستا تەنیا ژمارەیەکى زۆر ژوور هەبوو، کە شتومەکى سەدە جۆراوجۆرەکانى تێدا بەجێ مابوو. نهۆمى یەکەمیش بە هەمان شێوە، هەروەک خۆى مابووەوە. تەنیا ژورێک هەبوو کە کات تێیدا تێنەپەڕیبوو: ژوورى نوستنى لۆدیۆ ڤیکۆ. ساتێکى زۆر سیحرئامێز بوو؛ قەڕەوێلەى نووستنەکەى بە چوار دەوریدا پەردەى پێوە بوو، پەردەگەلێک کە بە زێڕ دروست کرابوون و سەرچەفى دوردراوى گوڵگوڵاوى بەسەرەوە بوو، کە هێشتا خوێنى خۆشەویستە کوژراوەکەى پێوە بوو. زۆبا دیوارییەکەش لە شوێنەکەى خۆیدا بوو، لەگەڵ خۆڵەمێشى سارد و کۆمەڵێک وردەداردا، کە ببوونە بەرد. گەنجینەیەک پڕ لە چەک، هەمووى درەوشاوە و بریقەدار بوون و تابلۆیەکی ئەو ئاغا بیرمەندەشى پێوە بوو، کە نیگارکێشێکى خەڵکى فلۆڕەنسا بە ڕەنگى ئاوى کێشابووى، ئەو نیگارکێشەى کە بە داخەوە، نەیتوانى ناوبانگ دەربکات. بەڵام ئەوەى کە لە هەموو شتێک زیاتر بووە هۆى سەرسووڕمانى من، بۆنى عەترى تووە فەرەنگى تازە بوو، کە بەبێ هیچ هۆکارێکى لۆژیکى لە ژوورەکەدا دەهات.

لە پارێزگاى توسکانا، ڕۆژەکانى هاوین زۆر دوورودرێژن، ئاسۆ تا کاتژمێر نۆى شەو ڕەنگى ناگۆڕێت. میگڵ ئۆترۆ سیلڤا، پاش ئەوەى کە هەموو کۆشکەکەى پیشان داین، بردینى بۆ کڵێسەی فرانچسکۆى پیرۆز، بۆ ئەوەى تابلۆکانى سەر دیوار سەیر بکەین، کە بەرهەمى پیرۆ دلافرانچسکا بوو. پاشانیش لە ژێر کەپرەکانى گۆڕەپانەکەدا، کە هەواى شەو کەمێک فێنکى کردبووەوە، کوپێک قاوەمان خواردەوە و کاتێک گەڕاینەوە بۆ کۆشکەکە بۆ ئەوەى جانتاکانمان هەڵبگرین، بینیمان مێزى نانخواردنى ئێوارەیان ڕازاندووەتەوە. لە ئاکامدا ماینەوە بۆ ئەوەى نانى ئێوارەش بخۆین. هەروا کە خەریکى نانخواردنى نانى ئێوارە بووین، مناڵەکان چەند مەشخەڵێکیان لە موبەقەکەدا داگیرساندبوو بۆ دۆزینەوەى نهۆمەکانى سەرەوە، لە تاریکییەکەدا بەڕێ کەوتن. ئێمە لەسەر مێزەکەوە گوێمان لە دەنگى هەنگاوەکانیان نەدەبوو، وەک ئەسپە کێوییەکان بە پلیکانەکاندا سەر دەکەوتن. دەنگى جیڕەجیڕى شوومى نەرمادەى دەرگەکان دەهات و دەنگى قیژە و هاوارى منداڵەکان، کە بە تاسە و زەوقێکى زۆرەوە لە ژوورە تاریکەکاندا لۆدیۆ ڤیکۆیان بانگ دەکرد. ئەو نەخشە خراپەش بە بیریاندا هات، کە شەو لەوێ ببەینە سەر. میگڵ ئۆترۆ سیلڤاش بە دڵێکى فراوانەوە پێشنیازەکەى ئەوانى قبووڵ کرد و ئێمەش نەماتوانى ڕازى نەبین.

بە پێچەوانەى ئەوەوە کە بۆى دەچووین، زۆریش باش خەوتین. من و هاوسەرەکەم لە ژوورێکى نوستندا لە نهۆمى خوارەوە و منداڵەکانیشم لە ژوورى ئەوبەرمانەوە.

هەر وا کە خەریک بوو خەومان لێ بکەوێت، دەنگى زەنگى سەعاتە دیوارییەکەى ژوورى میوانم دەژمارد، دوانزە جار لێی دا. بۆ ساتێک بیرم لە گوتەى ئەو پیرەژنە دەکردەوە، کە قازى دەلەوەڕاند، بەڵام هێندە ماندوو بووین کە بە خێرایی خەومان لێ کەوت، خەوێکى قووڵ و بەردەوام. کەمێک پاش سەعات حەوتى بەیانى، خەبەرم بووەوە، دونیا هەتاو بوو. مارسیدس لە پەنامدا و لەدەریایەکى پاکێتى نغرۆ ببوو. گوتم: چ بێمانا! خەڵکى چەندە گەمژەن کە لەم سەردەمەدا هێشتا بڕوایان بە تارمایی هەیە.” تەنیا هەر لەو کاتەدا بە ترسێکەوە کە بە ناو گیانمدا هات، زانیم لەو ژوورەدا نیم کە شەوى پێشوو تێیدا خەومان لێ کەوتبوو، بەڵکو لە ژوورى نوستنەکەى لۆدیۆ ڤیگۆدا بووین. لە ناو پێخەفە خوێناوییەکەیدا. کاتێک کە ئێمە خەوتبووین، کەسێک ژوورەکانى گۆڕیبوو.

٣٠\١٢\١٩٨٠

 

هاوبەشی بکە

Chirok, Christmas, DidiMnStory, Gabriele Garcia Marquiz,