04/12/2021
DidiMn Logo
Top

چەپکێک کورتیلەچیرۆکی ئیسپانی

لە لایەن دیدی من 5 مانگ پێش ئێستا

دیدی من
لە ئیسپانییەوە: ژیار هۆمەر

دەینەسوڕ[1]
ئاوگوستۆ مۆنتێڕۆسۆ[2]

کاتێک خەبەری بووەوە، دەینەسوڕەکە هێشتا لەوێ بوو.

سەرچاوە: El dinosaurio, Augusto Monterroso, Obras completas (y otros cuentos), Ediciones Era, 2019, P: 136 (traducido al kurdo por JIyar Homer)

ئەڤین ٧٧
خولیۆ کۆرتاسار[3]

جا پاش ڕاپەڕاندنی ئەوەی بێبڕانەوە دەیکەن، لە خەو هەڵدەستن، خۆیان دەشۆرن، بۆن بە بنباڵ و لاملیاندا دەپرژێنن، قژیان دادەهێنن، خۆیان دەگۆڕن، سا ئاوهایی بەرەبەرە دەبنەوە بەوەی کە نین.

سەرچاوە: Amor 77, Julio Cortázar, Manual de cronopios – 1992, P: 49 (traducido al kurdo por JIyar Homer)

نامە
لویس ماتێیۆ دییێز[4]

گشت بەیانییەک دەچمە نووسینگەکەم، دادەنیشم، گڵۆپەکە هەڵدەکەم، جانتاکان دەکەمەوە و بەر لە دەستپێکردنی کاری ڕۆژانە، دێڕێک لەو نامە درێژەدا دەنووسم کە چل ساڵە بە وردی هۆکارەکانی خۆکوشتنمی تێدا ڕوون دەکەمەوە.

سەرچاوە: La carta, Luis Mateo Díez, Los males menores, P: 128 (traducido al kurdo por Jiyar Homer)

نامەی خۆشەویستی
خوان خۆسێ مییاس[5]

ڕۆمان هەیە گەر درێژیش نەبێ تا نەگەیتە لاپەڕەی ٥٠ یان ٦٠ هەر دەست پێ ناکا. هەندێک ژیانیش هەمان شتی بەسەردا دێ. بۆیە تا ئێستا خۆم نەکوشتووە، جەنابی دادوەر.

سەرچاوە: Carta del enamorado, Juan José Millás, Narrativabreve.com (traducido al kurdo por Jiyar Homer)

دەیڕێسا و دەیڕێسا…
ماکس ئاوب[6]

دەیڕێسا و دەیڕێسا و دەیڕێسا و دەیڕێسا و دەیڕێسا و دەیڕێسا و دەیڕێسا. بێ پسانەوە دەیڕێسا. من ژنی ماڵەوەم. بەڵام ئەو خزمەتکارە قەڵەوە هیچ ناکا جگە لە قسە و قسە و قسە. ئیدی لە هەر کوێیەک بوومایە، دەهات و هەژدەهەژدە قسەی بۆ دەکردم. گوێی پێ نەدەدا، سەبارەت بە هەموو شتێک و هەموو کەسێک دەدوا. لەبەر ئەوە دوورم خستەوە؟ دەبوو پارەی سێ مانگیم پێ بدابایە. سەرەڕای ئەوەیش، زۆر دەلوا بمکا بە چاوەوە. تەنانەت لە گەرماویش؛ ئەی ئەگەر فڵان، ئەی ئەگەر فیسار، ئەگەر و ئەگەر. خاولیم لەسەر دەمی دانا تا دەمی بگرم. بەوە نەمرد، بەڵکوو بەوەی قسەی نەکرد. قسەکان لە ناخیدا تەقینەوە.

سەرچاوە: Hablaba y hablaba…, Max Aub, Crímenes Ejemplares, 2019, P: 33 (traducido al kurdo por Jiyar Homer)

 ئیمپڕاتۆری چین
مارکۆ دێنێڤی [7]

کاتێک ئیمپڕاتۆر وتی[8] لە پێخەفە پانوپۆڕەکەیدا مرد، کەس لە قووڵاییی کۆشکی ئیمپڕاتۆریەتدا پێی نەزانی. هەمووان لە ڕادەبەدەر سەرقاڵ بوون بە گوێڕایەڵیی فەرمانەکانی. تاکە کەس زانیی وانگ مانگـی[9] سەرۆکوەزیرانی بوو کە چاوی بڕیبووە کورسیی دەسەڵات و کەسێکی چاوچنۆک بوو. هیچی نەگوت و تەرمەکەی داشارد. ساڵێکی پڕ لە خێروخۆشی لە ئیمپڕاتۆریەتەکەدا ڕابورد. تا لە ئاکامدا، وانگ مانگ ئێسکوپرووسکی ئیمپڕاتۆری پیشانی خەڵکەکە دا.

گوتی: ”چاوتان لێیە؟ ساڵێکە مردوویەک لەسەر کورسیی ئیمپڕاتۆر دانیشتووە. ئەوەی حوکمی دەکرد من بووم. شایانمە ببمە ئیمپڕاتۆر.”

خەڵکەکە دڵیان خۆش بوو، لەسەر کورسیی ئیمپڕاتۆر دایاننیشاند و پاشان کوشتیان، ئەگینا وەک پێشتری زۆر شیاو دەبوو و خێروخۆشیی ئیمپڕاتۆریەتەکە هەر بەردەوام دەبوو.

سەرچاوە: El emperador de China, Marco Denevi, Brevisima relacion: nueva antología del microcuento, P: 211 (traducido al kurdo por Jiyar Homer)

ڕامووسان
ئێنریکێ ئەندێرسۆن ئیمبێرت[10]

شاژنی وڵاتێکی دووردەستی باکوور، ڕقی لە ئەسکەندەری مەقدۆنی[11] هەڵستابوو چونکە خۆشەویستییەکەی ڕەت کردبووەوە. بۆیە بڕیاری تۆڵەکردنەوەی دا. لەگەڵ کۆیلەیەکیدا منداڵێکی خستەوە و ژەهری پێ دا. کچۆڵەکە گەورە بوو، جوانێکی پیاوکوژ دەرچوو. هەر کەسێکی لێوی ماچ بکردایە دەمرد. شاژنەکە ناردی بۆ لای ئەسکەندەر تا ببێتە ژنی. ئەسکەندەریش هەر چاوی پێ کەوت ئاوەز لە کەلـلەیدا نەما و ویستی دەستبەجێ ڕایمووسێ. بەڵام ئەرەستۆی[12] مامۆستای فەلسەفەی، گومانی هەبوو لەوەی کچەکە خواردنێکی زیانبەخش بێ. سا بۆ ئەوەی دڵنیا ببێتەوە، کوێرانە خۆی خستە تەڵەی مەرگەوە و ڕایمووسی. هەر کە ڕایمووسی، لەتاو ئازار تلایەوە و مرد.

ئیدی ئەسکەندەر نەیویست لێوی لەسەر لێوی کچەکە دابنێ، نەک لەبەر ئەوەی ژەهراویی بوو، بەڵکوو لەبەر ئەوەی پیاوێکی تر لەو گۆزەڵەیەی خواردبووەوە.

سەرچاوە: El Beso, Enrique Anderson Imbert, Narraciones completas – Volume 1, 1990, P: 524 (traducido al kurdo por Jiyar Homer)

_____

[1]  ئەمە کورتترین چیرۆکی ئەمریکای لاتین و زمانی ئیسپانییە – وەرگێڕ.

[2] ئاوگۆستۆ مۆنتێڕۆسۆ (Augusto Monterroso): ڕۆماننووس و چیرۆکنووسی گواتێمالایی-هۆندوراسی، ساڵی ١٩٢١ لە شاری تێگوسیگالپای هۆندوراس هاتووەتە دنیاوە و نووسەرێکی دیاری ئەمریکای لاتینە. ساڵی ١٩٩٦ خەڵاتی خوان ڕولفۆی وەرگرتووە. ساڵی ٢٠٠٣، لە تەمەنی ٨١ ساڵیدا، لە شاری مێکسیکۆ کۆچی دواییی کردووە – وەرگێڕ.

[3] خولیۆ کۆرتاسار (Julio Cortázar): ڕۆماننووس و چیرۆکنووس و گوتارنووس و وەرگێڕی ئەرجەنتینی. ساڵی ١٩١٤ لە وڵاتی بەلجیکا لە دایبابێکی ئەرجەنتینی لە دایک بووە. کۆرتاسار یەکێکە لە باشترین نووسەرانی ئەمریکای لاتین و وێژەی ئیسپانی. ساڵی ١٩٨٤ خەڵاتی کۆنێکسی وەرگرتووە و پاڵێورای خەڵاتی نۆبێڵ بووە. ساڵی ١٩٨٤ لە پاریس کۆچی دواییی کردووە – وەرگێڕ.

[4] لویس ماتێیۆ دییێز (Luis Mateo Díez): ڕۆماننووس و چیرۆکنووس و گوتارنووس و هۆزانڤانی ئیسپانی، ساڵی ١٩٤٢ لە شاری بیبالینۆی ئیسپانیا لە دایک بووە. خاوەنی پتر لە ٥٠ پەڕتووکە و نووسەرێکی دیاری ئیسپانیایە. ساڵی ٢٠٠٠ خەڵاتی گێڕانەوەی لە ئیسپانیا وەرگرتووە. ساڵی ٢٠١٢ خەڵاتی فڕانسیسکۆ ئومبڕاڵی بۆ کتێبی ساڵ وەرگرتووە. ئێستا تەمەنی ٧٧ ساڵە و نیشتەجێی ئیسپانیایە – وەرگێڕ.

[5] خوان خۆسێ مییاس (Juan José Millás): نووسەر و ڕۆژنامەوانی ئیسپانی. ساڵی ١٩٤٦ لە شاری ڤالێنسیا لە دایک بووە. ساڵی ١٩٩٠ خەڵاتی نادالـی بەدەست هێناوە. ئێستا تەمەنی ٧٤ ساڵە و نیشتەجێی مەدریدە – وەرگێڕ.

[6] ماکس ئاوب: ڕۆماننووس و چیرۆکنووس و شانۆنووس و هۆزانڤان و ڕەخنەگری ئیسپانی-فەڕەنسی. ساڵی ١٩٠٣ لە پاریس هاتووەتە دنیاوە. ماڵباتەکەی بە هۆی جەنگی جیهانیی یەکەمەوە ئاوارەی ئیسپانیا بوون و لە ڤالێنسیا نیشتەجێ بوون. ساڵی ١٩٦٥ کۆواری وێژەییی شەستەکانـی دامەزراندووە. ئاوب هەموو بەرهەمەکانی بە زمانی ئیسپانی نووسیوە. ساڵی ١٩٧٢ لە شاری مێکسیکۆ کۆچی دواییی کردووە – وەرگێڕ.

[7] مارکۆ دێنێڤی (Marco Denevi): چیرۆکنووس و ڕۆماننووس و ڕۆژنامەوان و پارێزەری ئەرجەنتینی. ساڵی ١٩٢٢ لە سایێنز پێنیا لە دایک بووە. ساڵی ١٩٩٨، لە تەمەنی ٧٦ ساڵیدا لە بوێنۆس ئایرێس کۆچی دواییی کردووە – وەرگێڕ.

[8] Wu Ti

[9]  Wang Mang

[10] ئێنریکێ ئەندێرسۆن ئیمبێرت  (Enrique Anderson Imbert): چیرۆکنووس و ڕۆماننووس و مامۆستای زانکۆ و ڕەخنەگری ئەرجەنتینی. ساڵی ١٩١٠ لە شاری کۆردۆبای ئەرجەنتین هاتووەتە دنیاوە. ساڵی ٢٠٠٠، لە تەمەنی ٩٠ ساڵیدا کۆچی دواییی کردووە – وەرگێڕ.

[11]   Alejandro el Magno

[12] Aristóteles

ئه‌م بابه‌ته‌ شه‌یر بكه‌

DidiMn, DidiMnStory,