25/04/2024
DidiMn Logo
Top

خەتە سپییەکانی ئوتووبان

لە لایەن دیدی من 7 ساڵ پێش ئێستا

سیروان کەریم

پێشتر لە هێڵێکی گواستنەوەدا کاری دەکرد. ڕۆژانە لەگەڵ نیوەی نەفەرەکاندا دەمەقاڵێی بوو. درەنگ درەنگ ڕۆنی پاسەکەی دەگۆڕی. بە قسەی دایکم زۆر تاقەتی فیتەری نەبووە. پاسێکی مۆدیل‌کۆن بوو، تەنانەت هۆڕنەکەیشی لەکار کەوتبوو. باوکم گوتبووی: ”نان لە تایەکانیدایە.“ باوکم بە بۆینباخێکەوە گوتبووی نان لە تایەکانیدایە. ئێمە دەمانزانی سوکان بە کەڵکی باوکم نایەت. دایکم هەر کە پاسەکەی بینیبوو، قسەی لەسەر ڕەنگەکەی کردبوو. دایکم لە کۆڵان گوتبووی: ”ئەم ڕەنگە بە کەڵکی گەرما نایەت.“ گوتبووی: ”ئەم پاسە بۆ ڕێی دوور نابێت.“

ڕۆژبەڕۆژ بێتاقەتییەکانی زیادی کرد و جووڵە ئەنیمەیشنەکەی کەم بووەوە. باوکم دەڵێ: ”شۆفێری پاس هەر چەند ساڵێک خۆشە، چەند ساڵێکی کەم.“ باوکم لە بەردەم قاپێک سپاگێتیدا ئەم قسانەی کرد، گوتی: ”لە دوای وازهێنان لە پاس، بیری نەفەرەکانی دەکەیت. ئەو نەفەرانەی فریا نەدەکەوتن ددانیان بشۆن. پەلەیان بوو بگەن بە دەوام، پەلەیان بوو بگەن بە ماڵەوە، پەلەیان بوو دابەزن.“ بە بۆچوونی باوکم، ڕێگاکان گەرمایان بێت یان سەرما، یان تەڕ بن، هەر ناخۆشە.

لەودیوی پەنجەرەکەوە پایسکیلێک هەیە. پایسکیلێکی تەزیو. باوکم پایسکیلیشی خۆش دەوێت، خۆی گوتی، پایسکیلیشم خۆش دەوێ. دوێنێ پایسکیلەکەم شۆرد. کاتێک بە کۆڵاندا دەڕۆم پایسکیلەکە لە نزیکی پاسەکەوە تێدەپەڕێت. کۆڵانەکە تێدەپەڕێنم، پاسەکە جێ دەمێنێت. باوکم گوتی: ”پایسکیل بیرمان دەخاتەوە قاچمان هەیە.“ باوکم لە سەربازگەوە پایسکیلی خۆش ویستبوو. خۆی گوتی: ”لیواکەمان پایسکیلێکی لێ بوو. پایسکیلێکی تایەباریک.“ دایکم هیچ قسەیەکی لەسەر پایسکیل نییە. کۆڵانەکەمان دوو پایسکیلی تریشی تێدایە. دوو پایسکیل شەوان بە شۆستەکاندا تێدەپەڕن…

کێشەی دایکم ئەوەیە زۆر لە حەمامدا دەمێنێتەوە، باوکم ئەمەی پێ خۆش نییە. دایکم دەڵێ: ”هەر قژم نیو سەعاتی دەوێ.“ باوکم دەڵێ: ”ئاخر قژ ئەو هەموو کاتەی دەوێ!“ دایکم باوکمی خۆش ناوێت، باوکیشم هەر دایکمی خۆش ناوێت.

لە کوشنێک نووسراوە: (خۆزگە جارێکی تر لەم پاسەدا دەمبینیتەوە.) لە کوشنی دواوە نووسراوە: (پیاوی کەر ئەو کەسەیە، دووجار سواری ئەم پاسە دەبێت!) باوکم دەڵێ: ”کەس نییە بەسەر کوشنێکەوە، شتێکی جێ نەهێشتبێت.“ باوکم ڕاست دەکات، بەردەوام کلیل و چەرخ و قسە بەسەر کوشنەکانەوە جێ دەمان.

بەفرگرەکە دەکەمەوە و کۆلایەک دەردێنم، ساردە، سەرم دەتەزێ. بەردەوام لە بەفرگرەکەماندا کۆلا و سپاگێتی هەیە. سپاگێتی خواردنی سەرەکیی باوکمە. باوکم دەڵێ، لە گەراج دەمخوارد و خووم پێوە گرتووە. دەڵێ، من و غوڵام زۆر حەزمان لێ بوو. دەڵێ، غوڵام ئێستا لە شەقامی ٣٧ دوکانی شەربەتی هەیە. دەڵێ، حەفتەی دەعمێکی دەکرد. باوکم سپاگێتی بخوات زۆر باسی غوڵام دەکات. دەڵێ، تا ئەم دواییانەیش فێر نەبووبوو پاسەکەی لە گەراجدا پارک بکات.

دایکم ماوەیەک ویستی بۆ سەمای بالییە بڕوات، حەزی کردبوو هەندێک جووڵەی عەنتیکە فێر بێت. نەڕۆیشت. دەبوایە سێ گەراجی بکردایە. دەیگوت: ”ئەم سەمایە بە زۆری لەسەر پەنجەکانی پێ دەکرێت.“ پوورم پێی گوتبوو: ”ئەم سەمایە بە زۆری لەسەر پەنجەکانی پێ دەکرێت.“ پوورم شانزە ڕۆژ لای پیاوەکەی مابووەوە. بۆ شوێنە گشتییەکان تەنوورە لە پێ دەکات، تەنوورەی کورت لە پێ دەکات. دایکم هەر ئەو ڕۆژە، لە کاتی زەڵاتەکردندا گوتبووی: ”پیاوەکان ئوتومبێلەکانیان دەگۆڕن، ژنەکانیان دەگۆڕن، خانووەکانیان دەگۆڕن، هەر دڵیان خۆش نابێت.“ زەڵاتەکەی بۆ دابەزاندنی کێشی بوو. لە ماوەی مانگێکدا کیلۆیەک و چوارسەد گرام کەمی کردبوو. باوکم گوێی لەو قسانەی نەبووبوو، لەو کاتەدا ڕۆیشتبوو بیجامەکەی بگۆڕێت. دوایی کە گەڕابووەوە، شۆرتێکی درێژی خەتخەتی لە پێ کردبوو.

باوکم دەڵێ: ”من و دایکت تەنانەت لەسەر شۆستەیەکیش هاوشانی یەک ناڕۆین. لە کارگەیەکی ڕستن‌وچنیندا، عاشقی یەک بووین و دوایی لە پارکێکدا بڕیاری هاوسەرگیریمان دا.“ دەڵێ، دایکت لە ماڵی خۆیشیان حەزی بە ئوتووکردن و قاپشۆردن بوو. دەڵێ، کە هاتە ئێرەیش سێ فەردە جل و پاپووجی لەگەڵ خۆیدا هێنا.

دایکم ڕۆژێکیان تازە لە مۆڵ گەڕابووەوە، گوتی: ”باوکت جلی خۆش ناوێت.“ باوکم لەم دواییانەدا بۆینباخ و گۆرەویی زۆر بوو. یانزە بۆینباخی هەبوو. یانزە بۆینباخی جۆراوجۆر. دایکم ڕقی لە بۆینباخی سەرپانە. دایکم ناتوانێت ڕێکپۆش بێت و دوو جل بە یەکەوە بگونجێنێت. جلەکانی دایکم دەڵب و گرانبەهان.

لەودیوی پەنجەرەکەوە چۆلەکەیەک بەسەر دارتێلەکەوە دەنیشێتەوە. باوکم بە دیار تیڤییەوە تەماشای کەناڵێکی وەرزشی دەکات، پشیلەیەک لە دواوەی پاسەکە هەڵقون هەڵقونیەتی. چۆلەکەکە دەفڕێت. باوکم یەک‌یەک کەناڵەکان دەگۆڕێت. لە کەناڵێک دەیوەستێنێ و باسی خواردنی بەسەرچوو دەکەن. لە پاسەکە پشیلەیەک دێتە دەرەوە. یەکێکیان لەسەر کورسییەک دەخولێتەوە و دەڵێ، ئەم وڵاتە خواردنی بەسەرچوو کوشتوویەتی. بێژەرەکە پرسیارێکی بێمانا دەکات و باوکم کەناڵەکە دەگۆڕێ. پشیلەکە دەچێتەوە ناو پاسەکە.

لەم ماوەیەدا گورچیلەی لای ڕاستی وەستا و دەریان هێنا. حەزی بەوەیش هەیە بچێتە لای چاویلکەساز. دایکم ئەم ماوەیە کەمتر گوێ لە ڕادیۆ دەگرێ، بەڵام لە حەمامدا وەک جاران هەر زۆر دەمێنێتەوە. ئاوێنەی حەمامەکەمان تەڵخ بووە و بەردەوام بۆڵەی دێت. ڕاست دەکات، بە ڕووتییش ئاوێنەکە جوان نیشانت نادات. باوکم لەسەر قەرەوێڵەکەوە گوتی: ”لەم حەفتەیەدا ئاوێنەیەک دێنم. ئاوێنەیەکی گەورە.“ نەیهێنا. ئینجا باسی ئەو لەتەئاوێنەیەی کرد لە سەربازگە پێیان بووە: ”لەتەئاوێنەیەک لە سەنگەرێکدا جێ دەمێنێ و چەند سەربازێکیش لەو سەنگەرەدا بە دیل دەگیرێن.“ باوکم ئەو شەوە بە یەک گورچیلەوە ئەم قسانەی کرد!

هەموو شتەکان لەم ماڵەدا ساردن، پاسەکە لە کۆڵانەکەدا ساردە، کاشی و کەوانتەر و دیوارەکان ساردن. تەنانەت قاوەکانیش بە گەرمی ساردن! باوکم ماوەیەک خەونی فڕینی هەبوو، دەیگوت: ”گوو بە عەدالەت، مێش دەفڕێت.“ باوکم ئەو ماوەیە قسەی زۆری کرد و نەفڕی. دایکم قسەی لەسەر فڕینەکانی باوکم نەبوو. دایکم دەیزانی، ئەم قسانە قسەی سەر قەرەوێڵەن. باوکم لەسەر کوشنەوە هاتە سەر قەرەوێڵە. باوکم پێشتر دوو نەشتەرگەریی تریشی بۆ کرابوو، بەڵام بۆ ئەو دوو نەشتەرگەرییە نەچووە سەر قەرەوێڵە.

ماوەیەک یاریزانی تۆپی‌پێ بوو. کە تووشی پێکان بووبوو، وازی لە یاری هێنابوو. جارێکیش لە لایەن ڕاهێنەرەوە داوا کرابوو بگەڕێتەوە، ڕەتی کردبووەوە. ئێستایش شۆرت و فانیلەکانی ماوە. لە هێڵی بەرگری لای ڕاست یاریی دەکرد. باوکم بەستەرەشانەی یەکێک لە ئەژنۆکانی پچڕابوو. دەیگوت: ”حەزم بەوە بووە یاریزان بکەمە ئۆفسایدەوە.“ دەیگوت: ”لە گۆڕەپان چوار_ سێ_ سێ یاریمان دەکرد.“

گوتم: خەریکە زەمەنی تۆپ بەسەر دەچێت.

گوتی: ڕاهێنەرەکەمان کڵاوی لەسەر بوو.

گوتم: گۆڕەپان هەموو کەسێک قبووڵ ناکات.

گوتی: ڕاهێنەرەکەمان گەڵابە شێلای.

ڕاهێنەرەکە لای باوکم نا، لای یاریزانە یەدەکەکان گوتبووی، بەخێزانیی یاریزانە ئەورووپییەکان دەناسم… ڕاهێنەرەکەیان بەرامبەر بە تۆپ دڵێکی ناسکی هەبووە. بدۆڕانایە دەگریا، لە نزیک یاریزانەکان دەگریا. پێشتر دوکانی سکرابخانەی هەبووە، یەک- دوو جاریش پارچەی ئوتومبێل کەوتبوو بە سەریدا؛ نەمردبوو. لای باوکم گوتبووی، تۆپ دڵێکی ڕەقی دەوێ. باوکم گوتبووی، بەم دڵە کچانەوە ڕاهێنەرایەتی ناکرێت. ئەوان وایانزانیبوو، لە ناوەڕاستی یارییەکی دێربیدا، لەسەر خەتە سپییەکە دەمرێت. ئەو لەسەر خەتە سپییەکانی ئوتووبانێک مرد.

ئەم بەیانییە تەماشایەکی ناو پاسەکەی کرد، بایەک بەنێو کوشنەکاندا دەڕۆیشت. دوو بەچکەپشیلە لە پاسەکەوە دەرچوون. دەمزانی کەمێکی تر پشیلەکان دەگەڕێنەوە. باوکم بێتاقەتە، دایکم بە پلیکانەکاندا سەر دەکەوێت. باوکم هەر لە تەنیشت پاسەکەیە. پاسەکە هیچ تایەیەکی لەژێردا نییە و ژەنگ خەریکە دەیخوات. دایکم جلەکان بە تەنافەکەوە هەڵدەخات. باوکم هەر لە تەنیشت پاسەکەیە. با، بایەکی سارد لە تەنافەکە دەدات، یەکەمجار شۆرتێکی خەتخەتی درێژ دەجووڵێتەوە، ئینجا بۆینباخێکی سووری سەرپان.

لەم ڕۆژانەدا زوو زوو دەچێتە وێستگەی پاسەکان و دەگەڕێتەوە، تەنیا تەماشای چاوەڕوانی و سواربوونی خەڵکەکە دەکات. دایکم دەڵێ: ”باوکت تەواو بووە، ئاخر ئەو ئیشە تۆ تەماشای خەڵکی بکەیت چۆن سواری پاس دەبن، سوار دەبن و تەواو.“ باوکم ئێستا کەمتر لەسەر قەرەوێڵە دەمێنێتەوە. ئەگەر لەسەر قەرەوێڵەیش بمێنێتەوە، هەر دایکمی خۆش ناوێت. قسە ناکات. تەنیا ئەو جارانە قسە دەکات، کە دایکم چێشتەکانی بەسەر تەباخەکەوە دەسووتێت. دایکم هیچ ناکات و شپرزەیە. کێشی سێسەد گرامی تر کەمی کردووە. هەندێک جار ئەو تەڵە سپییانە دەبڕێ کە کەوتوونەتە ناو قژیەوە. پووریشم هەر وا دەکات، ئەو تەڵە سپییانە دەبڕێ، کە کەوتوونەتە ناو قژیەوە. دایکم بەو تەمەنەوە یاریی کاندی کڕەش دەکات و بە قسەی خۆی، قۆناخێکی باشی لەو یارییە بڕیوە.

لە سوپادا چەندین وێنەی گرتووە، لە تەنیشت تەشتی خواردن و قۆریی گەورەوە وێنەی گرتووە. لە وێنەیەکدا دوو سەگ مەنجەڵێکی گەورە دەلێسنەوە. ئەو وێنەیەی زۆر خۆش دەوێ، دەڵێ: ”سەگ لە تەنیشت مەنجەڵەوە زۆر جوانە.“ باوکم زۆر جار ئەلبوومەکە دەردەهێنێت و ئەو وێنانە دەبینێ و ئەلبوومەکە هەڵدەگرێتەوە. لە وێنەیەکدا لە پاڵ زیلێکدایە، شۆفێری زیلەکە، سەری لە جامەکەوە هێناوەتە دەرەوە و بە پەنجەکانی دەستێکی هێمای حەوتی کردووە، لەو وێنەدا یەک کۆمەڵ تەلەزی و چینکۆ و گوێنی دەرچووە. جلێکی عەسکەری کە ڕەنگە شۆرابێت، دراوە بەسەر تەلەزییەکەدا.

پایسکیلەکەم لە حەوشکەدایە. لەسەر پایسکیلەکەم. جانتایەکم لە شانە و دەڕۆم. دایکم لە بازاڕە. دایکم دەیگوت: ”پاس بۆ خۆشویستن نابێت.“ باوکم ئەو ڕستەیەیەی  پێ خۆش نەبوو. باوکم چەند ڕۆژێک بەر لە ئێستا لەسەر پلیکانەکان بەر بووەوە. دایکم بۆی گریا. منیش بۆی گریام. ئەو بەیانییە بۆینباخەکانی بەسەر مێزی تەوالێتەکەوە بوون. بەیانییەکی سارد بوو… ئوتومبێلەکان بە تەنیشتمدا دەڕۆن. شۆفێرەکان ڕەماش لێ دەدەن، هۆڕن لێ دەدەن. قسە دەهاون. بە پایسکیلەکەمەوە دەڕۆم. لە کۆڵانێک پێچ دەکەمەوە، کۆڵانەکەی خۆمان. لە چاومدا پاسەکە بەسەر قیرەکەدا دەڕوات. لە چاومدا باوکم لەسەر پلیکانەکانە و دوو بەچکەپشیلەی پێیە، باوکم قسە دەکات، پشیلەکان تەماشای دەکەن. باوکم لە بیجامەیەکی سادەدا، لەم ڕۆژانەدا لەسەر پلیکانەکان بەر بووەوە و مرد.

 

هاوبەشی بکە

DidiMnStory, Sirwan Karim,