دیدی من
دانا ڕەئووف
لە ساڵی ٢٠٠١دا ئاریان مونشکین سەردانی یەكێک لە کەمپەکانی پەناهەندە لە نزیک سنوورەکانی نێوان فەرەنساو ئینگلتەرا دەکات. مەبەستی سەردانەکە تەنها بەسەرکردنەوەی پەناهەندەکان دەبێت، تا لە نزیکەوە لە ڕەوشی ژیانیان بگات. هیچ پلانێکی شانۆیی لەپشت ئەم سەردانەوە نابێت، بەڵام کە دەگەڕێتەوە بۆ پاریس و کاریگەری گوزەرانی پەناهەندەکان و بارودۆخە سیاسییەکەیان وای لێ دەکات پلانەکانی بگۆرێت. هەندێک پەناهەندەی کوردیش لەم کەمپەدا دەژین، کە دەیانوویست لەوێوە بەرەو ئینگلتەرا برۆن.
ئاریان مونشکین دواتر چەند سەردانێکی تری پەناهەندەکان دەکات، گوێ لە چارەنووسەکانیان دەگرێت و بەسەرهاتەکانیان تۆمار دەکات. هەر لە سەرەتاوە هێلێن سیسوو ئەم بەسەرهاتانە سەرنجی راناکێشێت و ناتوانێت هیچ دەقێکیان بۆ بنووسێت. ئاریان مونشکین سوور دەبێت لەسەر پلانەکەی، لەبەر ئەوە دەگەڕێتەوە بۆ سەر میتودە دێرینەکەی خۆیان و شانۆی راگوزاری، بۆ ئەم مەبەستەش هەموو بەسەرهاتەکان دەخاتە بەردەستی ئەکتەرو تیمی کارەکەی. ئاریان مونشکین ئەو چاوپێکەوتن و گفتوگۆیانەی لەگەڵ پەناهەندەکان کردوویەتی دەکاتە بنەمایەکی سەرەکی و گرینگ، لەو دەروازەیەوە دەست پێ دەکەن و لە ئەنجامدا دەقی شانۆیی و نەمایشی (دوایین پەناگە شەوی کاروانەکان) لەدایک دەبێت، نەمایشەکەش بریتییە لە سەدەها دیمەن کە بەشێوەیەکی سروشتی، بەپێی لۆژیکی شانۆی راگوزاری و زنجیرەی دراماتۆرگی رووداوەکان رۆنراوە. بەڵام لە هەرشەوێکی نەمایش و رووبەرووبوونەوەی بینەراندا تەنها بیست تا سی دیمەن پێشکەش کراوە.
نامەی پەناهەندەکان، بەزمانی فارسی و کوردی سەرەتای دیمەنەکان دەکاتەوە، پیتە فارسی یان کوردییەکان یەکە یەکە وشەو ڕستەکان، وەک تابلۆیەک لەسەر فۆندێک دروست دەکەن. زمانەکە، زمانێکی نامۆیە بە بینەران، لەبەر ئەوەی ناونیشانەکان لە ئێران، ئەفغانستان یان کوردوستانە:” ئازیزەکەم من بیر لە تۆ دەکەمەوە” ، “دایە گیان بمبوورە کە بە جێم هێشتی، هەموو ئاوات و خولیام لەگەڵ خۆمدا بردوو خەمەکانم بۆ بەجێ هێشتی. ئاخ…” و “شەوی یەڵدایە یا دەیجوورە ئەمشەو کە دیدەم دوور لە تۆ بێ نوورە ئەمشەو” و “ئاخ خۆمانمان گیرۆدە کرد سەرمان لە خۆمان شێواند بە دەستی خۆمان ماڵی خۆمان وێران کرد، بووین بە مەینەت بۆ دایک و باوکو کەسی و کارمان” ئەمە بەشێکە لەو نامانەی، کە پەناهەندە کوردەکان نووسیویانە، دواتر بە هەمان شێوەو بە خەتی خۆیان لە پرۆگرامی نەمایشەکەشدا بڵاوکراونەتەوە.
دوای نامەکان لافاو و باو بۆرانێکی گەورە، لەناوچەیەکی دوورە دەستی سەر سنوور، لە نێوان کازاخستان و کرگیستان بەرجەستەی ئەو ڕێگا سەخت و پرمەترسییەمان بۆ دەکات، کە پەناهەندەکان دەیگرنە بەر. پارچە قووماشێکی گەورەی شین، دەبێتە ئەو دەریا گەورە و توڕەیە و هەموو پانتایی شانۆکە دەگرێتەوە، پەناهەندەکانیش لەو گێژەنەدا لە مل ملانێی مەرگ و ژیاندان.
لەم نەمایشەدا هەموو شتەکان و ئەکتەرەکان بەسەر “بۆربڕینەوە” ئەکتەرەکان یان تەکنیککاران، کە هەر ئەکتەرەکان خۆیانن، دیمەن لەدوای دیمەن بەسەر ئەو بۆربڕینانەوە دەهێننە سەر شانۆ، بۆ نموونە: عەرەبانەیەک، ماتۆڕیک کە چەند کەسێکی بەسەرەوەیە، بارەگایەکی سەر سنوور، ماڵێک…هتد هەروەها ئەکتەرەکانیش بەسەر ئەم بۆربڕینانەوە دەهێنرێنە سەر شانۆ و دەش برێنەدەرەوە. لە دیمەنی پەناهەندەکاندا، ئەو ئەکتەرانەی کە ڕۆڵی پەناهەندە دبینن، بەهیچ جۆرێک قاچیان ناکەوێتە سەر زەوی، ئەمەش هێماگەلی ئەو جیهانەیە، کە پەناهەندەکان بە بەردەوامی بە دوایدا دەگەڕێن، بە بێ ئەوەی پێی بگەن.
یەکێک لە دیمەنە سەرەکییەکان، لە نزیک هێلێکی شەمەندەفەرەوە بەرجەستە دەبێت، لەم شوێنەدا پەناهەندەکان لە چاڵێکدا خۆیان دەشارنەوە، تا بتوانن لە ڕێکەوتێکی گونجاودا، بە یارمەتی قاچاخچییەکان خۆیان فرێبدەنە ناو ئەو شەمەندەفەرانەوە، کە بەرەو ڕۆژئاوا دەڕۆن. زۆرجار پاسەوانەکانی سنوور یان پۆلیس پێیان دەزانن، دەیان گرن و سنوورداشیان دەکەنەوە.
هونەرمەندێکی کوردی شاری سلیمانی (سەرکەوت گۆران) کە دەرچوی پەیمانگای هونەرە جوانەکانی سلیمانییە، لەم نەمایشەدا بەشێوەیەکی سەرنج راکێس و سەرکەوتوو چەندین ڕۆڵ دەبینێت؛ بۆ نموونە قاچاخچییەکی کورد، پەناهەندەیەکی ئێرانی، تاڵیبانەکانی ئەفغانستان. سەرکەوت گۆران زیاتر بە کوردی قسە دەکات، بەڵام هەندێک جاریش بە فارسی و ئینگلیزی دەدوێت، ئەمەش بە پێی چۆنییەتی ڕۆڵەکەی دەگۆڕدرێت.
بەرئەنجام و کۆتایی
ئاریان مونشکین و شانۆی “رۆژ” تا ئێستا به ههمان ووزه و تواناوه بهردهوام و چالاکن، کارهکانیان بهههمان شێوه له ههموو ئهوروپا و ئهمهریکادا جێگای سهرنج و ستایشی بینهر و رهخنهگرهکانه.<٢٥>
شانۆی “رۆژ” و ئاریان مونشکین لە ماوەی زیاتر لە چل ساڵی تەمەنیدا، ئەوەیان دووپات کردۆتەوە، کە شانۆ دەتوانێت رۆڵێکی گرینگ لە کۆمەڵگاو لە ژیانی هەموو تاکێکدا بگێرێت، کە شانۆ دەتوانێت دونیا بگۆرێت و پەیامێکی سیاسی و مرۆڤایەتی هەبێت.
شانۆی “رۆژ” لە مەشقەکانی راگوزاری، فۆرمەکانی شانۆی میللیی و گەڕانەوە بۆ شانۆی گرێکی و شەکسپیر، بە سوود وەرگرتن و قووڵ بوونەوەو گەڕانەوەیەکی بەردەوامی تەکنیک و فۆرمەکانی شانۆی رۆژهەڵات تووانیویانە شانۆیەکی تایبەتمەند، شانۆیەکی خاوەن پەیام، شانۆیەکی سیاسی بێ وێنە بخوڵقێنن. لەم شانۆیەدا، چەندە جەستەی ئەکتەر، هونەری نواندن، دیدی ریژی، تەکنیکی نەمایش باڵاو گرینگە، هێندەش پەیامی شانۆکەیان بۆ دونیا گرینگەو جێگای بایەخە. ئەم شانۆیە بە هەموو ئامرازەکانی بۆ قەیران و گرفتەکانی جیهان، بۆ مافی مرۆڤ، پرسە سیاسییەکان، گرفتی پەناهەندە و دژی جەنگەکان کاردەکات.
ئاریان مونشکین هەمیشە دووپاتی رۆڵی خۆیان، پێگەی شانۆکەیان و ڕۆڵی شانۆ لە کۆمەڵگادا دەکاتەوە (ڕۆڵی ئێمە ئەوەیە، کە ئەوە پێشان بدەین چ هەل و مەرجێک لە شانۆدا هەیە و شیاوە. کە شانۆ هونەرێکی لەبارە، هونەر ئامڕازێکی گرینگ و شیاوە، کە لەگەڵ مرۆڤ هەڵ کردن ئەگەرێکی گەورەیە. ئەمە رۆڵی ئێمەیە، هەروەها رۆڵی هەموو شانۆیەکیشە. ئەمەش دووپاتی ئەوە دەکاتەوە، کە گێرانەوەکان هەردەم ئەفسوونی خۆیان هەیە، کە خەم و پەژارە، غیرەت، هیوا و ژیان بخوڵقێنین. ئەمەیە رۆڵی ئێمە.)
ئەم تێروانین و دیدەی ئاریان مونشکین بۆ شانۆ و ڕۆڵی شانۆ دووپاتی ئەوە دەکاتەوە، کە شانۆ بۆ ئەم ریژیسۆرە تەنها کارێکی شانۆیی رووت نییە، کە تەنها نەمایشکردنی شانۆیی نییە. بەڵکو شانۆ ئامرازێکی گرینگی گۆرانییەکانە، ئەم هونەرمەندە بروایەکی پتەوی بەوە هەیە، کە شانۆ دەتوانێت جیهان بگۆڕێت!؟
پهراوێزهکان
٢٥-ههندێک کهس و لێکۆڵهرهوهکان شانۆی (رۆژ) به رۆژی پادشا و ئاریان مونشکین به شاژنی رۆژ ناوزهد دهکهن.
سهرچاوهکان
1-Ohanna Enckell, Skärvor av Artaud, Like , Helsingfors, 2003
5-Arina Mnouchkine, Dekomentar SVT
٧-شانۆنامهی 1789 و 1793 ، دهربارهی شۆڕشی فهرهنسی به DVD٨
٨-شانۆنامهی تهرتوف، له ئهرشیفهوه DVD
٩-شانۆنامهی تهپڵهکانی سهر خهندهقه گهوره پڕ له ئاوهکه، DVD
١٠-فیلمی مۆلێر، نووسین و ریژی ئاریان مونشکین.DVD
١١-شانۆنامەی دوایین پەناگە شەوی کاروانەکان، DVD
تێنینی: شانۆی “رۆژ” گرینگییەکی زۆر ئەدەن بە ئەرشیفکردنی کارەکانییان و زۆربەی بەرهەمەکانییان لەسەر ئاستێکی بەرز تۆماردەکەن، دواتر لە بازارەکانی ئەوروپادا، بەنرخێکی بەرز دەیان فرۆشن. من بۆ نووسینی ئەم باسە هەموو ئەو کارانەی کەباسم کردوون ڕاستەوخۆ لەسەر شانۆ دیوومە یان بە تۆمارکراویی و بە DVD دیوومە.
Copyright © DidiMn.com. All rights reserved.