25/04/2024
DidiMn Logo
Top

نیشتمانی ڕەوەزەکان

لە لایەن دیدی من 3 ساڵ پێش ئێستا

دیدی من – سەحەر مستەفایی

ڕەوەز لە سەر لووتکەی کێوەکە لە نیشتمان ڕاماوە، هەست دەکەم ئەوەی نەیبینیوە لەرزینی منەو ئەوەی نەیبیستووە قسەکەی منە. قیژەی خاتوو ئامین دەر و دۆڵی تەنیبوو و کاک شوان بە تەنیا و بێکەس هەر دەهاتو دەچوو نەیدەزانی دەبێ چیبکات و هیچیشی پێ نەدەکرا بێجگە لەوەی کە هەر خۆی بە قوربانی خاتوو ئامین بکات و جاروبار سەری لە ئامێز بگرێت و ناوچاوانی ماچ بکات، جار و باریش هەڵدەستاو چاودێرانە سەیری دەوروبەریانی دەکرد. هەر ئەوندە توانیبووی لە کۆڵی بگرێت و بیباتە شوێنێکی ئارخەیان لە سەر کێوەکە و لە تەنیشتی ئەو ڕەوەزانە و لە پەنای دوو تاشە بەرددا داینێت کە وەک ئەشکەوتێکی چکۆلە دەرهاتبوون.

_فرە ساردە…!

بەڵام دەڵێی بەردێکە و بۆتە بەشێ لە کێوەکە، دیسان پێمەڕەکە هەڵدەگرێت و دەست دەکات بە هەڵکەندنی خاکەکە. یەکەم جار کە لە سلێمانی ڕۆیشتمە دووکانەکەی کتێب بکڕم کە یەکمان ناسی .لە کاتی هەڵبژاردنی کتێبەکاندا زۆری ڕێنوێنی کردم و ڕۆمانی هەرەسی بە دیاری پێدابووم:

_ بۆ کچە سنەییەکی شاعیر

 دواتر داوەتی کردم بۆ نێو کافەیەک لە شەقامی ئەو هۆتێلەی کە لە گەڵ باوکم لێ نیشتەجێ بووین و لەوێ بە سەرسووڕمان و بزەیەکەوە پرسیم:

_ڕەوەز؟!

چاوی لێکردم و کوتی: ئا بەڵێ ڕەوەز، زۆریش خۆشە.

بزه و سەرسووڕمانەکەم زیاتر لەبەر ئەوە بوو کە ئەو ناوە منداڵیمی  بیر دەخستمەوە و لە بیری بردووبوومەوە کە بەستەنیە بەڵاڵووکیەکەم بخۆم و تکتک ڕژابووە سەر مێزەکە. ئەو دڵۆپە سوورانە بە سەر چۆخەکەی هاوڕێ ناسرەوە وەک پرشەی بەڵاڵووکێکی پرژاو بوو. پوورە فاتیم تا چاوی پێ کەوتبوو ئەو ماندوویی و ئاڵۆزاوییەی ناسیبووەو و شتی وا بە لایانەوە نەناسراو نەبوو، کە باسی بۆ کردبوو ئەوە پرسا پرسا بە دوای مامانێک گەڕاوەو بە چ چەرمەسەریەک خۆی گەیاندۆتە بەر دەرکەی ماڵی پوورە فاتیم، دەستبەجێ کەلوپەلەکەی دابووە بن دەستی و لە گەڵ هاوڕێ ناسر بە ڕێ کەوتبوو. باوکم هیچ کات دڵی بەو دێهاتەیان نەدەکرایەوە و بۆ هەمیشە هاتبووە شار و ببووە بازرگانێکی بەناوبانگ کە زیاتر هاتوچووی ئێراق و توورکیای دەکرد، دەیکوت:

_ ئەگەر چکێ زوو مامانێکیان بهاوردایت، دایکم بە سەر سکەو ناچووا.

زۆر جار بە داخ و پەژارەوە وتبووی ئەسڵەن ئەو شۆێنەی دایکی تێدا نەما ئیدی کەی دەبێتەوە بە ماڵ و نیشتمان بۆ مرۆڤ. نازانم بەمجارەوە چەندمین جارە کە دێت بۆ ئێرە بەڵام ئێستا 40 ساڵە کە دێت و منیشی هێناوە تا بۆ هەمیشە لە تەنیشت قەبرەکەی دایکیەوە نیشتمانمان بنێژین.

دوو ڕۆژ دوای زەماوندەکەمان هێنامیە ئێرەو شوێنە مێژووییەکەی ژیانی پێ نیشان دابووم. چەندجارێ بە منداڵی بەرەو ناوچەی گەڕووسی بردبووین، ئەو کێوەی پێ نیشان دابووم کە ڕزنێکی درێژ لە ڕەوەزە ڕەشبەڵەک بەستووەکانی لەسەر بوو و لە دەستەیەکی هەڵپەڕکێی ژن و پیاو دەچوون که بووک و زاوایەکیان لە ناوەڕاستی خۆیان گرتبوو. وتبووی ئەو کوڕ و کچەی کە لە ناوەڕاستیاندان براو خوشکێک بوونە کە کاتێک دایکیان دەمرێت بە هۆی ئازارەکانی باوەژنیان لە ماڵ هەڵدێن و لە خودا دەپاڕێنەوە بیانکا بە بەرد و خودای میهرەبانیش کردوویانیەتە بەرد و ساڵەهایە ئاوێتەی ئەو ڕەوەزانە بوونە. بەڵام ئەو کوڕ و کچە لە پێش چاوی من زۆرتر لە بووک و زاوایەک دەچوون و هەتا گەورە نەبووم و هەقایەتە ڕاست و بەناوبانگەکەیانم نەبیست هەر لە خەیاڵمدا برا و خوشکێکی داماو بوون ،حەزم دەکرد بەو کێوە سەرکەوم و لە نزیکەوە پێستیان ببینم کە پێم وابێت لە بەر گەرمای خۆرەتاوی سەر لووتکەکە ڕەش بووبێتنەوە. ڕەوەز کوڕێکی کاڵ پێست بوو و ئەو کاتە بە چاوە ڕەشەکانیەوە دڵی لێبردم کە لە سەر کتێبەکەی عەرەبی شەمۆ قسەی بۆ دەکردم

_ بێجگە لە شوانی کورمانج شەڕی قەڵای دەمدەمی نووسیوە کە لە گەل سەفەویەکاندا بووە کە نەهڵێن بە سەر کوردستادا…

 چەن دیوانی شێعریشم لێ کڕی و دیسان لە سنە هێنامەوە سلێمانی و لە نێو کتێبخانەی ماڵی هاوبەشیمان دامنا. سەرەتاکانی ژیانمان زۆر شەوانێک بە تامەزرۆییەوە دادەنیشتین و لە سەر کتێبەکان و مێژووی هەموولایەک لە نیشتمان قسەمان دەکرد کە چلۆن بە هەزار دڵەڕاوکێ و سەخڵەت، بە دزی و دوور لە چاوی دوژمن پوورە فاتیمی گەیاندبووە پەنای ئەو ڕەوەزانە. کاک شوان کە زرمەی هەنگاوەکانی بیستبوو جارێکیتر چەکەکەی هەڵگرت ،کاک ناسر وتبووی تەقە نەکەی منم. من دەمگوت وەرە با لەم نیشتمانە کاولە بڕۆین، جا ئیتر چیمان پێ دەکرێت ڕەوەز .خۆ هەر شەڕ و کوشتن و هەژاریەکان نیە، وای لێ هاتووە سەگیش خاوەنی خۆی ناناسێتەوە. بەڵام هەر ملی پێدا نەکرد و وازی لێرە نەهێنا 

_ دەی شیرینەکەم من بڕۆم تۆ بڕۆیت ئەی کێ لەم نیشتمانە بمێنێتەوە؟ با کاولیش بووبێتەوە بەڵام بۆکوێ بڕۆین کە ببێتەوە بەو شوێنەی تێدا گەورە بووین و ئاشق بووین و هەزاران هیوامان بۆی هەبووە!

کە گەورە بووم باوکم لەبەر بیرەوەریە تاڵەکانی منداڵی خۆی هیچ کات نەیهێشت بڕۆمەوە لادیێەکەیان و جارێکی تر ئەو ڕەوەزانه ببینمەوە بەڵام هەقایەتە ڕاستەکەی پێ وتم کە ئەوانە دوو کوڕ و کچی دڵدار بوونە و لەبەر ئەوەی کچەکەیان بە کوڕەکە نەدەدا بیخوازێت پێکەوە هەڵاتوون و لە خودا پاڕاونەتەوە کە لە تەنیشتی یەکتر بۆ هەتاهەتایە بیانکا بە بەرد کە هیچ کات لێک جیایان نەکەنەوە. هێندەم خۆشدەویست کە بە هەزار گریان و هەڕەشە و پاڕانەوە بابم ڕازی کرد شووی پێ بکەم. بابم دەیکوت دوورە، چۆن بڕۆیت بۆ غەریبی. دەمگوت غەریبی؟! ئەوێ وڵاتی خۆمانە ،ڕۆژهەڵاتو باشوور چیە. کەچی پاش چواردە ساڵ هەست بە غەریبیەکی سەیر دەکەم، نەک هەر لێرە، سنەش بەلامەوە غەریبستانە، هەستم  دەکرد چیتر ئەو خەڵکە ناناسمەوە یان لەوانەیە ئەوان من ناناسنەوە. زۆربەی لەو خەڵکە ئیدی لە خۆیشیان بێگانەن، لە نێو گرموقاڵی ئەم رۆژگارە بە ڕواڵەت جوان و بنەڕەت پووچەڵەدا ون بوونە ئەوپەڕی بتوانن لە نێو دراما تورکیەکاندا خۆیان بدۆزنەوە بەڵام ترسی من زیاتر لە ون بوونی خۆمان  بوو، کە تۆ لە نێو هەواڵی میدیاکان نوقم دەبووی و سمێڵەکانت دەجوی. کتێبفرۆشیەکە پارەی کرێخانووەکەمانی دەرنەهێنابوو و بۆ هەمیشە داتخست و بۆ پاراستنی ژیانمان هەموو هەوڵی خۆت دەدا بەڵام نازانم بۆچی لە یارمەتیەکەی باوکم ڕقت هەستابوو کە لانیکەم ماڵێکمان بۆ بکڕێت… هەڵبەت دەزانم ڕقت لەوە بوو کە وتبووی کچە نازپەروەردەکەم ئێستا لە دەرەوە خەریکی ئیش و کاری سەختە. خۆ من بە هەموو شتێک قایل بووم بەڵام بێدەنگیەکانت چەند بکوژن کاتێک ئاگات لە دەوروبەری خۆت نەدەما و چیتر شیعرەکانم شاگەشکەی نەدەکردی، کە ئەو کۆڕانەی شیعر و مافی ژنان و …تەنیاییەکانی پڕ دەکردمەوەو لە نیوەشەوێکی سەرخۆشدا گەڕابوومەوە بۆ ماڵ، هەتا ئەو شەوە کە دەنگت بە سەرما هەڵێنا و جنێوت بە هەموو مافخوازانی ژنانی بەرەڵا دابوو دڵم نەهات پێت بڵێم کێشەی من نیە کە منداڵێکمان نابێت. پوورە فاتیم بە گریانەوە منداڵەکەی لە باوەش گرتبوو و چاوە کراوەکانی خاتوو ئامینی نووقاندبوو. دایک و باوکم چەندجار پێوەندیان کردبوو کە هەستن بێن بۆ ئەڵمانیا بژین و لەوێ دەرمانیش زۆرەو منداڵتان دەبێت. دوایین جارێ کە باسی ڕۆیشتنم کرد بە ناڕەحەتیەوە هەستاو ڕۆییە بەر پەنجەرەی ژوورکە وەستا جگەرەیەکی داگیرساند و بە بێدەنگی سەیری چراکانی سەر شەقامی کرد، بە یەکەم مژێ کە لە جگەرەکەی دا بە ئەنقەست کۆکیم و بە هۆش خۆی هاتەوە جگەرەکەی کوژاندەوەو پەنجەرەکەی کردەوە تا دووکەڵەکە بڕوات، هات و لە سەر تەختی خەوەکە لە تەنیشتمەوە دانیشت و لە حاڵێکدا کە چاوەکانی پڕ بوون لە پاڕانەوەو ئاوی تێزا بوو دەستی لە سەر سکم دانا، سەیری چاوەکانی کردم و بە هێمنی و خەمێکی قورسەوە پێوتم:

_ ئیتر ئێستا بۆچی دەبێ بیر لە ڕۆیشتن بکەینەوە شیرین؟… ئێستا کە پاش چواردە ساڵ خودا  خەریکە کچێکمان پێدەدا…

زیاتر دەستی بە سکمدا هێناو تۆزێ خاو بوومەوە

_ ئاااخ شیرین بەشکوو بە قەد تۆ جوان و نازدار بێت… ناوی بنێین نیشتمان… سی ساڵە حەزم لەو ناوەیە… جا بیر لەوە بکەوە کە گەورە دەبێت و زاراوەی هەردووکمان پیکەوە تێکەڵ دەکات و دەدوێت چەن جوااااانە…

ئەو حەزە قاقای پێکەنینی هەستاندبوو، بە پشتەوە خۆی خستە سەر پێخەفەکە و لەپڕا هەستێکی خۆش کەوتە دڵمەوە نازانم پاش چەن ساڵ بوو کە دووبارە لە پەنای ڕەوەزدا پێکەنیبووم و نیگاکانی ڕاکێشی دەکردم. ماچی کردبوومەوە، جیاوازتر لە هەمیشە، تامی یەکەم ماچی نهێنیمانی دەدا .

فرمێسکەکانی کاک شوان گۆنا ساردەکەی خاتوو ئامینی گەرم کردبووەوەو دوای ئەوە ماچێکی ناوچاوانیشی کردەوە و بەدەم داخ و دەرد و لاواندنەوە هەستاو لە گەڵ هاوڕێ ناسر بە یارمەتی چەکەکانیان و بە بەرد بە دەستەکانیان کە زامدار دەبوو لە ژێر تریفەی مانگەشەوی چواردە قەبرێکیان کەندبوو کە ببووە گۆمێکی خوێناوی. تریفەی مانگەشەوی چواردە بە جوانی هەموو شاری کەرکوکی ڕوون کردبووەوە بەڵام زۆرم دڵەڕاوکێ هەبوو، ڕەوەز بە دواما گەڕابوو، لە حەوشەکە بینیمیەوەو هاتە تەنیشتمەوە ڕاوەستاو ئەویش سەری هەڵێنا و چاوی لە مانگ کرد

_ ئەبێ هەر ئەمشەو میوانیەکەمان تەواو بکەینو بگەڕێینەوە سلێمانی وا دیارە دۆخەکە بەرەو باشی ناڕوات، بەتەمام ماڵی پووریشم ڕازی بکەم لە گەڵمان بێن 

هاتم بڵێم: دڵپەشێو مەبە پێشمەرگەکان ناهێڵن…

لەناکاو دەنگی تەقینەوەیێکی سامناک ڕایچڵەکاندین و بە دوایدا هاوار و قیژەی خەڵکی نێو شەقام و کۆڵان کە خەریکی هەڵاتن بوون _حەشد …حەشدوشەعبی هاتنە نێو کەرکووکەوە

کاک شوان بە ڕەوەزی وتبوو چەند هاوڕێ بووین کە بە هۆی ژان گرتنی دایکتەوە بە ڕێگایەکدا تێپەرین تا بگەین بە دێهاتێکی نزیک و کەوتینە بەر چاوی دوژمن و سێ کەسیان شەهید بوون. بە هەزار سەختی و دڵەڕاوکێ گەیشتبووینە نزیک جادەیەک کە رێی چوونە دەرەوەی شار بوو و هێندە خەڵک و ئۆتۆمۆبیلی تێ ڕژا بوو کە ترافیکەکە جووڵەی لە ئۆتۆمبیلەکەمان بڕیبوو، پوورە فاتیمە پووری ڕەوەز شیوەنی دەکرد و ڕوومەتی خۆی بۆ من و کوڕەکەی دەڕنیەوە کە لە گەڵمان نەهاتبوو بۆ بەرخۆدانەکە مابووەوە، کوڕە گەورەکەی ئۆتۆمبیلەکەی لێدەخوڕی و جنێوی بە داگیرکەر دەدا، ڕەوەز لە ئامێزی گرتبووم و بە بۆغز دەیگوشیم بە خۆیەوە _ بەرگە بگرە شیرین گیان، تخوا بەرگە بگرە بەقوربانت بم

فرمێسکەکانی دەکەوتە سەر گۆنام و ماچی ناوچاوانی دەکردم ،چەکەکەی بەردەمی خۆڵپابووە خوێنەوە ئەو خوێنەی کە لە نێوان لاقەکانی من بەڕێکەوتبوو. کە خەریکی هەڵاتن بووین پێم لە بەردێک هەڵکەوت و بە دەمەوە کەوتم و ژانێکی قورس گەوزاندمی، ئەوەی کە بەدەم ئەو ئێش و دەردەوە وەبیرم دێتەوە ژنێکی بە ساڵاچووی لەچک سپییە کە بە خۆکوشتن و خۆبڕین بەرەو لای گەنجانی خۆڕاگر دەردەچوو و هاواری هەر لە دوورەوە دەهاتە گوێ:

_ وەی ناڕۆم… بەخوا ناڕۆم… من مێردم حەیاتی خۆی دا بە با لە سەر ئەم وەتەنە… بۆ  کوێ بڕۆم… بە قوربانی ئەم گەنجانە بم وللە ناڕۆم…

ڕەوەز هاواری کردبوو شیرین… دەتگوت هەر دەنگی قیژەی من بوو هەموو کەرکوکی تەنیبوو.

پاش دوو رۆژ لە نەخۆشخانەی هەولێر چاوم کردەوە و بە بێ وتنی هیچ قسەیەک هاتینە ئێرەو بە کۆڵەباوەش هەتا سەر لووتکەی کێوەکەمی هێنا .

لام لێ دەکاتەوەو دێت و چاکەتەکەی دەخاتە سەر شانم و دیسان سەیری نیشمان دەکات کە لە باوەشمەوەیە، بە دەم گریان و لاواندنەوە هەڵدەگرێت و دەینێتە نێو قەبرەکە. هەتا هێزم بڕ دەکات دەقیژێنم، قیژەیەک ئاوێتە بە هەموو گیان و دەمارەکانمەوە، چۆن دەبێت هەموو خۆڵی ئەو خاکە بە سەر خۆدا نەکەم کە یەک رۆژیش لە گەڵ نیشتمان نەژیاین کەئاوا بە خاکی ئەسپێرین.

هاوبەشی بکە

DidiMn, DidiMnStory,