29/03/2024
DidiMn Logo
Top

خوێنەر و کتێب: دەربارەی ڕۆمانى کەوتنى ئاسمانەکان

لە لایەن دیدی من 7 ساڵ پێش ئێستا

دیدی من

کتێب: کەوتنی ئاسمانەکان
نووسەر: جەبار جەمال غەریب

خوێنەر: یونس سلێمان ئەحمەد

ڕۆمانى کەوتنى ئاسمانەکان لەنووسینى جەبار جەمال غەریب، نووسەر لە دووتوێی 306 لاپەڕەدا دەمانباتە ناو چەند ڕووداوێکى جیاواز بە زمانێکى ئەدەبىی بەرز ئاشنامان دەکات بە ئازارەکانى زیندان و ئەوین و سیاسەت و تا دوایی.

”دەشێ کۆترێک دەنووک لە گومبەزی ئاسمان بدات و کونی بکات، بەڵام بەرنامەکەی ئەوی پێ هەڵناوەشێتەوە.” ئەمە یەکەم دێڕی دەستپێکی ڕۆمانەکەیە.

فوئاد کوڕێکى دانیشتووى گەڕەکى سەرشەقامى شارى سلێمانییە، شوفێرە لە نێوان شارەکانی سلێمانى و کەرکوک، پاڵەوانى ڕۆمانەکەیە و بە هۆى ئەوەى کە هاتوچۆى کەرکوک دەکات پەیوەندىی خۆشەویستى لەگەڵ کچێکى تورکمانى دروست دەکات، ئەو کچە ناوى یوڵدز نوورە، بەڵام کەسوکارى کچەکە بە پەیوەندییەکە دەزانن و هەڕەشە لە فوئاد دەکەن. بە هۆى ئەو هەڕەشانەوە فوئاد کەرکوک جێ دەهێڵێت.

دواى ئەوەى فوئاد لە سلێمانى لە نزیک مزگەوتى حاجى حەسەنى لۆکە بە ئۆتۆمبێلەکەى لە ژنێک دەدات، ئەمەش دەبێتە سەرەتاى دروستکردنى پەیوەندییەکى ترى خۆشەویستى، ئەویش لەگەڵ کچى ئەو ژنەى بە ئۆتۆمبێلەکەى لێی دا. کچەکە ناوى ئەڵماس‌ە، دواىی دەبێتە هاوسەرى و منداڵێکى کچیان دەبێت ناوى دەنێن ئاسکۆڵ.

جارێکی تر فوئاد بە کچە تورکمانییەکە دەگاتەوە و هاوسەرگیرى ئەنجام دەدەن، لەویش منداڵێکى کوڕى دەبێت ناوى دەنێت زەینولعابدین. پاشان ناوەکە دەگۆڕێت بۆ زەینەڵ یاخود ئاسۆ.

دواى دەستپێکردنى جەنگى عێراق و ئێران فوئاد وەک زۆرێک لەو گەنجانەى تر بە ناچارى دەبێتە سەرباز و دەچێتە بەرەکانى جەنگ، سەرئەنجام لە یەکێک لە شەڕەکاندا بە دیل دەگیرێت و بۆماوەى هەژدە ساڵ لە ئێران زیندان دەبێت.

لەو کاتەى کە لە سەربازگەدا سەرقاڵى مەشقە، هەواڵى ئەوەى دەدەنێ کە پشووە و دەتوانێت بگەڕێتەوە بۆ ماڵ، ئەمەش گومان لاى فوئاد دروست دەکات. کاتێک دەگەڕێتەوە بۆ ماڵەوە لە کەرکوک لەلاى ماڵیان خەڵێکى زۆر دەبینێت، دوایى بۆ دەردەکەوێت کە یوڵدز نوورى هاوسەرى و خەسووى سووتاون و مردوون، بەڵام ئاسۆى کوڕى ماوە، بۆیە ئاسۆ دێنێتەوە بۆ سلێمانى دەیداتە ئەڵماس تا بەخێوى بکات و نهێنیى ئەوە ئاشکرا ناکات کە منداڵى خۆیەتى، دەڵێت کە منداڵى ژن و پیاوێک بوون کە لە ڕووداوى هاتوچۆدا گیانیان لەدەست داوە.

پاش ئەوەى فوئاد بە دیل دەگیرێت و بە قۆناغێکی پڕ لە ناخۆشی و دەردەسەریدا ژیانی دیلی بەسەر دەبات. ئەم دوورییەش ڕەوتی ژیانی ئاسکۆڵ دەگۆڕێت و زۆر بە کولەمەرگی خەریکی بەڕێکردنی خێزان و ژیان دەبێت.

دوای گەورەبوونی ئاسۆ لەتەک ئاسکۆڵ‌دا، ئەڵماس لەگەڵ زولێخای درواسێیان قسە دەکات وا ڕێک دەکەون کە ئاسکۆڵ لەگەڵ ئاسۆ هاوسەرگیرى بکات. دواى هاوسەرگیرییەکەیەکان دەبنە خاوەنى منداڵێک ناوى دەنێن هیوا، ئەمەش بە هیواى گەڕانەوى فوئاد لە زیندان بەبێ ئەوەى بزانن کە لە ڕاستیدا ئاسکۆڵ و ئاسۆ خوشک و براى یەکن.

داوى ئازادبوونى فوئاد لە زیندان و گەڕانەوى بۆ ماڵ بەوە دەزانێت کە ئاسۆ و ئاسکۆڵ هاوسەرگیرییان کردووە، ئەمەش تووشى حاڵەتێکى دەروونىی دەکات. پاش ئەوەى نهێنیەکە ئاشکرا دەکات، ئاسکۆڵ شێت دەبێت و دەکەوێتە سەر شەقامەکان و ئاسۆش وەک تاوانبارێک پەیوەندى دەکات بەگروپێکى جیهادى دەکات و دواى ڕاهێنانى زۆر بۆ ئەنجامدانى تەقینەوەیەک ڕەوانەى شارى هەولێرى دەکەن، بەڵام کاتێک دەچێتە بازاڕێکى میللیی شارى هەولێر و لاى کۆترفرۆشەکان لەوێدا چاوى دەکەوێت بە فوئادى باوکى و هیواى کوڕى کە ئەوانیش چەند ساڵێک بوو لە هەولێر دەهیان، لەوێدا ئاسۆ دوودڵ دەبێت لە ئەنجامدانى کردەوەکەى، دواجار بڕیار دەدات ئەو کردەوەیە ئەنجام نەدات، بەڵام مامۆستا و سەرپەرشتیارانى کردەوەکە لاى خۆیانەوە بە کۆنترۆڵ دەى تەقێنەوە و بە هۆیەوە فوئاد و هیوا و چەند گەنجێکى شارى هەولێر دەبنە قوربانى.

ساتی روودانی تەقینەوەکە، هاوشانی فڕین رۆحی فوئادی باوک و هیوای کوڕ و کەسانی بەستەزمانی بێتاوانی دیکەی سڤیل، تاقە کۆترێکیش لە شەقەی باڵ دەدات، دەفڕێت بەرەو بەرزایی و شینایی ئاسمان… نووسەر بەم ڕستەیە کۆتایی بە رۆمانەکەی دێنێت:

”نەمزانی ئەو کۆترە بەسەر باڵی هەوردا خۆی لە مردن رزگار دەکات، یان ڕۆحی ئاسۆ. تۆ بڵێ زەینەڵە و بۆ بەهەشت دەچێ.”

هاوبەشی بکە

Jabar Jamal Gharib, Kawtni Asmanakan, Younis Sleman Ahmad,