18/07/2018
DidiMn Logo
Top

پەڕاوی بیکێت: دوا شریتی کراپ و نواندنێکی بێدەنگ، خوێندنەوەیەکی فەلسەفی بۆ ژیان

لە لایەن دیدی من 6 مانگ پێش ئێستا

دیدی من
دانا ڕەئوف

 

ژیان تەنها ئەو چرکەساتە نییە کە تێیدا دەژیت، بەڵکو لە هەزارەها ساتەوەختی چاوەڕوانکراو و چاوەڕواننەکراو پێک هاتووە، هەروەها ”من“یش هەر تەنها یەک ”من“ نییە، بەڵکو ئیجگار زۆرن. ئێمەی مرۆڤ هەمیشە نامۆین بەو کەسایەتییانەی کە بووین و بەوانەشی دەبین. لە دەقەکانی ساموێل بیکێتدا (1906-1989)، ئێمە نازانین لە کوێداین، بەرەو کۆتایی یان کۆتایی سەرەتایەک دەڕۆین، ئەوەی ئاشکرایە، کە لە شوێنێکدا، لە ڕەوشێکدا، لە زماندا، لە وێنەیەکی شیعریدا، لە بارودۆخێکی کۆنکرێتیی ئەبستراکداین. سەرەتا و کۆتایی، کۆتایی و سەرەتا، لەم نێوانەشدا ساتە پڕ لە نائومێدییەکان یان هیوا و خەون و حەزەکان لە چاوترووکانێکدا دەردەکەون و لە ئەتمۆسفێرێکی بێدەنگدا دێن و هەر لە بێدەنگییشدا بزر دەبن و لە هەندێک کاتدا ئاستێکی بەرزی لێبووکئاسا، خەندەیەک، تیشکێکی ڕووناکی دەردەکەوێت. ئامادەیی وشە و نائامادەیی وشە ژیانمان، بوونی ئێستا و داهاتوومان، ئەوەی هەین و ئەوەی کە دەبین، بەرجەستە دەکات و ئەو گەردوونەشی تیایدا دەژین، دەخوڵقێنێت. دەکرێت ئەمە پێناسەیەکی کورتی ئەو بابەتانە بێت، کە بیکێت بە درێژایی ژیانی کاری لەسەر کردوون.

بۆ نموونە بیکێت لە ساڵی 1958دا شانۆنامەی دوا شریتی کراپ دەنووسێت، ئەمەش بە چەند ساڵێک دوای سەرکەوتنە نێونەتەوەییە گەورەکانی، کە بە شانۆنامەی بەدەم چاوەڕوانیی گۆدۆەوە بە دەستی هێنابوون. بیکێت لێرەدا زیاتر ئەو بیرۆکانە دادەڕێژێتەوە، کە گوزارشت لە کارەساتەکانی جەنگ و ئەو میلیۆنەها مرۆڤانە دەکات، کە لەم شەڕە بێهودەیەدا ژیانیان لە دەست داوە: دنیایەکی کاتۆلیکی هەژار، بەبێ کەس و بێلانە و بەبێ هیچ خودایەکیش. بیکێت لەم دەرئەنجامانەوە شانۆنامەکانی دەنووسێت، فۆرمێکی تازە دەدۆزێتەوە، زمانێکی داماڵراو، لە نێوان وچان و پشووە درێژەکاندا بە کار دەهێنێت و پارسەنگێک لە نێوان دنیای لێبووکەکان و فەلسەفەدا ڕادەگرێت. ئەم فۆرمە نوێیەش لە زمانێکی شیعری و چوارچێوەیەکی بە تەواوی حیساب بۆ کراودا بەرجەستە دەکات.

دەقەکانی بیکێت لەبری ئەوەی تووشی ڕەشبینیمان بکەن، دەمانگەڕێننەوە بۆ ناوەوەی خۆمان، لە پانتاییە قووڵەکانی خوددا ڕووبەرووی خۆمان و دنیا و مرۆڤایەتیمان دەکەنەوە. بیکێت ڕەوشێکی تایبەتمەندە و لە گەمەیەکی لێبووکئاساوە، لە زمانێکی شیعری، هەندێک جار گران و هەندێک جار ئەبسێرد و هەندێک جاریش نزیک لە ژیانی ڕۆژانەمانەوە، دەمانبات بۆ گفتوگۆیەکی فەلسەفی.

دوا شریتی کراپ شانۆنامەیەکی کورتی سەرنجڕاکێشە و باسی کارەکتەرێک دەکات، کە ڕۆژانە یادەوەرییەکانی خۆی لەسەر شریت تۆمار کردووە. ئێستا ئەو کەسایەتییە تەمەنی گەیشتووەتە 69 ساڵ و دانیشتووە گوێ لە خۆی، لەو شریتانەی کە لە تەمەنی 39 ساڵیدا تۆماری کردوون دەگرێت. لە هەمان کاتدا خەریکی تۆمارکردنی شریتێکی نوێیە، سەبارەت بەو ساڵەی کە هێندە نییە تێپەڕیوە. ئەم کەسایەتییە هەمیشە لە یادەوەرییەکانیدا دەگەڕێتەوە بۆ سەر شتێکی ناوەندی، بابەتێک، تراجیدیایەک لەسەر چەندین ئاست، کە زۆر نزیکە لە خودی خۆیەوە و لە دەستی داوە. ئەم کەسایەتییە (کراپ) هەروەک ئەوە وایە، کە لە دواوە، لە کۆتاییەوە بژی و بیەوێت بگەڕێتەوە بۆ سەرەتا؛ هەمیشە چاوی بڕیوەتە یادەوەرییەکان و دەیەوێت هەموو شتێک لە ڕەوشەکاندا، لە بیرەوەرییەکاندا و لە خودی خۆیدا بهێڵێتەوە. بیکێت لە دوا شریتی کراپدا و لەسەر ئاستێکی بەرز دەقێک سەبارەت بە ”کات” دەنووسێت؛ دەربارەی ژیانێک، کە لە چاوترووکانێکی ڕووناکیدا، لە نێوان تاریکییەکی هەتاهەتایی و ئەو جیاوازییانەشی کە لە نێوان مێشک و جەستەدایە، لە نێوان کردەیەکی پڕ لە هەست و هۆشدا و لە نێوان ساتێکی لێوانلێو لە لەزەتی سێکسیدایە. کراپ لە نێوان تیشکی ڕووناکی و ژیانە کورتەکەیدا بەند کراوە، ئەو تاریکییەشی چواردەوری گرتووە، مەرگە. شانۆنامەکە باسی ئەوە دەکات کە ئێمە دەمرین، هێدی هێدی پارچە پارچە دەبین و ژیان ئازار و ژانە بە ڕێگای کوژانەوە و تەواوبوونێکی ئەبەدیدا. کراپ هەمیشە لە ڕواڵەتدا بە چڕی و لە ناوەڕۆکدا لە ئامێزی دڵەڕاوکێ و ڕەهەندێکی قووڵ و تووڕەییەکی بێماناوە، لە جووڵەدایە. لێرەدا ژیان کورت و بچووک دەبێتەوە و بەرەو وێستگەکانی کۆتایی دەڕوات. دنیا لەم دەقەدا لە نێوان ساتە گەرمەکانی پڕ لە ژیان و جەستە مردووە ساردەکاندا، لە نێوان ژیان و مەرگدا گوزەر دەکات و وێنەیەکی گشتگر و سەراپاگیرمان بۆ بەرجەستە دەکات. بیکێت کەسایەتیی کراپ دەکاتە لێبووکێکی فەیلەسووف و فەیلەسووفێکی لێبووک، لەم نێوانەشدا گەردوون، ژیان و مەرگ لە چاوترووکانێکی پڕ لە ژان و ئازاردا، هەروەها لە چەند ساتێکی ئارام و پڕ لە ئاسودەییدا ئاوا دەبێت.

یەکێک لە دیمەنە گرنگەکانی دوا شریتی کراپ ئەوەیە، کە کراپی 39 ساڵ، لە ناو بەلەمێکی لە تەختە دروستکراودا خۆی لە جەستەی ژنێکی ڕووتدا ئاڵاندووە و ئاوەکەش وەک بێشکە، بە ڕیتمێکی خۆش بەلەمەکە ڕادەژەنێت، بەرزی دەکاتەوە و نزمی دەکاتەوە، ئەمەش وێنەیەکی مەجازیی بیکێتە، دنیا ڕادەژێنرێت، هەموو شتێک لە جووڵەدایە. بەڵام کراپ وازی لەو پەیوەندییە هێناوە، بۆ ئەوەی خۆی بۆ نووسین تەرخان بکات. ئەم دیمەنە لیریکییە شیعرییە، بەهێز و پڕ لە جووڵەیە، چەند جارێکی تر دووبارە دەبێتەوە، لە سەرەتادا جووڵەی بەلەمە دارینەکە خێرایە، هێدی دەبێتەوە و لە کۆتاییشدا لەگەڵ گوژمێکی تری ئاوەکەدا خێرا دەبێتەوە.

هەرچەندە بیکێت هەرگیز ژیان و بێوگرافیای خۆی لە نووسینەکانیدا بە کار نەهێناوە و زیاتر ئەو لەسەر ڕەوشە خودییەکانی مرۆڤ، لەسەر دنیای ناوەوەی مرۆڤ و گەردوونە تاریکەکەی ناوەوەی خۆی دواوە، بەڵام زۆربەی ڕەخنەگر و پسپۆڕەکانی بواری بیکێت ئەوەیان دووبارە کردووەتەوە و ئاماژەیان بۆ ئەوە کردووە، کە بیکێت لە دوا شریتی کراپدا هەندێک لە پریشکەکانی ژیانی خۆی بە کار هێناوە. کراپ وەک بیکێت نووسەرە، ئەو ئافرەتەی لە بەلەمە دارینەکەدا باسی دەکات، ئامۆزایەکی خۆی بووە، کە لە تەمەنی لاوێتیدا لە دبلن حەزی لێ کردووە. هەرچەندە دنیایەکی ڕەش و تاریکییەکی ترسناک هەموو شتێک دەگرێتەوە و هەموو شتێک لە جیهانی بیکێت دادەپۆشێت، بەڵام ئەو ساتانەش هەن، کە مرۆڤ لە بەلەمە دارینەکاندا، لە ژێر تیشکی ڕۆژێکی خۆشدا، لە بێدەنگییەکی ڕەها و هێمنییەکی بێسنووری ڕۆمانتیکیدا، لەگەڵ ڕیتمی ئاوەکە و دەنگی شڵپەکاندا لە جووڵەیەکی هەمیشەییدا بێت. لە لای بیکێت مەودا و تیژبینی و هۆشمەندی، چەندە ڕەشبین و تاریکە، هێندەش ئارامگیرە و هێزێکی ئەبەدیی ئاسوودەیی لەگەڵ خۆی دەهێنێت.

بیکێت شانۆنامەی نواندنێکی بێدەنگ یان پەردەیەکی بێوشە لە ساڵی 1960دا دەنووسێت. ئەم شانۆنامە کورتە بێدەنگەش، بەرجەستەی ژیانی کوڕێکی گەنج دەکات، کە بە فیکەلێدان، ناچاری چەندان کردار دەکرێت. ئەم کارەکتەرە لەسەر شانۆ، کە گوزارشت لە بیابانێکی بێسنوور دەکات، دەیەوێت بڕوات و ئەو شوێنە بەجێ بهێڵێت، بەڵام هەمیشە بە هۆی هێزێکی نادیارەوە فڕێ دەدرێتەوە سەر شانۆ، واتە بۆ ناو بیابانەکە. هەوڵ دەدات دەستی بە دۆلکەیەک ئاودا بگات، بەڵام بۆ سەرەوە بەرز دەکرێتەوە و هەرگیز دەستی نایگاتێ. هێزی دەسەڵاتێکی نادیار، گەمە بەم کارەکتەرە، بە چارەنووسی ئەم مرۆڤە گەنجە دەکات، تا لە کۆتاییدا دەیەوێت کۆتایی بە ژیانی خۆی بهێنێت و خۆی هەڵواسێت، لەم هەوڵەشیدا هەر سەرکەوتوو نابێت. لە دواجاردا و لە کردەیەکی بەرهەڵستیدا خۆی دەدات بە زەویدا و ئەم ژیانە بە هەموو ئاماژە و پەیوەندی و کۆدەکانیەوە ڕەت دەکاتەوە. بیکێت ئەم شانۆنامەیەی لەژێر کاریگەریی تانتەلیوێسی میتۆلۆژیای گریکیدا نووسیوە: تانتەلیوێس لە لایەن خواوەندەکانەوە سزا دەدرێت، کە هەتاهەتایە برسی و تینوو بێت و لە ناو ئاوبەندێکدا دای دەنێن، لە لای سەریەوە باخێکی پڕ لە میوە هەیە، هەر کاتێک دەست درێژ دەکات تا میوەیەک لێ بکاتەوە، دارمیوەکان بە شێوەیەکی وا بەرز دەبنەوە، کە ئەو دەستی نەگاتێ، کە داشدەنەوێتەوە بۆ ئەوەی ئاوی کانیاوەکە بخواتەوە، کانییەکانیش بە ڕۆخی زەوییەکەدا ڕۆ دەچن و لە چاو بزر دەبن.

لەسەر شانۆی شار، ئەم دوو شانۆنامەیە دوا شریتی کراپ و نواندنێکی بێدەنگ وەک یەک نمایش پێشکەش دەکرێن. ڕیژیسۆری نمایشەکە، لە دیدێکی هونەریی ڕوون و ئاشکراوە، شانۆنامەی نواندنێکی بێدەنگ دەکاتە دەروازە و بنەمایەک یان ستراکتورێکی هونەری و لە هەمان کاتدا فیکری بۆ خوێندنەوەی دوا شریتی کراپ.

ئەم نمایشە دەبێتە گفتوگۆیەکی فەلسەفی لە نێوان کوڕێکی گەنج و پیاوێکی پیردا، لە نێوان کراپێکی گەنج و کراپێکی بەتەمەندا، بەمەش دوا شریتی کراپ دەبێتە گەشتێکی تەمەن، تەمەنێکی فەلسەفی و تەمەنێکی فیزیکیی دنیای مرۆڤە بێدەرەتانەکان، هەر لێرەشەوە نواندنێکی بێدەنگ دەروازەیەکی تر بۆ شانۆنامەی دوا شریتی کراپ دەکاتەوە.

ئەم ڕیژیسۆرە ئەم دوو دەقە بە چوارچێوەیەکی جوان، بە خوڵقاندنی دیمەنی سروشت و بە ڕامانێکی قووڵی هێمن، لە دەستپێکی نمایشەکەدا، لە ڕێگای گرتەیەکی فیلمئاساوە، وەک دەروازەیەک بۆ هەردوو شانۆنامەکە پێکەوە دەبەستێتەوە. هەردوو جەستەکەش کە بەرجەستەی کراپ دەکەن، یەکێکیان لەمسەری شانۆکە و ئەوی تریان لەوسەر، بەرانبەر بە دیمەنێکی ڕازاوەی شوێنێک وەستاون و کلوو کلووش بەفر دەبارێت. لە هەمان کاتدا مۆسیقایەکی گونجاو دیمەنەکە و هەردوو کارەکتەرەکە، کە لەم ساتەدا بەرجەستەی کراپ، کراپی گەنج و کراپی پیر دەکەن، تێکەڵاو دەکات و لە نێو زەمەنێکی ڕەهای هەتاهەتاییدا بەرجەستەیان دەکات. سەگێکیش بە تەنیا لە بەفرەکەدا ڕادەکات. هەموو دیمەنەکە گوزارشت لە تراجیدیای ژیانی بێلانەیی مرۆڤ دەکات، دیمەنێک لە دنیایەکی نامۆ و دابڕانێکی تەواو و ژیانێکی تەنیاییدا لێوانلێوە. ئەم دوو دەقە و لەم نمایشەدا بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ، وەک ئاوێنە لە ناو یەکتریدا ڕەنگ دەدەنەوە و یەکتری تەواو دەکەن. هێڵێکی دراماتۆرگی ئەم دوو دەقە، لە نمایشێکی دووبەشیدا کۆ دەکاتەوە، دەیانبەستێت بە یەکترەوە و جیاشیان دەکاتەوە، تا لە کۆتاییدا سەرلەنوێ بەیەکیانەوە ببەستێتەوە.

ئەم دیمەنە بەراییە بە هێمنی و هێدی هێدی لە دیمەنی بیابانێکدا دەکوژێتەوە، سەگەکە لەم بیابانەشدا هەر ڕادەکات و شانۆنامەی نواندنێکی بێدەنگ دەست پێ دەکات.

بیکێت هەمیشە مێتافۆرێکی پڕ لە ڕاز و نهێنی سەبارەت بە ژیان و گوزەرانمان بۆ دەنووسێت، مێتافۆرێک نزیک لە فۆرمەکانی شانۆییەکی بووکەڵەدا پێشکەش بکرێت و لە بنەما گرۆتێسکەکانمانەوە نزیک بکاتەوە. ژیان لای بیکێت ئەو بازە بچووکەیە لە منداڵدانی دایکەوە بۆ گۆڕێک، سەفەرێک و خولانەوەیەک هەموو جۆرە پەیوەندییەک تیایدا بێمانایە. ئەم نووسەرە تێکستەکانی و دەقە شانۆییە ڕەشبین و پووچگەراییەکانی لە فۆرمێکی قووڵی شیعری، وێنەیی و پڕ لە هیوایەکیشدا، کە زمان باڵا دەستە، دەنووسێت.

نمایشەکەی شانۆی شار بە هەمان دیمەنی سەرەتای نمایشەکە کۆتایی دێت، کراپی پیر و کراپی گەنج بەبێ جووڵە، وەک دوو سێبەری تاریک بەرانبەر بە کلووە بەفرەکان وەستاون. بەم شێوەیەش دوا شریتی کراپ و نواندنێکی بێدەنگ لە سەرەتایەک و کۆتاییەکدا، لە ڕارەوەکانی ژیانی کراپی گەنج و پیردا، لە گفتوگۆیەکی فەلسەفی و لە ڕەوتێکی لێبووکئاسادا پێکەوە دەبەسترێنەوە و بەرجەستەی گەردوونێکی بێ لانە، بێ خواوەند، بێ مروەت، بێ جووڵە و تاکوتەنیامان لە تاریکیدا بۆ دەکات.

Dana Raouf, Krapp's Last Tape, SamuelBeckett, په‌ڕاوی بیكێت,