25/04/2024
DidiMn Logo
Top

دروست کردنەوەی ئەو ماڵانەی بوونەتە بەشێک لە یادەوەریی سوریا

لە لایەن دیدی من 8 ساڵ پێش ئێستا

دیدی من – ئاڕت ماگەزین

لە ئینگلیزییەوە: شێنێ محەمەد

ھونەرمەندی سوری – ئەمریکی، محەمەد حافز، بە بەکارھێنانی پلاستەر، کەفی خەست، بۆیە و تەنی دۆزراوە، بونیادی سێ دووری بەرھەم دێنێت. بەرھەمەکانی حافز زۆر ریاڵیستیک، تایبەت و سوریالیین. لە کارەکانیدا کاریگەریی ڕۆژئاوا و ڕۆژھەڵاتیش دەردەخات بۆ ڕوون کردنەوەی کاریگەریی ھەردوو کلتوورەکە لە ناخیدا. حافز باوەڕی وایە کە تەلارسازی بە شێوازێکی فیزیکی پارادۆکسی بوژاندنەوە و ڕووخاوییەکانی شارەکان دەردەخات. وەک کاردانەوەیەک بۆ دڕندەییی جەنگ لە سوریادا، زۆرینەی کارەکانی حافز سەرنج لە کاریگەریی ھێزی سەربازی لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست دەدات، کە دەبنە ھۆی ھەموو ئەم وێرانکارییانە. ئەم کارانەش بۆ دەرخستنی جیاوازییە لە نێوان خۆشگورەرانیی ژیانی زۆردارەکان لەگەڵ گەلە لە وڵات دابڕاوەکەیان.

A_Refugee_Nation

بەڵام بۆ دروستکردنی ھیوا بۆ ئەو ھەموو توندوتیژییە، حافز دەقی قورئان‌ـی لە کارەکانیدا دەنووسێتەوە. ئەم دەقانە ناوەڕۆکی دیدی حافزـن و دەڵێن کە تەنانەت لە تاریکترین کاتەکاندا دانبەخۆداگرتن گرنگە.

Un-faced

حافز شەیدای ھونەری سەرشەقامە، بەڵام بە شێوازێکی زۆر ڕیاڵیستی. ئەو دیمەنانەی دروستی دەکات، تەواو پێچەوانەی پەیامەکەیەتی. پەیامەکانیش ڕاستەوخۆ لە قورئان‌ـەوە وەرگیراون، کە یان بە خۆشنووسی نووسراونەتەوە، یان تەنھا بە دەنگ لە شوێنێکی نادیاری کارەکەوە دەبیسترێن.

A_Refugee_Nation-detail

گرنگیی کارەکانی حافز لەوەدایە، کە بینەر لە ھەمان کاتدا لە ئێستادایە و گەشتیش بۆ ڕابردوویەکی نزیک دەکات؛ بەرەو دیمەشق لە پێش جەنگدا، کە یەکێکە لە کۆنترین ئەو شارانەی بە بەردەوامی دانیشتووی تێدا بووە و بە دروستکردنەوەی کۆڵانە کۆنەکان، کە چیتر بونیان نییە. بەمانەش حافز جەخت لەسەر گەورەترین قەیرانی مرۆڤایەتی دەکاتەوە لە مێژووی مۆدێرنەدا؛ قەیرانێک کە ھێندە دڵڕەقە، زۆر لایەن تەنانەت دان بە بوونیشیان نانێن.

Un-faced-detail

 

هاوبەشی بکە

SheneMohamad, Syria, telarsazi,