17/08/2018
DidiMn Logo
Top

په‌ڕاوی بیكێت: دوا شریتی کراپ، بیكێت و ڕۆژژمێرێکی تۆمارکراو

لە لایەن دیدی من 7 مانگ پێش ئێستا

 دانا ڕەئوف

 

ساموێڵ بیكێت گەردوونێکی تایبەتمەندە بە خۆی، دەقە شانۆییەکانی ژانرێکی تایبەتیی بیكێتە، کە لە مێژووی شانۆدا ناوازەیە و لە دەقی هیچ نووسەرێکی تر ناچێت. ئەوەی ئەو نووسیویەتی، چ لە ڕووی فۆڕم و چ لە ڕووی ناوەڕۆکەوە، دابڕانێکی سەرتاسەری و سەراپاگیرە لەگەڵ ئەوەی بەر لە بیكێت و ئەوەی لە دوای بیكێتیشەوە نووسراوە. ڕەنگدانەوە و کاریگەرییەکانی ئەم تایبەتمەندێتییە لە ئەدەب و دەقی شانۆی جیهانیدا، بە ڕوونی ڕەنگیان داوەتەوە: هارۆڵد پینتەر، لاش نۆرێن، سارا کەین و یان فۆسە… تەنها چەند نموونەیەکن.

بیكێت لە ساڵی 1958دا و لە تەمەنی 52 ساڵیدا، دوای شانۆنامەی بەدەم چاوەڕوانیی گۆدۆوە مۆنۆدرامای دوا شریتی کراپی بە زمانی ئینگلیزی نووسیوە، دەقەکەیش یەکێکە لەو شانۆنامە کورتانەی بیكێت کە بە چڕی و وردییه‌وه ‌کاری لەسەر کردووە. دەقەکە چەندە ساکارە، هێندەیش گران و ئاڵۆزە. بیكێت ئەم شانۆنامە کورتە یه‌کپه‌رده‌ییه‌ی بەتایبەتی بۆ ئەکتەری ئێرلەندی پاتریک ماگێ نووسیوە، کە لەوەوبەر لە زۆربەی دەقەکانی تری بیكێتدا ڕۆڵی سەرەکیی بینیوە و بیكێت بەتایبەتی سەرسام بووە بە نەبرە و تۆنی دەنگی ئەم ئەکتەرە.

بیكێت نزیکەی 30 کورتە دەقی شانۆیی و سیناریۆئامێزی نووسیوە، کە هەندێکیان لەسەر شانۆ، تەنها چرکەساتێکی کورت دەخایەنن.

دوا شریتی کراپ یەکێکە لەو دەقە مۆنۆدرامایانەی بیكێت، کە بە بەردەوامی لەسەر شانۆکانی دونیا نمایش دەکرێت، بەڵام چەندە ئەم دەقە وەک مەنەلۆژێک ئاماژەی بۆ دەکرێت و تەنها یەک ئەکتەر لەسەر شانۆیە، هێندەیش دەقێکی دایالۆگئامێزە، پەیڤێکی قووڵی سایکۆلۆژی و فەلسەفییشە لەگەڵ دەنگی کراپ لە هەموو تەمەنیدا. کراپ لەگەڵ خودی خۆی، لەگەڵ منی تەمەنە جیاوازەکانیدا دەدوێت و یادەوەرییەکان چەندان منی جودای زەمەنە جیاوازەکان لەخۆ دەگرێت و بەرجەستەیان دەکات.

کراپ، هەموو ساڵێک لە ڕۆژی لەدایکبوونیدا شریتێک (کە پیاچوونەوەیەکی ئەو ساڵەیە) لەو ساڵەدا چی ڕووی داوە و هەستی بە چی کردووە و لەگەڵ کێ بووە، وەک یاداشتنامەیەکی دەنگی تۆمار دەکات، ئەم کارەیشی هەر لە تەمەنی لاوێتییەوە کردووە. تۆمارکردنی ئەم یادەوەرییانەیش، گەڕانەوەیەکە بۆ ئەو کاتانەی بەسەرچوون. کراپ کە ئێستا ٦٩ساڵەی تەمەنی پڕ دەکاتەوە و وەک خۆئامادەکردنێک بۆ تۆمارکردنی ساڵی ڕابردوو، بە گوێگرتن لە هەندێک لە تۆمارە کۆنەکان دەست پێ دەکات، بۆ ئەو مەبەستەیش گوێ لە تۆمارێکی کۆنی خۆی (کە تەمەنی 39 ساڵ بووە) دەگرێت. کراپ لەو شریتەدا باسی ئەوە دەکات گوێی لە تۆمارێکی تری خۆی گرتووە کە تەمەنی 29 ساڵ بووە. ئەمەیش خوویەکە هەموو ساڵێک لە ڕۆژی لەدایکبوونیدا بەر لە تۆمارکردنی شریتێکی نوێ، گوێ لە یەکێک لە تۆمارە کۆنەکانی دەگرێتەوە. بەم شێوەیە هەموو ژیانی لە نۆ قتوودا، کە شریتە تۆمارکراوەکانی تێدا هەڵگرتووە، کۆ کردووەتەوە. ئەوەی ئەویش بە درێژایی تەمەنی تۆماری کردوون، جۆرێکە لە ڕۆژژمێرێکی تۆمارکراو.

بیكێت بەم شێوەیە وێنای ژیانێک دەکات؛ بە پەیژەکانی تەمەندا لە گەنجییەوە بۆ پیربووندا سەر دەکەوێت، گەنجێک لەنێو پیاوێکدایە و پیاوێکیش لەنێو پیرەمێردێکدا. بیكێت لە چڕکردنەوەی ژیانی کراپدا چەندان مەسەلە دەخاتە ڕوو، لەخۆ بێزاربوون، کە لە دڵەڕاوکێیەکی تژی لە توڕەییەوە دێت، هەستێکی له‌پڕی دابڕان لە خود و یادەوەرییەکان، توانا و خۆشەویستی. لە نێو ئەو هەموو شریتانەوە، یادەوەرییەکان دێنە دەرەوە، بەتایبەتییش یادەوەرییەک؛ لەم شریتەدا کراپ پەیوەندییەکی خۆشەویستیی خۆی بە ئافرەتێکەوە بیر دەکەوێتەوە، ئەو ساتەی دەیانەوێت کۆتایی بەو پەیوەندییە بهێنن، لە کاتێکدا ئافرەتەکە هیچ په‌رچه‌کردارێکی نابێت، لەگەڵ ئەوەیشدا ئافرەتەکە سەیری ئەو دەکات. کراپ لەو تەماشاکردنەدا، لەو تێڕوانینەی ئافرەتەکەدا و لەو چرکه‌ساته‌دا، هەست بە کاریگەرییەکان دەکات. کراپ هەر لەو ساته‌یشدا هەست بەوە دەکات کە ژیانێکی تر چاوەڕوانی دەکات. خۆشەویستی شتێکە لەگەڵ ئەو ناگونجێت، لەم ساتەی ته‌مه‌نیشیدا چووەتە تاریکییەوە، تاریکیی دەروونی و ڕۆحیی خۆی، کە لەوێدا خۆشحاڵە و هەست بە ئاسوودەیی دەکات.

یەکێک لە دیمەنەکان بەلەمێکی باریکی بچووکە، کراپ لە پچراندنی ئەو پەیوەندییە خۆشه‌ویستییه‌دایه ‌بەو ئافرەتەوە، لەگەڵ ئەوەیشدا خۆی داوە بەسەر جەستە ڕووت و قوتەکەیدا. هەردووکیان بێجووڵەن، بەڵام بەلەمەکە لە ژێریاندا دەجووڵێتەوە، ئاوەکە ڕایاندەژەنێت و دەیانهێنێت و دەیانبات، تیشکی خۆرەکەیش بێدەنگییەکەیانی ڕووناک کردووەتەوە.

”دەموچاوم بە سنگیەوە نووساندبوو، دەستیشم بەوەوە. ئێمە له‌وێدا بەبێ ئەوەی بجووڵێین، پاڵکەوتبووین؛ بەڵام لە ژێر ئێمه‌د اهەموو شتێک دەجووڵایەوە و ئێمەیشی دەجووڵان، لەسەرخۆ، بۆ سەرەوە و بۆ خوارەوە، لەم لاوە بۆ ئەولا.

(پشوو. سەری بەرز دەکاتەوە، چاو دەبڕێتە بەرانبەر خۆی)

دوای نیوە شەو. هەرگیز هەستم بە بێدەنگییەکی ئاوا نەکردووە. هەروەک ئەوەی کەس لەسەر گۆی زەوی نەژیی.

(پشوو)

من ئا لێرەدا وەستاوم.“

دیمەنەکە وێنەیەکە باسی کات دەکات، هەموو دەقەکەیش بەرجەستەی کاریگەرییەکانی کاتە بەسەر مرۆڤەوە؛ کات دەڕوات و مرۆڤەکان دەگۆڕێن، لە ڕووخساردا، لە تەمەندا و لە جۆری تێگەیشتن و بیرکردنەوەدا. ڕەخنەگرەکان ئەوەیان دووپات کردووەتەوە بە هیچ شێوەیەک ڕێکەوت نییە، یه‌که‌م کتێبی بیكێت لێکۆڵینه‌وه‌یه‌ك بووە سه‌باره‌ت به‌ مارسێل پرۆست و ڕۆمانی گه‌ڕان به ‌دوای کاتی به‌سه‌رچوودا، کە بریتییه‌ له‌ چڕبوونه‌وە له‌ کاته‌کانی ڕابردوو، ئێستا، هه‌روه‌ها ئاینده‌ و ڕه‌نگدانه‌وه‌ی تێڕوانینێکی قووڵ و فەلسەفییە، کاریگەرییەکان گۆڕانکاریی دیار و نادیار دروست دەکەن.

یادەوەرییەکان جێگەی سەرنجی بیكێت بوون. ئەم نووسەرە یادەوەرییەکان لە چەمکەکانی کاتدا کۆ دەکاتەوە و منەکان لە خودی یادەوەرییەکانەوە، لە کاتەوە، لە گۆڕانکارییەکانەوە فۆڕمی تر لەخۆ دەگرن. چۆن من، ڕامان و له‌خۆگه‌یشتن، بە بەردەوامی گۆڕانکارییان بەسەردا دێت. ئێمە چەند جۆرێکی جودا دەژین. کراپ هەندێک جار بێزی لە منە کۆنەکانی خۆی دێتەوە، تەنانەت خەونە کۆنەکانیشی، بەڵام ئەم گۆڕانکارییانەیش دەکرێت وەک قووتاربوون و سەرفرازییەک تەماشا بکرێن. یادەوەرییە لێوانلێو لە ئازار و تەنهاییەکی کوشندە و منێک کە لە خۆیدا سەرگەردان و نامۆ بووە، شانە گرینگەکانی دەقەکەن.

دەقەکە وێنەیەکی نزیکی پیاوێکی بەتەمەنە، کە چرچییەکانی سیما و دەموچاوی له‌ژێر کاریگەرییەکانی کاتدا ئاوساون، چۆنێتیی تێڕامان و جووڵەی چاو، نەخشەی ژیانێکمان لەسەر مێزەکەی بەردەمیدا بۆ دەکاتەوە. بیكێت هەموو وردەکارییە پراکتیکییەکانی لە جووڵە و جۆری دانیشتن و هەڵسوکەوتێکی کراپی لەسەر شانۆ ده‌ستنیشان کردووە. لەم ڕووەشەوە زۆر توند بووە بەرانبەر هەر ڕیژیسۆرێک کە کاری لەم دەقەدا کردووە، ئەوەی ئەو تۆماری کردووە بەتەواوی جێبەجێ بکرێت، ڕیژیسۆری نمایشەکەیش ناچار دەکات کە شوێنپێی تێبینی و سیناریۆ و ئاماژەکانی بکەوێت و بە وردی لە نمایشەکاندا بەرجەستەی بکەن، بۆ نموونە مۆزخواردنه‌که‌ی، مەیخواردنەوە بەردەوامەکەی کراپ لە دەرەوەی پانتایی شانۆکەوە، هەروەها ئەو شێوازە لێبوکییەی کراپ کە هەمیشە بە جووتێک پێڵاوی سپییەوە، قاچەکانی لە ژێر دەرگاکە دەگیرێت و سەرسم دەدات. بیكێت دواتر هەندێک نەرمی بۆ ئەم یاسایانەی تۆماری کردوون نواندووە. ئەو هونەرمەندانەیشی کاریان لەگەڵ بیكێت کردووە، ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن کە بیكێت چەندە لە شانۆ و مەسەلە پراکتیکییەکان و دیدی ڕیژی نزیک بووەتەوە، هێندەیش بۆ گۆڕانگارییەکان و ئازادییەکی زیاتر بۆ ئەکتەر و ڕیژیسۆرەکان دەکرێتەوە. ئەو خۆی لە کاتی کارکردن (بەتایبەتییش لەم دەقەیدا) گۆڕانکاریی زۆری کردووە و هەندێک شتیشی لا بردووە، تا لەگەڵ ئەو ئەکتەرەی کاری لەگەڵ کردووە، بگونجێت. هەر لەم ڕووەوە، ئەم دەقە لە دەستنووسە سەرەتاییەکاندا، مۆرکی لێبوکێکی لەخۆ گرتووە، بەڵام بیكێت وەک لەوەوبەر ئاماژەمان بۆ کردووە، چەندان جار کاری لەم دەقەدا کردووە و جار لە دوای جار پاکی کردووەتەوە و دایماڵیوە، تا ئەو ئاستەی زیاتر مەسەلەکانی بێئومێدی تێدا چڕ و زەق کردووەتەوە.

دوا شریتی کراپ ئێستا لەسەر شانۆی پادشایەتیی ستۆکهۆڵم نمایش دەکرێت. ئەو ئەکتەرە پیرەی ئەم ڕۆڵە دەبینێت، بە قژ و ڕیشێکی سپیی درێژەوە، بە هەنگاوی قورس و هەناسەی توندەوە، بە هەندێک جار جووڵەی خاوی جەستەیەکی ماندووی پیرەوە، دەقەکە دەگەیەنێتە ئاستێکی تر و ژیان دەکات بە بەری ڕەوشە خودگەراکاندا و لە هەست و هۆشێکی پیرەپیاوێکی ماندوودا ئاوێزانی دەکات.

توانای ئەکتەر لە کۆکردنەوە و پێکەوەبەستنی شتە بچووکەکاندا دەردەکەوێت، کە لە دیمەنە یەکلەدواییەکەکاندا وێنای شتە گەورەکانی پێ دەکات. لە وێنە گەورەکەدا لە مەنەلۆژەکەی کراپدا، لە دیالۆگەکانی لەگەڵ منە جیاوازەکانی تەمەنیدا، چرکەساتەکانی ژیان لە ڕەوشە گەورەکاندا، بەرجەستە دەکات. بیكێت بەم شێوەیە و لەم مەنەلۆژەدا، چەندان ساڵ لە ئەزموونی کارەکتەری کراپ لە یەک کاتژمێردا چڕ دەکاتەوە، بە مانایەکی تر چرکەساتێک لە کات دەوەستێنێت.

ئەم دەقە چەندە کورت و بچووکە، بەڵام پێویستی بە ئەکتەرێکی گەورە و بەتوانا هەیە، ئەکتەرێک بتوانێت لە پیریدا خۆی بێت، ساتە شیعرئامێز و ڕەوشە گرژ و تووڕەکان، گەڕان بە دوای من لە ڕابردوو، هاوکات لەگەڵ ئەوانەیشدا ڕۆژێک لە ڕۆژان ڕووبەڕوویان بووەتەوە، پەیوەندیی پێیانەوە هەبووە و لەگەڵیاندا ژیاوە.

Dana Raouf, SamuelBeckett, په‌ڕاوی بیكێت,